یەكێتی، پیلانێكی شۆڤێنی لە كەركوك پووچەڵدەكاتەوە

08:51 - 2023-02-16
کوردستان
319 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیلانێكی شۆڤێنی لە كەركوك پووچەڵدەكاتەوە و ئەو زەوییانەی لەلایەن فیرقەیەكی سوپای عیراقەوە هەوڵی داگیركردنیان دەدرا، رێگریی لێكرد و گەڕاندییەوە بۆ خاوەنەكانیان، كە كورد و توركمانن.
لەوبارەیەوە، ئاڤێستا شێخ محەمەد لێپرسراوی مەڵبەندی 18ی رێكخستنی رۆژهەڵاتی كەركوك، بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاندووە: «پاش ئەوەی لەلایەن ژمارەیەك جووتیاری كورد و توركمان لە كەركوك ئاگاداركراینەوە، كە فیرقەیەكی سوپای عیراق هەڵیانكوتاوەتە سەر زەوییەكانیان لە گوندی تۆپزاوەی سەربە پارێزگای كەركوك و داگیریان كردووە، ئێمەش بەدەم داواكارییەكانیانەوە چووین و لەڕێگای خالید شوانی وەزیری دادی عیراقەوە کە لە پشكی یەكێتییە، كێشەكەمان بۆ چارەسەركردن».
وتیشی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پارێزەری مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركوكە و رێگا بە هیچ عەرەبێكی شۆڤێنی نادات بیری تەسكی شۆڤێنی لە كەركوكدا جێبەجێبكات و زوڵم لە پێكهاتەكانی دیكەی كەركوك بكات. باسی لەوەشكرد ئەو زەوییانەی، كە فیرقەكەی سوپای عیراق بەنیازبوو دەستی بەسەردابگرێت، بە تاپۆی رەش موڵكی جووتیارە كورد و توركمانەكانە و بە بڕە پارەیەكی زۆر پڕۆژەیان لەسەر كردووە و بژێویی رۆژانەیانی لەسەرە.
ئەو زەوییانەی، كە فیرقەكەی سوپای عیراق بەنیازبوو داگیریان بكات، بە سەدان دۆنم زەوی مەزەندە دەكرێت و لەدوای ساڵی 2003وە لەلایەن جووتیارە كورد و توركمانەكانەوە، كە خاوەنی رەسەنی زەوییەكانن، بەكاردەهێنرێن، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانیدا، ئەو پیلانەشی پووچەڵكردەوە و هەموو پشتیوانییەكیشی بۆ ئەو جووتیارانە دووپاتكردەوە و ئێستاش جووتیاران لەسەر زەوییەكانی خۆیان بەردەوامن لە كاركردن.

PUKMEDIA

#كەركوك

بابەتە پەیوەندیدارەکان