قوباد تاڵەبانی لە سلێمانی سیستەمی یەکپەنجەرەیی رادەگەیەنێت

04:35 - 2023-03-11
کوردستان
379 جار خوێندراوەتەوە

سەمیر ھەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ قوباد تاڵەبانی لە چەند فەرمانگەیەکی سلێمانی سیستەمی یەکپەنجەرەیی رادەگەیەنێت.

لەبارەی سیستمەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، یەکپەنجەرە، لەچوارچێوەی بەئەلکترۆنیکردنی کاروباری فەرمانگەکانە و بەشێکە لەپڕۆژەی خزمەت، کە بریتییە لە باشتر پێشکەشکردنی خزمەتەکان بۆ ھاووڵات و راییکردنی مامەڵەکانیان لە فەرمانگەکان بەئاسانترین شێوە و بەنەھێشتنی رۆتین و رێگرتن لە گەندەڵی.

سەمیر هەورامی ئاشکراشیکرد، قۆناغی یەکەم لە پێنج فەرمانگەی پارێزگای سلێمانی جێبەجێدەکرێت و دواتر فەرمانگەکانی تریش دەگرێتەوە، بڕیارە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیتریش ئەم پڕۆژەیە جێبەجێبکرێت.

وتەبێژی قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، سیستەمی یەکپەنجەرە سوودەکەی ئەوەیە کە ھاووڵاتی خزمەتخواز لەڕێی یەکپەنجەرەوە مامەڵەکەی پێشکەش دەکات، دەرئەمجامەکەشی وەردەگرێتەوە، ئەوکاتە فەرمانبەرێک دەستدەکات جێبەجێکردنی ھەموو مامەڵەکە و پێویست ناکات ھاووڵاتی چەند ژوورێک بکات، بێگومان ئەمەش رۆتین ناھێڵێت و کە رۆتینیش نەما بەر بەگەندەڵی دەگیرێت.

وتیشی، ئەم هەنگاوانە ھەمووی لەچوارچێوەی پڕۆژەی خزمەتە کە ساڵی 2013  قوباد تاڵەبانی لەگەڵ پاکێجێک لە پڕۆژەی چاکسازی و بەئەلکترۆنیکردنی کاروباری حکومەت پێشکەشیکردوون و دواتر کاریان لەسەر کراوە وەک بایۆمەتری و خزمەت و تۆماری کۆمپانیاکان و یاسای کار و بەئەلکترۆنیکردنی بەشێک لە دامودەزگاکانی حکومەت.

سەرچاوە:
کوردسات نیوز

# قوباد تاڵە‌بانی #سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان