سەرۆک بافڵ بەشداری کۆبوونەوەیەکی گرنگی کرد لەگەڵ سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا

11:34 - 2023-03-01
عیراق
190 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر بانگهێشتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق بەشداریکرد لە کۆبوونەوەیەکی گرنگی کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لە دیدارەکەدا کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، گفتوگۆی بونیادنەرانە بە ئاڕاستەی گەشەسەندنی عیراق و هەرێمی کوردستان کرا و جەخت لە سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان کرایەوە لەپێناوی پاراستنی مافەکانی هەموو گەلانی عیراق و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر لە وڵاتدا.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی سەرۆک وەزیرانی کرد بۆ بانگهێشتنامەکەی و رێکخستنی دیدارەکە، هەروەها پێزانینی بۆ رۆڵی ئەرێنیی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز دەربڕی لە بەرامبەر هەماهەنگی و هاریکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق و هەرێمی کوردستان. هیواشی خواست درێژە بە هەوڵ و هەنگاوەکانیان بدەن لەپێناوی بەرەوپێشچوونی وڵاتدا.
لە درێژەی وتەکەیدا سەرۆک بافڵ بەردەوامی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی دووپاتکردەوە لەپێناوی خزمەتکردنی هاووڵاتیان و سەقامگیری لە وڵاتدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان