ستراتیجییەتی ئاسایشی سایبرانی

09:37 - 2022-04-17
ئابووری
442 جار خوێندراوەتەوە

فەیسەڵ عەلی*

(1 - 2)

یەكێتیی نێودەوڵەتیی پەیوەندییەكان، بە هاوكاری دامەزراوە پسپۆڕییە گەورەكان و هاوبەشی شارەزا نێودەوڵەتییەكان، بەڵگەنامەیەكیان لەژێر ناونیشانی «رێنیشاندەری پەرەپێدانی ستراتیجییەتیی نیشتمانیی ئاسایشی سایبرانی» دەرچواند، ئەم بەڵگەنامەیە بۆ ساڵی 2018 دەگەڕێتەوە، پشت بە ئاڕاستەی گشتی دەبەستێت و سوودی بۆ زۆربەی دەوڵەتانی جیهان هەیە و بۆ كۆی جیهانیش بەسوودە.
ئەو بەڵگەنامەیە، وێڕای بەشی بەراییەكەی، كە دەروازەیەك بۆ پێدراوەكانی دەخاتەڕوو، لە چوار بەشی سەرەكی پێكدێت، یەكەمیان، پێناسەی ئاسایشی سایبرانی و ئەوەی پێوەی پەیوەستە دەكات، دووەمیشیان، ئەوە روون دەكاتەوە كە ستراتیجییەت سوڕی زەمەنی هەیە و پێنج قۆناغی سەرەكیی نوێبووە لەخۆدەگرێت، كە بایەخ بە پەرەپێدان و وەڵامدانەوەی گۆڕانكارییەكان دەدات. سێیەمیشیان، ئەو بنچینانە دەخاتەڕوو، كە دەبێ ستراتیجییەت پشتی پێ ببەستێت تا پێشهاتەكانی لێوەی دەستەبەر بكات. چوارەمیشیان، ئەو مومارەسە گرنگانە دەخاتەڕوو كە دەبێ لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ستراتیجییەتەكەدا لەبەرچاو بگیرێن.

پێناسەی ئاسایشی سایبرانی
لەم نووسینە و ئەوی دواییدا، تیشك دەخەینە سەر ئەم بەڵگەنامەیە، بێگومان ئەو كاتە زۆرەی رۆژانە لەگەڵ جیهانی سایبرانیدا بەسەری دەبەین، وامان لێدەكات كە تێگەیشتنی لایەنە جیاوازەكانی ئەم جیهانە كاری سوودبەخش بێت. سەرباری ئەوانە، ئاڕاستە نێودەوڵەتییەكان بنەمایەكی هاوبەش بۆ هەموان بۆ پارێزگاری لە ئاسایشی سایبرانی دەڕەخسێنێت، لێوەی بتوانین پێكەوە هاوكار و یارمەتیدەری یەكدی بین.
ئەگەر بە بەشی پێناسەی ئاسایشی سایبرانیدا دەستپێبكەین، بەڵگەنامەكە پێناسەیەكی گشتگیر بۆ ئاسایشی سایبرانی دەخاتەڕوو، لێرەدا هەڵوەستەیەكی لەسەر دەكەین، لە بری ئەوەی بەو رستەیەی نووسراوە بخرێتەڕوو، بەڵكو لەمیانی زانینی وەڵامەكەیدا دەیخەینەڕوو، كە دەقەكەی لە سێ پرسیاری سەرەكیدا دەردەكەوێت: ئەو لایەنانەی كە ئاسایشی سایبرانی بۆ پارێزگاری دەیخاتەڕوو كامانەن؟ ئەو توخمانە كامانەن كە بەپێی ئەو لایەنانە دەبێ پارێزگارییان لێبكرێت؟ پاشان ئەو ئامرازانە چین كە دەبێ لە دەستەبەركردنی ئەو پارێزگارییەدا لەبەرچاو بگیرێن؟

ئامراز و نێوەندەكانی تەكنەلۆجیا

ئەگەر بە لایەنەكانی پارێزگاری دەستپێبكەن، دەبینین سێ لایەنی سەرەكی لەخۆدەگرێت. یەكەمیان، پاراستنی سەرچاوەكانی جیهانی سایبرانی كە فەراهەمن Availability، سەرنجڕاكێشی ئەم جیهانە وایكردووە هەموو سەرچاوەكانی ئەم جیهانە لە بەردەستی هەمواندا بێت. لایەنی دووەمی ئەو پارێزگارییە، سەلامەتی Integrity ئەو سەرچاوانەیە. لایەنی سێیەمیشی، پاراستنی تایبەتمەندێتیی  Confidentiality ئەو سوودمەندانەیە كە چالاكییە هەمەجۆرەكانی لە رێی بەكارهێنانی ئەو جیهانە جێبەجێی دەكەن.
ئەو توخمانەی كە دەبێ بپارێزرێن، بونیادی جیهانی سایبرانی دەگرێتەوە، كە بۆ حكومەت، دامەزراوە، كۆمپانیا و تاكەكان دەگەڕێتەوە. پاراستنیان و پاراستنی خاوەنەكانیان و ئەو كار و چالاكییانەی پێی هەڵدەستن، لێدەكەوێتەوە. نمونەی ئەو توخمانە: سیستمە جیاوازەكانی كۆمپیوتەر، پراكتیزە و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەشی دەكەن، ئەو داتا و زانیارییانەی بەكاری دەهێنن، سیستمی پەیوەندیی و ئەو تۆڕانەی بە جیهانی سایبرانییەوە دەیانبەستێتەوە و دەیانكاتە بەشێكی ئەو جیهانە.
ئامرازەكانی ئەو پارێزگاریكردنە ئەمانە دەگرێتەوە: ئامراز و نێوەندەكانی تەكنەلۆجیا، ئامرازەكانی شیكردنەوە و ئیدارەدانی مەترسییەكان و سیاسەت و رێنماییەكان كە بە شارەزایی و لێهاتوویی پشت ئەستورن، خولی هوشیاری و راهێنان، هەموو ئەوانەی كە دەشێ لەو پڕۆسەی پارێزگارییەدا بەشداری بكەن. بێگومان بەگەڕخستنی هەموو هەوڵ و تواناكان بۆ پاراستنی ئاسایشی سایبرانی زۆر پێویستە بۆ ئەوەی لە جیهانی سایبرانیدا كار بكرێت و سوود لە تواناكانی ئەو جیهانە وەربگیرێت، ئاسایش و ئەمان لە هەموو كات و شوێنێكدا دوو پێوەری سەركەوتووی ژیانن، واتە لە هەردوو جیهانی مادی و سایبرانیدا.

چوار ئەركی سەرەكی هەیە
سوڕی زەمەنی ستراتیجی پێنج قۆناغ دەگرێتەخۆ. ئەوانیش: قۆناغی دەستپێكردنی ئامادەكردنی ستراتیجییەت، قۆناغی پێداچوونەوە بە قۆناغی ئێستا و شرۆڤەكردنی، قۆناغی وەسفكردنی ستراتیجییەت و پاشان جێبەجێكردنی ستراتیجییەتەكە دێت، وێڕای قۆناغی چاودێریی و هەڵسەنگاندن، هەروەها گەڕانەوە بۆ سوڕێكی نوێ كە تێیدا هەموو قۆناغەكان نوێ دەبنەوە بە ئاڕاستەی ئەوەی لە چوارچێوەی پەرەسەندن و گۆڕانكارییە نوێیەكاندا، تا باشتر پێشكەش بكەن. 
قۆناغی سەرەتا، بایەخ بە سێ ئەركی سەرەكی دەدات، یەكەمیان، دیاریكردنی ئەو تیمی كارەیە كە دەبێت بەپێی پێویست كەسانی لێهاتووی تێدا بێت، چ ئەوانەی بە تەواوی یان بە پارت تایم دەوام دەكەن، دەبێ ئەم تیمە لیژنەیەكی ئاڕاستەكاری بە دەسەڵاتی گونجاوەوە هەبێت، دووەمیان، زەرورەتی دەستنیشانكردنی لایەنە پەیوەندیدارەكان و بانگهێشتكردنیان بۆ بەشداریكردن و پێدانی را و بۆچوون سەبارەت بە ئامادەكردنی ستراتیجی، سێیەمیان، دانانی پلان بۆ تەواوكردنی ئامادەكردنی ستراتیجییەتەكە.
پێداچوونەوەی رەوشی ئێستا و شرۆڤەكردن، قۆناغی دووەمە، دوای ئەوە دوو ئەركی سەرەكی دێت، یەكەمیان، هەڵسەنگاندنی ئێستای رەوشی ئاسایشی نیشتمانیی سایبرانییە، دووەمیشیان، هەڵسەنگاندنی ئەو مەترسییانەیە كە رووبەڕووی ئەو رەوشەی ئێستا و ئاسۆی نوێبوونەوەی دەبێتەوە. ئەو دوو ئەركە لە روانگەی ئەو بنچینانەی كە ستراتیجییەتەكە پشتی پێدەبەستێت، جێبەجێ دەكرێت، هەروەها ئەو مومارەسانەی كە بە پڕۆسەی جێبەجێكردنەكەوەیە پەیوەستن.
قۆناغی سێیەم، تایبەتە بە وەسفكردنی ستراتیجییەتەكە، بەپێی دەرهاویشتەكانی ئەوەی لە هەردوو قۆناغی یەكەم و دووەم بەدیهاتووە. ئەم قۆناغە چوار ئەركی سەرەكی هەیە. یەكەمیان جەخت لەسەر نووسینی رەشنووسی ستراتیجییەتەكە دەكاتەوە، دووەمیشیان، بایەخ بە بەشداریپێكردنی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ پەرەدان بەو رەشنووسە تا داڕشتنی ستراتیجییەتەكە تەواو دەكرێت، سێیەمیان، هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی دەرچواندنی ستراتیجییەتەكە، دواتر بڵاوكردنەوە و پەخشكردنی بەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكاندا دێت.

هەڵسەنگاندنی بەرئەنجامەكان
دوای ئەوە، بە قۆناغی جێبەجێكردنی ستراتیجییەتەكە دەگەین، كە چوار ئەركی سەرەكی دەگرێتەوە، ئەوانیش: دانانی پلانی كار بۆ جێبەجێكردن و پەرەدان بە دەستپێشخەری دیاریكراوی گونجاو كە لەگەڵ پلانەكەدا بگونجێت، پاشان دابینكردنی سەرچاوەی دارایی و مرۆیی پێویست بۆ جێبەجێكردنی، وێڕای دیاریكردنی زەمەن بۆ جێبەجێكردن، هەروەها پێوەری گونجاو بۆ هەڵسەنگاندن. لە كۆتاییدا قۆناغی چاودێریی و هەڵسەنگاندن دێت، كە سێ ئەركی سەرەكی دەگرێتەوە، ئەوانیش: دیاریكردنی رێوشوێنەكانی چاودێریكردنی جێبەجێكردنی ستراتیجییەتەكەیە، چۆنێتی هەڵسەنگاندنی پێدراوەكانی و پاشان جێبەجێكردنی و هەڵسەنگاندنی بەرئەنجامەكان دێت. ئەم قۆناغە بەرەو كۆتایی سوڕی زەمەنی ستراتیجییەتەكە دەڕوات، تا سوڕێكی نوێی پشت ئەستوور بە شارەزایی سوڕی پێشوو، كە گۆڕانكاریی و نوێبووەكان لەبەرچاو دەگرێت.
بەوجۆرە، ئەم نووسینە، ئاڕاستە نێودەوڵەتییەكانی لەبارەی ناوەڕۆكی ئاسایشی سایبرانی و پێنج قۆناغە پێویستەكەی داڕشتنی ستراتیجییەت و جێبەجێكردنی روونكردەوە، لە نووسینی دووەمی پەیوەست بەم پرسە، وێنە گشتییەكە تەواو دەكرێت و روونكردنەوەی زیاتر دەخرێتەڕوو.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان