بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی: هەرچی دەکەین بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانە

10:20 - 2023-03-15
دووتوێ
379 جار خوێندراوەتەوە

گرنگیدان بە کاروباری هاووڵاتیان و سەلامەتی ژیانیان، هەمیشە لەو بابەتانە بووە کە کوردستانی نوێ بە ئەرکی خۆی زانیوە، لەو رووەشەوە بواری هاتوچۆ ئێستا بۆتە بابەتێکی گشتیی خەڵک، چ وەک شۆفێران و چ وەک هاووڵاتیی پیادەڕەو.
زۆرجار چ لە لاپەڕەکانی کوردستانی نوێ-دا و چ لە میدیاکاندا بە گشتی بابەتی رۆژنامەوانی و لە شێوەی راپۆرت و  ریپۆرتاژ و وتار و پێشنیاز و رەخنەو گلەیی لەسەر هاتوچۆ بەگشتی، مەرجەکانی مۆڵەتی شۆفێری، کامێراکانی تیژڕەوی، قەرەباڵغیی شەقامەکان، هێماکانی هاتوچۆ، سەرپێچیی و...هتد بڵاودەبنەوە، بۆیە کوردستانی نوێ بەباشی زانی دیدارێک لەگەڵ بەڕێوەبەری راگەیاندنی  هاتوچۆی سلێمانیدا بکات، تا لەو رێگەیەوە وەڵامی بەشێک لەو رەخنە و گلەیی و پێشنیازانە بداتەوە کە بەبەردەوامی دەخرێنەڕوو. هەربۆیە دۆسێی ئەمجارەمان تەرخانکرد بۆ ئەو دیدارە.
لەو رووەشەوە عەقید بەختیار زانیاریی ورد لەبارەی ئەو رێوشوێنانەوە دەخاتەڕوو کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەیگرێتەبەر و دانیش بەوەدا دەنێت کە هەندێک دیاردە و حاڵەت هەن کە ناچارن داوای هاوکاریی لە هێزە ئەمنییەکانی دیکە بکەن تا بتوانن کۆنترۆڵی بکەن، وەک دیاردەی ئۆتۆمبێلی جام رەش و بێ سەرەتا و روونیشی دەکاتەوە کە ئاگایان لە زۆرێک لەو رەخنانەیە کە لێیان دەگیرێت، بەڵام دەڵێت: هەموو ئەوەی دەیکەین بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانە، نەک پارە کێشانەوە لەخەڵک.

وانەی نووسینگەکانی شۆفێری خراپ نین، بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری، بەڵام خراپەکە ئەوەیە دواتر لە بیریان دەچێتەوە و وەک خۆی جێبەجێی ناکەن

دۆسێ

رێکخستنی هاتوچۆی ئۆتۆمبیل، بەشێکی گرنگە لە رۆڵی دامەزراوەی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی هەر حوکمڕانییەک، بۆیە دەبێت جێبەجێکردنی یاساکانیش لەو بوارەدا توند و یەکلاکەرەوە بن، چونکە سەرپێچییەکان دەبنە هۆکاری مەترسیی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان بەگشتی. 
بەو پێیەی ژمارەی ئۆتۆمبیلەکان لە پێویست زیاترە بە بەراورد بەو زیادبوون و پەرەسەندنەی لە دروستکردن و فراوانکردنی شەقامەکاندا هاتوونەتە ئاراوە، بۆیە یاساکانی هاتوچۆ و سەپاندنیان و رێکخستنیان لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆوە، ئەرکی زیاتر دەخاتە سەرشانیان و خۆگونجاندن لەگەڵیدا و چارەسەری تەندروست بۆی، هەمووشی بەئامانجی پاراستنی گیانی هاووڵاتیان.
بە پلەی یەکەم پابەندنەبوونی شۆفێران بە یاسا و رێنمایی و هێماکانی هاتوچۆوە، هۆکاری سەرەکیی دروسبوونی ئەو رووداوانەن کە دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتیان و زیانگەیاندن بە خۆیان و ئۆتۆمبیلەکانیان و خەڵک و ئۆتۆمبێلی خەڵکی دیکەش.
لەم دیدارەدا لەگەڵ عەقید بەختیار بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی، تاوتوێی ئەو بوارانەمان کردووە کە پەیوەستن بە سەرپێچی و ئەرکی کارمەندانی هاتوچۆوە لە رووی ئەمنی و ژنگە و هەندێک بواری دیکەوە.

دیداری: دۆسێی کوردستانی نوێ

*پۆلیسی هاتوچۆ بەشێک لە پاراستنی بواری ئەمنیی شاری دەکەوێتە ئەستۆ، ناسینەوەی ئۆتۆمبێلەکان لای هاووڵاتییان و پۆلیسەکانی هاتوچۆ گرنگە، هاووڵاتی دەبێت بزانێت ئەو ئۆتۆمبێلەی تاوانێکی بەرامبەر کردووە ژمارەکەی چەندە، بەڵام بەهۆکاری هەمەجۆریی تابلۆکان و تیایاندا ناڕوونی و کاڵبوونەوەی هەندێکیان ناتوانرێت بناسرێتەوە، چارەسەری ئەمە چییە؟
-ئەگەر سەیری ئەو بەشەی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بکەیت و ئەو ئۆتۆمبیلە دەستبەسەرداگیراوانە ببینیت کە لەو چەشنەن کە بەڕێزتان باسی دەکەن، ئەوکات بۆتان دەردەکەوێت کە کارمەندانی هاتوچۆ چۆن رێوشوێنی یاسایی و پێویست دەگرنەبەر بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردانە، لەگەڵیشیدا ئەوە تەنها ئەرکی ئێمە نییە و دەبێت بە هاوکاریی بەشەکانی دیکەی هێزە ئەمنییەکان بەڕێوەبچێت، هەرچەندە هاوکارانمان لە ئاسایش درێغییان نەکردووە و هەرکات پێویستمان بە هاوکاریی ئەوان بووبێت، هاتوون بە هانامانەوە. ئێمە بەردەوامین و دیاردەکەش هەر هەیە.
بەداخەوە شۆفێران پابەند نابن، سەرپێچییەکان زۆر زیاترن لە رێوشوێنەکانی ئێمە، کامێراکانیش کە بۆ کۆنترۆڵی لایەنی ئەمنی دانراون، رۆڵیان دەبێت لە ناسینەوەی ئەو ئۆتۆمبیلانەی تاوانیان پێدەکرێت.
ئێمە وەک راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ رۆڵی بەرچاومان هەبووە لە باسکردنی کەموکووڕییەکان و پێشنیاز بۆ چاککردن، زۆرجار لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ترەوە لۆمە کراوین کە بۆچی باسی ئەوانە دەکەین، خۆ ئەمە دیاردەیە و ئێمە باسی نەکەین، ئێوە دەیبینن و باسی دەکەن.
گرفتی جام رەشەکان

*ئەو کامێرایانە بۆ سەرپێچی رێژەی خێرایی رۆیشتنن؟
-نەخێر ئەوانە بۆ لایەنی ئەمنین، بەهۆی ئەم کامێرانەوە کۆنتڕۆڵی باشی لایەنی ئەمنی دەکرێت.

*چۆن بتوانین ئەو ئۆتۆمبیلانە جیابکەینەوە کە جامەکانیان رەشن و سەربە دەزگا ئەمنییەکانن؟  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، لە دیدارێکدا لێیان پرسی سەبارەت بە ئۆتۆمبیلەکانی خۆی و جام رەشکردن، وتی: من چەند جارێک کە بینیوومە پاسەوانەکان رەشیان کردوون، پێم لێکردوونەتەوە، کەوابوو ئەگەر ئەو وەک کەسێکی باڵادەستی حکومی ئەوە رای بێت، ئیتر بۆچی دەبێت سەدان جام رەش هەبن و کەس نەزانێت کێیان تێدا دەگوازرێتەوە؟
-بێگومان ئەوە دیاردەیە و زۆریش خراپە، رەنگە تیروریستانیش سوودی لێببینن و بەناو شەقامەکاندا بڕۆن و چاودێری بکەن بەبێ ئەوەی بناسرێنەوە، ئێمە دیسان بۆ ئەمە بە هاوکاریی لەگەڵ ئاساییش چەندین جار هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنیانمان کردووە و ئێستاش لە هۆبەی دەستبەسەرداگرتن زۆری لەو چەشنەمان لایە، بەڵام هاوشێوەی هەمەچەشنیی تابلۆکان، ئەمەش پێویستی بە هەڵمەتێکی فرەلایەنەی ئێمە و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە  هەیە.

سزاکانی سەرپێچی وئاگادارکردنەوەی شۆفێران

*سزادانی سەرپێچییەکان توندتر بکرێتەوە باشتر نابێت بۆ نەهێشتنیان؟ لە ئەوروپا هەموو شتێک بە سزادان راگیراوە، تەنانەت دواکەوتنیش لە چوونە سەر کارەکەت سزای هەیە، هەموو ئەو شەقام و جادانە کۆنترۆڵی کامێران و سزاکانیش زۆرن.
-ئەگەر بڕوانیتە هەندێک میدیای نابەرپرس و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وامان پێناسە دەکەن کە ئێمە پارە دەکێشینەوە لە خەڵک، بەوەی ئێمە سزا بۆ سەرپێچییەکان دەنووسین، ئەمە لەکاتێکدایە کە هێشتا بە توندی و بێ چاوپۆشی ئەمەمان نەکردووە، پێویستە هاووڵاتییان ئەو راستییە بزانن کە ئێمە هەرچی دەکەین لەپێناوی پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیاندایە، کەمبوونەوەی ژمارەی قوربانییانی هاتوچۆی ساڵانی پێشوو لەگەڵ ئێستا بە هەوڵی کارمەندانی هاتوچۆ هاتۆتەدی، بە چاودێریکردن و هۆشیاریکردنەوەی ئێمەیە، لە رێگەی بەرنامەکان و ئاگادارییەکان و رێنماییەکانمانەوە. هاوڕاتم کە لە ئەوروپا بە هۆی سزاکانەوەیە شەقام و جادەکانی کۆنترۆڵ کردووە، ئەگەر ئەوە نەبێت وەک ئێرەیان لێدێت، ئێمەش لەگەڵ ئەوەین کە سزاکان رۆڵی گرنگییان هەیە.

ئەو ئۆتۆمبیلانەی ساڵانسایان بەردی لێ دەرهاتووە یان دووکەڵ دەکەن، تۆمار ناکرێن، جاران ئاگادار دەکران کە بچن چاکی بکەن، بەڵام بەپێی بڕیاری نوێ تۆمار ناکرێن

ئەو ئۆتۆمبێلانەی ساڵانسایان خراپە، پێشتر رێنماییان دەکرا بۆ چاکردن، بەڵام ئێستا رەت دەکرێتەوە

ناردنی سەرپێچی بە کورتەنامە

 
*ئێوە بۆچی بەبێ دواکەوتن لە رێگەی کورتەنامەوە سزادراوەکە ئاگادار ناکەنەوە؟
-ئەگەر ئۆتۆمبیلەکە بەناوی کەسەکەوە بێت، ئەوا بە ژمارەکەی ئاگاداریی دەکەینەوە.

*بەڵام ئەوانەش زۆرن کە مامەڵەی تەحویلکردن ناکەن و وەکالەت دەکەنەوە، رەنگە خاوەنەکەی هەر لە هەرێمدا نەژی، بەمەش درەنگ پێی دەزانێت، ئەمەش وادەکات سزاکە رۆڵی لە وریاکردنەوەی شۆفێراندا نەبێت؟
-ئەگەر درەنگیش پێی بزانێت، بڕی سەرپێچییەکەی لە تۆماردا دەمێنێتەوە و کاتێک مامەڵەیەکی ئۆتۆمبیلەکە دەکات، هیچی بۆ ناکرێت تا ئەو پارەیە نەدات، سەرەڕای ئەمەش برا ئەفسەرەکانمان کاتێک سەرپێچی دەنووسن لە رێگەی کورتەنامەوە خاوەنەکانیان ئاگاداردەکرێتەوە.

*هەندێک سەرپێچیمان هەیە بووە بە دیاردە و بەبەرچاوی پۆلیسی هاتوچۆوە دەبینرێت بێ ئەوەی بەشوێنیدا بگەڕێت، بۆ نموونە ئێواران دەیان تاکسی دەبینین کە لایانداوە بۆ خواردنەوەی مەی، کێشەکە لەوەدایە کە ئەو شۆفێری تاکسییە دوای تەواوبوونی خواردنەوەکە دەچێت ئیش دەکات، واتا بە سەرخۆشی بە شاردا دەگەڕێت، ئەمەش مەترسی بۆسەر ژیانی خۆی و هاووڵاتییانی دیکەش دەبێت، ئێوە بۆ رێگە بەمە دەدەن؟ پێتان وانییە کە دەبێت شۆفێری تاکسی مەرجی تایبەت و توندی لەسەر بێت؟ لە ئەوروپا بە چەندین تاقیکردنەوەدا تێدەپەڕێت، تەنانەت لایەنی دەروونی و لەسەرخۆیی و پابەندبوون بەیاسا و خاوێنی و ئەستۆپاکی خۆی لە تاوان و زۆر شتی تر؟

-ئەو دیاردەیە تەنها لە ئەرکی ئێمەدا نییە، ئەمە خۆی لە خۆیدا دوورە لە ئادابی گشتی کە لەو شوێنانەدا مەی بخورێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەدان کەیسمان لەسەر ئەوە داوەتە دادگا.
پەیوەندی بە قایمقامییەت و لایەنی دیکەشەوە هەیە، ئێمە دەستمانکردووە بە هەندێک رێکار بەرامبەر تاکسی و مەرجەکانی شۆفێری تاکسی، بۆ نموونە جاران مۆڵەتی گشتی هەبوو کە هەموو جۆرەکانی دەگرتەوە، ئێستا وامان لێکردووە کە دەبێت مۆڵەتی شۆفێری تاکسی تەنها بۆ تاکسی بێت و هیچی تر، دەکرێت لەمەودوا مەرجەکان سەربکێشن بۆ بواری دیکەش. 
ئەگەر پۆلێنی رووداوەکان بکەین، ساڵی پار لە پلەی یەکەمدا بەهۆی ماتۆرسکیلەوە بووە، پاشان بەدوایدا پیکاب و تاکسی بووە. ناوەندێک هەیە بە ناوی تۆتاڵ و مەنهاجیان تەواو کردووە و شانبەشانی گۆڕینی مۆڵەتی شۆفێری هەنگاو دەنێین و بەو هیوایەین کە گۆڕانکاریی باش بەو شێوەیەی کە ئێوە دەیڵێن بکرێت.
هەرکەس بیەوێت مۆڵەتی گشتی دەربێنێت دەبێت لانیکەم یەک ساڵ تایبەتی هەبێت.

ناوبەناو خول بۆ کارمەندان دەکرێتەوە بۆ پێدانی رێنمایی نوێ 

خولەکانی شۆفێری باشن، بەڵام...

*هۆکاریی ئەم هەموو سەرپێچییە دەگەڕێتەوە بۆچی؟ بەڕای ئێوە چۆنێتی وەرگرتنی وانە و تێپەڕبوونی بە تاقیکردنەوەدا نابێت توندتر بکرێتەوە؟
-نووسینگەکانی شۆفێری لەم رووەوە خراپ نین، زۆرێک لەو وانانەی کە دەیخوێنن بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری، بەڵام دواتر لەبیریان دەچێتەوە، هەروەک ئەو وانانەی لە بواری خوێندندا دەیانخوێنێت و دوای چەند ساڵێک لە بیریان دەچێتەوە. 
بەڵام شۆفێر پێویستە لەسەری ئەو یاسایانەی دەیخوێنێت لەکاتی لێخوڕیندا، کاریان پێبکات و پێیانەوە پابەندبێت، لەنەبوونی ئەمەشدا سزای سەرپێچی رۆڵی هەیە و دەبێت لەم رێگەیەوە کۆنترۆڵ بکرێت، زۆرێک لەم کەموکووڕییانە پەیوەندییان بە سیستمی حکومڕانییەوە هەیە، بۆ نموونە کەسێک دێت مامەڵەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبیل دەکات، دەبێت بە کیسەیەک پارەوە بێت، دەبوو کارتێکی بانکی هەبوایە و بە کلیکێک پارەکە لە ژمارەی بانکییەکەی بڕوات، ئەمە لە زۆر جێگەی جیهان نەماوە، کەم مامەڵەمان هەیە بە ئەلکترۆنی دەکرێت، لە زۆر بواردا ئێمەش بەشێکین لەو سیستمەی ئەم وڵاتە. 

سەرپێچی و بەزەیی

*لە سوید ئەگەر کەسێک سەرپێچی کردبێت، لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا نامەی بۆ دەنێرن و چەکێکی تێدایە کە بڕی پارەی سەرپێچییەکە دیاریکراوە و ماوەی هەفتەیەک یان 10 رۆژیشیان داناوە کە دەبێت بیدات، ئەگەر دوابکەوێت لە نامەی دووەمدا بڕێک پارەی بۆ زیاد دەکەن، لە سێیەمدا دەبێتە دوو هێندە، چوارەم دەچێتە شوێنێکی تایبەت پێی دەوترێت ئینکاسۆ، لەوێدا بڕی پارەکە دەبێتە سێ هێندە، ئەگەر هەر نەیدات، ناوی دەچێتە لیستی رەشەوە و ناچاریش دەکرێت کە بیدات، دەنا متمانەی ئەوەی نابێت لە هیچ شوێنێک تەنها کڕۆنێک قەرزبکات. ئەمە لێرە نییە، دەبێت یاسا دووربێت لە چاوپۆشی و بەزەیی، کاتێک پۆلیس سەرپێچی دەبینێت، دەبێت رێکارە یاساییەکان بەکاربهێنێت، نەک سەیری دۆخی کەسەکە و پاڕانەوە و هەژاری بکات.
-بەراستی ئێمە لە سۆشیال میدیادا هێرشی زۆرمان دەکرێتەسەر لەوەی کە سزاکانمان زۆرن و بەزەییمان نییە، راستە کە یاسا بە بەزەیی و سۆز جێبەجێ ناکرێت، بەڵام دەبینیت کەسێک مۆتۆڕێکی پێیە و بژێویی ژیانی پێ پەیدا دەکات، چی لێدەکەیت؟ ئاخر 10 هەزار بۆ ئەو، کاردەکاتە سەر بژێوی رۆژێکی، لە هەندێک حاڵەتدا کە چاوپۆشی دەکرێت، بەڵام هۆشداریشی دەدرێتێ و رەنگە سوودیشی هەبێت، چونکە هەمووی هەر سەرپێچی ناکات، یان دووبارەی ناکەنەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا بزانە سەدان ماتۆرسێکلمان گرتووە و تێکمان شکاندوون.

چۆنێتی بەکارهێنانی پارەی غەرامە و سزاکان
 
*هەموو سوشیال میدایاکانیش لە دژی ئێوە نادوێن، میدیای بەرپرسیاریش هەیە کە بە ئەمانەتەوە کارەکانی ئێوە هەڵدەسەنگێنێت. 
-ئێمە بەم حاڵەش هێشتا گلەیی زۆرمان لێدەکرێت و زۆرێک پێیانوایە سزاکانمان زۆرن، لێمان دەخوێنن کە ئەوەندەیان دەستکەوتووە.

*بیرمان نەچێت ئەو داهاتانەی ئێوە بۆچی بەکاردێت؟
-ئێمە خەرجییەکانی خۆمانی لێدەکەین لە بواری هاتوچۆ، وەک  رەنگ، هێماکان، خەرجیی ئۆتۆمبیلەکانی هاتوچۆ، ترافیکلایت، کەرەستەی تر، ئەوەی تری دەچێتە ناو خەزێنەی وەزارەتی داراییەوە.

*دیاردەیەکی دیکەمان هەیە پەیوەندیی بە ژینگەوە هەیە، چەندین ئۆتۆمبیل دەبینن بۆ سەدان مەتر شەقامەکە رەش دەکات بە دووکەڵ، ئەمەش زۆر مەترسیدارە بۆ ژینگە، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمانەدا دەکەن؟

-لەمەدوا بە رێکارێکی نوێ کاردەکەین، ئەویش ئەوەیە ئەو ئۆتۆمبیلانەی ساڵانسایان بەردی لێ دەرهاتووە یان دووکەڵ دەکەن، تۆمار ناکرێن، جاران ئاگادار دەکران کە بچن چاکی بکەن، بەڵام ئیتر بەپێی ئەو بڕیارە تۆمار ناکرێن.


ناکرێت هەر ئۆتۆمبێلێک پۆلیسێکی بۆ دابنێین!

*بەڵام زۆرێک هەن تۆماری ناکەنە سەرخۆیان و وەکالەتێک بۆ یەکتریی دەکەنەوە تا ئەوکاتەی کە سەنەوی نوێ دەکەنەوە، کەوابوو ئەو ئۆتۆمبیلە هەر بەو زیانەی بۆ ژینگە دەسووڕێتەوە.

-باشە بەڵام خۆ هەر رۆژێک دەکەوێتە مەفرەزەی پۆلیسی هاتوچۆوە و سزا دەدرێت، خۆ ناشتوانین بۆ هەر ئۆتۆمبیلێک پۆلیسێک دابنێین.
*لێرە خولی گەشەپێدانی پۆلیس کەمە لە هەمووشوێنێک هەیە، ببینە لە ئێران لەو شەقامانەی رێگە پێنەدراوە کە ئۆتۆمبیل رابگیرێت، ناتوانیت بۆ 5 دەقیقە رایبگرێت، دەستبەجێ ئۆتۆمبێلی هاتوچۆ دێت و بە بڵندگۆ هاوار دەکات، ئەگەر نەچی بەپیرییەوە یەکسەر سەرپێچیت بۆ دەنووسرێت.
-لێرەش هەیە، لەناو بازاڕ ئەمەمان بە هەمیشەیی هەیە.

*باشە بەڵام هەر ناو بازاڕ مەرج نییە، شەقامە گشتییەکانیش نموونەی تووی مەلیک، ئیبراهیم پاشا، سەرشەقام و زۆری تر، ئێوە دەبێت کارێک بکەن کە سزاکان رۆڵیان هەبێت لە نەهێشتنی سەرپێچی، واتا رۆڵێکی پەروەردەیی.
-سەرپێچی بۆ ئەوانەش دەنووسرێت و دەڕۆن، دواتر بەخۆی دەزانێت کە سەرپێچی کردووە، ئێستا وەک وتم: لە رێگەی کورتەنامەوە بۆی دەچێت و یەکسەر دەزانێت کە سەرپێچی کردووە، ئەمەش رۆڵی هەیە لە وریاکردنەوەی شۆفێراندا.

کەمبوونەوەی رووداوەکان هۆکاری سزاکانی ئێمەیە

*لە هەندێک شوێن لەبەردەم ریزێک دوکاندا بە سێ ریز ئۆتۆمبیل رادەگیرێت، دەبێت شۆفێر رۆژانە لەگەڵ ئەو یاسایانەدا مامەڵە بکات کە لە کتێبی فێربوونی شۆفێریدا دەیخوێنێت کە زیاتر لە هەزار حاڵەتن، ئەگەر ئەمەی کرد ئەوا سەرپێچییەکان کەمدەبنەوە. لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت شۆفێر ترسێکی هەبێت لە بڕی سزادانەکە، ئەوەش لای ئێوەوە دەبێت بسەپێندرێت.

-ئێمە زۆر سزای سەرپێچی دەدەین و بەردەوامین، بەڵگەی زۆرمان لەبەردەستدایە، کەمبوونەوەی رووداوەکانیش ساڵ لەدوای ساڵ نیشانەی توندیی رێکارەکانی ئێمەیە، جگە لە سزادانیش لە رێگەی بەرنامەی تایبەتەوە رێنماییەکان دەدەین بە هاووڵاتییان و هەوڵدەدەین شۆفێران پابەندی رێکارەکان بن و بەشداربن لە رێکخستنی شێوازی هاتوچۆدا، چونکە بۆ ژیانی خۆیان باشە و سەلامەتی خۆیان و ئەوانی دیکەش دەپارێزن، لێخوڕینی ئۆتۆمبێل گرنگە، چونکە شۆفێر بەتەنها خۆی نییە لە جادە و بانەکاندا لێدەخوڕێت.

لەلایەکی ترەوە سەرپێچی و زیادەڕۆیی دیکە هەیە کە عەرەبانەکانی دەستگێڕن و دەبێت لە رێگەی شارەوانییەوە رێکبخرێن تا نەبنە هۆکاری دروستبوونی قەرەباڵغی، دەتوانیت ئەمە رووبەڕووی شارەوانی بکەیتەوە.

خۆنەبەستنەوە و بەکارهێنانی مۆبایل
*زۆر حاڵەتی دیکە هەیە وەک نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی، بەکارهێنانی مۆبایل، دانەنانی فلاشی ئاراستەکان، هۆڕن لێدان و زۆر شتی تر.
-ئێمە چی بکەین کە شۆفێر لە چاوی ئێمە وندەبێت خۆی نابەستێتەوە یان ئەگەر خۆی بەستبێتەوە دەیکاتەوە، ئەوە دەکەوێتە سەر ئاستی هۆشیاریی خۆی، لەکاتی رووداودا خۆی زیانی پێدەگات. بەردەوامین بە هاوکاریی هاوکارانمان لە ئاسایش و پۆلیس بۆ رێکخستنی ژیان، بۆ سەپاندنی یاسا، دەمانەوێت بۆ هەموان وەک یەک بێت.
پێویستە شۆفێرانیش بە رێزەوە هاوکاریی پۆلیسی هاتوچۆ بکەن، چونکە هەر بێڕێزییەک بە کارمەندانمان بکرێت، بەسەر کەسدا بێ سزا تێناپەڕێت.
هەروا پێویستە پەرلەمانی کوردستان یاساکانی هاتوچۆ توندتر بکات و سزاکان زیاتر بکات، چونکە ئێمەش لەو باوەڕەداین کە لەم رێگەیەوە دەکرێت سەرپێچییەکان کەمتر بکرێنەوە. 

*ئۆتۆمبێلی وا هەیە لە بری 5 کەس 12 ی سوارکردووە و زۆرینەیان منداڵن، یان دوو سێ منداڵ نیوەی جەستەیان لە جامەکانەوە هێناوەتە دەرەوە، یان منداڵی لەسەر کۆشی داناوە و لێدەخوڕێت.

-بەڵێ لە رووداوەکانیشدا زۆریی ژمارەی قوربانییەکان لە پێکدادانی دوو ئۆتۆمبیلدا دەرخەری ئەم راستییەن، چی بکەین، خۆزگە هاووڵاتیانمان بە هۆشیارییەوە مامەڵەیان دەکرد لە چۆنێتی لێخوڕین، لە سزای سەرپێچی گەڕێ، ئەدی بیر لە ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان ناکەنەوە؟
کاری ئێمە نییە و پرسیشمان پێ ناکرێت

کۆنترۆڵکردنی دیاردەی مەی خواردنەوە لە تاکسیدا لە قەراغی  شەقامەکان تەنها ئەرکی ئێمە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا سەدان کەیسی لەو جۆرەمان داوەتە دادگا

*هەندێک جار لە چاککردنی شەقامەکاندا کە ئاراستەکان دەگۆڕرێن، دەبینین بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانە نابێت کە پێشتر دەیڵێن، یان گرتنی بێ هۆکارە. تاسەکان زۆریان رەنگیان پێوە نەماوە، کەسێک شارەزا نەبێت تووشی شۆک دەبێت، یان رەنگە لە تاسە بدات و وەرگەڕێت، لەبەردەم دادگای سلێمانی بۆ پەڕینەوە ترافیک دانراوە، ئەمە بەیانیان دەبێتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆری ئۆتۆمبیلەکان، بۆچی بە ژێر جادەکەدا تونێلێک یان لەسەرەوە پردێک دروستناکەن بۆ پەڕینەوە؟
-جاری واهەیە خۆم دەکەومە شەقامێکەوە کە گیراوە یان ئاراستەی گۆڕاوە و من ئاگادارنیم، ئەمانە ئیشی شارەوانی و کۆمپانیاکەن کە کاری تێدا دەکەن، ئاگاداری دروستکردنی تاسە نین، بۆ دروستکردنی پرد و تونێل، دەتوانن لەگەڵ شارەوانی باسی بکەن، ئەمە لە دەستی ئێمەدا نییە و هەر پرسیشمان پێناکەن، ئەوان کە دروستیدەکەن دەبێت هێماشی بۆ دابنێن، یان حساب بۆ دروستبوونی قەرەباڵغی بکەن، خۆ هەر دروستکردنی تاسە و پرد و تونێلی پەڕینەوە نییە، دەبێت هەموو شتەکان بە هاوکاریی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان رێکبخرێن، وەک یەک پڕۆژە کە تەواوکەری یەکبن. رەنگە خەرجییەکانیش بۆ حکومەت کەمتری تێبچێت.

ناوبەناو خول بۆ کارمەندان دەکرێتەوە بۆ پێدانی رێنمایی نوێ 

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان