یادەوەریی وەرزشی

11:08 - 2023-02-27
وەرزش
307 جار خوێندراوەتەوە
# تەنیا حەسەن تەنیا

خەسرەو گورون
68

لە ژمارەكانی پێشوودا باسی یەكەم تا چوارەم یاریی خۆمان لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراقدا كرد كە بەرامبەر تیپی یانەكانی دهۆك و موسڵ و سەڵاحەدین و هەولێربوو، هەر چوار یارییەكەمان دۆڕاندبوو، بارو دۆخی تیپەكەمان خراپ بوو، كاتێك راهێنانمان دەكرد یاریزانی زۆركەم دەهاتن بۆ راهێنانەكان، ئەوانەی بەبەردەوامی دەهاتن بۆ راهێنان بریتی بوون لە خەسرەو گورون، فەرەیدون ساڵح-نێرە، رەفیق عەلی گۆڵچی، هیوا محەمەدی گۆڵچی، ئامانجی سەید برایم) تەنانەت كاتێك چووین بۆ یاریی هەولێر 7 یاریزان بوین، ئەوانی تر رۆژی یارییەكە هاتن، بەوەشدا دەرەكەوێت كە حاڵی تیپەكەمان چەند خراپ بوو، هۆكارەكەشی كەمتەرخەمی راهێنەران و ئیدارییەكانی تیپەكەبوو.
دوای یاریی هەولێر كە لەژمارەی پێشوودا ئاماژەم بۆكرد، بەهۆی بەفر بارین و سەرماوە یارییمان نەكرد، بەڵام رۆژی 7/1/1989 یارییەكی دۆستانەمان كرد لەگەڵ یانەی برایەتی، یارییەكەشمان لە یاریگای هەولێر كرد، رۆژی یارییەكەش ئێمە چووین بۆ هەولێر.
وەك جاران هەردوو راهێنەر حەمە بچكۆل و ئازاد وەهاب راهێنەری ئێمەبوون، تیپی برایەتی یارییەكەی 3-0 لێبردینەوە، ئێمە درێسەكانمان رەنگی سوور و ئەوانیش بەدرێسی زەردەوە یارییان كرد.
هەردوو راهێنەر بەپلانی 4-4-2 ئەم یارییەیان دەستپێکرد، پێکهاتەی سەرەکیش بەمشێوەیە بوو؛
*گۆڵچی-رەفیق عەلی.
*بەرگریی-خەسرەو گورون-کاپتنی تیپ، هادی کەریم، نەوزاد مستەفا، فەرەیدون کەمال.
*ناوەند: ئاسۆ قەلە، ئاراسە سوور، ئامانجی سەید برایم، خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج.
*هێرشبەر:فەلاح عەلی، بەختیار رەشید.
لە یارییەکەشدا هەردوو راهێنەر سێ گۆڕانکارییان کرد؛
*بەکر مستەفا بۆ شوێنی بەختیار.
*تەنیا حەسەن بۆ شوێنی ئاراسە سوور.
تەنیا رزگار عەلی گۆڵچیشمان یاریزانی یەدەگ بوو.
تیپی یانەی برایەتیش لە دەقیقەكانی 1 و 4  و 6 دا گۆڵەكانی خۆیان كرد، پاش ئەم یارییە دۆستانەیە، رۆژی 9/2/1989 پێنجەم یاریی خۆمان لە خولی پلە دووی یانەكانی عیراقدا لەگەڵ یانەی دهۆك كرد، لە ژمارەی داهاتوودا باسێكی ئەم یارییە دەكەم.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان