میدیا و لێکۆڵینەوەی سەرەتایی

11:29 - 2023-02-21
دووتوێ
639 جار خوێندراوەتەوە

سمكۆ شوانی*

   دەستپێک:
لێکۆڵینەوەی سەرەتایی ئەو قۆناغەیە کە دەسەڵاتی دادوەریی دەست بە لێکۆڵینەوە لە دۆسێی رووداوێک  یان تاوانێک دەکات، تیایدا چەندین رێوشوێن و رێکاری یاسایی دەگرێتەخۆ، بابەتی لێکۆڵینەوە، لێکۆڵینەوەیە لە راستی و دروستی هەموو ئەو راپۆرت و بەڵگەنامە و دیکۆمێنت و گوفتارانەی کە لەسەر رووداوێک دەچێتە بەردەستی لایەنی پەیوەندیدار یان بەداوداچوون دەکرێت بۆ ئاشکراکردنی لایەنە شاراوەکانی چۆنێتی روودانی تاوانێک و ساغکردنەوەی ئەو گوفتار و بەڵگەنامانەی پەیوەستن بەو تاوانەوە. 
گوفتاری هەموو ئەو کەسانە وەردەگیرێت کە دەکرێت زانیارییەکیان لەلابێت سەبارەت بەو تاوان یان رووداوە و ساغکردنەوەی بەسەر کەسی تۆمەتباردا یان بێبەری بوونی کەسەکە لەو تاوانەی دەدرێتە پاڵی (بۆیە ناڵێین تاوانبار، چونکە لە قۆناغی سەرەتایی لێکۆڵینەوەدا پرەنسیپی هەموو کەسێک بێبەرییە تا تاوانەکەی بەسەردا ساغدەکرێتەوە) جێبەجێ دەکرێت، دواجار بە مەبەستی پوختکردنەوەی دۆسێکە و ساغکردنەوەی هەموو راستییەکان وەک خۆی، (کوردوتەنی وەک پیازی پاکراو)،  بۆ رەوانەکردنی دۆسێکە بە پاککراوی و بەهەموو بەڵگەکانەوە بۆ بەردەم  دادگای تایبەتمەند (متخصص) لە رووداوەکەدا تا  بڕیار لەسەر تاوانبارکردن بدات، ئەگەر بەڵگەکان ئەوەیان سەلماندبوو، یاخود بڕیار بدات لەسەر بێبەریبوونی تۆمەتبارەکە کاتێک بەڵگەکان ناتوانن بیسەلمێنن  و تاوانەکە بدەنە پاڵی(1).
چەمکی پرەنسیپی نهێنی  لێکۆڵینەوەی سەرەتایی
   پرەنسیپی نهێنیی لێکۆڵینەوەی پێشوەختە یان سەرەتایی بەو مانایەیە کە رێگە بە خەڵک نادرێت بچێتە ناو ئەو شوێنەی لێکۆڵینەوەکەی تێدا دەکرێت، هەروەها کۆنووسی لێکۆڵینەوەکە و بابەتەکانی ناو کۆنووسەکە بە خەڵکی گشتی نیشان نادرێت یان باس ناکرێت، هەروەها رێگە بە رۆژنامە و میدیاکانی تر  نادرێت پەخشیان بکەن، بەڵام نهێنی لێکۆڵینەوەی پێشوەختە پڕەنسیپێکی رەها نییە، بەڵکو رێژەییە،  ئەسڵەکەی ئەوەیە کە هیچ نهێنییەک نییە لە بەردەم  هەردوو لایەنی داواکە (دعوی)  یان لایەنەکانی داواکە و پارێزەرە بریکارەکان شاراوە بێت، بەڵام لابردنی نهێنی لەسەر لێکۆڵینەوەکە بۆ لایەنەکانی داواکە  لەبنەما گشتییەکانی یاسای گشتی نییە، چونکە ئەوەیش سنووردارە و هەڵاوێردنی تێدایە(2).
یاسادانەرەکان پرەنسیپی نهێنی  لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیان چەسپاندووە بەسەر هەموو دەسەڵاتێکدا لەهەر پێگەیەکی دەسەڵاتدا بێت، واتە مەرج نییە ئەم نهێنی پارێزییە تەنها بەسەر ئەفسەری لێکۆڵینەوەی کەیسێکدا جێبەجێ بکرێت، بەڵکو بەسەر هەموو دەسەڵاتێکی ئەو دەوڵەتەدا یان هەرێمەدا وەکیەک جێبەجێ دەبێت.
بنەما دادگەرییەکانی سزاداکان لە عیراق ژمارە(23)ی ساڵی (1971)  کە ئێستا لە کوردستان بۆ بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوە پەیڕەودەکرێت،  بە هەمان شێوە کار بە پرەنسیپی نهێنی پارێزی قۆناغی سەرەتایی لێکۆڵینەوەکان دەکات، تا گەیشتن بە قۆناغی کۆتایی و هاتنی کاتی پەیرەوکردنی پرەنسیپی «ئاشکرایی لێکۆڵینەوە» کە پێی دەڵێن مورافەعە یان لێکۆڵینەوەی کۆتایی، تیایدا بۆ هەموو کەسێک رێگەپێدراوە بچێت لە دانیشتنەکانی مورافەعەکەدا دابنیشێت بۆ گوێگرتن و بەئاگابوون لە راستی و چەوتی یان هەق و ناهەقی دادگاییەکە.
ئەم دوو قۆناغەیە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکان پێچەوانەیان کردۆتەوە لەبەرچاوی خەڵک و بێ لێکۆڵینەوە بڕیار بەسەر دەنگە ناڕازییەکاندا دەدەن و بڕیاری لەسێدارەدان یان گولـلەبارانکردن جێبەجێ دەکەن، یاخود لە ژووری دەسەڵاتداراندا بڕیار لەسەر چارەنووسی هەندێک لەو کەسانە دەدەن بەبێ ئەوەی خەڵک ئاگاداربکەنەوە لە چۆنێتی دادگاییکردنەکان، یان لەو دۆخەدا دادگا و دادوەرەکان هیچ نین جگە لە جێبەجێکاری سیاسەت و بەرنامەکانی ئەو دەسەڵاتە.

 نهێنی پارێزی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی چییە؟
ئەگەر بانگەشە و ئاشکرایی لە دەستپێکردنی رێکارەکانی لێکۆڵینەوەدا یەکێک بێت لەو گەرەنتیانەی (ضمان)ی  دەستەبەری بێلایەنی بەڕێوەچوونی رێکاری لێکۆڵینەوە و دروستی لە جێبەجێکردنی  یاسادا دەکات،  لە هەمان کاتدا دڵنیایی دەداتە ئەو کەسانەی بڕگەکانی یاساکەیان  ئاراستە دەکرێت و بەسەریاندا جێبەجێ دەکرێت  و هەست بە دادپەروەری لە جێبەجێکردنی یاسا لە دەروونیاندا بەرجەستە دەبێت. 
ئاشکرایی لە لێکۆڵینەوە  هەرچەندە ئەم سوودانەی هەیە کە باسمانکرد، بەڵام لەهەمان کاتدا چەندین زیانی هەیە بۆ رێڕەوی لێکۆڵینەوەکە بەو مانایەی زیانەکانی زۆرترە لە سوودەکانی، هەربۆیە یاسادانەرەکان کۆکن لەسەر ئەوەی ئەو قۆناغەی لێکۆڵینەوە بە نهێنی  بەڕێوەبچێت، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی دوو هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتییە: یەکەمیان لەبەر بەرژەوەندیی و سەلامەتیی لێکۆڵینەوەکە و دووەم لەبەر پاراستنی کەرامەت و ناوبانگی  تۆمەتبارەکە.
لەلایەکی دیکەشەوە هەردوو هۆکارەکەی باسمان کرد پەیوەندیی بە سیستمی گشتییەوە هەیە. گرنگیی ئەم دوو هۆکارە لای یاسادانەرەکان بە شێوەیەک چەسپیوە کە پێشێلکردنی بنەمای نهێنی پارێزی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی وەک تاوانێک سزای بۆ دیاری بکرێت(3)، لەبەرئەوەی نهێنی لێکۆڵینەوە گەرەنتی پاراستنی دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە دەکات  لەوەی رای گشتی و میدیاکان دەیورووژێنن  تا کاریگەریی لەسەر دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە دروست نەکات(4).

هۆکارەکانی نهێنی پارێزی لیکۆڵینەوەی سەرەتایی
1-
 ئامانج لە رێكار و لێپێچینەوەکانی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پاکردنەوەی ئەو بەڵگانەن کە لەسەر کردنی تاوانێک دێنە بەردەستی لێکۆڵیار، ئەویش بە شێوازی تەکنیکی و زانستییانەی لایەنەکانی تایبەت بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ سەرجەم بەڵگەکان و لابردنی ئەو بەڵگانەی کە سوود بە لێکۆڵینەوەکە ناگەیەنن، لەگەڵ هێشتنەوەی ئەو بەڵگانەی کە بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکە بەسوودن بۆ چەسپاندنیان، تا دواجار بتوانن ئەو بەڵگانە رووبەڕووی ئەو کەسە بکەنەوە کە تۆمەتبار کراوە بە کردنی ئەو تاوانە، پێویستیی هێشتنەوەی ئەم قۆناغەی لیکۆڵینەوە بە نهێنی بۆ ئەوەیە کە چ لەلایەن خودی تۆمەتبارەکە یان لەلایەن لایەنێکی دیکەوە ئەو بەڵگانە سەرنگووم نەکرێن یان نەشێوێنرێن و لەم نێوەدا تاوانباری راستەقینە لە سزادان دەرباز ببێت(5).  
2-  نهێنی هێشتنەوەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بۆ پێداگریی کردنە لەسەر هێشتنەوەی سەربەخۆیی لایەنەکانی لێکۆڵینەوە و لەدەستنەدانی بێلایەنیان بەهۆی  ئەو کاریگەرییانەی   ئامرازەکانی راگەیاندن لەسەریان دروستی دەکات(6).
3- پارێزگاریکردن لە ئاداب و رای گشتی لەو کاریگەرییە خراپانەی بەهۆی بڵاوکردنەوەی وردەکاریی تاوانێک لەسەریان دروستی دەکات، وەک دەرخستنی شێوازی تاوانەکە و درندەیی لە چۆنێتی کردنی تاوانەکە و بەکارهێنانی ئەو شێوازە نامرۆڤانەیەی کە لەگەڵ بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتیدا یەکناگرنەوە(7). وەک ئەوەی کوڕێک شەقێکی لە کچێک هەڵدا، باوکێک بە شێوازی ئەشکەنجە کچێکی 16 ساڵی خۆی کوشت، لە شنگال کچێک لەلایەن کەسوکاریەوە بەبلۆک مێشکی پانکرایەوە، کوڕێک لەسەر گێچەڵی سێکسی لاقە کرا، ئەندام پەرلەمانێک دەبەنە ژوورەکانەوە لەسەر رای جیاواز ئەشکەنجەدەدرێت ئەمانە و زۆر تاوانی تر کە جۆرێک لە دڕندەیی تێدا بەکارهاتووە.
تاوانکردن هەرکاتێک لە رێێ میدیاکانەوە بڵاودەکرێتەوە، بەتایبەتی بەهۆی سۆشیال میدیا و وێنەگرتن بە هۆی مۆبایلەکانەوە، هەموو ئەمانە شڵەژانی دەروونی لای خەڵک دروست دەکەن و لە دونیای دەرەوەش رەنگدانەوەی نەرێنی دروست دەکەن، دەبێت داواکاری گشتی بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەم پێشێلکردنانەی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە بێتە سەرخەت.
4- بە نهێنی هێشتنەوەی لێکۆڵینەوە و ئاشکرانەکردنی بۆ خەڵکی گشتی بەهەمان شێوە لە بەرژەوەندیی خودی تۆمەتبارەکەشدایە، چونکە تۆمەتبار لەو ناوزڕاندنە دەپارێزێت کە ئامرازەکانی راگەیاندن بڵاویدەکەنەوە، وەک رێزێک بەرامبەر  قەرینەی بێبەریبوون و بێ تاوانیی ئەو تۆمەتبارە، هەر ئەمەشە وای کردووە یاسادانەرەکان بڵاوکردنەوەی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان پێش قۆناغی دادگاییکردن وەک تاوانی جنێودان و بوختانکردن و ناوزڕاندن بناسێنن و سزای بۆ دیاریبکەن، کەس و لایەنی بڵاوکەرەوە ناتوانێت لە بەرپرسیارێتی و سزای یاسایی ئەو تاوانە رزگاری ببێت، تەنانەت ئەگەر ئەوەی بڵاویکردۆتەوە راستش دەرچێت، چونکە یاسا داوای چەسپاندنی راستی و دروستی ئەو زانیارییانە ناکات کە بڵاویان کردۆتەوە، یاسا تەنها داوای چەسپاندنی ئەو زانیارییانە دەکات کە دەدرێنە پاڵ فەرمانبەر یان خزمەتگوزارێکی گشتی سەبارەت بە تۆمەتێک کە دەدرێتە پاڵیان  پەیوەندیی بە ئەرک و وەزیفەکەیانەوە یان خزمەتێکی گشتییەوە هەیە.
5- ئەم ئاشکراکردنەی لیکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دەبێتە هۆکاری دروستکردنی ترس و شەرمداگرتنی گەواهیدەر لە گەواهیدانەکانی، ئیتر یان گەواهی نادەن وحاشا دەکەن لەوەی دەیزانن، یاخود مشتێ لە خەرمانێک بۆ دەسەڵاتەکانی لێکۆڵینەوە ئاشکرا دەکەن.
6- ئاشکرایی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەو تۆمەتبارانە وریادەکاتەوە لەوەی هێشتا دەستی لێکۆڵینەوە و دادگا نەگەیشتووە پێیان، ئیتر یان خۆیان دەرباز دەکەن و هەڵدێن لە سزادان، یاخود کار لەسەر شێواندنی راستییەکان و هەڕەشە لە تاوانلێکراو یان کەسوکاریان و شایەتەکانیش دەکەن.
 ئەگەر بگەڕێین، دەیان نموونەی لەو جۆرەمان چنگ دەکەوێت.
ئامرازەکانی ئاشکرایی و بانگەشە
 بەپێی بڕگەی (3) لە مادەی (19) لە یاسای سزادانی عیراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969، ئەمانەی لەخوارەوە باسیان دەکەین بە ئامرازی ئاشکرایی   دیاریکراون:
1- کردار، ئاماژە، یان جووڵە، ئەگەر لەسەر رێگای گشتی، لە مەکۆیەکی گشتی، یان لە شوێنێکی رێگەپێدراو، یان شوێنێک کە زۆر سەردانی دەکرێت، یان لەبەرچاوی خەڵک ئەمە رووبدات،  جووڵەیەک کردارێک قسەیەک کە خەڵک بتوانێت بیبینێت یان گوێی لێ بێت، یان بەهەر  میکانزمێک بتوانرێت ئەو هەواڵە بگوازرێتەوە.
2- قسەکردن بەدەنگی بەرز  یان هاوارکردن لە یەکێک لەو شوێنانەی لە سەرەوە باسکران، یاخود گواستنەوەی بە هەر میکانیزم و رێگەیەکی تری  گواستنەوە بێت، بەشێوەیەک ئەوەی دەیبیستێ هیچ دەستی لە بەکارهێنانیدا نییە. واتە ئەو کەسەی ئەو زانیارییە دەبیستێت و دەستی دەکەوێت، خۆی هەوڵی بۆ بەدەستخستنی نەدابێت تا دەستی بکەوێت، بەڵکو بەشێوەیەکی هەنووکەیی و خۆنەویستانە ئەو زانیارییانەی دەستبکەوێت، وەک ئەوەی یەکێک لەبەردەم مزگەوتی گەورەی سلێمانی بەدەنگێکی بەرز هاوار بکات کە فڵان کەس فڵان تاوانی کردووە، یان تاوانی بەرامبەر کراوە، ئەم زانیارییە خۆ نەویستانە دەیان کەس دەیبیستێت بەبێ ئەوەی خۆیان بە مەبەستی گوێگرتن لە زانیاریەکی لەو جۆرە لە بەردەم مزگەوتی گەورەدا کۆبووبێتنەوە.
3- چاپەمەنی و بڵاوکراوەکان و ئامرازەکانی تری بانگەشە و ریکلام کردن.
4- نووسین و وێنە کێشان و ئاماژەکان و فیلم و هاوشێوەکانی لە یەکێک لەو شوێنانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان، نمایش بکرێن، یان دابەشبکرێن بەسەر کەسێک زیاتر یاخود بفرۆشرێن، یان لە هەر شوێنێک بۆ فرۆشتن دابنرێن و بخرێنەڕوو. 
بەدەرکردن لە بنەمای نهێنی  لێکۆڵینەوە
ئەگەر لە سەرەتاوە وتمان پاراستنی نهێنی  لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەبەر زۆر هۆکار و بەرژەوەندی تاکەکەسی و گشتی بووە، بەڵام هەر لەبەر بەرژەوەندیی هەردوو لایەنی داواکە (الخصوم) ئەم بنەمایە بۆ هەردوو لایەنی داواکە بەدەرکراوە کە بۆیان هەیە ئاگاداری رێچکەکانی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بن تا تەواو دەبێت و دەچێتە قۆناغی کۆتاییەوە کە قۆناغی دادگاییکردنی ئاشکرایە کە بۆ هەموو کەس و میدیایەک هەیە ئەو زانیارییانە ببیستێت، هەروەها خەڵك مافی خۆیەتی بزانێت ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەو تاوانە بە کوێ گەیشت یان بزانێت دادگا سەربەخۆ بووە لە دادگاییکردنەکە و دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە و دادگاکان مافی مافخوراویان وەرگرتۆتەوە یان نا؟.
پارێزگاری سزایی بۆ نهێنی لێکۆڵینەوە
زۆرجار لێکۆڵینەوە لە تاوانێک و رووبەڕووکردنەوەی تۆمەتبار بەو تاوانەکەی کردوێتی، پێویستی بەوەیە  زانیاری لەسەر رەوتی لێکۆڵینەوەکە دزە پێ نەکرێت، بۆئەوەی لەلایەن هەندێکەوە بۆ چەواشەکردنی دادپەروەری و رێگریی لە ئەرکی لێکۆڵینەوە لە گەڕان بەدوای راستییەکاندا نەقۆزرێتەوە. هەروەها لە بەرژەوەندیی تۆمەتباردایە کە لێکۆڵینەوەکە بە نهێنی بهێڵێتەوە بۆئەوەی دووربکەوێتەوە لەو سووکایەتی و ناوزڕاندنەی کە لەوانەیە رووبەڕووی ببێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر کاتێک لە کۆتایی لێکۆڵینەوەکەدا  تاوانەکە نەسەلمێنرا کە ئەو تۆمەتبارە کردوێتی. جگە لەوەش نهێنی لێکۆڵینەوە لەبەردەم خەڵکدا گەرەنتی پاراستنی لێکۆڵەر دەکات لە بەرکەوتنی بە کاریگەریی رای گشتی.
سزای ئاشکرا کردنی نهێنی لێکۆڵینەوە
 یاساکانی عیراق بە روونی دیارییان نەکردووە یان جیایان نەکردۆتەوە وەک ئەوەی زۆر یاسای وڵاتانی تر بە روونی ئاماژەیان پێداوە بە سزادانی هەرکەسێک  نهێنی رەوتی لێکۆڵینەوە بەرێتە دەرەوە   ئەو نهێنیانەی رەوتی لێکۆڵینەوەش دیارە سەرەتا دەکەوێتە دەست کێ و کێن ئەوانەی بەهۆی پیشەکەیانەوە ئەو نهێنییانە دەکەوێتە بەردەستیان، کە ئەوانیش پیاوانی لێکۆڵینەوە و دادوەرەکان و هەردوو لایەنی کەیسەکە و پارێزەرە بریکارەکانیان و لە زۆنی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانشدا ئەو کاتانەی دەسەڵات دەس لە کاروباری دادگا وەردەدەن، یان بە واتایەکی دیکە دادگا سەربەخۆ نەبێت.
بەڵام یاسای عیراقی لە دەقی مادەی (437) یاسای سزادانی عیراقی ژمارە(111) ی ساڵی 1969 ئاماژەی بەوە داوە کە هەر فەرمانبەرێک یان راسپێردراوێک بە خزمەتی گشتی (المكلف بالخدمة العامة)  بەهۆی ئەرکە وەزیفییەکەیەوە هەر نهێنییەکی کەوتە بەردەست، دەبێت پارێزگاریی لەو نهێنیە بکات و سزای بۆ دیاریکردووە لەکاتی ئاشکراکردنیدا(8). کەواتە یاسای عیراقی بە شێوەیەکی گشتی باسی کردووە، واتە لێکۆڵەرێک و پزیشکێک و پارێزەرێک و پۆلیسێک و تەنانەت موختارێکی گەڕەک و...هتد، وەکیەک ئەم دەقە یاساییە دەیانگرێتەوە کە لە راستیدا دەبوو بە ئاشکراو بە روونی کارەکان لێک جیابکرانایەتەوە.
  پارێزە سزاییەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان   
یاسای عیراقی بۆ پێشێلنەکردنی بنەمای نهێنی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، سزای داناوە وەک پارێزگارییەک لەو بنەمایە، لە مادەی (235) یاسای سزادانی عیراقیی کارپێکراو، سزا دیاریکراوە بۆ هەر کەسێک کە بە بەکارهێنانی هەر ئامرازیکی بانگەشەکردن باسێک بگوازێتەوە کە کاریگەریی لەسەر رەوتی لێکۆڵینەوە و دادگایی و دادوەر و قازییەکان و یان هەر کەسێکی دادگا و ئەوانەی مەسەلەی یەکلاکردنەوەی داوایەکیان پێ سپێردراوە بەوان یان فەرمانبەرانی لیکۆڵینەوە یاخود کاریگەریی لەسەر شارەزاکان و ئەو گەواهیدەرانەی کە داوا دەکرێن گەواهی لەسەر رووداوەکە یان ئەو داوایە بدەن کە لەبەردەستە بۆ لێکۆڵینەوە، هەر هەمان مادە لە یاسای سەرەوە سزاکەی تووندکردۆتەوە، ئەگەر دەرکەوت مەبەست لە بڵاوکردنەوەکە  لە بناغەوە بۆ ئەوەیە تا ئەو کاریگەرییانە دروست بکات کە پێشتر باسمان کرد، یاخود هەر لە ئەزەڵەوە ئەو بڵاوکردنەوەیە هەواڵی درۆ بن(9)   هەروەها لە برگەی یەکی مادەی (236) هەمان یاسای سزادان، سزای بڵاوکردنەوەی هەواڵی لێکۆڵینەوەیەک لەسەر تاوانێک یا کەتنێک بە یەکێک لە ئامرازەکانی بڵاوکردنەوە بڵاوبکاتەوە، یاخود هەواڵی بەڵگەیەک لە بەڵگەکانی لێکۆڵینەوەیەک ئاشکرا بکات کە دەسەڵاتەکانی لێکۆڵینەوە یاساغیان کردووە لەوەی بڵاوببێتەوە(10).
گونجاندنی   هەقی رۆژنامەگەری لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی تاوان و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ تاوانی پێشێلکردنی پرەنسیپی نهێنی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان 
بنەما یان ئەسڵ ئەوەیە لێپێچینەوەکانی تاوانکاری بە ئاشکرا بکرێن، هەربۆیە یاساکان رێگەیان داوە رێوشوێن و لێپێچینەوەکان بە رای گشتی رابگەیەنرێت، بەو پێیەی خەڵک مافی ئەوەی هەیە بزانێت تاونێک کراوە و دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە و دادگا ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە لە گرتنەبەری رێوشوێنەکانی چەسپاندنی یاسا بەیەکسانی و دادوەری، ئەوە جێگیرکراوە کە رۆژنامەنووس هەواڵەکانی تاوانەکان بزانێت و بڵاوی بکاتەوە بە تایبەتی ئەو تاوانانەی دەنگدانەوەی هەیە لەناو رای گشتیدا و خەڵک بە گشتی تینووی بیستنی هەواڵەکانی ئەو تاوانەن، بەمەرجێک قەدەغەی بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی ئەو تاوانە پێشێل نەکرێت و کاریگەریی لەسەر رەوتی لێکۆڵینەوەکە دروست نەکات وەک شێواندنی بەڵگەکان و تاوانبار فریای خۆی بکەوێت لە خۆحەشاردان و لەناوبردنی بەڵگەکان و هەڕەشەکردن لە گەواهیدەرەکانی سەلماندن و تەنانەت جاری وا هەیە کار دەگاتە کوشتنی گەواهیدەری سەلماندن، کەواتە ئێستا ئێمە لە بەردەم تەرازووی دوو مافداین، مافێک خەڵک مافی خۆیانە بەهۆی ئامرازەکانی راگەیاندنەوە هەواڵی تاوانەکان بەتایبەتی هەواڵی ئەو تاوانانەی کاریگەریی لەسەر زهنیان دروستکردووە لەگەڵ مافی دەسەڵاتەکانی لێکۆڵینەوە لە پیشێل نەکردنی پرانسیپی نهێنی  لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، وا لە خوارەوە هەردوو ئەو مافانە تاوتوێ دەکەین، بۆئەوەی هاوسەنگی لەنێوان هەردوو تای تەرازووەکە بپارێزرێت:
مافی رۆژنامەگەری لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی تاوانەکان 
بنەمای مافی بڵاوکردنەوەی هەواڵی تاوانەکان و لێکۆڵینەوەکان سەرەتا لە دەقی  مادەی (38)ی دەستووری عیراقەوە بۆ ساڵی 2005 هاتووە کە دەڵێت: «دەوڵەت دەستەبەری ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی رۆژنامەگەری و چاپەمەنی و بانگەشە و راگەیاندن و بڵاوکردنەوە دەکات بە مەرجێک ئەم ئازادییە سیستم و ئادابی گشتی پێ شێل نەکات، هەروەها بنەمایەکی تری یاسایی بۆ رێگەپێدانی راگەیاندنی هەواڵەکانی تاوان و دادگاییەکان لە بڕگەکانی مادەی (41)ی یاسای سزادانی عیراقیدا هاتووە، یاسای عیراق دیسان  بنەمایەکی دیکەی بۆ ئەو مافە زیادکردووە  لە یاسای مافی رۆژنامەنووسان ژمارە (28)ی ساڵی (2011)، کە لە بڕگەی (یەکەم) لە مادەی (4) ی ئەو یاسایە  هاتووە:  «رۆژنامەنووس مافی ئەوەی هەیە لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانەوە  هەر زانیاری و هەواڵ و داتا و ئامارێکی قەدەغە نەکراو بەدەستبهێنێت و بڵاویشی بکاتەوە».
مادەی (8)ی هەمان یاسای سەرەوە  دووپاتی دەکاتەوە کە لێپرسینەوە لە رۆژنامەنووس ناکرێت لەسەر بڵاوکردنەوەی زانیاری یان ئەو بۆچوونانەی دەری دەبڕێت و ببنە هۆکارێک بۆ زیانگەیاندن بە مەرجێک  پێچەوانەی یاسا نەبێت.
هەمان ماف لە یاسای رۆژنامەگەری کوردستان ژمارە (35) ساڵی 2007 لە بڕگەکانی (1، 2) داهاتووە کە رۆژنامەنووس ئازادە لەوەی لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی،  زانیاری و هەواڵ بەدەست بهێنێ لەسەر هەر بابەتێک هەموو ئەمانە لەپێناوی خزمەتکردن بە خەڵک و رای گشتی جەماوەر، بەڵام نابێت پێشێلی مافی تاکەکانی مرۆڤ بکات و پێویستە لە چوارچێوەی یاسادا بکرێن».
 مافی بڵاوکردنەوەی هەواڵی تاوان و لێکۆڵینەوە دەبێت لەو چوارچێوەیەدا بەکاربهێنرێت کە لەلایەن دەسەڵاتی  یاسادانانی عیراقەوە دانی پێدانراوە، ئەم دانپێدانانەش بە مافەکانی رۆژنامەنووسان،  بۆ ئاگادارکردنەوەی رای گشتییە لە رووداوەکان، بە مەرجێک رۆژنامەگەریی پێشێلی قەدەغەکراوەکانی رەوتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نەکات و نەچێتە خانەی بوختان و ناوزڕاندن و درۆ هەڵبەستنی شەقامەوە  یان مەرجەکانی بڵاوکردنەوە کە لەسەرەوە لە هەردوو مادەی (235 و 236) سزادانی عیراقیدا باسکراون، پێشێل نەکەن.  
مەرجەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ  سەبارەت بە تاوان و لێکۆڵینەوەکان
  مافی رۆژنامەگەری لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەر تاوان و کەتن و لێکۆڵینەوەیەک یەکێکە لە مافە دانێدانراوەکانی راگەیاندن، بەڵام بۆئەوەی ئەو مافە موباح و رێپێدراو بێت، دەبێت چەند مەرج و چوارچێوەیەکی هەبێت؛ نابێت ئەو چوارچێوەیە ببەزێنرێت، چونکە ئەوکاتە پیشە و کاری رۆژنامەگەریی دەبەزێنرێت و دەچێتە خانەی بەکارهێنانی پیشەی رۆژنامەرگەرییەوە بۆ سیخوڕیکردن یان تێکدانی رەوتی ئارامگرتووی زۆنێک یان وڵاتێک و دەبێت وەک تاوانبارێک مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت، دۆسێی بۆ بکرێتەوە، ئالێرەدایە دەبێت راوێژکاران و ئەوانەی دەم لە بە پیشەییکردنی دامەزراوەکانی حکومی و حزبی دەکووتن وریابن و کارەکانی خۆیان رێکبخەن و چاوەڕێی دانوستان و خاتر و خاترۆکی نەکەن و کاری خۆیان رێکبخەن.  
مەرجەکانیش ئەمانەن:
1- بڵاوکراوەکە راست و بە ئەمانەتەوە بێت.
مەبەست لەم مەرجە راستگۆیی راگەیاندن و راگەیاندنکاران لەو راپۆرتانەی  دەیانەوێت ئامادەی بکەن تا خەڵک لەو تاوانانە ئاگاداربکەنەوە کە روویانداوە بەبێ پێشێلکردنی پرەنسیپی نهێنی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان. ئەوەی شایانی باسە مەرجی ئەمانەت و راستگۆیی لە گەیاندنی هەواڵ، دژی ئەو رەوشت و شێوازەی رۆژنامەنووس؛ نییە، کە دەیەوێت بەهۆی نیشاندانی لایەنە هەستیارەکانی ناو تاوانەکەوە زۆرترین خوێنەر بۆلای راپۆرتەکەی رابکێشێت.
  دادگای کەیسەکانی بڵاوکردنەوە و راگەیاندن لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافەی فیدراڵی بڕیاریدا کە دوای پێداچوونەوە بەو حوکمەی کە داوای پێداچوونەوەی کراوە دەرکەوت ناراست و نایاساییە، لەبەرئەوەی ئەو وتارەی لە رۆژنامەی نیۆرک تایمز بڵاوکراوەتەوە کاریگەریی لەسەر مەرکەزی وەزیفی داواکاری پێداچوونەوە دروست نەکردووە، هەروەها ئەو وتارەی رۆژنامەکە بڵاویکردۆتەوە رێک دێتەوە لەگەڵ ئەو ئازادییەی بۆ ئامرازەکانی راگەیاندن دەستەبەرکراوە بەو پێیەی ئەو رۆژنامەیە  رۆژنامەیەکی بیانییە  و ناوخۆیی نییە، رۆشنبیری ئازادی رۆژنامەوانی لە کۆمەڵگەکانی خۆرئاوایی  باو و بڵاوە، هەروەها ئەو وتارەش ناشیرینکردنی ئەنقەستی تێدا نەهاتووە لە دژی داواکاری پێداچوونەوە و مەرکەزی ئەرک و وەزیفەکەی، هەروەها دەرچوون نییە لە بنەماکانی کاری رۆژنامەگەری و راگەیاندن(11)
2-  وەرگرتنی هەواڵەکە لە سەرچاوە رەسمییەکانەوە بێت.
دادگای کەیسەکانی بڵاوکردنەوە و راگەیاندن لە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی  رەسافەی فیدراڵی داوەریی کرد بە: لە راپۆرتی شارەزا هاتووە  لەلایەکەوە جەخت لەسەر نیازپاکیی کەناڵی داوا لەسەرتۆمارکراو دەکاتەوە، لەلایەکی تریشەوە لە رێبازی بنەماکانی کاری میدیایی ئازاد لای نەداوە هەروەها سەرباری ئەمانەیش سەرچاوەی بەدەسکەوتنی زانیاریەکەشی لایەنێکی رەسمیی باوەڕپێکراوە کە ئەویش دەستەی دەسپاکییە، دەستەی ناوبراو جەختی لەسەر راستیی بابەتەکە کردۆتەوە، دەرکەوتووە  هەڵەکە لە فەرمانبەرەکانی دەستەکەوە روویداوە کە تەنها ناوی شارەکانی پاریزگاکانیان، نەزانیوە، ئەمەش لەسەر (c.d) ی لیزەری چەسپێنراوە (ثابت) کراوە(12).
لە فەرەنسا میدیا و رۆژنامەکان بۆیان هەیە هەواڵی تاوانەکان و رووداوەکانی تاوانکاری  لە سەرچاوە رەسمییەکانەوە وەربگرن یاخود راستەوخۆ لە کۆنووسەکانی پۆلیسەوە وەریبگرن، بەڵام بەبێ ئەوەی خۆیان کۆمێنت و توانجیان لەسەری زیاد بکەن، هەرکاتێک ئەوە رووبدات کە رۆژنامەنووسەکە یان پەیامنێرەکە توانجی زیادەی خستە سەر هەواڵەکە  یان لە سەرچاوەیەکی نا رەسمییەوە ئەو زیادکردنەی بۆ هەواڵەکە کرد، ئەوا خۆی بەرپرسیاری ئەو زیادکردنانەیە کە پاڵپشت نین بە سەرچاوەی رەسمی(13).     
3- هەواڵەکە پەیوەندیی بە لێکۆڵینەوە سەرەتایی و بەراییەکانەوە نەبێت کە هیشتا لێکۆڵینەوەکەی تەواو نەبووە.
رۆژنامەنووس بۆئەوەی لە بەرپرسیارێتی بڵاوکردنەوەی هەواڵ تاوان ولێکۆڵینەوەکان رزگاری ببێت، پێویستە ئاگاداری ئەوە بێت سنووری یاساغکراوەکانی بڵاوکردنەوە نەبەزێنێت، یاخود سنووری نهێنییەکانی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان نەبەزێنێت، کە هێشتا ئەنجامەکانی روون نەبۆتەوە.  
لەم بارەیەوە دادگای کەیسەکانی بڵاوکردنەوە و راگەیاندن لە سەرۆکایەتی دادگای رەسافە بڕیاریدا « دوای وردبینی ئەم دادگایە لەسەر کۆی رووداوەکانی کەیسی داواکار و کۆنووسی بەتاڵکردنەوەی تۆمارەکانی ناو دیسکی لیزەری و راپۆرتی پسپۆر و شارەزا لەوبارەیەوە، دەرکەوت ئەوەی کەناڵی داوالەسەرکراو (قناة الحرة الفضائیة) نیشانیداوە، تەنها چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ کەسوکاری ئەو منداڵەی تاوانی دەرهەق کراوە، کەسوکاری ئەو منداڵە گوزارشتیان لە خەم و ئازارەکانی خۆیان کردووە بەهۆی رووداوی رفاندن و کوشتنی منداڵەکەیانەوە، ئەوان بەهۆی ئەو کەناڵەی راگەیاندنەوە ئەو دەرفەتەیان بۆ رەخساوە  کە دەنگی خۆیان بگەیەنن بە دەسەڵاتە تایبەتمەندەکان و کەناڵەکانیش بۆیان نییە رێگری لە گوێگرتن لە ئازار و خەمەکانی خەڵک بکەن، بەتایبەتی ئەگەر ئەو کەناڵە لە رووی پیشەییەوە لە بنەماکانی کاری رۆژنامەگەریی دەرنەچووبێت و لای نەدابێت(14)
4-  نیازپاکی لە گواستنەوەی هەواڵ.
یەکێک لە کوشندەترین دەردی خەڵک ئەوەیە هەموو هەڵسان و دانیشتن و تەقوا و خواپەرستی و کاروکاسبی و بژێوی خەڵک و تەنانەت تەقوا و خواپەرستی  و ئایینش تێکەڵ بە سیاسەت و بەرژەوەندی دەسەڵات کراوە کە ئەوەش بە هۆی ئەو حزبایەتی و سیاسەتە سەردەمییەی لە وڵات و دەسەڵاتە نابەکامەکاندا پەیڕەو دەکرێت(15)، تاوانێک روودەدات، پێش ئەوەی دادگا (نطق) بدات، یان هەر ئەسڵەن  ئاگای لە هیچ نییە و پرسیشی پێنەکراوە، یان پێش ئەوەی لایەنێکی تایبەتمەند لێکۆڵینەوە لەو کەیسە بکات، یاخود خەڵک هیچی نەبیستووە و جێ گرنگی پێدانی خەڵکش نەبووە، ئەوەندە دەزانی میدیا نیاز خەراپەکان بۆ بەرژەوەندیی سیاسەت و ئامانجی حزبی، هەموو وڵات سەرقاڵ دەکەن بە هەواڵیکەوە کە تاوانێکە و روویداوە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدار و تایبەتمەندەکان ئەو کارە بکەن، و ئەنجامەکانیش تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکە بۆ خەڵک باس نەکرێت، چونکە ئەگەری پێچەوانەبوونەوەی هەیە، دەبێت ئەوکاتە یان دەبێت خۆیان لە گێلی بدەن(16) یان پیلان و درۆیەکیش بۆ ئەوکاتە ئامادە کردبێت.
 لە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و راپەرین، لە هەولێر و سۆران  لە بادینان؛ تاوانێک دەکرێت، لەبەر نیازپیسی حزبەکان و بۆ تێکدانی ریزەکانی خەڵک و لەبەریەکهەڵوەشاندنەوەی ئاشتەوایی نیستمانی و دروستکردنی دووبەرەکی و شێرپەنجەی ناوچەگەرێتی لە هەڵای راگەیاندن دەدەن، لەبەر بێلایەن نەبوونی دادگاکان و دەسەڵاتەکانی لێکۆڵینەوە، لەبەر نەبوونی داواکاری گشتی ئەکتیڤ و بێلایەن، کەس ورتەی لە دەم دەرناچێت.

پەراوێزەکان:
1- دكتور جلال ثروت – دكتور سليمان عبد المنعم،اصول المحاكمات الجزائية , مؤسسة العربية للدراسات والنشر والتوزيع – بيروت، ص260.
2- محمود نجيب حسني، شرح قانون المحاكمات الجزائية، ص 631 
3- د. سليمان عبد المنعم، أصول الإجراءات الجنائية ـ دراسة مقارنة، منشورات الحلبي الحقوقية، بيروت، 2005، ص 798.
4-  V. Merle et Vitu , la procedure penale , CUJAS , 4 em , Paris, 1998, no330, p387
5- د. مأمون سلامة، الإجراءات الجنائية في التشريع المصري، دار النهضة العربية، القاهرة، 2007ـ2008،ص 652.
6-  د. محمود نجيب حسني، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل520.
7- د. عبد الرؤوف مهدي، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل 383.
8- نصت المادة 437من قانون العقوبات العراقي مايلي:
يعاقب بالحبس مدة لا تزيد على سنتين وبغرامة لا تزيد على مائتي دينار او باحدى هاتين العقوبتين كل من علم بحكم وظيفته او صناعته او فنه او طبيعة عمله بسر فافشاه  في غير الاحوال المصرح بها قانونا او استعمله لمنفعته او منفعة شخص اخر. ومع ذلك فلا عقاب اذا اذن بافشاء السر صاحب الشان فيه او كان افشاء السر مقصودا به الاخبار عن جناية او جنحة او منع ارتكابها.
9- بڕواننە یاسای ئاماژە بۆ کراو.
10- يعاقب بالحبس مدة لاتزيد على سنتين وبغرامة لا تزيد على مائتي دينار أو بإحدى هاتين العقوبتين من نشر بإحدى طرق العلانية: 1- أخبارا بشأن محاكمة قرر القانون سريتها أو منعت المحكمة نشرها أو تحقيقا قائما في جناية أو جنحة أو وثيقة من وثائق هذا التحقيق إذا كانت سلطة التحقيق قد حظرت إذاعة شيء منه...».
11- قرار محكمة التمييز الاتحادية بالعدد(1421/ الهيأة الاستئنافية / منقول / 2010)، ت (1722) في (11/1/2012)، غير منشور.
12- قرار محكمة قضايا النشر والإعلام ذي العدد (17/نشر ـ مدني/2011) في (7/7/2011) نقلا عن أحكام محكمة قضايا النشر والإعلام ـ القسم المدني، إعداد خليل إبراهيم المشاهدي وشهاب أحمد ياسين، نشر وتوزيع مكتبة الصباح، بغداد، 2012، ص 77.
13- (Le Poittevin Gustave) , trait de la presse , tome, deuxieme , Paris, 1996, no741 ,p290. 

14- قرار محكمة قضايا النشر والإعلام بالعدد (32/ نشر – مدني / 2011)في (25/7/2011) نقلا  عن أحكام محكمة قضايا النشر والإعلام، مصدر سابق، ص79 -82.
15- نابەکام  لە کوردەواریدا بە کاریلەیەک دەوتری کە پێش وادەی خۆی لەدایک بووبێ کە هەمیشە وردیلە ولەڕ ولاوازە.

*خوێندكاری دكتۆرا لە یاسای گشتی
 لە زانکۆی کەرکوک

 ئامانج لە رێكار و لێپێچینەوەکانی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پاک کردنەوەی ئەو بەڵگانەیە لەسەر تاوانێک دێنە بەردەست

پەیوەندیی میدیاکان و یاسا بەرکارەکان لە گەیاندنی راستی رووداو و تاوانەکان بە گوێرەی سیستمە سیاسییەکان دەگۆڕێت 

بنەما یا ئەسڵ ئەوەیە لێپێچینەوەکانی تاوانکاری بە ئاشکرا بکرێن هەر بۆیە یاساکان رێگەیان داوە ئیجرائات و لێپێچینەوەکان بە رای گشتی رابگەیەنریت

بابەتە پەیوەندیدارەکان