له برى ئەوەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان پاکانە بۆ دەسەڵات بکات، وا باشترە پەنجە لەسەر برینەکان دابنێن و چارەسەری بکەن

07:14 - 2023-03-23
کوردستان
216 جار خوێندراوەتەوە

سەبارەت بە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لە 21ی 3ی 2023 هاوکات لەگەڵ نەورۆز دەریکردووە، تیایدا باسی رەوشی مافی مرۆڤ دەکات لە هەرێمی کوردستان، ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری ناوەڕۆکی راپۆرتەکە دەکەین کە 100٪ باس لە واقیعی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات، لەبەرئەوەی بەداخەوە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە و رۆژ بە رۆژ پێشێلکارییەکان زیاتر دەبێت.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان کە ئێستا رۆڵی پارێزەری دەسەڵات دەبینێت و لە تایبەتمەندی خۆی لایداوە، باشتر وایە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان پەنجە لەسەر برینەکان دابنێن و چارەسەری پێشیلکارییەکانی مافی مرۆڤ بکەن، نەک رۆژ بە رۆژ بەیاننامە دژی هەرێمی کوردستان دەربچێت و ئەوانیش وەک پارێزەری بەرگریکار لە حکومەت تەنها کاریان ئەوەبێت وەڵامی بەیاننامەکانی دژی حکومەت بدەنەوە و پاکانەیان بۆ بکەن، کە بە بڕوای ئێمە عاقیبەتی خێر نابێت.

چارەسەری کێشەکان ئەوەندە زەحمەت نین، تەنها واز لە دەستوەردان لە کاروباری ئەنجومەنی دادوەری بهێنن و با تەنها دادگا رۆڵی دادگا ببینێت نەک لایەنی تر رۆڵی دادگا ببینن و دانانی دادوەرە بەڕێزەکان لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێت نەک لەسەر بنەمای حیزبی، دڵنیاتان دەکەینەوە رەوشی مافی مرۆڤ زۆر باش دەبێت و وڵاتمان ئەوپەڕی دیموکراسی و ئازادی تیایدا بەرقەرار دەبێت. (اذا فسد القضاء، فسدت الامة).

بەشدار حەسەن
23ى 3ى 2023

بابەتە پەیوەندیدارەکان