دۆسێ

لە چوونە ناو دووەم ساڵی جەنگی روسیا و ئۆکرانیادا

11:30 - 2023-03-01
دووتوێ
338 جار خوێندراوەتەوە

سەرەتای ئەم هەفتەیە، جیهان پێینایە ساڵی دووەمی دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە، جەنگێک کە روسەکان وەک جەنگی درێژخایەن بەرنامە و پلانیان بۆ دانەڕشتبوو، بەڵکو وەک پڕۆسەیەکی سەربازیی تایبەت ناویان لێنابوو، هەرچی ئۆکرانیاشە ئەگەر چاوەڕێی جەنگێکی لەو جۆرەش بووبێت، پشتبەستوو بە دۆستایەتی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا و ناتۆ ئامادەکارییەکی ئەوتۆی بۆ نەکردبوو.
دۆسێی ئەمجارە گێڕانەوەی حیکایەتی مێژووی یەک ساڵەی جەنگەکە و ژمارەی قوربانییەکانی نییە، بەڵکو لەلایەک قسەکردنە لەسەر هۆکارە مێژوویی و سیاسی و ئابوورییەکانی پشت هەڵگیرساندنی جەنگەکە و لەلایەکی دیکەشەوە شرۆڤەکردنی ئەگەر و پێشهاتەکانی دووەم ساڵ و ئەو جەمسەرگیرییە نوێیانەیە کە لەئەنجامی درێژە کێشانی ئەو جەنگەوە لە ئەوروپا بەتایبەتی و جیهان بە گشتی دێنەکایەوە.
دۆسێکە دوو وتار لە خۆ دەگرێت کە یەکەمیان وتارێکی نووسەر و شرۆڤەکار هەڤاڵ رەئوف یەحیا-یە کە وتارێکی شیکارییە و هۆکارەکانی هەڵگیرسانی جەنگەکە و بیرهێنانەوەی ئەو بەڵێن و گفتانەیە کە لەلایەن  زلهێزەکانی خۆرئاواوە بە گۆرباچۆف درا لەبەرامبەر هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران و هەروەها ئەو فێڵ و تەڵەکەبازییەی لە گفتوگۆکانی مینیسک-دا بەرامبەر ڤلادیمێر پوتین -ی سەرۆکی روسیا کراوە تا ماوەیەکی زیاتر بدەنە ئۆکرانیا بۆ خۆسازدان و مەشقکردن.
وتاری دووەمیش وتارێکی جەمال ئارێز-ە کە تێیدا شرۆڤەی ئەگەرەکانی ئەمساڵی جەنگەکە و درێژەکێشانی و دەرکەوتنی جەمسەرە جیاجیاکانی هێز لە جیهاندا کراوە بەتایبەتی کە زۆربەی وڵاتانی نەیار بە سیاسەتی نەزمی نوێی جیهانی دوای هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت و سەردارێتی ئەمریکا، لەمێژە بەشوێن ئەڵتەرناتیڤی ئەو دۆخەوەن تا چیتر هەژموونی ئابووریی و سیاسەت و هێزی سەربازی بە تەنها لەدەستی واشنتۆندا نەمێنێتەوە.

دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان