جۆکۆڤیچ ئەفسانەی ئامار و ریکۆردەکان

10:56 - 2023-02-27
وەرزش
367 جار خوێندراوەتەوە

کۆتایی مانگی رابردوو یەکەم گراند سلامی ئەمساڵ لە ئوستورالیا کۆتاییهات و لە کوڕاندا نۆڤاک جۆکۆڤیچ و لە کچاندا ئارینا سابالینکا نازناوی پاڵەوانیان بردەوەو جام و خەڵاتی یەکەمییان بەدەستهێنا.
ئەم ئەنجامە بۆ سابالینکا گەورەترین دەستکەوت و سەروەری بوو بەوەی کە یەکەم جامی گراند سلام بوو لە ژیانی وەرزشی ئیحتیرافی خۆیدا بەرزی بکاتەوە، بەڵام بۆ جۆکۆڤیچ چەندین ئامار و سەرژمێری گرنگی بۆ خۆی تۆمار کرد و هیچی وای نەماوە ببێتە تاکە یاریزانێک کە هیچ یاریزانێکی پێشخۆی شان بدات لە شانی، ئەمانەی خوارەوەش ئەو ئامار و ریکۆردانەیە کە جۆکۆڤیچ بەبردنەوەی جامی گراند سلامی ئوستورالیا تۆماریکردن؛
*ئەمە دەیەمین جامی پاڵەوان بوو لە گراند سلامی ئوستورالیادا بەرزی دەکاتەوە و بەوەش بوو بە یەکەم یاریزان، پاش ئەم رۆجێر فێدرەر دێت بە 6 جام و ئەندرێ ئاگاسی سێیەمە بە 4 جام.
*ئەمە 93 یەمین نازناوە لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بەدەستی دەهێنێت، لەم رووەشەوە بووە بە یاریزانی چوارەم لە جیهاندا کە زۆرترین نازناوی خول و پاڵەوانێتییەکانی بەدەستهێناوە پاش جیمی کۆنەرز (109نازناو) و رۆجێ فێدرەر (103نازناو) و ئیڤان لندل (94نازناو)  و نادالیش پێنجەمە بە(92نازناو).
*ئەو 93 نازناوەی کە بەدەستیهێناون 22 یان جامی گراند سلامەکان و 38 یشیان ماستەرزەکان بوون و 6 یشیان ماستەرزە کۆتاییەکانی ساڵ بوون و ئەوانی تریشیان خول و پاڵەوانێتییە جۆراوجۆرەکانی تر بوون. 
*ریکۆردێكی نادالیشی تۆمار کردووە و ئێستا لەگەڵ نادال خاوەنی زۆرترین جامی گراند سلامن کە 22 جامی گراند سلامە، پاش ئەمان فێدرەر دێت بە 20 جام و پیت سامبراس 14 جام و بیۆرن بۆرگ بە 11 جام.
*ژمارەی بردنەوەی یارییەکانی لە گراند سلامی ئوستورالیادا گەیاندە 89 بردنەوە، ئەم ئامارەش هەمان ئاماری رۆجێ فێدرەرە و تەنیا ئەم دوو یاریزانە خاوەنی ئەو ژمارە بردنەوەیەن لەم گراند سلامەدا.
*جۆکۆڤیچ بووە بە سێیەم یاریزانی بەتەمەن (35ساڵ) کە بتوانێت جامی گراندسلامی ئوستورالیا بباتەوە پاش کین رۆزوێڵ (1971) و (1972) هەروەها فێدرەر ساڵی(2018) .

 

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان