دوێنێ، ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی، پێشوازیكرد لە وەفدێكی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) و بەرەی پشتیوانیی رۆژئاوا بە سەرۆكایەتیی د.جاویدان كەمال نوێنەری پارتەكە و ئەندامێتیی د.نیكۆلا ئەشرەف و نەوزاد ساڵح لە بەرەی پشتیوانیی رۆژئاوا.
لە دیدارێكدا، د.جاویدان و ئەندامانی وەفدەكە، ئامانجی سەردانەكەیان روونكردەوە كە «گەیاندنی یاداشتی ئیمزاكراوی 33 پارتی سیاسیی باكوور و خۆرئاوای كوردستانە بۆ (چەسپاندنی ناوچەی دژەفڕین) لە خۆرئاوا، كە لەبەردەم مەترسیی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیادایە»، هەروەك باسیان لەوە كرد كە هەوڵی فراوانكردنی پشتیوانییەكە دەدەن و سەردانی هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
لای خۆیەوە، لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن، ئەو هەنگاوە نەتەوەیی و مەدەنی و دیموكراسییەی، كە بۆ چەسپاندنی ناوچەی دژەفڕین، دەستپێكراوە، بە گرنگ زانی تا فشارێكی نێودەوڵەتی مسۆگەربكرێت. وتیشی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵوێستی نەگۆڕە لە پشتیوانیكردن لە خەباتی رەوای گەلەكەمان لە رۆژئاوا، ئەوەش ئەركێكی دیموكراسی و نەتەوەیی هاوبەشە. «ئەركی میدیا نیشتمانی و دیموكراتخوازەكانیشە رووماڵی ئەم هەڵمەتە مەدەنییە و هاشتاكی ناوچەی دژەفڕین بۆ رۆژئاڤا (NoFlyZone4Rojava#)، بكەن».