عومه‌ر سه‌ید
1
هاوشێوه‌كانم
یه‌كه‌م نزیكترین هاوشێوه‌ی هه‌رزه‌كاریم بیابان بردی. له چل هاوشێوه‌كه‌م، سی و نۆیان ئه‌نفالن، ئه‌و تاقانه‌یه‌ی ماوه‌ته‌وه، من ده‌نووسێته‌وه، یا من ئه‌و ده‌نووسمه‌وه.
2
به‌ری تاڵ
گوڕه‌ی فڕۆكه جه‌نگییه‌كان دێت. جووتیاره‌كه به‌ده‌م جگه‌ره‌كێشانه‌وه، له قرچه‌قرچی سووتانی كێڵگه‌كه‌ی ده‌ڕوانی. رۆژنامه‌نووسه‌كه وازی لێ نه‌ده‌هێنا و ده‌یویست قسه‌ی لێ ده‌ربهێنێ. تا دواجار جووتیاره‌كه وتی:
-ئه‌و چیا هه‌زار به‌هه‌زاره ده‌بینی؟ ئه‌وه وه‌ك دره‌خت، به‌رده‌وام به‌رده‌گرێت. به‌رێكی تاڵ، پێی ده‌ڵێن شۆڕش.
3
گوڵ
له چوارڕیانه‌كه‌دا گوڵی ده‌فرۆشت. كچێكی گه‌نج و جوان هات وتی:
-گوڵێكی سوورم ده‌وێ، ده‌چم بۆ جێ‌ژوان، با بۆنی عه‌شق بدات.
سه‌یاره‌یه‌كی رازاوه هات، ده‌ستی ناسكی بووك هاته ده‌ره‌وه وتی:
-گوڵێك وه‌ك خۆم سپی، بۆ ماڵه نوێكه‌م، پڕ بۆنی ژیان بۆ مێرده‌كه‌م.
ژنێكی تووڕه و سیما هه‌ڵبزڕكاو هات و به‌تووڕه‌ییه‌وه وتی:
-ده‌چم بۆ دادگا، گوڵی ره‌شت هه‌یه بۆنی گووی لێ بێت!؟
4
ئومێد
هه‌موو شه‌وێك له خه‌ونیدا ده‌بووه په‌پووله، به دووباڵی نه‌خشینه‌وه، پڕ ره‌نگ. له‌گه‌ڵ هه‌زاران په‌پووله‌ی تردا، له بۆشاییه‌كی سپی سپی‌دا، ده‌فڕی.
هه‌موو سپێده‌یه‌كیش، پریاسكه‌كه‌ی ده‌پێچایه‌وه بۆ سه‌فه‌ر. به‌ڵام ده‌رگای كڵۆم دراوی بۆ نه‌ده‌كرایه‌وه! خزموخوێش، ئه‌ویان زیندانی كردبوو. نه‌نه عاسم، دوای هه‌ژده ساڵ له روخانی به‌عس، هێشتا پێیوایه كچ و كوڕه ئه‌نفال كراوه‌كانی ماون و له شوێنێكی بیاباندا زیندانین.
5
كتێبی هه‌زار و یه‌ك شه‌و
لای عه‌ره‌به‌كان و هه‌موو دنیا، بریتییه له هه‌زار و یه‌ك شه‌و. كه‌چی كاتێ وه‌ریده‌گێڕیته سه‌ر زمانی كوردی، ده‌بێته هه‌زار و دوو شه‌و. وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌وێك هه‌بێ ته‌نها و ته‌نها تایبه‌ت بێت به كورد! چیرۆكی ئه‌و شه‌وه‌ی بیابان به ڤایرۆسی به‌عس، تووشی ئاوڵه ده‌بێت. ئه‌و شه‌وه‌ی جه‌سته و سیمای پڕ ده‌بێت له په‌ڵه‌ی سوور و چاڵی گۆڕی به كۆمه‌ڵ!.
6
چوارده‌ی چوار
سه‌ر مۆنۆمێنته‌كه جمه‌ی دێت له خه‌ڵك. ده‌ڵێی شاره مێرووله‌یه، ده‌رزی هه‌ڵده‌یت ناكه‌وێته زه‌وی! ده‌یان به‌رپرس و پاسه‌وانه‌كانیان، ده‌یان شاعیر و عه‌ریف حه‌فله، ده‌یان پیاوانی كوردایه‌تی دروشمباز...
له سووچێكدا، پیره‌ژنێك سه‌ری ناوه به‌محاجه‌ره‌ی گۆڕستانه‌كه‌وه و فرمێسكی درشت ده‌ڕێژێ. له‌ژێر لێوه‌وه و به‌قوڕگی پڕ گریانه‌وه ده‌ڵێت"كوڕه تاقانه‌كه‌م، تۆ له بیاباندا زینده‌به‌چاڵ كرایت، منیش له‌م بیابانه چۆڵه‌دا رۆژه‌كانم به رێده‌كه‌م...
7
پاڵتۆی سوور
پاش تێپه‌ڕبوونی سی و سێ ساڵ. ده‌نكه زیخێكی ورد، هه‌ر هێنده‌ی زه‌نگیانه‌یه‌ك. له لۆچی رزیوی گیرفانی منداڵێكی زیندبه‌چاڵ كراوه‌وه، خلۆر بووه‌وه نێو هه‌زاران ده‌نكه لمی بیابانه‌كه‌وه. ده‌نكه لمێكی پاڵتۆ سوور پێی وت:
- بۆ پاڵتۆ سووره‌كه‌ی به‌رت هێنده شڕ و كۆنه!؟
ده‌نكه زیخ وتی:
- ئه‌م پاڵتۆیه، له خوێنی قه‌تماغه به‌ستووی ئه‌م منداڵه به ئێسك بووه‌یه. من خه‌ڵكی بناری چیایه‌كی دوورم، ماڵم له ژێر ئاوی روونی كانییه‌كدا بوو.
ده‌نكه لمێكیتر، به غرووره‌وه وتی:
- ئێمه خه‌ڵكی ئه‌م بیابانه‌ین، به‌رده‌وام له خوێنی نوێ به‌رگی نوێمان بۆ ده‌دوورن. بۆیه پاڵتۆی سووری به‌رمان هه‌میشه نوێی و به ره‌ونه‌قه.
8
كۆتره‌كانی لاهای
به ته‌وژمی ئه‌و فیشه‌كه‌ی به‌ر سه‌ری كه‌وت، به‌لادا كه‌وته سه‌ر سنگی نه‌رمی دایكی. ئه‌و دوو هێلكه كۆتره‌ی له‌نێو گیرفانیدا بوو، نه‌شكان! پاش بیست و یه‌ك رۆژ له نێو گه‌رمی لمدا، هێلكه ترووكا و دوو زه‌رنه‌قووته خوڵقان. به‌مشته گه‌نم و هه‌وای په‌نگخواردووی نێو گیرفانی منداڵه‌كه، ده‌ژیان و رۆژ دوای رۆژ گه‌وره ده‌بوون. تا ئه‌وه‌ی شاباڵی درێژ و تیژیان، چوون خه‌نجه‌ری ده‌بان دڕی به لمی نه‌رمدا و له گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌وه هاتنه ده‌ره‌وه. به‌رز به‌رز فڕین، به‌سه‌ر بیابان و ئۆقیانووسدا، به‌سه‌ر شاراندا فڕین...
ساڵانێكی زۆره، به‌رده‌وام ره‌وه كۆترێكی حاقوی مل نه‌خشین و په‌ڕ له پێ، به‌ده‌نووكی سووریا‌ن، له‌په‌نجه‌ره‌ی باڵه‌خانه‌ی دادگای ئاشتی لاهای ده‌ده‌ن. ده‌گمێنن و داوای دادپه‌روه‌ری، به جینۆساید ناساندنی ئه‌نفال ده‌كه‌ن.