ته‌یب جه‌بار
2-1
هه‌موو هونه‌رێك چه‌ند ره‌گه‌زێكی هه‌یه، كه بونیاد و پێكهاته‌ی ئه‌و هونه‌ره پێكده‌هێنن. بۆ تێگه‌یشتن و هه‌ڵسه‌نگاندن و شیكردنه‌وه‌ی هه‌ر هونه‌رێك، زانین و ئاشنابوون به‌و ره‌گه‌زانه زۆر گرنگ و پێویستن، ئه‌گه‌رنا، هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن و نائاشنا‌بوون دروست ده‌بێت.
له وتاری پێشووماندا (شیعر و ئیقاع) به‌وردی باسی ره‌گه‌زه‌كانی هونه‌ری مۆسیقامان كرد(ئیقاع، ئاواز، هارمۆنیا، چه‌شنی ده‌نگ)، سه‌رچاوه‌كه‌شمان دیاریكرد، چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی تریشمان له‌به‌رده‌ستایه، كه هی نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی كورد و عه‌ره‌ب و بیانین، كه هه‌مان ئه‌و ره‌گه‌زانه بۆ بونیاد و پێكهاته‌ی هونه‌ری مۆسیقا ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، واته ره‌گه‌زه‌كانی هونه‌ری مۆسیقا ساغبوونه‌ته‌وه.
زۆرجار له‌گه‌ڵ براده‌رانم له نووسه‌رانی (شیعر، چیرۆك، رۆمان)، یاخود هونه‌رمه‌ندانی بواری (ره‌سم، نه‌حت، شانۆ، سینه‌ما) یاخود ئه‌ندازیارانی هونه‌ری (میعمار) پرسیاری ره‌گه‌زه‌كانی هونه‌ره‌كه‌یان لێده‌كه‌م، به‌داخه‌وه تاكو ئێستا هیچیان وه‌ڵامێكی دروست و زانستی و قه‌ناعه‌تپێكه‌ریان نه‌داومه‌ته‌وه ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان ده‌ڵێن قه‌ت بیرمان له‌م بابه‌ته نه‌كردۆته‌وه و هیچیشی لێ نازانین.
له بواری هونه‌ری ره‌سمدا، هونه‌رمه‌ند (ستار قادر) كتێبێكی هه‌یه به ناونیشانی (وێنه‌كێشان چییه)(1)كه له‌كۆمه‌ڵێ وتاری هونه‌ری پێكهاتووه. له وتاری یه‌كه‌مدا كه به ناونیشانی (وێنه‌كێشان چییه؟)(2)، ده‌ڵێ: (ئه‌وه‌ی كه جێی سه‌رنج و تێڕامانه بۆ باسه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه: چوار ره‌گه‌زه، كه په‌یوه‌ندییه‌كی جه‌وهه‌ری به‌خودی چۆنیه‌تی هاتنه‌بوونی وێنه‌كێشانه‌وه هه‌یه كه ئه‌مانه‌ن (-1ماده‌ی هه‌ڵگر. -2رووی وێنه‌كێشان. -3ره‌نگ-بۆیه.-4ماتریاڵی نێوه‌ندی هۆكاری لكاندنی ره‌نگ به ئه‌و رووبه‌ره‌ی وێنه‌كێشانه‌وه).
نووسه‌ر (فریدریك مالنز) كتێبێكی هه‌یه به ناونیشانی (الرسم كیف نتذوقه؟ - عناصر التكوین/چۆن چێژ له ره‌سم وه‌رده‌گرین؟-ره‌گه‌زه‌كانی پێكهاتنی) (3) كه له‌لایه‌ن نووسه‌ری عیراقی (هادی الطائی)یه‌وه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی. كتێبه‌كه‌ی كردۆته هه‌شت به‌شه‌وه، هه‌ر به‌شه‌ی باسی ره‌گه‌زێكی بونیاد پێكهاته‌ی هونه‌ری ره‌سم ده‌كات، ره‌گه‌زه‌كانی به‌م شێوه‌یه ریزكردوه (1- خاڵ . -2هێڵ. 3- سێ مه‌ودا (المنظور). 4- ئه‌ندازه .5- پله‌ی ره‌نگ. 6- ره‌نگ. 7- هێڵكاری. 8- پێكهاته).
ئێمه رایه‌كی جیاوازمان له‌باره‌ی ئه‌و ره‌گه‌زانه‌وه هه‌یه كه له‌لایه‌ن (ستار قادر و فریدریك مالنز)ه‌وه بۆ هونه‌ری ره‌سم ده‌ستنیشانكراون. باسكردن و شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ی ئه‌وان زۆری ده‌وێت، كه ئێره جێگای باسكردنی نییه، به‌ڵام قه‌ناعه‌تمان وایه، كه هونه‌ری ره‌سم ته‌نها سێ ره‌گه‌زی هه‌یه، ئه‌ویش (-1هێڵ. -2 ره‌نگ. -3رووبه‌ر). ئه‌م قه‌ناعه‌ت و بۆچوونه‌ی ئێمه قابیلی گفتوگۆ و قسه له‌سه‌ر كردنه.
به‌پێی به‌دواچوون و زانینی ئێمه، جگه له هونه‌ری مۆسیقا تا ئێستا هیچ هونه‌رێك ره‌گه‌زه‌كانی به‌تۆكمه‌یی و یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌ستنیشان نه‌كراوه، بۆیه باسی ره‌گه‌زه‌كانی هونه‌ری مۆسیقا و ره‌سمم كرد، چونكه له سیاقی ئه‌م نووسینه‌دا پێویستمان پێیان ده‌بێت.
با بێینه‌وه سه‌ر باسی مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئه‌م باسه‌مان كه ره‌گه‌زه‌كانی هونه‌ری شیعره. ده‌مێ ساڵه به‌دوای ئه‌و بابه‌ته‌وه‌م، زۆر گه‌ڕام و زۆر كتێبم خوێنده‌وه، تاكو ئێستا هیچ وتارێ یان كتێبێكم به‌رچاو نه‌كه‌وتووه كه تایبه‌ت بێت به ره‌گه‌زه‌كانی شیعر، كه به‌شێوه‌یه‌كی تۆكمه و یه‌كلاكه‌ره‌وه ره‌گه‌زه‌كانی شیعری تیادا ده‌ستنیشان كرابێت و لێی كۆڵیبێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ره‌گه‌زه‌كانی هونه‌ری مۆسیقا كراوه. به‌ڵام پچڕ پچڕ و لابه‌لا له زۆر كتێبدا هه‌ندێك ره‌گه‌ز باسكراون، نه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت و تۆكمه.
كتێبێكم له‌به‌رده‌ستدایه هی زانا و نووسه‌ری میسری (د. عبدالرحمن به‌ده‌وی/ 1917-2002) به‌ناوی ( في الشعر الاوروبی المعاصر)(4)، كه باسی ژیان و به‌رهه‌می كۆمه‌ڵێ شاعیری ئه‌وروپا ده‌كات، له‌گه‌ڵ بیر‌و بۆچوونیان له‌سه‌ر شیعر و له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕانی هه‌ندێك له شیعره‌كانیان، هه‌روه‌ها بیروبۆچوونی هه‌ندێ فه‌یله‌سوفی ئه‌وروپایی له‌سه‌ر شیعر. له به‌شێكیدا به ناونیشانی (سانتیاناوالشعر)(5) تیایدا هاتووه، شاعیر و فه‌یله‌سوفی ئیسپانی (جورج سانتیانا/ 1863-1952) نووسینێكی هه‌یه به‌ناونیشانی (عناصر الشعر و وظائفة–ره‌گه‌زه‌كانی شیعر و وه‌زیفه‌كانی)، دیاره له‌و نووسینه‌دا (سانتیانا) ره‌گه‌زه‌كانی شیعری به چوار ره‌گه‌ز ده‌ستنیشان كردووه (-1جوانیی زه‌نگ. -2زمانی باڵا.-3 ئه‌زموونی زیندووی راسته‌وخۆ. -4 خه‌یاڵی رێك‌وپێك).
(تێبینی: تا ئێستا ئه‌و نووسینه‌ی (جۆرج سانتیانا)م به وه‌رگێڕدراوی بۆ سه‌ر زمانی كوردی و عه‌ره‌بی ده‌ستنه‌كه‌وتووه و نه‌بینیوه، دووكتێبی (سانتیانا)م هه‌یه، له هه‌ردووكیاندا ئه‌و نووسینه‌ی تیادا نییه).
چوار كتێبی ترم له به‌رده‌ستدان، له‌هه‌ر چواریاندا باسی ره‌گه‌زه‌كانی ئه‌ده‌ب ده‌كه‌ن به گشتی (نه‌ك ره‌گه‌زه‌كانی شیعر به ته‌نیا).
*كتێبی یه‌كه‌م، هی نووسه‌ر و زانای زمانه‌وانی میسری (د. شوقی ظیف/ 1910-2005)ه، به ناونیشانی (فی الادب والنقد) (6) له به‌شی یه‌كه‌میدا به‌ناونیشانی (عناصرالادب)(7) ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر پارچه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی شیبكه‌ینه‌وه، ده‌بینین له‌م چوار ماده‌یه پێكهاتووه (-1سۆز. -2بیر. -3خه‌یاڵ. -4شێواز).
*كتێبی دووه‌م هی شاعیر و ره‌خنه‌گری میسری (د.كمال نشأت/1923-2010)ه به‌ناونیشانی (في النقد الادبی – دراسه وتطبیق)(8)، د.كمال نشأت له به‌شێكی كتێبه‌كه‌یدا به‌ناونیشانی (عناصرالادب)(9) ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی به باشی شیبكه‌ینه‌وه، ده‌بینین له‌م چوار ره‌گه‌زه پێكدێت " -1سۆز . -2واتا وبیر.-3خه‌یاڵ. -4شێواز.").
*كتێبی سێهه‌م هی شاعیر و ره‌خنه‌گری میسری (د.كمال احمد زكی/ 1927-2008)یه، به‌ناونیشانی (النقد الادبی الحدیث– اصولة واتجاهاتة)(10)، له به‌شی چواره‌می كتێبه‌كه‌یدا به ناونیشانی (العناصر الاربعة) (11)چوار ره‌گه‌زی بۆ ئه‌ده‌ب ده‌ستنیشان كردووه، به‌م شێوه‌یه (-1سۆز. -2خه‌یاڵ. -3واتا. -4زمان).
*كتێبی چواره‌م هی مامۆستای زانكۆ و ره‌خنه‌گری میسری (د. عزالدین اسماعیل/ 1929-2007)ه به‌ناونیشانی (الادب و فنونة)(12) له‌به‌شی یه‌كه‌می كتێبه‌كه‌یدا به‌ناوی (تیۆری ئه‌ده‌ب)( 13) ده‌ڵێت: (ره‌گه‌زێكی زۆر به‌شدارن له پێكهێنانی به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی، به‌ڵام گرنگترینیان ئه‌م چوار ره‌گه‌زه‌ن 1- ره‌گه‌زی عه‌قڵ. 2- ره‌گه‌زی سۆز.3- ره‌گه‌زی خه‌یاڵ. 4- ره‌گه‌زی دانان وشێواز).
بێگومان ئه‌م چوار نووسه‌ره‌ی دوایی، ره‌گه‌زه‌كانی ئه‌ده‌بیان دیاریكردووه، ئه‌و ره‌گه‌زانه شیعریش ده‌گرێته‌وه، چونكه شیعر به‌شێكی سه‌ره‌كی ئه‌ده‌به.
ئه‌و پێنج نووسه‌ره، هه‌ریه‌كه و چوار ره‌گه‌زی بۆ شیعر و ئه‌ده‌ب داناوه. ره‌گه‌زه‌كانی هه‌ر پێنجیان ده‌كه‌ینه خشته‌یه‌ك، له‌به‌ر رێكی خشته‌كه هه‌ندێ جێگۆركێ له شوێنی ریزبه‌ندی چه‌ند ره‌گه‌زێ، لای هه‌ر نووسه‌رێك ده‌كه‌ین، وه‌ك له‌سه‌ره‌وه له كتێبه‌كانیاندا هاتووه.
گه‌ر به وردی سه‌یری ئه‌م خشته‌یه بكه‌ین ده‌بینین:
*بۆ ره‌گه‌زی خه‌یاڵ، هه‌ر پێنجیان هاوڕان.
*بۆ ره‌گه‌زی سۆز، چواریان هاوڕان.
*بۆ ره‌گه‌زی واتا و بیر، سیانیان هاوڕان.
*بۆ ره‌گه‌زی شێواز، سیانیان هاوڕان.
*بۆ ره‌گه‌زی زمان، دوانیان هاوڕان.
*بۆ ره‌گه‌زی جوانیی زه‌نگ، رای یه‌ك كه‌سه.
*بۆ ره‌گه‌زی ئه‌زموونی زیندوو، رای یه‌ك كه‌سه.
*بۆ ره‌گه‌زی عه‌قڵ، رای یه‌ك كه‌سه.
پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و ره‌گه‌زانه، كه ئه‌وان دیاری‌یان كردووه، شیبكه‌ینه‌وه، ئێمه راوبۆچوونی خۆمان له‌سه‌ر ره‌گه‌زه‌كانی شیعر ده‌نووسین. بۆ ئه‌وه‌ی راوبۆچوونی خۆمان له‌گه‌ڵ راوبۆچوونی ئه‌واندا به‌راورد بكه‌ین و جیاوازییه‌كانیش ده‌ستنیشان بكه‌ین. به رای ئێمه شیعر سێ ره‌گه‌زی هه‌یه:(-1زمان. -2واتا. -3خه‌یاڵ.)
*بۆ مه‌سه‌له‌ی ره‌گه‌زی (زمان)، ئێمه له‌گه‌ڵ دوانیاندا هاوڕاین.
*بۆ مه‌سه‌له‌ی ره‌گه‌زی (واتا)، ئێمه له‌گه‌ڵ سیانیاندا هاوڕاین.
*بۆ مه‌سه‌له‌ی ره‌گه‌زی (خه‌یاڵ)، ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌ر پێنجیاندا هاوڕاین.
پەراوێزەکان:
(1) ستار قادر/وێنه‌كێشان چییه / بزافی رۆشنبیری سلێمانی – سلێمانی/ چاپی یه‌كه‌م – 2006.
(2) هه‌مان سه‌رچاوه/ ل8.
(3) فریدریك مالنز/ الرسم كیف نتذوقة؟–عناصرالتكوین/ ترجمة: هادی الطائی/ دار الشؤون الثقافیة العامة - بغداد/ الطبعة الاولی – 1993.
(4)د.عبدالرحمن بدوی/في الشعر الاوروبی المعاصر/ مكتبة الانجلوالمصریة–القاهرة/ طبعة 1965.
(5)هه‌مان سه‌رچاوه، ل 120 .
(6)د.شوقی ظیف/في الادب والنقد / دار المعارف – القاهرة / طبعة 1999.
(7) هه‌مان سه‌رچاوه، ل 13 .
(8)د.كمال نشأت/في النقد الادبی–دراسه وتطبیق / الجامعة المستنصریة–بغداد / الطبعةالثانیة -1976.
(9)هه‌مان سه‌رچاوه، ل 25 .
(10)د. احمد كمال زكی / النقد الادبی الحدیث–اصولةواتجاهاته /الهیئة المصریة العامة للكتاب- القاهرة/طبعة 1972.
(11)هه‌مان سه‌رچاوه، ل 45.
(12)د.عزالدین اسماعیل / الادب وفنونة/دارالفكرالعربی – القاهرة/الطبعة التاسعة- 2013.
(13)هه‌مان سه‌رچاوه، ل14.