خەسرەو گورون
70
لە ژمارەی پێشوی باسەكەمدا ئەوەم باسكردووە كە لە مانگی شوباتی 1989 –ەوە لە خولی پلە یەكی یانەكانی عیراقدا، دەستمانكرد بە یارییەكانی گەڕانەوە و قۆناغی دووەمی ئەو خولە، چونكە یارییەكانی قۆناغی یەكەم كۆتاییانهات و یارییەكانی قۆناغی دووەم دەستیانپێكرد.
لەم قۆناغەدا ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی، یەكەم یارییمان لەگەڵ دهۆك بوو، یارییەکە رۆژی 9/2/1989 لە یاریگای سلێمانی كرا، لەم یارییەدا ئێمە توانیمان یەكەم بردنەوە لە خولەكەدا تۆمار بكەین و 3-0 لە دهۆك –مان بردەوە.
رۆژی 17/2/1989 دووەم یاریی گەڕانەوەمان لە موسڵ بوو، یاریی چونمان كەلە سلێمانی بوو، بە موسڵ دۆڕابوین، لەم یارییەشدا جارێكی تر نەمانتوانی لە موسڵ ببەینەوەو 1-2 یارییەكەمان لە موسڵ دۆڕاند.
حەمە بچكۆل و ئازاد وەهاب راهێنەری ئێمەبوون، بە پلانی 4-4-2 یاریمان كرد، ئێمە درێسەكانمان رەنگی سپی و ئەوانیش بەدرێسی سەوزەوە یارییان كرد، بۆ ئەم یارییە (شەهید ئامانج عومەر و ئالان قادر و بەكرشێخ مستەفا و بەختای رەشید) كەدەبوو لەگەڵمان بهاتنایە بۆ موسڵ، بەڵام نەهاتن و ئامادەی یارییەكە نەبوون.
سەرۆكی وەفدەكەمان ئەندازیار كەمال عەبدوڵڵا بوو، عومەر خەتاب ئیداری تیپەكەو خوالێخۆشبوو كاك فایەقی قەسابیش لەگەڵماندا هات بۆ موسڵ.
هەردوو راهێنەر بەپلانی 4-4-2 ئەم یارییەکەیان دەستپێکرد، پێکهاتەی سەرەکیش بەمشێوەیە بوو؛
*گۆڵچی-رەفیق عەلی.
*بەرگریی-خەسرەو گورون-کاپتنی تیپ، سۆران ئەحمەد، داخل جەبار کاوە سدیق.
*ناوەند: رەئوف رەحیم، فەلاح عەلی، فەرەیدون کەمال، خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج.
*هێرشبەر:حەمەی کەریم، سەڵاحی شێخ ئەمین.
لە یارییەکەشدا هەردوو راهێنەر سێ گۆڕانکارییان کرد؛
* دارای حاجی عوسمان بۆ شوێنی شاهۆ.
*تەنیا حەسەن تەنیا بۆ شوێنی سۆران.
*رزگار عەلی و هادی کەریم و ئاسۆ قەلە یەدەگ بوون.
گۆڵەکەی سلێمانی حەمەی کەریم، د.30 کردی، تیپی یانەی موسڵیش گۆڵەکانی خۆیان لە دەقیقەکانی 70 و 75 کرد و بەوشێوەیە ئەم یارییەشمان 1-2 بە موسڵ دۆڕاند.