تێڕوانینێك بۆ (داستانی دەشتێو)

12:02 - 2023-03-07
دووتوێ
409 جار خوێندراوەتەوە


عەدنان موفتی*

له‌(45) ساڵیادی‌ شه‌هیدبوونی‌ سه‌ركرده‌ی‌ فه‌رمانده‌ سه‌عدی گچكه‌، كه‌ له‌ نه‌به‌ردییه‌كی گه‌وره‌دا، له‌ (8/3/1978) له‌ناوچه‌ی‌ ده‌شتێوی‌ پشده‌ر، له‌گه‌ڵ 11 پێشمه‌رگه‌ی‌ قاره‌مانی‌ تر له ‌شه‌ڕێكی‌ نابه‌رابه‌ردا دژبه‌ سوپایه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ رژێم شه‌هیدبوون، ئه‌وه‌ سه‌رباری‌ ئه‌و 12 شه‌هیده‌، چوار پێشمه‌رگه‌ی‌ قاره‌مانی‌ تریش به‌ دیلگیران ‌و دواتر له‌ موسڵ له‌لایه‌ن ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانه‌وه‌ له‌سێداره‌ دران.
راستە لەسەر داستانی دەشتێو زۆر نووسراوە و زۆریش باسكراوە، جێگای شانازیی كەسوكار و هەڤاڵانی شەهیدەكانە، من خۆم لەزاری چەند سەركردەو پێشمەرگەیەك كە لە داستانەكەدا بەشداربوون وەك: خاڵە سەید كاكە و كاك بەكر حەمە كە لەو شەڕەدا لەگەڵ سێ پێشمەرگەی تریش برینداربوو، بیستوومە كە چۆن زۆر لەنزیكەوە لەگەڵ سوپای عیراق رووبەڕووی یەكتر بوونەتەوە، ئەم جۆرە روبەڕوبوونەوەیە نەك هەر لای میللەتەكەمان جێگای فەخر و شانازییە، بەڵکو دوژمنیش بەچاوی رێز و سەرسووڕمانەوە لە خۆڕاگری و قارەمانێتی شەهید سەعدی و هەڤاڵەكانیان دەڕوانی. بەشێوەیەك فەرماندەكانی سوپای عیراق بە سەرسووڕمانەوە باسیان كردووە و لەسەریان نووسیوە، ئاماژەیان بە ئازایەتی ئەو پێشمەرگانە كردووە بۆ نموونە: ئیسماعیل تایە ئەلنعێمی یەكێك لە فەرماندەكانی سوپای عیراق كە ئەوسا سەرپەرشتیی شەڕەكەی كردووە، لە كتێبەكەیدا (ئەزموون لە سەركردایەتیدا)  باسی كردووە و راستییەكەشی خستۆتەڕوو كە ئەو شەڕە چەند قورس بووە، بۆ سوپای عیراق، تیایدا دەیان كوژراو و برینداریان هەبووە.
یەكێكی تر لە ئەفسەرانی سوپای عیراق كە لەو شەڕەدا بەشداربوو ناوی (لیوا سەباح) بوو ئامر لیوا بوو لە ناوچەی قەڵادزێ لە مانگی تشرینی یەكەمی 1979 دا لە كاتی گفتوگۆی حزبی سۆسیالیست لەگەڵ حكومەتی بەغدا ئەو لەو هەلیكۆپتەرەدا یاوەرمان بوو كە ئێمەی لە قەڵادزێ-وە بۆ كەركوك دەگواستەوە، باسی شەڕی دەشتێوی كرد و ناڕەحەتی و نەفرەتی خۆی نیشاندا لە شەڕی كوردستان، زۆریش ئاماژەی بە ئازایەتی پیشمەرگەكان دەكرد، دەیوت: شەڕێكی نابەرابەر بوو، ئێمە هەرچوار دەوریانمان گرتبوو، بەڵام خۆیان بەدەستەوە نەدەدا، شەڕی زۆر ئازایانەیان دەكرد، دوای شەڕەكەش چەندین جار لەناو خۆماندا باسمان كردووە و وتوومانە دەبێ‌ پەندی لێ وەربگرین.
شەهید سەعدی گچكە هەر لە سەرەتای دروستبوونی بزووتنەوەی سۆشیالستی كوردستان لە پەیوەندییدابوو لەگەڵ سەركردە و دەستەی دامەزرێنەران، بەتایبەتی شەهیدان:  ساڵح یوسفی، عەلی عەسكەری، د. خالید، رەسوڵ مامەند، عومەر دەبابە، عەلی هەژار، كاردۆ گەڵاڵی، تایەری عەلی والی و مەلا ناسیح. یەكێكیش بوو لەوانەی مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕشی نوێیان لە سنووری دەشتی هەولێر و خۆشناوەتی دروستكرد. 
لەبەر لێهاتوویی سیاسی و پێشمەرگایەتی، هەر زوو بوو بە ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی سۆشیالیستی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
هەر لە باسی شەهید سەعدیدا  ملازم ئەوەل جەمال ئەحمەد بەننا  كە لەگەڵ  یاسین قادردا لە نەبەردییەكی تردا لە 19 ی تشرینی یەكەمی 1977 دا لە ناوچەی سماقوڵی شەهیدبوون، لە نامەیەكدا كە لە 13/1/1977دا بۆ منی نووسیوە، بەورە و باوەڕێكی زۆرەوە باسی چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە دەكات لەو ناوچەیە و شانازی بەوەشەوە دەكرد كە بۆتە جێگری شەهید سەعدی.  ئەو ساڵانەی كە گەلەكەمان لە قۆناغێكی سەخت و دژواردا بوو بەرامبەر بە هێرشەكانی داگیركەران، شەهید سەعدی و هەموو شەهیدانی تری گەلەكەمان، ژیانی خۆیان تەرخانكردبوو بۆ خەباتی رزگاریی نیشتمانی و لەو پێناوەشدا گیانی خۆیان فیداكرد.  ئەوانەشی كە لە زیندانەكانی رژێمی بەعس بوون یان ئیعدام كران، یان لەژێر ئەشكەنجەدا شەهیدبوون. هەروەها ئەو تێكۆشەرانەی تری گەلەكەمان كە شەهیدنەبوون، خۆڕاگربوون، وازیان لە هەموو خۆشییەكانی ژیان هێنابوو، خۆیان بۆ بەدیهاتنی ئامانجە پیرۆزەكانی گەلەكەمان و سەرخستنی شۆڕش تەرخانكردبوو، بێ دابڕان، لەو رێبازە تا سەركەوتنی راپەڕین نەگۆڕان، بەرامبەر دیاردەی شاڵاوی گەندەڵیش كە دوای رووخانی رژێمی سەدام لە 2003 سەری هەڵدا، دیسان خۆڕاگربوون و متمانەی جەماوەریان لەدەست نەدا، ئەوانەن بە درەوشاوەیی ناویان لە لاپەڕەكانی مێژووی خەباتی كورد و كوردستاندا دەنووسرێتەوە. دیارە كە زۆرێك هەن لەو شەهیدانە وەك سەربازی ون بەشداربوون لە دروستكردن و نووسینەوەی ئەم مێژووە پڕ لە سەروەرییە، هیچ كەمتریش نین لەوانەی كە ناویان تۆماركراوە. هەروەها پێویستە گیانی دەیان هەزار شەهید و قوربانیانی كیمیاباران و ئەنفالكراوەكان كە ویژدانی مرۆڤایەتیان هەژاند، لەبەرچاو بگیرێت، كە بەهۆی خەباتی گەلەكەمان و شۆڕشەكەی بوونەتە قوربانی و شەهیدبوون، پێویستە خزمەتی زیاتری کەسوکاریان بكرێت و برینەكانیان سارێژ بكرێت. 
حەقە داستانی (دەشتێو) و هاوشێوەكانی بنووسرێنەوە، بخوێندرێنەوە، بۆئەوەی نەوەكانی ئێستا و ئایندەمان دەرس و پەندی لێ وەربگرن و ئاشنای ئەو جۆرە قارەمان و كەڵە پیاو و پێشمەرگە ئازایانە بن، دەبێ ئەوانیش لەم خەباتەدا بەردەوام بن، لێپرسراوێتی بەرگریكردن لە كوردستان و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان بگرنە ئەستۆی خۆیان.  نابێت لەبەر ناكۆكیی سیاسی و ناعەدالەتی كە بەداخەوە ئێستا بە ئاستێكی بەرفراون بەرچاو دەكەوێت، ئەم مێژووە پڕ سەروەرییەی شەهیدان و گەلەكەمان لەبیر بكرێت.  یان رەخنەی نابەجێی لێ بگیرێت.
خەباتی ئێستای كۆمەڵانی خەڵکی كوردستان درێژەپێدەری خەباتی شاخ و شۆڕشە، سیماكەشی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی و ناعەدالەتییە. هەروەها پاراستنی یەكڕیزیی گەلەكەمانە، تا گەیشتن بە تەواوی مافی چارەی خۆنووسین، دامەزراندنی كۆمەڵگەی مەدەنی و جێگیركردنی سەروەریی یاسا، گیانی ئەو شەهیدانەش ئاسوودە دەبێت و كەسوكارەكانیشیان دڵخۆش و سەرفراز دەبن.
هەزاران سڵاو لەگیانی پاكی شەهید سەعدی و هەڤاڵەكانی و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادیی و رزگاریی كوردستان.

*ئەندامی ئەنجومەنی باڵای 
سیاسی و بەرژەوەندیی ی.ن.ک


بابەتە پەیوەندیدارەکان