سەرۆك كۆمار: چارەسەركردنی كێشەی هێڵەكانی گواستنەوە

09:22 - 2023-03-08
عیراق
293 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا پێشوازی لە رەزاق موحەیبیس وەزیری گواستنەوە و كەریم كازم بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی عیراق، كرد.
لە دیدارێكدا باس لە هەوڵەكان كرا بۆ پەرەپێدانی كەرتە جیاوازەكانی گواستنەوە و سوودوەرگرتن لە پێگەی جوگرافیی عیراق، لەو بارەیەوە سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە پەسەندكردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ دابینكردنی باشترین خزمەتگوزاریی بەتایبەتی لە گواستنەوەی ئاسمانیدا، ئەوەش بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونە نێودەوڵەتییەكان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەكان لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتوو.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، هەوڵەكانی هەڵگرتنی قەدەغەی ئەوروپا لەسەر هێڵی ئاسمانیی عیراق و رێگەپێدان بە فڕینی هێڵی ئاسمانیی عیراق لە ئاسمانی ئەوروپادا، گفتوگۆی لەبارەوە كرا و سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە »پێویستیی گرتنەبەری رێوشوێنی خێرا بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە و گەڕانەوەی پێگەی نێودەوڵەتیی هێڵی ئاسمانیی عیراق».
لای خۆیەوە، رەزاق موحەیبیس، روونكردنەوە و پلانی وەزارەتەكەی خستەڕوو و رایگەیاند: پلانمان هەیە بۆ پەرەپێدانی كەرتی گواستنەوە و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكان كە پێشكەش بە گەشتیاران دەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان