مەزڵوم کۆبانێ: نۆ شەڕڤانمان لەدەست دا

09:04 - 2023-03-18
کوردستان
359 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند، ئەو نۆ شەڕڤانەی ھەسەدە کە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی دوو ھێلیکۆپتەردا لە ھەرێمی کوردستان شەھیدبوون، سەرقاڵی پڕۆگرامێکی ھاوبەش بوون بۆ روبەڕوبونەوەی داعش.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە تویتێکدا دەڵێت، سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادەی ھەر نۆ شەھیدەکە دەکەین، ئەو قوربانییەی ئەو شەھیدانە داویانە دەبێت رێگەیەک بۆ ئێمە لە پاراستنی ئازادی گەل و خاکەکەماندا.
فەرماندەی گشتی ھەسەدە ئاماژەی بەوەشکردووە، ھێزە تایبەتەکانی دژەتیرۆر لەو رووداوەدا نۆ شەڕڤانی لەدەست دا لە نێویشایندا شەڕڤان کۆبانێ ھەبوو کە فەرماندەی یەکینەی دژەتیرۆر بوو، ھەموو شەھیدەکان لە ئەرکێکدا بوون بۆ کارێکی ھاوبەش دژی چەکدارانی داعش.
پێشتریش، ھێزەکانی سوریای دیموکرات، راگەیەنراوێکی لەبارەی کەوتنەخوارەوەی "ھێلیکۆپتەرەکانی" چەمانکێ بڵاوکردەوە و دەڵێت، چەند شەڕڤانێک لەنێو هێلیکۆپتەرەکاندا بوون و بەرەو سلێمانی دەڕۆیشتن.
ھەسەدە دەشڵێت، هێلیکۆپتەرەکان دوو دانە بوون و بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان، نۆ شەڕڤانی یەکەکانی دژەتیرۆر شەھید بوون.

#رۆژئاوای كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان