دوێنێ، ژمارەیەك فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان، كۆبوونەوە و تاوتوێی چەند پرسێكی گرنگیان كرد.
لە بارەی كۆبوونەوەكەوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، كە فراكسیۆنەكانی كۆمەڵی دادگەری، یەكگرتوو، نەوەی نوێ و شیوعی، ئامادەبوون، ئەوە خرایەڕوو كۆبوونەوەكەیان تایبەتبوو بە چەند پرسێك كە راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی خەڵكەوە هەیە لە بابەتی دواخستنی دابەشكردنی مووچە و خزمەتگوزارییە پێویستەكان، پرسی هەڵبژاردن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنیش، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو و تەئكیدكرایەوە كە پێویستە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت.
باسیان لەوەشكرد كە پێویستە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەكانی دەستپێبكاتەوە، بەڵام لەسەر ئەو ئەساس و بنچینەیەی وەك سەرۆكی فراكسیۆنەكان هەموومان بەبێ جیاوازی لە 8/2/2022 یاداشتێكمان ئیمزاكرد لەسەر ئەوەی كە بە سازان و رێكەوتن یاسای هەڵبژاردن هەمواربكرێتەوە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش كارابكرێتەوە، ئێستاش داوادەكەین سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەوبارەیەوە.
ئاماژەیان بەوەشكرد كە پێویستە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت و هیچ شتێك نەكرێتە بیانوو بۆ بەڕێوەنەچوونی، بۆیە دەبێت فراكسیۆنە سەرەكییەكانی پەرلەمان كاربكەن بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە گرنگەكان، كە دۆخی ئێستای هەرێم و عیراق و ناوچەكەش پێویستی بەوەیە لە نێوان لایەنەكاندا سازان و رێكەوتن بكرێت، كە دواجار لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان سوودی خەڵكی كوردستان و عیراقی تێدا دەبێت.