بۆچوون و پێشنیازەکان بۆ سەرخستنی دیدارەکە

01:14 - 2022-04-18
ڕاپۆرت
409 جار خوێندراوەتەوە

دیداری یەکێتی و کۆنفرانسە ئامادەکارییەکانی و کار و چالاکی لیژنەکانی بۆتە مایەی بووژانەوەی کاروباری حزبی و پەرۆشیی خەڵک و بۆ هێنانەدیی ئایندەیەکی باشتر و رێکخستنەوەی یەکێتی و ئامادەکردنی بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات و تێکۆشان، لەو بارەیەشەوە هەموان بۆچوون و پێشنیازەکانیان دەخەنەڕوو.

دیدار و وێستگەیەکی نوێ
مامۆستا کەمال محەمەد، لە بارەی دیدارەکەوە دەڵێ: دروستبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فۆرم و بەرگێکی تەواو خاکی و نیشتمانی، وێستگەیەکی نوێ بوو لە مێژووی خەباتی میللەتەکەماندا، هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان دیسان وێستگە و ئومێد و هیوایەکی تری نوێ بوو بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. 
لای هەمووان ئاشکرایە کە دروستکردنی بەرەی کوردستانی بیرۆکە و دەستپێشخەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، ئەمەش دەلالەتی ئەوەیە کە رێکخراوێکی چەند کاریگەر و دووربین بووە و هەمیشە بە دەستپێشخەری نوێ و بەرنامەی پلان بۆدانراو لە مەیدانەکەدا رۆڵی سەرەکی بینیوە، سەرەنجام راپەڕینی ئاداری 1991ی لێکەوتەوە و دواتر  یەکەم هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمەکەی بوو، هەر لەو پەرلەمانە هەڵبژێردراوەوە بڕیاری دیموکراسی بۆ عیراق و فیدراڵی بۆ کوردستان دەرکرا کە یەکێک بوو لە ئامانجەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان .
بۆیە گومانی تێدانیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  حزبێکى نوێخواز و نوێگەرەو بە درێژایی مێژووى دروستبوونى لە چەندین وێستگەى خەباتى سیاسى و چەکدارى خۆیدا چ لە شاخ و چ لە شار، گۆڕانکارى و ریفۆرمى بەرچاوو بوێرانەى کردووە لە سروشتى کارى رێکخراوەیی و بەرنامە و دروشمەکانى بۆ ئەوەى وەڵامدەرەوەى قۆناغ و سەردەمەکانى بێت، هەروەها بۆ ئەوەى لەگەڵ رەوتى گۆڕانکارییەکان هاوتەریب و هاوشان بێت و دانەبڕێت لە رەوڕەوەى گەشەسەندنى ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسى و فەرهەنگى و ئابوورى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان.
هەموو ئەمانە نیشانەى زیندوویەتى و مانەوەى یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و دەلالەتى ئەوەن کە چەقى بەرنامە و مەنهەجى کارکردنى (ی ن ک) هەڵاقوڵاوى ناو جەماوەر و خەڵکى کوردستانە و هەمیشە بەگوێرەى پێداویستى قۆناغەکانى خەباتى میللەتەکەمان سیاسەت و بەرنامەکانى خۆى داڕشتوە، بۆ ئەو مەبەستەش سەدان کۆڕ و سیمینار و دەیان کۆنفرانسى رێکخستووە .
ئەمڕۆ میللەتەکەمان بە قۆناغێکى هەستیار و ئاستەنگی سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى ..هتد تێدەپەڕێ، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە درککردنی پێداویستییەکانى ئەم سەردەمە و کەلێن و کەماسییەکانى ئەزموونى کارکردنى لەڕابردوودا لەهەردوو بوارى رێکخراوەیی و ئیداریدا خواستیەتى و دەیەوێت بەسازدانى دیدارى یەکێتى وەڵامگۆى هەموو ئەو پرس و پرسیارانە بێت کە داواکارى خەڵکى کوردستانە بەگشتى و لەهەمانکاتدا داواکاری هەوادار و ئەندام و کادیرانیەتى بەتایبەتى، بۆیە دیداری یەکێتى ئامانجیەتى بە بەشدارییەکى فراوانى هەموو دڵسۆزانى (ی ن ک) بە دونیابینییەکى نوێوە دیدگا و بەرنامەى کارکردنى خۆى سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە.



ئامانجى دیدار
هەر سەبارەت بە دیدارەکە حبیبە عەزیز بابان دەڵێ: دیداری یەکێتی، دیدارێک بۆ گەیشتن  بە ئامانج و نوێبوونەوەی سەرجەم ئۆرگانەکانی یەکێتی تا لەو رێگەیەوە بتوانێت جارێکی تر تەکان بداتەوە خۆی و ببێتەوە بە یەکێتییەکەی (مام)، کە خواست و خولیای هەموو ئەندام و لایەنگرانی یەکێتییە، چونکە ناکرێت ئەو بارودۆخەی ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێدا دەخولێتەوە هەربەم جۆرە بێت و سیستمی سیاسی هەیکەلی یەکێتی گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت، هیچ کاتێک بە بارتەقای ئێستا بارودۆخی ئەو حزبە هێندە خراپ نەبووە، هەموو ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی پڕ بوون لەو دۆخە نەخوازراوەی کە یەکێتی پێدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە دیداری یەکێتی دیداری جۆشدانەوەو بەخۆداچونەوەو هەستانەوەیەو بۆ ئێستا زۆر گۆنجاوە گۆڕانکاری نوێ بێتە کایەو مەیدانەکانی یەکێتی جارێکی تر جۆش و خرۆشی جارانی بۆ بگەڕێتەوە چونکە ئێستا هەموومان ناڕازین لە چۆنێتی بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان و سەرجەم ناوەندەکانی یەکێتی، پێویستە ئەوە بزانین کە یەکێتی بارودۆخی سەختی تێپەڕاندووە، بە درێژایی مێژووی پڕ سەروەری و خەبات و تێکۆشانی لە هەموو بارودۆخێکیشدا توانیویەتی چارەسەری حەکیمانە بدۆزێتەوە و خۆی لە قەیران و گێژاوەکان رزگار بکات، هیوادارم ئەمجارەش نەخشەرێگای گونجاو بدۆزێتەوە لە رێگای دیداری یەکێتی لەسەرجەم بوارەکانی سیستمی سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتی و سەرجەم بوارەکانی تر کە ئەمڕۆ هەموو ئەو بوارانە کەوتوونەتە تەنگژەی لاوازی و وایکردووە بێمتمانەیی دروست بێت و ببێتە هۆکاری پەرتەوازەیی و ئاڵۆزی کە نەتوانرێت بە ئاسانی ئەو زەمەنە تێپەڕێنێت.
وتیشی، دەخوازین لەو دیدارەدا پارسەنگ و گۆڕانکاری نوێ دروست بکات و بتوانێت متمانەی خەڵک بەدەست بێنێتەوە، چونکە لایەنگران و دڵسۆزانی یەکێتی توڕەو نیگەرانن لەو قەیران و نادادیانەی رۆژانە رووبەڕووی هەموو لایەک دەبێتە، چونکە یەکێتی لەپێناوی خۆشگوزەرانی خەڵک خەبات دەکات و دەیەوێت مافەکانیان پێشێل نەکرێت، یەکێتی بۆتە بەشێک لە ژیانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە تایبەت چینی فەرمانبەرو چینی هەژار بۆیە هەرچی زووە دەبێت یەکێتی بگەڕێیتەوە بۆ سیاسەتی جاران و سەردەمی هەڤاڵ مام جەلال تا بتوانێت ببێتەوە بە یەکێتییەکەی جاران و خەون و هیوای هەموو یەکێتییەکان بێتە دی.

بەر لە دیدار، چەند سەرنجێک
ئادەم ئاودەل، سەبارەت بە دیداری یەکێتی رایگەیاند، بڕیار وایە لە مانگی ئایاری داهاتودا، یەکێتی دیداری خۆی ساز بدات، ئامانج لەو دیدارە رەنگڕیژکردنەوەو خۆ نوێکردنەوەی سیاسەت و ستراتیژی حیزبە، لەمەڕ پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمیی و نێودەوڵەتی، ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم کۆمەڵێ ئاستەنگی گەورەدایە، لە ئاستەنگانەش، ئێستا گەلەکۆمەکێیەکی گەورە لە دژی یەکێتی لە ئارادایە، دەسەڵاتی هەولێر بەهەموو شێوەیەک لە سزادان و گەمارۆدانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بەردەوامە، وێرای ئەوەی هەولێر هیچ گوژمەیەک بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی نانێرێ، هاوکات مووچەی فەرمانبەرانی ئەو سنوورەش سەرو چل رۆژ جارێک دەدات و خانەنشینان لە نۆرەدا گیان دەسپێرن، لەلایەکی تریشەوە لەسەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی عیراقدا، پارتی و هاوئاوازەکانی و هێڵی تورکیا و ئیمارات، بەهەموو هێزێکیانەوە دەیانەوێ لە یەکێتی بدەن و بیخەنە دەرەوەی گۆڕەپانەکە، بێئاگا لەوەی کە یەکێتی زۆر لەوە کاریگەرترو بەهێزترە، کە هێلی ئیماراتی و تورکی پەکی بخات، لە هەموویشی گرینگتر ئیستا لەبەردەم هەڵبژاردنی کوردستانداین، لەمەڕ ئەم پرسەش پارتی دەیەوێ دیسانەوە بە گزی و فێڵ و فرت زۆرینەیەکی شکڵی بۆخۆی بەردەستەکاتەوە و رێگرە لە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن. بەڵام یەکێتی زۆر بە توندی پێداگیرە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پاکردنەوەی تۆماری دەنگدان.
ئێستا یەکێتی لەبەردەم ئەو هەموو ئاستەنگە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیانەدایە، هەر بۆیە بۆ رووبەڕووبونەوەو بەرەنگاربوونەوەی بەهێزترو کاریگەرتر، یەکێتی دیداری خۆی ساز دەکات، دیدارێک لەپێناو یەکخستنەوەی گوتاری یەکێتی و بەرنامەڕێژی بۆ ئایندەو ستراتیژی نوێی حیزبایەتی، هەروەها بۆ رێگریکردن لەو هەموو نادادییەی دەرحەق بە سلێمانی و ناوچەی دەسەڵاتی یەکێتی دەکرێ و لە پێناو شەراکەتی راستەقینە و راستکردنەوەی پارسەنگی هێز و کۆتایی هێنان بەو زۆرینە درۆینەیەی دەسەڵاتی هەولێر پیادەی دەکات.

بەھێزبوونی پێگەی کورد
ئیبراھیم عەبدوڵڵا، لە بارەی دیداری یەکێتییەوە دەڵێ: کادیرانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و هاووڵاتییان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە چاوەڕوانی دیداری حزبەکەیاندان و بۆ ئەم مەبەستەش هەمووان دەخوازن یەکێتی لە دیداری ئەمجارەدا سەرکەوتوانە داهاتوو ستراتیژی حزبی شەهیدان دیاری بکات و قۆناغێکی نوێ لە کاری رێخراوەییدا دەست پێبکات.
ئاماژەشی کرد، پڕۆژەی دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێویستە بەمەبەستی پتەوکردنی پرەنسیپی بەردەوامیی، نوێبوونەوە، بەها نیشتمانییەکانمان و ئایندەمان و وێناکردنی تێڕوانینێکی سیاسی و نیشتمانیی روون و رەوان بۆ ئایندە دەبێت. یەكێتی هەمیشە قسەی لەسەر دۆخ و گوزەرانی خەڵك هەبووە و ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە ئاست خواست و چاوەڕوانی و خەبات و مێژووی یەكێتیدا نییە، یەكێتی لێپرسراوانە داوای لێبوردن لە كۆمەنی خەڵكی كوردستان دەكات لە پای ئەو كەموكوڕییانەی بەر یەكێتی كەوتووە،  یەكێتی ئەو هێزەیە كە دەتوانێت چارەسەری قەیرانەكان بكات و بۆ ئەو مەبەستەش یەكێتی دیدار ئەنجامدادت.
وتشی، ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر دیداری یەکێتین و هەمووانیش لەبەردەم ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گرنگ و مێژووییدان، تاوەکو بە یەکخستنی هەنگاوەکانیان یەکێتی نوێ بکەنەوە و گۆڕانکاری گەورە بکەنە مژدانە بۆ خەڵی کوردستان و داهاتوو بنەخشێنن. لەم دیدارەدا یەكێتی خۆی بۆ كاری داهاتوو لە هەموو بوارەكاندا ئامادە دەكات و پلان و ستراتیژی خۆی دادەڕێژێت، بۆیە کادران و هاووڵاتییان ئومێدێكی زۆریان هەیە، یەکێتی کە حزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە و پێویستییەکی هەموو قۆناغەکانیشە بۆ کوردستان و عیراق، مانەوە و گەشەکردنی ئەم حزبە گرنگە، چونکە بەهێزیی یەکێتی، بەهێزبوونی زیاتری پێگەی کوردستانە و دیداریش ئەو وێستگە گرنگەیە کە یەکێتی دەباتەوە سەر شاڕێی ئەو هانگاوانەی کوردستان دەگەیەنێت بە کەناری ئارام.

دیدار بۆ ساڕێژی برینەكان
هەر لەو بارەیەوە تاڵب وەرتی دەڵێ: پێویسته دیدار بە تەنیا لەپیناو كۆكردنەوەی كادران و وێنەگرتن نەبێت، بەڵکو بۆ ساڕێژی برینەكانی جەستەمان بێت، لە دوای سەرۆک مام جەلال، زۆر بریندارین، پێویستە لەم دیدارەدا پەنجە بخەینە سەر برینەكانمان و كۆی كێشەكانمان، پێویستە پێشنیازمان هەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان بۆ ئاشتەوایی ناو ماڵی خۆمان. 
دیدارەكەی (ی.ن.ك) بۆ نوێكردنەوە و بنیاتنانەوەی رۆحی پۆڵاینی رێبازی مام بێت، دەبێ بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە رەخنە بگرین و پێشنیازی چارەسەر بخەینەڕوو، دەبێ دوای دیدار، وەكو سەردەمی شاخ و سەرەتای شۆڕشی نوێ، بگەڕێینەوە ناو جەماوەر و رێكخستنەكانمان، دەبێ (ی ن ك) زۆر لە جاران زیاتر گرنگی بە كەسوكاری شەهیدان و كەمئەندامانی سەنگەر و تێكۆشەرە دێرینەكان و زیندانیانی سیاسی و لاوەكانمان بدات، پیشنیازەكان كە بۆ خزمەت و بەهێزكردنی (ی. ن. ك) كراون بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە، پێویستە لیژنەی باڵای دیداری (ی.ن.ك) سەرجەم سەرنجەكان بگەیەنێت و چارەسەری كێشەكان بكات و وەڵامی داواكارییەكانی جەماوەر بداتەوە. 

دیداری یەکێتی و گەڕان بەدوای شوناسدا
د.ئەحمەد مەحمود سەبارەت بە دیداری یەکێتی دەڵێ: نەیارەكانی یەكێتی باشتر لە یەكێتییەكان دەزانن ئەو رێکخراوە سیاسییە بۆ دروست بووە؟  لە رابردوودا بۆ کامە ئامانج و مەبەست تێكۆشاوە؟ بۆچی دەیان و سەدان و  هەزاران گەنج و لاوی ئەو وڵاتە، لە ژێر چەتری یەکێتیی نیشتیمانیدا پلەی شەهادەت، یان كونجی زیندانیان هەڵبژارد؟ 
وەک رۆژی ئاشکرا روونە، کە  یەكێتی بۆ ئازادی و چەسپاندنی بنەماکانی دیموكراسیی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە  مافی چارەی خۆنوسینی گەلەکەمان و جێبەجێکردنی پرەنسیپ و بنەماکانی  دادپەروەری كۆمەڵایەتی هاتۆتە کایەوە، یەکێتیی نیشتیمانی  له پێناو رەتکردنەوەی هەموو  جۆرەکانی جیاکاری لە دایک بووه، لە رۆژگارێکی سەختی خەباتی نەتەوەییدا، رێکخراوی مامی رابەرو هەڤاڵەکانی، بۆ ئەمانەو دەیانی تر لە بنەماكانی دیموكراسیی و دەوڵەتی هاووڵاتی، هاتە سەر گۆڕەپانی سیاسی .
لە ئێستاشدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەهەموو ئۆرگانەکانییەوە بەهەموو تێکۆشەر و رۆشنبیر و قەڵەم بەدەستەکانییەوە، لەسەرپێ وەستاوە بۆ چاکسازی و خۆڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی و گەڕانەوەی بۆ سەر شاڕێگەی رێبازی مامی هەمووان. 
دیداری یەکێتی هەڵگری کۆمەڵێک پەیام و ئامانجی سیاسی گەورەیەو دەیەوێ لەپاڵ رێکخستنەوەی ژیانی سیاسی حزبی شەهیدان و رەنجدەرانی بیروبازوودا، رێڕەوی حکومڕانی بە ئاڕاستەی خۆشگوزەرانی و بنیاتنانی دەوڵەتێکی مەدەنی هاوچەرخی خزمەتگوزار راست بکاتەوە .
دیداری یەکێتی بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریی مێژووی و لەگەڵ ئاستەنگە سیاسییەکانی قۆناغەکەدا، هاوتەریب لەگەڵ پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی تر، دەیەوێت بەپشکی خۆی ئۆباڵی کەموکوڕییەکانی رابردوو لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بۆ راستکردنەوەی ئاڕاستەی حوکمڕانی سیاسی و ئابووری هەرێم خاوەنی پڕۆژەگەلێکی بەسوودە.

یەکێتی و گیانی بەرپرسیاریی
هەر سەبارەت بە دیدارەکە مامۆستا سامان حاجى سلێمان دەڵێ: یەکێتیی هەمیشە و بەردەوام بە ئەرکی ئەخلاقی و حزبی خۆی زانیوە بۆ هەر ئاستەنگ و رووداوێکی سیاسی خاوەن نەخشە و پلانی تایبەت بەخۆی بێت، بۆ رەتکردنی قۆناغەکە و لەپێناوی بەرژەوەندی گشتی و نیشتماندا، هەڵبەتە لەم رێگە سەخت و دژوارەدا بێگومان دووچاری کەم و کورتی و گرفت هاتووین، بە ئاستێک دۆستەکانمان گلەیی و رەخنەیان ئاڕاستە کردووین بەڵام هەرگیز لە بەرپرسیاریی بەرامبەر جەماوەر و پرسی نیشتمانی رامان نەکردووە. لە دەستپێکی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول خەم و ژانی نیشتمانمان لەکۆڵنا و بە سەخاوەتەوە خوێنمان بەخشی و ئازاری نیشتمانمان کردە ئاوازی ئازادی و کاروانمان رێی ئاسۆی گرت.
ئەندازیار و دیزاینەری ئازادی خاک بێ سڵەمینەوە یەکێتی رێبەری کرد لە چوارچێوەی بەرەیەکی کوردستانیدا، بەرهەم و دەستکەوتەکانی راپەڕین، یەکێتی خستییە سەر راستەڕێ، لە بەگژداچوونەوەی بازنەی ئاڵۆزیی نەیار و دوژمنان لەسەر ئاستی ناوخۆو هەرێمایەتیدا، هەر لە مشتی سەوزی یەکێتیدا یەکەم نەمامی حوکمی کوردی و دەوڵەتداری باشوور چەکەرەی کرد. 
دۆست و دوژمن گەواهی دەدەن شنەبای قەندیل بۆ ئارامی و ئاشتەوای کۆمەڵایەتی لە (دار السلام)ی بەغدا ئۆقرەی گرت، هەڤاڵان رابەری راستەقینەی سەرجەم قۆناغەکان لە دیدی روانشاد مام جلالەوە یەکێتی و هەر یەکێتی بووە، ئێستاش یەکێتی لەپێناو جێبەجێ کردنی ئەرکی مێژوویی خۆی وەک پارتێکی سیاسی رەسەن پێویستە خوێندنەوەیەکی واقعیانەی بۆ ئەم قۆناغە هەبێت و دۆخی ناجێگیری هاونیشتمانیانی لەسەر ئاستی رامیاری، ئابووری، کۆمەڵایەتی ..هتد بخاتە سەر راستەڕێ، سەرکردایەتی و کادرانی حزب بەئاستێک بیریان فراوان بکەن خەم و رەخنەو و خواستەکانی سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە لەدیداری یەکێتیدا فەرامۆش نەکەن، روئیای دیداری یەکێتی لەویژدان و پەرۆشیی بۆ ئایندە سەرچاوە بگرێت و گشت بوارو سێکتەرەکان تەتەڵەبکات، بەهای داڕشتنەوەی سیاسەتی راستەقینەی یەکێتی لە هزری شۆڕشگێڕانەو خواستی ئەم سەردەمەدا دەردەکەوێت، دۆستەکانی سایەو سێبەری یەکێتی، شەقام، جەماوەر، دۆست و لایەنگرانی حزب بە گرینگی و پڕبایەخەوە دەڕواننە دیدارمان. تروسکەی رووناکی ئەم دیدارە هیوا و ئومێدبەخشە بۆ تێکۆشەرانی حزب، گەر ویژدان و ئیرادەمان تۆزێ لێ نیشتووە، دەبێ بۆ ئاسودەیی مام، مشتوماڵی بکەینەوە. هەنگاوەکانی جێگیر بکەین لەپێناو گێڕانەوەی متمانەو ئاڕاستەیەکی تەندروست و گێڕانی رۆڵی راستەقینە وەک کارەکتەرێکی کارامە لەسەر گۆرەپانی سیاسی، گەر کۆی تەوەرەکان بەم گیانە خوێندنەوەیان بۆ بکرێت، تێکۆشەرانی حزب و هەڤاڵانی پێشمەرگەو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، ژنان، خوێندکاران، لاوان و یەکێتییەکان دیدو دیدارتان شاد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان