سەنتەری میترۆ: ریپۆرتكردنی وێستگە نیوز لە لایەن میدیاكانی پارتییەوە رەتدەكەینەوە

06:24 - 2023-03-12
کوردستان
332 جار خوێندراوەتەوە

لە ماوەی رابردوودا دوو جار پەیجی فەرمی وێستگە نیوز لە لایەن میدیای فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە ریپۆرتكرا، لەوبارەیەوە سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە  راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە لەوەی، بە هەموو جۆرێك ریپۆرتكردنی پەیجی وێستگە نیوز وەك هەوڵێكی دەمكوتكردن رەتدەكەنەوە.

سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ماوەیەكی كەمدا دوو جار پەیجە دیارەكانی پارتی، لەنێویاندا كەناڵی‌ فەرمی‌ كوردستان تیڤی‌ بە پاساوی كۆپی رایت، ریپۆرتی داوە لە پەیجی وێستگە نیوز ، یەكێك لە راپۆرتەكان بە هۆی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆیەكی كۆنگرەی 14ـی پارتی كە لەكاتی بەستنی كۆنگرە خۆیان دەیاننارد بۆ میدیاكان تا بڵاویبكەنەوە.

سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەكردووە، ریپۆرتكردنەكەی میدیای پارتی پەیوەندی بەمافی پارێزراوی بەرهەمی دامەزراوەكانیانەوە نییە، چونكە لەكۆنگرەی 14ی پارتی، بەتەنها كوردستان تیڤی مافی رووماڵكردنی ئەو چالاكییە حزبییەی پێدرابو. دەشپرسێت مادام هەر خۆیان بەرهەمەكانیان بۆ میدیاكان دەنارد بە مەبەستی بڵاوكردنەوەی، ئێستا بۆ ئەو بەرهەمانە ریپۆرت دەكەن؟!".

دووپاتیشیدەكاتەوە كە، سەنتەری میترۆ پرۆسەی ریپۆرتكردنی میدیای فەرمی پارتی بۆ لاپەڕەی هەندێ میدیای دیاری هەرێم وەك مافی پارێزراوی تەماشا ناكات، بەهەوڵێكی دەزانێت بۆ دەمكوتكردن و كەمكردنەوەی كاریگەری ئەو پەیجانە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان