راگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

07:24 - 2023-03-14
کوردستان
503 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ 2023/3/14 ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرپەرشتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، کۆبۆوە.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی سازکرا، وێڕای رێزگرتن لە یادی قوربانیانی کارەساتی هەڵەبجە کە تاوانێکی بێ وێنەی رژێمی دیکتاتۆری بەعس بوو دژ بە گەلەکەمان و ناردنی درود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کارەساتەکە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پیرۆزبایی لە خەڵکی خۆڕاگری پارێزگاکە کرد بە بۆنەی بڕیاری بەڕەسمی ناساندنی هەڵەبجە وەک پارێزگای (19)هەمین لە عیراقدا، دەستخۆشی لە حکومەتی ئیتیحادی کرد کە رەمزیەتی ئەم بڕیارە قەرەبوویەکی مەعنەوییە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی شارەکە و هاندەریشە تاوەکو لە هەموو ئاستەکاندا قەرەبووی ئاوەدانکردنەوە و ساڕێژکردنی برینەکانی هەڵەبجە بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا بە تێروتەسەلی گفتوگۆ لەسەر دۆخی سیاسی هەرێم و عیراق کرا، بەتایبەتی پەیوەندی روو لە گەشەکردووی یەکێتی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی کوردستان و بەغدا، لەم بارەیەشەوە هەڤاڵ بافڵ، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بە سەرکەوتنی سیاسەتی یەکێتی لە ئاستی کوردستان و عیراقدا کرد کە بەرهەمی یەکهەڵوێستی و یەک بڕیاریی سەرکردایەتییە و بۆتە راستییەکی حاشاهەڵنەگر لای دۆستەکانی یەکێتی لە ناوەوە و دەرەوەشدا.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر کاروباری رێکخراوەیی ئۆرگانەکان و رێوشوێنی پێشخستنیان کرا.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان