شه‌ڕه‌ نادیاره‌كانی نه‌جیب مه‌حفوز

01:08 - 2023-03-16
ئەدەب و هونەر
312 جار خوێندراوەتەوە

له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: نه‌رمین عوسمان محه‌مه‌د

2-2 کۆتایی

لێشاوەكانی ستایش و زەم 
نووسەری كتێبەكە دەڵێت ئەوەندە متمانەی بە پەیوەندی خۆی و مامۆستا مەحفوز هەبوو بتوانێت تاوەكو هەستی داهێنەرە گەورەكانی بەرامبەر بەخۆی و كارەكانی بۆ بگوێزێتەوە و دەڵێت پێموت: ئەوان هەستیان بەوە كردووە كە رەخنەگرەكان بەجیاوازی بیروبۆچوونیانەوە لە راستڕەو و چەپڕەوەكان بایەخ بە كارەكانی دەدەن ئەمە لەكاتێكدایە ئەوانی دیكە لە نووسەرانی هاوڕێ و هاوپیشەی كەس ئاوڕ لە كارەكانیان ناداتەوە، نووسەر دەڵێت لە وەڵامدا مەحفوز پێكەنی و  گوتی (ئاخر من نەجیب مەحفوز)م بەڵام پاش ماوەیەكی كورت زۆر بەجدی قسەكانی تەواوكرد و گوتی (ئەگەر تێبینی بكەیت بۆت دەردەكەوێت كە ئەو رەخنەیەی لەسەر من نووسراوە زیاترە لەو رەخنەیەی لەسەر هەر هەموویان پێكەوە نووسراوە، بەڵام سەرنج بدە چەند رەخنە هەبێت بۆ پشتگیریم رێك بەقەدەر ئەو بڕەش رەخنە هەیە دژی من و هیچ كامێكیان لەوانە دووچاری هێرشكردنە سەری نەبووەوە وەكو من، لەهەردوو لایەنەكەوە رەخنەم بۆ هات و وەرمگرت. لام سەیرە من بەرپرسی قەڵەمی رەخنەگران نیم و هەروەكو چۆن بەرگەی لێشاوی ستایشەكانم گرت ئاوهاش بەرگەی لێشاوی تانە و زەمەكانم گرت).
لەكاتی ناوهێنانی رەخنەگری كۆچكردوو لویس عەوەزدا مەحفوز بەجۆرێك لە دڵتەنگی و تووڕەییەوە دەیگوت (كارەكانم بەباشی تێنەگەیشتبوو پێویست بوو لەسەری لەهەموان زیاتر دەستی بخستایەتە سەر كلیلە راستەقینەكانی كارەكانم، عەوەز سیانەییەكەمی "قەسرلشەوق، بەینەلقەسڕەین، سوكەرییە" بە كتێبێكی مێژوویی هەژماركرد كە تەنانەت ئاماژەی بە رۆڵی كرێكاران و جوتیاران لە شۆڕشی 1919دا نەكردووە.) هەروەها رەخنەگر دكتۆر حافز سەبری رەخنەیەكی زۆر توندی ئاڕاستەی ئەدەبی مەحفوز كردووە و لە یەكێك لە گۆڤارە عەرەبییەكاندا نووسیویەتی و دەڵێت (هەست بە شەرمەزاری دەكات سەبارەت بە كارەكانی مەحفوز بنووسێت.).
لە روویەكی دیكەوە نووسەری كتێبەكە باس لەوە دەكات چۆن مەحفوز رەتیكردۆتەوە كار لە بواری رۆژنامەنووسیدا بكات وێڕای ئەو هەموو پاداشتە سەرنجڕاكێشانەی سەرنووسەری رۆژنامە میسرییە گەورەكان پێشكەشیان كردووە بۆی بە مەرجێك داوای ئەوەیان لێ نەكردووە كە بە دوای هەواڵدا بگەڕێت یاخود راپۆرت و لێكۆڵینەوەی رۆژنامەوانی بنووسێت یاخود وتار بنووسێت، بەڵكو هەموو ئۆفەرەكان سەبارەت بە رۆمان و چیرۆكەكانی بووە.
مستەفا ئەمین ئۆفەری نووسینی دووچیرۆكی مانگانەی پێشكەش كرد بەرامبەر پادداشتێكی مادی گەورە لە رۆژنامەی ئەلئەخباردا، بەڵام رەتی كردەوە، بەهەمان شێوە ئۆفەری (محەمەد حەسەنێن هەیكەل)ی بۆ كاركردن لە رۆژنامەی (ئەلئەهرام) دا وەكو چیرۆكنووس و رۆماننوس رەتكردەوە هەروەها سەرۆكایەتی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی دەزگای (رۆزئەلیوسف)ی رەتكردەوە كە لەلایەن (سادات)ەوە پێشنیازی بۆ كرابوو و دواتر هۆكاری رەتكردنەوەی ئەم پۆستە باڵایەی بەوە روونكردەوە كە نایەوێت كاتەكەی بەفیڕۆ بدات. هەروەها ئەم كتێبە باس لە چیرۆكی یاداشتەكانی مەحفوز دەكات كە بەرەخنەگر (رەجائئەلنەقاشی)ی نووسییەوە لەمیانەی چەند دانیشتنێكدا كە زیاتر لە ساڵێكی خایاند لە كافێی (عەلی بابا) لە ناوچەی (مەیدان ئەلتەحریر) كە بەرهەمەكەی (50) سەعاتی تۆماركراوبوو، بووە هۆی ئەوەی یادداشتەكان لە دوای شەش ساڵ لەو كارە لە كتێبێكدا بڵاوببێتەوە كە بەسەرچاوەی سەرەكی لەسەر ژیانی مەحفوز هەژمار دەكرێت.
مەحفوز لە رێگای یادداشتەكانییەوە لەو رەوتی خودپارێزییەی پێی ناسرابوو هاتە دەرێ و لایدا و رای خۆی راشكاوانە لە هەموو ورد و درشتێكی ئەدەب و سینەما و پۆلەتیكدا دەربڕی و باسی لە قۆناغەكانی منداڵی خۆی و ئەزموونەكانی پێشوەختەی لاوێتی خۆی كرد هەروەها تیشكی خستە سەر ئەو رۆمانانەی خۆی كە بوونەتە مایەی تەنگەشەی رۆژنامەوانی و رامیاری، هەروەها بۆچوونی خۆی زۆر بە روونی و راشكاوانە سەبارەت بە سەركردەكانی میسر لەسەردەمی سەعد زەغلولەوە تاوەكو ئەو دەمەی یاداشتەكانی تێدا نووسرایەوە گوت ئەم دەربڕینانەش بەكارێكی نامۆ لە قەڵەم درا لەلایەن چاودێرانی (مەحفوز)ەوە چونكە ئەوان وەكو پیاوێكی زۆر دیپلۆماسی لە وەڵامدانەوەدا دەیانناسی.
ئەی باشە بۆچی ئەم نووسەرەی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بوو ژیاننامەكەی خۆی لەلایەن خودی خۆیەوە نەنووسرایەوە؟
لەوەڵامدا نووسەری ئەم كتێبە دەڵێت (مەحفوز ئارەزووی خودنمایشكردنی نەبوو، زۆر رەزامەند بوو بەتەواوەتی لە ژیانی خۆی، بەڵكو هەندێك جار باوەڕی بەوە بوو ژیان زۆر لەوە زیاتری پێ بەخشیوە ئەو شایستەیەتی و ئیگۆ لای ئەو بەرز نەبوو بەڵكو ئەو ئیگۆیە بە خۆبەزل نەزانین و رۆشنفكری و بینینی رێگاكە پێچرابووەوە.)

سەرچاوە:
www.alyamamahonline.co

بابەتە پەیوەندیدارەکان