سەرۆک بافڵ بۆ خاتوو بەدیعە دارتاش: ئێوە نموونە و پێشەنگی ئێمەن

01:12 - 2023-02-23
کوردستان
528 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە بەدیعە دارتاش، خانمە هونەرمەندی ناسراوی کورد کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی هونەر و هونەرمەندانەوە لە هەرێمی کوردستان کرا و هۆکار و چارەسەرکردنی کێشەکان بۆ بەرەوپێشچوونی بوارە جیاوازەکانی هونەر تاوتوێکرا و مامۆستا بەدیعە چەند پێشنیاز و سەرنجێکی گرنگی خستەڕوو.

لەبەرامبەردا سەرۆک بافڵ سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی مامۆستا بەدیعە کرد لە بەرامبەر زیاتر لە نیو سەدە بەخششی هونەری و خزمەتەکانی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا و وتی، ئێوە نموونە و پێشەنگی ئێمەن و خۆمان بە قەرزاری ماندووبوونتان دەزانین.

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پێشنیازەکانەوە بەڵێنی پشتیوانی و هاوکاری خۆی و یەکێتی بۆ هونەرمەندان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، کوردستان خاوەنی میراتێکی دەوڵەمەندی هونەرییە، ئەمەش جێگای شانازیمانە و دەبێت پەرەی زیاتری پێبدەین. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رابردوودا پشتیوانتان بووە و دڵنیابن لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین و خزمەتتان دەکەین.

 

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان