تائێستا وەک ئەوەی باوە کە ئاماژە بە جەژنی نەورۆز دەکرا، هەمیشە ئەو جەژنە دەبەسترایەوە بە رۆژی سەرکەوتنی کاوەی ئاسنگەر بەسەر زوحاک و بە گوێرەی ئەفسانە مێژووییەکە قسەوباسەکە وا هاتووە کە کاوە وەک بەرگریکارێک لە خەڵک لەبەردەم ستەم و زۆرداریی زوحاکدا شۆڕشی هەڵگیرساندووە و ئاماژە و دەستپێکی شۆڕشەکەشی هەڵکردنی ئاگر بووە لەسەر چیاکان، هەندێک سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەدەن کە کردنەوەی ئاگر لەسەر چیاکان بە مانای راگەیاندنی سەرکەوتن بووە بەسەر زوحاکدا مێژووەکە دەگەڕێننەوە بۆ مێژووی سەرهەڵدانی دەوڵەتی ماد و لەوێوە بووەتە سەری ساڵی کوردی.
هەندێک سەرچاوەی دیکەش ئەو مێژووە بە جۆرێکی دیکە پێناسە دەکەن و کاوە بە کۆرشی فارس پێناسە دەکەن و گوایە ئەو لە بەرەی باپیران و خاڵوانییەوە کودەتایان بەسەر دەوڵەتی مادی کورددا کردووە و هەردوو مێژووەکەش لە سێ هەزار ساڵ تێپەڕناکات.
بەڵام دۆسێی ئەمجارە بریتییە لە توێژینەوەیەکی نوێی د.مەولود ئیبراهیم حەسەن، کە بە پشتبەستن بە چەند توێژینەوە و بەڵگەیەکی خۆرهەڵاتناسانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا، پێمان دەڵێت کە نەورۆز جەژنێکی جیهانییە و ریشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سۆمەرییەکان کە ئەوانیش هۆزێکی کوردبوون و سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ 12 هەزار ساڵ لەمەوبەر.
لە بەشێکی توێژینەوەکەدا دەڵێت: لە 100 ساڵی رابردوودا، میللەتانی دەوروبەر (عەرەب و تورک و فارس) و چەند میللەتێکی تریش زۆریان هەوڵدا سۆمەرییەکان بەلای خۆیاندا راکێشن و بیانکەن بە عەرەب و تورک و فارس، بەڵام، خۆشبەختانە دواجار زاناکان و پسپۆڕان ریشە و بنەچەی سۆمەرییەکانیان دۆزیەوە! وەک نورەدین ئەبو حسێن دەنووسێت: (راکان جیاوازبوون لەبارەی بنەچەی سۆمەرییەکان و لە کوێوە هاتوون، بەڵام زۆرن ئەو زانا شوێنەوارناسانەی بە بەڵگەی ئەرکیۆلۆژی ئەوە دەسەڵمێنن کە ئەوانە لە چیاکانی زاگرۆسی ساردەوە هاتوونەتە خوارووی میزۆپۆتامیا لە قۆناغی یەک بەدوای یەکدا و هاوتەریبی لە نێوان جەژنی دەمموز و نەورۆزدا دەکاتە نموونە کە هەردووکیان یەک رۆژن و یەک بۆنەن و لە یەک ریشەوە سەرچاوەیان گرتووە.
دۆسێ
د.مەولود ئیبراهیم حەسەن
پێشەکی:
یەکێک لە شارەزایانی مێژووی کوردستان دەنووسێت: ( کوردستان خەزنەیەکە هێشتا بە چاکی نەناسراوە!) ئەگەر ئەو مێژوونووسە بەم وتەیە رووی لە هەموو ئەوانەیە کە ئەو کوردستان نەناسینە دەیانگرێتەوە، ئەوا کورد خۆی بەشی زۆری ئەو نەناسین-ە دەیگرێتەوە! مێژوونووسانی جیهان بە کۆن و نوێیانەوە بە خۆرهەڵاتی و زۆرئاواییانەوە زۆریان لە بارەی کوردو کوردستانەوە وتووە! چاکیشیان وتووە و خراپیش؛ بەگشتی ئێمەی کوردیش نەچاک وتنەکانمان بەباشێ وەرگرتووە! نە وەڵامێکی زانستیانەشمان بۆ خراپ وتنەکان هەبووە، بۆیە دەتوانم بڵێم: مێژووی کورد زۆری لەبارەوە وتراوە و نووسراوە، ئەگەر لەنێو ئەم نووسراوانەدا بێین و بەپێی زەمەن و هەر لە کۆنەوە راست و زانستییە بەڵگەدارەکان کۆبکەینەوە و بێانهێنینەوە پاڵ یەک، ئەوا نەخشەی مێژووی کورد زۆر بەجوانی خۆی دەردەخات.
ئەو مێژووناسانەی نووسیویانە: (کوردستان لانکەی مرۆڤایەتییە – کورستان لانکەی شارستانییە) لەم راستی وتنەشیان خێریان بە کوردستان نەکردووە، بە هەوڵ و ماندووبوون و لێکۆڵێنەوەی زانستیانە بەم ئەنجامانە گەیشتوون، فەرموون بزانن بیرمەند و لێکۆڵەری ئیرانی (د.عەلی شەریعەتی) چ تاجێکی زێڕین و گرنگ و بە نرخ دەنێتە سەری کورد و دەنووسێت: (شارستانیی یۆنانی ئەویش شارستانییەکە باپیرانی کورد ئەوانەی کۆچیان کردو لەگەڵ گەیشتنیان بە یۆنان دروستیانکردووە وەک پێشتر وتمان بناغەی شارستانیی یۆنانی لەسەر شانی کورد هەڵنراوە، ئەو کوردانەی لەنێوان دوو رووباران دەژین، ئەو شوێنەی بنکەی رۆشنبیری و شارستانی و فەلسەفەی جیهانە؛ یەکەمین جێگا زانستی بیرکاری تێیدا گەشەی کرد، نێوان ئەو دوو رووبارە بوو)(1) بە خۆڕایی نییە شوێنەوارناسی گەورە (راڵف سوالکی) دەست بۆ دەرگای ئەشکەوتی شانەدەر درێژ دەکات و دەڵێت: (هەموو شارستانییەکان لە دەرگای ئەم ئەشکەوتەوە هاتوونەتە دەرەوە!)(2) هەموو ئەمانەو زۆری تر دەیسەڵمێنن کە کوردستان سەرەتایە و مێژوویەکی کۆنی هەیە بۆ ژیانی مرۆڤ و سەرهەڵدانی شارستانی، ئەم کۆنی و دەوڵەمەندی و گرنگییەی کوردستان ئەرکی لێکۆڵەری کورد زۆر و وردو گرانتر دەکات!
لێکۆڵەری کورد پێویستە بە لێکۆڵێنەوەی زانستی و وردو پشوودرێژیەکی بەردەوام گەورە و بچووک و کۆن و نوێی مێژوو و جوگرافیای کوردستان و کەلتور و شارستانییەکانی ساغ بکاتەوە و بزانێت چێ روویداوە و چی دروستکراوە و چی ئەمڕۆ ماوەتەوە خۆی بکاتە خاوەنی؛ میللەتانی پێشکەوتوو بستێک خاک و رووداوێکی مێژوویی و خشتێکی شوێنەواری و دابێکی کەلتوری وەک چاوی خۆیان دەپارێزن و شانازیی پێوە دەکەن! کەچی بەداخەوە رۆژانە لە چواردەور و لە ناوخۆشدا بەبەر چاومانەوە خاکمان داگیردەکرێت و مێژوومان دەشێوێنرێ و شوێنەوارمان تێکدەدرێت و فەرهەنگ و کەلتورمان سوکایەتییان پێدەکرێت و دەبرێن و دەشێوێنرێن!
ئەگەر واز لە هەموو کەلتورە دزراوو شیوێنراو و داگیرکراوەکانمان بهێنین؛ بەتەنیا (نەورۆز) وەربگرین، دەبینین چ بەزمێکی پێدەکرێت! لەکاتێکدا ساڵانە داگیرکەرانی وڵات لەسەروبەندی جەژنی نەورۆزدا رێ لە مرۆڤی کورد دەگرن بە ئازادی یادی نەورۆز بکاتەوە و هەستی خۆی دەرببڕێت،
گەنجەکانمان دەخەنە بەندیخانە و برینداریان دەکەن و دەیانکوژن؛ کەچی لەنێوان خۆیاندا بە توندی ململانێ لەسەر ئەوە دەکەن و هەریەکەیان نەورۆز بە هی خۆیان دەزانن!
لە ساڵی2010 دا ئێران چەند رۆژێکی پێش نەورۆز نەورۆزی بە حەرام ناساند و قەدەغەی کرد، کورد نەورۆز پیرۆز بکات، کەچی پاش چەند رۆژێک نەتەوە یەکگرتووەکان جەژنی نەورۆزی وەک (جەژنێکی جیهانی) ناساند و ریشەکەی بە ئێرانی درایە قەڵەم؛ هەر زوو پەشیمان بوونەوە و باوەشیان بۆ ئەو پیرۆزباییانە کردەوە کە سەرانی جیهان بە بۆنەی نەورۆزەوە بۆیان دەناردن و پیرۆزباییان لێدەکردن(3).
تورکیا شەڕی راگەیاندنی لەگەڵ ئێران دەستپێکرد و خۆی بە خاوەنی نەورۆز دەزانی و وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان کۆبوونەوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە جێهێشت، بەهۆی ئەوەی ریشەکەی بە ئێرانی ناوبردووە، هەموو ئەم کێشمەکێش و هەرایە کوردی لێ بێئاگابوو! لەکاتێکدا کورد لە هەمووان پتر خاوەنی نەورۆزە بەبەڵگە و بە مێژوو! ئێستاش ساڵانە لە نەورۆزدا سەرانی جیهان بە رەسمی و بە ئاشکرا پیرۆزبایی لە حکومەتی ئێران دەکەن وەک خاوەنی مێژوویی نەورۆز دەیناسێنن.
شاژنی ئورکیش یان قنیتوم لە ئاهەنگێکی خواردنەوەو گۆرانی و مۆسیقادا ، لەوەدەچی جەژنی سەری ساڵ بێت،
سەرچاوە توێژینەوەیەکی دکتۆر کۆزاد محەمەد
باپیرانی سۆمەر
ئەگەر پێشتر ئەوەمان خوێندەوە کە پسپۆڕان کوردستان بە لانکەی مرۆڤایەتی و شارستانی دەزانن، ئەوا ئەم – لانکە – یە بەردەوام مرۆڤی تێدا ژیاوە و قۆناغەکانی ژیانی تێدا بڕیووە، هەر لەراوچێتی و ئەشکەوتنشینی و کاری کشتوکاڵی و شوانکارەیی و شار دروستکردنەوە بیگرە تا دەگاتە داهێنانی ئەفسانە و ئایین و فەلسەفە و زانستەوە، هەموو زانستەکان!
کوبیکلی تەپە ..
ئەگەر بە وردی بۆ نموونە دوو شوێنی گرنگی وەک (دێرینکۆیۆ و کوبیکلی تەپ- گرێ مرازان) بیانکەین بە چەقی لێکۆڵێنەوەکەمان ، کە هەریەکە تەمەنیان بۆ10 هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، ئەوا دەبینین هەموو زانستەکان لەو رۆژگارەدا لە دروستکردنی ئەم دوو شوێنەدا بەکارهاتوون؛ گرێ مرازان کە بە گەورەترین و کۆنترین پەرستگای جیهان ناسراوە و دەکەوێتە نزیک شاری(ئورفا)ی باکووری کوردستان، وەک شوێنەوارناسی ئەڵمانی ( کلاوس شمیدت) باس دەکات و دەڵێت: (ئەگەر بەتەواوی پشکنین لەم پەرستگایەدا بکرێت، تیۆری دروستبوونی مرۆڤ گۆڕانی بەسەر دادێت) (4) کە تا ئەوکات (0.6 ٪)ی شوێنەکە پشکنینی تێدا کرابوو! زانای شوێنەوارناس (کارۆل) لە بارەی ئەم شوێنەوە دەڵێت: (بڕواناکەم ئەم شوێنە تەنیا بۆ سرووتی پەرستن بەکارهاتبێت، ئەگەر ئەمە باوەڕت بێت، سەرچێغ دەچێ و لە گرنگی کەم دەکەیتەوە. من لەو باوەڕەدام ئەم ئاواییە تەنیا جێگای پەرستن نەبووە و کاری زۆرتری تێداکراو)(5).
بەڵێ لێکۆڵەری کورد پێویستە بە دوای ئەو کارانەدا بچێت کە جگە لە پەرستن، لەم شوێنەدا کراون، کە ئەم کارانە بەرەو ئەوەمان دەبات کە بەدوای دەزگاو سازی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆری ئەوێ رۆژێدا بگەڕێین!
ئەگەر سەیری ستوونە گەورە و لووس و گرانەکان بکەین و لە وێنەکان وردبێنەوە، دەبێت بپرسین ئەم ئەندازیار و هونەرمەندانە ئەو زانست و شارەزاییەیان لە کوێ وەرگرتووە ؟ لەکاتێکدا شوێنێکی لەم شوێنە کۆنترمان نییە کە ئەم جۆرە ئەندازیاری و هونەرەی تێدا کرابێت و بێژین: بەڵێ پیاوانی ئەم کارە مەزنانە لەوێ ئەم زانست و هونەرەیان وەرگرتووە! ئەم ستوونە لووس و گەورە و گرانانە بە چ ئامێرێک ئاوا رێکخراون؟ چ کەسانێک و بە چ ئامێرێک ئاوا ئەندازەیی رایانگرتوون و توندیان کردوون؟ ئەو هونەرمەندانە کێ بوون و لەکوێ ئەم هونەرەیان بەدەستهێناوە؟ هونەری کۆڵێن و هونەری بەرز کە لە وێنەکێشانی جۆراوجۆری گیانلەبەرەکاندا بەکاریان هێناون؟ و زۆر پرسیاری تریش کە وەڵامەکەیان تائێستا نەزانراوە.
دێرینۆکیۆ
شاری ژێر زەمینی چین لەژێر چین، تا دەگاتە هەشت چین و هەندێک دەڵێن زیاتریشە، ئەم شارە ژێر زەمینییە تەمەنی 12 هەزار ساڵە، مەزەندەی ئەوە دەکرێت کە جێگای (30-50) هەزار کەسی تێدا ببێتەوە بە مەڕوماڵات و گوێدرێژ و ئەسپەوە! 15 هەزار کڵاو رۆژنەی هەواگۆڕێی تێدایە، شەست دەرگای هەیە، دەرگاکان لە دیوی ژوورەوە دادەخرێن و دەرگاکە بەردێکی خڕی یەک تۆنی و نیو تۆنیە، هیچ کەس لەدیوی دەرەوە بۆی ناکرێنەوە! لەژوورەوەی ئەم شارەدا جێگای هەموو پێویستییەکانی ژیانی ئەوێ ڕۆژێی تێدایە، تا دەگاتە پەرستگاش؛ هەربۆیە پسپۆڕان ئەم شارە بە ( شاری جنۆکەکان) ناو دەبەن.
شوێنەوارناسان دەڵێن: «ئەم شارە زۆر لە هەرەمەکانی میسر گرنگترە؛ لەبەرئەوەی تەمەنی ئەم شارە ژێرزەمینییە 12 هەزار ساڵە، بەڵام تەمەنی هەرەمەکان هەر چوار هەزار ساڵ دەبێت!(6). جگە لەوەش چەندین شوێنی تر لە کوردستان هەن کە هەموویان تەمەنیان 12 هەزار ساڵ و زیاترە وەک ( ئۆرهان تەپە – گرێ کچەڵ) و ( حەسەن کیف ) زۆری تریش کە هەموو ئەم شوێنانە پێمان دەڵێن: (ئەو شارانە بەرهەمی سەرهەڵدانی شارستانیی بەردن)(7). بە چەندین هەزار ساڵ پێش (شارستانیی قوڕ) ئەم(قوڕو بەرد)ەش بەهۆی جیاوازیی جوگرافیای شارستانیەتەکەیە، دەنا هەر ئەو مرۆڤانەن کە باپیرانی سۆمەریەکانیان پێ دەڵێن و ئەو باپیرانە بوون کە بەچەند هۆیەک لە کوردستانەوە بەرەو خوارەوە رۆیشتن و لەوێ (شارستانیی قوڕ) یان دروستکرد. کە چووونە خوارەوە کەلتورەکەی خۆیان لەگەڵ خۆیاندا برد و چەند گۆڕانکارییەکیان تێداکرد. بەپێی پێویستی ئەو جوگرافیا نوێیە. بۆنموونە : (کشتوکاڵی بارانی) یان کرد بە ( کشتوکاڵی ئاودێری) بەشێوەی بەرزی شاخەکان بۆ پەرستگا ( زەقورە) یان دروستکرد، ناوی شارە نوێکانیان بە هەمان کەلتوری کوردستان ناونا؛ بۆنموونە : (ئوربل) کە شاری هەولێری ئێستایە و پێشتر لە کوردستان بەم ناوەوە دروستیانکردبوو، هاتن شاری (ئور- و- ئورکو ئەرەک) یان دروستکرد، کە دەبینین(ئور)(8) وەک ناوی شوێن و شار لە هەردوو قۆناغدا دووبارەبۆتەوە و چەندانی تر.
دەبێت ئەوەش بزانین ئەوانەی چوونەتە خوارەوە، هەموو خەڵکەکە نەبوون کە دواتر بە (سۆمەرییەکان) ناسران، بەوهۆیەوە ئێستاش ساڵانە لەهەموو کوردستان شوێنەواری پێش چوونە خوارەوە و سەردەمی چوونە خوارەوە و دوای چوونە خوارەوەشیان دەدۆزرێنەوە.
سۆمەرییەکان و کورد.
لە 100 ساڵی رابردوو، میللەتانی دەوروبەر (عەرەب و تورک و فارس) و چەند میللەتێکی تریش زۆریان هەوڵدا سۆمەرییەکان بەلای خۆیاندا راکێشن و بیانکەن بە عەرەب و تورک و فارس، بەڵام، خۆشبەختانە دواجار زاناکان و پسپۆڕان رێشە و بنەچەی سۆمەرییەکانیان دۆزیەوە! وەک نورەدین ئەبو حسێن حسێن دەنووسێت: ( راکان جیاوازبوون لەبارەی بنەچەی سۆمەرییەکان و لە کوێوە هاتوون، بەڵام زۆرن ئەو زانا شوێنەوارناسانەی بە بەڵگەی ئەرکیۆلۆژی ئەوە دەسەڵمێنن کە ئەوانە لە چیاکانی زاگرۆسی ساردەوە هاتوونەتە خوارووی میزۆپۆتامیا لە قۆناغی یەک بەدوای یەکدا.
زانای شوێنەوارناس د. بەهنام ئەبوسوف دەڵێت: «سۆمەرییەکان لە دەرەوەی وڵاتی دووڕووبارانەوە نەهاتوون، بەڵکو ئەو میللەتە لە سۆبارتوو بوون، لە رۆژگارێکدا هاتوونەتە خوارەوە و شارستانییەکەیان لەگەڵ خۆیان گواستۆتەوە)(9)، ئەوەی راکەی د.بەهنام ئەبوسوف دەیسەڵمێنێت کە دروستکردنی شارستانییەکی پێشکەوتوو و داهێنانی نووسین لەلایەن سۆمەرییەکانەوە، ئەوە دەسەلمێنێت کە سۆمەرییەکان پێش ئەوەی بچنە خوارەوە، بنەمای شارستانییەکی پێشکەوتوویان هەبووە، ئەوەش جارێکی تر ئەوە دەسەڵمێنێت کە سۆمەرییەکان بەشێک بوون لە پێشینەی کوردەکانی زاگرۆس، پاشماوە شوێنەوارییە دۆزراوەکانی کوردستان، ئەوە دەسەلمێنن کە کوردستان لانکەی شارستانیی یەکەمی هەموو مرۆڤایەتییە.
زانای ئەمریکایی پڕۆفیسۆر ڕۆبەرت .گ. براید وود دەنووسێت: «ژیان لەراوچێتییەوە بۆ شارستانی و جێگیر بوون ، دوای ئەوە هات کە لە کوردستان کشتوکاڵ و پیشەسازی دۆزرایەوە و پێشەکەوت و ماڵیکردنی گیانلەبەری کێوی و بە جێهێشتنی ئەشکەوت و ژیان لە ماڵێکدا دەرکەوت کە کەرەستەی پێشکەوتووی کشتوکاڵی تێدا دۆزرایەوە، لەکاتێکدا ئەوکاتە خاکی خواروو لەژێر ئاودابوو، لوتکەی چیاکان پڕبوون لە جووڵەی ژیانێکی چالاک، ئەوەی کە ئەمە دەسەڵمێنێت، دۆزینەوەی پاشماوە دێرینەکانە، ئەوەی لە ئەشکەوتەکانی (بێستوون) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆزراونەتەوە و تەمەنیان (100) هەزار ساڵە، لە ( شانەدەر) لە (ئاکرێ) و(چەرمو) لە باشووری کوردستان و ئەشکەوتی (جایۆنو) لە باکووری کورستان و ئەشکەوتی (دوودەری) لە رۆژئاوای کوردستان، هەموو ئەوانە و زۆری تریش بۆ دەیان هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێنەوە»(10).
ئەو مرۆڤانەی کە لە (100) هەزار ساڵ لەوەوپێشەوە لە کوردستان بوون، بە بەردەوامی، هەر ئەوانیش لەسەروبەندی (12) هەزار ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ سەرهەڵدانی کشتوکاڵ شارستانیی بەردیشیان داهێناو بەردەوامبوون لە بەرەوپێشبردنی شارستانییەکەیان، هەر ئەوانەن باپیرانی سۆمەرییەکان و کوردبوون کە بەشێکیشیان دەچنە خوارەوەی دوو رووباران، لەوێ بەردەوام دەبن و دەیان داهێنان دەکەن و زۆر پێشکەوتوو دەبن، کە تائێستا مرۆڤایەتی شانازییان پێوە دەکات. خاوەنی ئەو پێشکەوتنە باپیرانی ئەو گروپە بوون کە دواجار بە(سۆمەری) ناسراون.
سۆمەر و زەگمەک
ئەو سۆمەرییانە وەک زاناکان دەڵێن: کە هاتوونەتە خوارەوە شارستانییەکەی خۆشیان لەگەڵ خۆیان هێناوە، لەنێو ئەو شارستانییەدا زمان و کەلتور و داب و نەریت و ئایینەکەشیان هاتووە؛ کەلتورێکی گرنگیان هەبووە کە جەژنی سەری ساڵ و ژیانەوەی دەمموزی بووە، ئەو جەژنە لە رۆژی یەکەمی ساڵی نوێی سۆمەرییەکان بووە.
جەژنی زەگمەک، ئەو جەژنە پەیوەست بوو بە گۆڕانی سروشت و هاتنی بەهار و خوێندنەوەی فەلەک و هاوتابوونی شەو و رۆژ لە کوردستان و زیندوبوونەوەی (دەمموزی) و رێوڕەسمی پێشوازی و دەربڕینی خۆشی و شادی بەهۆی زیندووبوونەوەی دەمموزی.
دەمموزی خوداوەندی (گیا و سەوزایی و مەڕوماڵات) ، هەر بۆیە ئەم جەژنە کۆنترین و گەورەترین و پیرۆزترین جەژنی ئەو سەردەمانە بوو، لە کۆتاییەکانی سەدەی (19) زانای شوێنەوارناس (هینری لایەرد) تابلۆیەکی بازنەیی دۆزییەوە، باوەر وابوو کە هی شای ئاشووری (ئاشوور پانیباڵ)ە، بەڵام بەهۆی شیکردنەوەی تیشکی بە کۆمپیوتەر، ئەوە سەلمێنرا کە گونجاوە لەگەڵ سەقای ئاسمانی وڵاتی دوو رووباران و سەلمێنرا کە سەربە شارستایی سۆمەرە.
ئەو تابلۆیە بۆ ماوەی (150) ساڵ مایەی سەرسامیی زاناکان بوو؛ تا لە ساڵی (2008) زاناکان بە پشتبەستن بە ئامیری تابلۆیی، بۆیان دەرکەوت کە ئەو نووسراوەی لەسەر ئەو بەردە بازنەییەیە، بریتییە لە لێکۆڵێنەوەیەکی پێشکەوتووی ئەستێرەکانی ئاسمان، لەگەڵ تێبینی سۆمەرییەکان و کاریگەریی بەریەککەوتنی بچووکە مانگ لە ناوچەی (کۆفیلس) لە نەمسا.
دەرکەوت ئەم تابلۆ بازنەییە (یەکەمین ئیسترلاب) ە لە مێژوودا، ئێستا ئەو تابلۆ بازنەییە لە موزەخانەی بەریتانی بە ژمارەی ( ک8538)(11) بە ناوی (نەخشەی ئەستێرەی سۆمەرییەکان) ناسراوە و پارێزراوە. ئەو تابلۆیە ئەوە دەسەلمێنێت کە سۆمەرییەکان زانستێکی فەلەکناسیی ئاڵۆزیان هەبووە. دیارە هەر ئەو زانستە فەلەکناسیەشە کە توانیوێتی (رۆژی هاوتابوونی شەو و رۆژ) لە کوردستان بکات بە جەژنی سەری ساڵی سۆمەرییەکان بە ناوی (زەگمەک) کە ئێستا ئێمە و جیهان بە ناوی – نەورۆز – دەیناسین!
دەمموز و نەورۆز
تا ئێستا بۆمان دەرکەوت کە ژیان لە کوردستان مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و ئەو مێژووەش هۆی دروستبوونی سەرهەڵدانی کشتوکاڵ و گوند و شارە، لە (12) هەزار ساڵ بەرلەمڕۆوە لەم کوردستانەی خۆشمان بە بیر و کاری مرۆڤەکانی ئەو وەختە شارستانیی بەرد سەریهەڵداوە و لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان، بەشێک لەو مرۆڤانەی کوردستان چوونەتە خوارەوە و لەوێ شارستانیی قوڕیان دروستکردووە. هەر لەو کاتەش ئەو مرۆڤانە بە (سۆمەر) ناسراون، وەک پێشتر وتمان ئەو مرۆڤانەی کە لە کوردستان و باکووری دوو رووباران چوونەتە خوارەوە، پێشینەی شارستانییەکی پێشکەوتوویان هەبووە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە، لەنێو ئەم شارستانییەدا ئایین و کەلتوریش هەبووە ، لەنێو ئەم کەلتور و ئایینەشدا (جەژنی زەگمەک) هەبووە، ئەو جەژنە پەیوەستبووە بە زیندووبوونەوەی دەمموزی لەو رۆژەدا.
تابلۆیەکە سێ چینی سۆمەرییەکان دەردەخات، چینی خوداوەنان، چینی دەسەڵات، چینی رەشە خەڵکەکە
زانای سۆمەرناس (جۆرج کەدەر) رای وایە زەمەنی (داستانی دەمموز و عەشتار).
بە رای هەندێک لە لێکۆڵەران دەمموزی یەکێکە لە زنجیرە پاشاکانی سۆمەر، پێش ئەوەی بە ناوی (سەردەمی لافاو) ناوبندرێ، جۆرج کەدەر هۆکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، سەردەمی دەمموزی پاشا گەشانەوە و هات و بەرەکەت و هەرزانی بووە، هەر بۆیە لە ئەفسانەی (بەرەکەتی پیرۆز)(12) ناوی بە زیندووێتی ماوەتەوە، ئەو زەمەنەش هاوکاتە لەگەڵ زەمەنی سەرهەڵدانی کشتوکاڵ واتە (12) هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ.
هەر بەهۆی ئەوەی دەمموزی ئەو سەردەمە وەک خوداوەندێک ناسراوە، بۆیە رۆژی زیندووبوونەوەی کە هاوکات بووە لەگەڵ سەرەتای بەهار ئەو رۆژە زۆر پیرۆز بووە و کراوە بە جەژن، جەژنێکی سروشتی ئایینی فەلەکی و کەلتوری و ئەفسانەیی، هەموو ئەمانەش لای خەڵکەکە نرخ و گرنگی و پیرۆزیی خۆیان هەبووە، هەر بەو بۆنەیەوە رۆژەکە کە دەکاتە رۆژی یەکەمی مانگی یەکەمی ساڵی نوێی سۆمەری، کراوە بە سەرەتای ساڵنامەی سۆمەرییەکان (13). ئەو رۆژە پیرۆزە کراوە بە جەژنی زیندووبوونەوەی دەمموزی خوداوەند و ژیانەوەی سروشت و هاتنی بەهار و کۆتایی بەفرو ساردی، ئەمەش وایکردووە لە شەوی یەکەمی ئەم رۆژەدا ئاگرێکی گەورە و مەزن بکرێتەوە و وەک راگەیاندنی هاتنی جەژن و زیندووبوونەوەی دەمموزی و دەستپێکردنی جەژن؛ هەموو ئەو هۆیانەی کە باسمان کرد، وایکردووە جەژنی زیندووبوونەوەی دەمموزی خوداوەند ( زەگمەک - نەورۆز) گەورەترین و پیرۆزترین جەژنی خەڵکەکە بێت و ئەم گەورەیی و پیرۆزییەش هۆیەکی تری بەردەوامی ئەم جەژنەیە تا دەگاتە رۆژگاری ئەمڕۆمان.
بە جیهانیبوونی جەژنی زەگمەک و نەورۆز
نەورۆز وەک جەژنی زەگمەکی کۆنی باپیرانی سۆمەرییەکان، لەسەردەمی کشتوکاڵی یەکەم واتە (10) هەزار ساڵ بەرلە زایین سەریهەڵداوە و لەگەڵ رۆژگار دێتە پێشەوە، تا دەگاتە سەردەمی پەیدابوونی نووسین لە سەردەستی سۆمەرییەکان لە (3200) ساڵ پێش زایین، پاش پەیدابوونی نووسین، ئیتر داب و دەستووری نەورۆز لە باری زارەکی و سێنە بەسێنەییەوە دەچێتە قۆناغی نووسینەوە، سۆمەرییەکان پاش ئەوەی نووسینیان لە قۆناغی نوێیان، واتە خوارەوەی دوو رووباران گەیاندە سەردەمی نووسینەوەی کەلتوەرە دەوڵەمەندەکەی خۆیان، دەستیان بە نووسینەوەی داستان و ئەفسانە و پەند و ئەدەب و کاروباری رۆژانەی خۆیان کرد؛ لەنێو ئەم نووسینانەدا (داستانی دەمموز و عەشتار) گرنگییەکی زۆری پێدرا، خۆشبەختانەش ئەو داستانە (جەژنی زەگمەک – نەورۆز) ی بەتەواوی روونکردەوە و هەموان تێگەیشتن جەژنی نەورۆز – زەگمەگ چییە و کەی پەیدابووە؟
ئەو جەژنە گرنگ و کۆن و مەزنە، وەک گەورەترین جەژنی سۆمەرییەکان و هەموو مێژوو، دواجار هەر لە سنووری دەسەڵات و زەمەنی سۆمەردا نەمایەوە، هەر زوو بە چواردەوردا بڵاوبۆوە، هەر لە سەردەمی سۆمەر گەیشتە میللەتانی دەوروبەر وەک میسر لە سەردەمی فیرعەونەکان و یۆنان و هیند و... هتد.
جۆرج کەدەر دەنووسێت: (تەمموز لە ناولێنانە سۆمەرییەکەی واتە (کوڕی ئاوی مەزن) هەربۆیە لەنێو شارستانییە جیاجیاکاندا ناوی جیاجیای وەرگرت، خۆی دێموزی سۆمەرییە، تەمموزی بابیلییە، ئەدۆنیسی ئەغریقی و ئادونی فینیقی و هەروەها ئەدۆنیس لە شارستانیی ئۆگاریتی)(14) . ئەمەش مانای وایە داستانی دەمموز و عەشتار ئاوا زۆر بڵاوبۆتەوە، کە داستانەکە گەیشتۆتە ئەم میللەت و وڵاتانە، کەواتە جەژنی زەگمەک- نەرۆزیش گەیشتووە و پیرۆز کراوە. ئەو داستانە کە بە ناوی دەمموزیە، دیسان هەر ئەو داستانە بە ناوی عەشتاریش زۆر بڵاوبۆتەوە، ئەوەتا لە یۆنان بە ناوی ئەفرۆدێت و لە ئێرانی کۆن بەناوی ئەنا هێتا بڵاوبۆتەوە، دواجار ئەم داستانە– عەشتار و دەمموزی – بەهەر ناوێک و لەهەر وڵاتێک و لەنێو هەر میللەتێکدا بڵاوبووبێتەوە، جەژنی زەگمەک- نەورۆز رووکارەکی و نەریتە بەردەوامەکەی بووە. ئەمە هەمووی لە پێش زایین بووە و ناوەکەشی واتە لە زەگمەکەوە گۆڕاوە بۆ ئەکیتۆ و بۆ نەورۆزی بابیلی و لە ئێرانی کۆنیش: ( ناوی نەورۆز بە شێوەی نەوا سەرد واتە ساڵێ نو ناویان دەهێنا.
خەڵکی ئێرانی ئاسیای ناوەڕاست ئەوانیش لە سەردەمی سەغدیان و خوارزمشاهیەکان نەورۆزیان بە نو سارد و نو سارجی بە واتای ساڵی نو ناودەبرد)(15). لە سەردەمی ساسانیەکانیش بە نوک رۆژ و نوک رۆج ناوداربوو. تا دەگاتە سەردەمی عەرەب و ئیسلام، ئەوانیش بە - نیروز و نوروز- باسیان کردووە.
ئەمانە هەمووی بۆمان دەسەلمێنن کە نەورۆز هەر زوو بە دنیادا بڵاوبۆتەوە، شارستانیی سۆمەرییەکان کاریگەریی لەسەر زۆر وڵات و میللەت هەبووە، لەوێشەوە جارێکی تر نەورۆز گەیشتۆتە ئەکەدی و بابلی و ئاشوورییەکان کە دەتوانین بڵێین: ئەم میللەتانە لەسەر شارستانیی سۆمەرییەکان پێگەیشتن. بۆ نموونە زمان و خەتی سۆمەری بۆ ماوەیەکی زۆر زمان و خەتی نووسینی ئەکەدی و بابیلی و ئاشووری بووە، ئەوە جگە لە ئایین و پیشە و جۆری حکوم کردنیان. هەروەها میللەتانی گوتی و ئیلامی و میتانی و لولوو حثی و هەموو ئەوانەی دواجار دێنەوە نێو مێژووی پێگەیشتنی کورد، نەورۆزیان وەک جەژن و سەری ساڵ بۆ خۆیان یادکردۆتەوە و بەرز رایانگرتووە.
ئەم زوو بڵاوبوونەوەیەی نەورۆز و بەردەوام بڵاوبوونەوەی لە پاش زایینیش، بەردوام بوو. ئێستا میللەتانێکی زۆر مێژووییەکی دوورو درێژیان لەگەڵ ئەو جەژنەدا هەیە، هەربۆیە هەموو وڵات و میللەتێک مافی خۆیەتی ئەو جەژنە بە هی خۆی بزانێت، بۆ نموونە لە سەردەمی ساسانییەکان و بە روونی لە سەردەمی (ئەردەشێری بابکان) پاشای یەکەمی ساسانییەکان، لەساڵی(230)ی زایینی کە لە شەڕێکدا بەسەر پاشای یۆناندا سەرکەوت، لە فەرمانی سەرکەوتنەکەدا چەند خاڵێکی لەسەر پاشای یۆنان کرد بە ماڵ، یەک لەو خاڵانە پێویستبوو ساڵانە شاو میللەتی یۆنان یادی جەژنی نەورۆز بکەنەوە (16) تا دواجار لە ساڵی (2010) کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رەسمی نەورۆزیان کرد بە جەژنێکی جیهانی بە پێناسەی –کەلتوری ئاشتی گەلان-، لەو رۆژەوە ساڵانە نەتەوە یەکگرتووەکان و تەواوی وڵاتە مەزنەکان بە رەسمی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە ئێران دەکەن و هەندێک جار لە کوردیش! (17) لەکاتێکدا وەک توێژەر (سەلیم مەتەڕ) دەنووسێت: (هەموو ساڵێک لە 21ی ئازار، باپیرانمان بەردەوام لە (سۆمەر و ئاشوور و بابل) ئاهەنگیان گێڕاوە بۆ ماوەی سێ هەزار ساڵ پێش ئەوەی (ئەخمینیەکان) بابل داگیربکەن و لەساڵی 539ی پ.ز و نەورۆز بکەن بە هی خۆیان!)(18)
ئیتر ئێستا نەورۆز بەو تەمەنی (12) هەزار ساڵییەوە لە هەموو جیهاندا بە کۆنترین جەژن ناسراوە و ساڵانە وڵاتان و میللەتانی جیاجیا هەریەکە و بە شێوەی خۆی، بەڵام هەموویان لە یەک رۆژدا ئەویش رۆژی یەکەمی ساڵێ نوێی(سۆمەری- کوردی) ە کە دەکەوێتە بەرامبەر 21/3 - ی ساڵی زایینی ئاهەنگی تێدادەگێڕن.
هەر بەو هۆیەوەشەوە هەموان مافی ئەوەیان هەیە نەورۆز بە هی خۆیان بزانن، بەڵام ئەو راستییە هەیە کە جەژنی نەورۆز هەر لەسەرەتاوە لە کوردستان سەریهەڵداوە و هەر لەکوردستانیشەوە بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە(19).
ئێستا دەرکەوت کە سۆمەرییەکان نەوەی ئەوانەن کە لە مێژووی کودستاندا پێیان دەڵێن: باپیرانی سۆمەرییەکان، ئەو باپیرانە لەو لانکەی مرۆڤایەتییەوە دەستپێدەکات کە مرۆڤەکان لە دارستانەوە روویانکردە ئەشەکەوت و پاش دەیان هەزار ساڵ لە ئەشکەوت هاتنە دەرەوە و گوندیان دروستکرد، دواتر شار و شارستانی، ئەمەش هەمووی بەڵگەی مێژوویی و شوێنەواری و زانستی هەیە لەکوردستان، کەواتە سۆمەرییەکان نەوەی شێر حەلالی باپیرە کوردستانییەکانیان و کوردن! ئەمەش بەرلەوەی لێکۆڵەرانی کورد ئەم راستییە مێژووییە بزانن؛ بیانییەکان پسپۆڕ و زانا و مێژووناس و شوێنەوارناسەکان هەتا دەگاتە پسپۆڕانی عەرەب و فارس و تورکیش، کە پێشتر دەوڵەت و دەسەڵاتدار و هەندێک پسپۆڕ خەریکبوون مێژووی سۆمەرییەکان پشێوێنن و بە دڵی دەسەڵاتدارەکان پێناسەیان بۆ دروست بکەن، بەڵام ئێستا زۆربەی سۆمەرناس و شارەزایانی مێژووی کۆن دان بەو راستییەدا دەنێن و سۆمەرییەکان بە خەڵکی دوو رووباران و چیاکانی زاگرۆس و کوردستان دەزانن، جگەلەوە لێکۆڵێنەوە زمانەوانی و فەرهەنگیەکانیش پشتگیریی ئەو رایە دەکەن کە سۆمەرییەکان بەشێکن لە مێژووی کورد.
هنری فارنکفۆرد: لە ساڵی 1932 لە حەزەر سەرپەرشتی هەڵکۆڵێنی دەکرد، رێکەوت شەوی نەورۆز کرێکارەکانی کە کوردی ئێزدی بوون نمایشیکی کەلتوری شەوی نەورۆز پێشکەش دەکەن، ئەو شوێنەوارناسە سەرنجی نمایشەکە دەدات و توێژینەوەی لەسەر دەکات، دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئەوەی کوردەکان لەیادی نەورۆزدا دەیکەن، هەمان شتە کە سۆمەرییەکان لە جەژنی زەگمەک دەیانکرد، هەربۆیە ناو لە توێژینەوەکەی دەنێت (سرووتە دەمموزییەکان لە کوردستان)(20) و لە توێژینەوەکەدا دەنووسێت: «ئەوەی ئێستا کوردەکان لە نەورۆزدا دەیکەن، هەمان شتە کە سۆمەرییەکان لە جەژنی زەگمەکدا دەیانکرد، لە تەواوی توێژینەوەکەدا زۆر نموونەی وەک یەک و پێکچوو لەگەڵ داستانی دەمموز و عەشتار بە بەڵگە دەهێنێتەوە).
ئێستا ئەگەر داستانی دەمموزی داستانێکی سۆمەرییە، سۆمەرییەکانیش بەشێکن لە پێکهاتەی کورد، ئەوا زمانی سۆمەریش بەشێکە لە زمانی کوردی».
یەكێک لە مێژوونووسەکان دەنووسێت: «ئەوانەی دەقە سۆمەرییەکان وەردەگێڕن، ناتوانن بە تەواوی وەریبگێڕن، چونکە زمانی کوردی نازانن»(21)
کوردە سۆمەرناسەکان بە توێژینەوەکانیاندا پەیوەندیی زۆریان دۆزیوەتەوە لە نێوان زمانی سومەری و کوردیدا و هەشن بە یەک زمانیان دەزانن».
دەکرێت سۆمەرییەکان وەک هۆزێکی گەورەی کوردی پێش مێژوو بناسین، چۆن لە دوای سومەر زۆر هۆزی تری کورد دەرکەوتن و خاوەنی مێژوو شارستانیی خۆیانن، بۆ نموونە گوتییەکان و ئیلامییەکان، لولوەکان و میتانییەکان و حثیەکان و میدییەکان و... هتد. ئەو هۆزانەی پێش مێژوو رێشەیان لەنێو هۆزەکانی کورددا هەیە کە پاش زایین چەندین دەوڵەت و ئەمارەت و دەسەڵاتیان دروستکرد.
گرنگیی نەورۆز بۆ کورد
لە مێژوودا هیچ رووداوێک و بۆنە و جەژنێک هێندەی نەورۆز روون و پڕ لە زانیاری نییە! جگەلەوەی کە زۆر کۆنە، وەک د. کۆزاد محەمەد ئەحمەد دەنووسێت: «باوەڕ وایە کە رێشەی نەورۆز بۆ سەردەمە زۆر کۆنەکان دەگەڕیتەوە)(22)، هەربۆیە دەسەڵات و میللەتان و پاشاکانی دواتر هەمیشە بەردەوام بە گەورەیی و بە پیرۆزی و بە رەسمی پێشوازییان لە جەژنی نەورۆز کردووە و لە بەڵگە نووسراوە کۆنەکاندا باسیانکراوە.
ئێستا نەورۆز بە تەواوی و بە فەرمانی ناوەندێکی گرنگی جیهانی کە (نەتەوە یەکگرتووەکان)ە، بووە بە جەژنێکی جیهانی، ئەم جیهانیبوونەی نەورۆز، رێگای ئەوە بۆ کورد خۆش دەکات کە کوردستان بکات بە (ناوەندی نەورۆزی جیهانی) و بەو ناوەندەوە پەیوەندیی کەلتوری و ئەدەبی و هونەری سینەمایی و وەرزشی لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەدا ببەستێت و ساڵانە فێستیڤاڵی گەورە و نێونەتەوەیی بۆ بگێڕرێت و (خەڵاتی نەورۆزیی) تێدا بە سەرکەوتووەکان ببەخشرێت.
دیسان سەرۆکایەتی کوردستان پیرۆزبایی لە هەموو جیهان بکات بەبۆنەی نەورۆز و پیرۆزبایی تایبەتیش لەو وڵاتانە بکات کە لەپێش زایینەوە ساڵانە جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکەن و جیهانیش پیرۆزبایی لە میللەتی کوردستان و سەرۆکایەتییەکانی حکومەتی کوردستان بکەن.
نووسراوێکی بزماری داستانی دەمموزی
گرنگیی ساڵنامەی نەورۆزیی
ئێستا ئەم راستییە مێژووییانە لە بارەی نەورۆزەوە روون بۆوە:
یەکەم: نەورۆز لە کوردستان سەریهەڵداوە و هەر لە کوردستانیشەوە بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە.
دووەم: جەژنی نەورۆز هەر لە سەرەتاوە رۆژەکەی 1/1 ساڵی نوێی - سۆمەری – کوردی - دیاربووە و هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە و هیچ جەژنێکی کۆن ئاوا رۆژەکەی جێگیر و ناسراو و بڕواپێکراو و جیهانی نییە.
سێیەم: مێژووەکەی (12) هەزار ساڵە بەپێی زانستی شوێنەوارناسیی سەرهەڵدانی کشتوکاڵ یەکەم جار.
چوارەم : نەورۆز پێش زاین و دوای زاینیش جەژنێکی جیهانی بووە، بەتایبەتی کە ساڵی 2010 ی زاینی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بە رەسمی کردی بە جەژنێکی جیهانی وەک (کەلتوری ئاشتیی گەلان).
پێنجەم: ئێستا کۆنترین و گەورەترین و بەردەوامترین و بڵاوترین جەژنی جیهانە.
شەشەم: نەورۆز و کوردستان و مێژووەکەی زۆر لەگەڵ تیۆری (د. سیزارە ئیملیانی) و هاوڕاکانی دەگونجێت، کە داوای ساڵنامەی 12 هەزار ساڵەیی دەکەن.
حەوتەم: هیچ میللەت و وڵاتێک بۆ خاوەندارێتی نەورۆز هێندەی کورد و کوردستان بەڵگەیی مێژوویی و شوینەواری لە دەست دا نییە .
هەشتەم : تا ئێستا جەژنی نەورۆز بەم تەمەنی 12 هەزار ساڵەیەوە لە هەموو ساڵنامە ناسراوو پێشنیازکراوەکانی تری کوردستان و جیهان کۆنترو بەڵگەدارترە.
گێڕانەوەی نەورۆزی دزراو
لە ساڵی 2010 کە نەتەوەیەکگرتووەکان جەژنی نەورۆزی وەک جەژنێکی جیهانی راگەیاند و رێشەکەی بە ئێرانی ناساند، من لە توێژینەوەیەکدا ساڵی 2010 دا بە ناونیشانی (نەورۆز هەر لە سەرەتاوە لە کوردستان سەریهەڵداوە و هەر لەکوردستانیشەوە بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە)(23) بڵاوکردەوە، لەو رۆژەوە بەردەوام توێژینەوە دەکەم و لەهەر توێژینەوەیەکی نوێدا بەڵگەی نوێتر بۆ کۆنی و کوردستانیبوونی نەورۆز دەدۆزمەوە، تا دواجار گەیشتمە ئەوەی کە شوێنی یەکەمی سەرهەڵدانی نەورۆز شاری (دێرینکۆیۆ)ی باکووری کوردستانە و تەمەنیشی نەورۆز 12 هەزار ساڵە (24)، بە پشت بەستن بەو هەموو بەڵگانەی کە جەژنی نەورۆز بە جەژنی دوو رووباران و کوردستان دەزانن، بە پشتگیریی تیوری (د. سیزارە ئیمیلیانی) و هاوڕێکانی کە پێیانوایە ساڵنامەی زایینی بەشی گرتنەخۆی قۆناغە گرنگەکان و رووداوە مێژووییە گەورەکان ناکات، هەروەها ئەرکی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە هەوڵی گێڕانەوەی ئەم نەورۆزە دزراوە بدات، بەم شێوەیەی خوارەوە :
1-بەستنی کۆنفرانسێکی زانستی و بانگهێشتکردنی پسپۆڕانی کورد و بیانی و ئەو بەڕێزانەی بە توێژینەوەی زانستی نەورۆز بە جەژنی کوردستان و دوو رووباران دەزانن و دەتوانن بیسەڵمێنن، ئەم کۆنفرانسە ئەنجامەکەی ئەوە بێت کە نەورۆز تەمەنی لە (3000) ساڵ پترە و ریشەکە لە سەردەمی باپیرانی سۆمەرە و بۆ داستانی دەمموزی و عەشتار دەگەڕێتەوە، کە تەمەنی ئەو داستانە بۆ زەمەنی سەرهەڵدانی کشتوکاڵ دەگەڕیتەوە و تەمەنەکەی دەکاتە 12 هەزار ساڵ.(25)
2-پێکهێنانی لیژنەیەکی یاسایی دیپلۆماسی بە فەرمانی پەرلەمان و بە پشتبەستن بە خاڵی یەکەم داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان بکات چاو بەم بڕیارەدا بخشێنێتەوە و هەڵەکەی خۆی لەبارەی – ریشەو مێژووی نەورۆز-ەوە راست بکاتەوە(26).
3- ئەو لیژنە یاسایی و دیپلۆماسیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکات کە دان بە (ساڵنامەی نەورۆزیی – ساڵنامەی هۆلۆسین)دا بنێت و وەک ساڵنامەیەکی جیهانی قبوڵی بکات.
4-حکومەتی هەرێم سوێند خواردنی ئەندام و پێکهێنانی حکومەتەکەی بخاتە رۆژی نەورۆز و پەرلەمان کار بە ساڵنامەی نەورۆزیی بکات.
5- ئەو لیژنە سیاسی دیپلۆماسییە لەگەڵ لیژنە مێژووییەکەی نەورۆز پەیوەندیی بەو وڵاتانەوە بکات کە هەر لە کۆنەوە رێز لە جەژنی نەورۆز دەگرن، ئەوانیش ساڵنامەی نەورۆزیی خۆیان هەبێت(27).
6- ئەگەر لەم هەوڵەمان دا سەربکەوین، کوردستان بە رەسمی و پشتگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێتە یەکەمین وڵات کە خاوەنی کۆنترین و گەورەترین جەژنی جیهانییە و هەر ئەو جەژنەش بووە بە جیهانی.
سەرنج و تێبینی:
بۆ ئەوەی باری ئەم لێکۆڵینەوەیە گران نەکەم، لە نووسینەکەدا ناوی زانا و لێکۆڵەر و نووسەرەکانم نووسیوە، ناوی سەرچاوەکان نانووسم و لە بەردەستدان.
1-من لە دوو توێژینەوەی تردا بە ناونیشانی (جیهان بەرەو (ساڵنامەی هۆلۆسین)0/0/12021، دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
20 دێرینکۆیۆ لە نێوان جیهانی ژێرەوەی داستانی دەمموزی و بەهه شتی ژێرزەمینی جەمشیددا دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن – ئەوەم ڕوونکردوتەوە کە دێرینکۆیۆ شوێنی هاتنەوەسەر دنیای دەمووزییە. ن-
3-نەوتەوە یەکگرتووەکان پێشتر ئەگەر هەستی بەوە کردبێت بڕیارێکی هەڵەی داوە ، دواتر کە ڕاستیەکەی بۆ ڕوون بووەتەوە ، هەڵەکەی خۆی ڕاست کردووتەوە ، کوردیش دەتوانی بە بەڵگە بیسەمێنی کە نەورۆز لە کوردستان سەری هەڵداوەو تەمەنیشی دوازدە هەزار ساڵە و ڕێشەکەی ئێرانی نیەو کوردستانیە ، ئەوا هەڵەکە ڕاست دەکرێتەوەو ماف بۆ خاوەنی دەگەڕێتەوە.