رەوەز ئیسماعیل
ئاسۆ رۆستەم ئەستێرە دیار و ناودارەكەی تۆپی پێی كوردستان، لە یەكەم و دووەم یاریی خۆیدا لەگەڵ یانە نوێیەكەی سەلماندییەوە كە یاریزانێكی لێهاتوو بەتوانایەو لە هەر شوێنێك یاریی بكات دەتوانێت ئاستێكی باش و نموو نەیی بنوێنێت و بیسەلمێنێت كە بە رێكەوت ناوی نەچۆتە ناو ناوانەوە.
ئەم گەنجەی شارەزوور كە لەیانەی نەورۆزەوە ئەستێرەی بەختی درەوشایەوە، لەگەڵ هەڵبژاردەی عیراقیش جێگایەكی شیاوی بۆخۆی گرت و پاش یانەی نەورۆزیش چووە یانەی سالمییەی كوێت.
ئەگەرچی ئەم ئەزموونی چوونە دەرەوەیەی ئاسۆ بۆ ئەو وڵاتەی كەنداو باش بۆی نەشكایەوە، بەڵام دەرگایەكی گەورەی بۆ واڵا كرد تا یانە بەهێز و ناودارەكانی عیراق بە تایبەتی یانەكانی بەغدا چاویان لە هێنانی ئەم یاریزانە بێت بۆ ریزەكانی خۆیان.
ئەوەتا یانەی شورتەی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی یانەكانی عیراق ئەو هەلەی قۆستەوە كە یانەی سالمییە و ئاسۆ ناتوانن پێكەوە هەڵبكەن، هەر زوو یانەی شورتە ئاسۆی بردە ریزەكانی، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 23/2 دووەم یاریی بۆ یانەی شورتە كرد، لەم یارییەدا هاتریكی بۆ یانە نوێیەكەی كردو بەو هاتریكەی ئاسۆ شورتە لە نەوتی میسانی بردەوە.
پێشتریش رۆژی 18/2 یەكەم یاریی لەگەڵ یانە سەوز پۆشەكەی شاری بەغدا بەرامبەر یانەی كارەبا كردو گۆڵی دووەمی بۆ یانەكەی كردو شورتەش ئەم یارییەی 3-1 بردەوە.
ئێستا پاش 18 هەفتە لەیاریی خولی نایابی یانەكانی عیراق، قووەجەوی و شورتە یەكەم و دووەمی ئەم خولەن و هەردووكیان خاوەنی 38 خاڵن، بەڵام بە جیاوازی خاڵ و لەبەر ئەوەی قووە جەویش لە قۆناغی یەكەمی یارییەكاندا لە شورتەی بردبۆوە، ئێستا جەویە یەكەم و شورتەی ئاسۆ رۆستەم دووەمە.