سەرۆكایەتیی كۆمار: پێویستە رێز لە سەروەریی عیراق بگیرێت

09:23 - 2022-04-20
عیراق
707 جار خوێندراوەتەوە

لە بەیاننامەیەكدا، وتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆمار، رایدەگەیەنێت: بە نیگەرانییەكی زۆرەوە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەكانی سوپای توركیا لە نێو خاكی عیراق و لە هەرێمی كوردستان بە پێشێلكردنی سەروەریی عیراق و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی عیراق دەزانین.
لە بەیاننامەكەدا، هاتووە: دووبارەبوونەوەی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بەبێ هەماهەنگییە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا، پێشتریش داوای راگرتن و گفتوگۆ و هەماهەنگی كراوە، بە هیچ جۆرێكیش قبووڵ نییە و جەختدەكەینەوە لە پتەوكردنی پەیوەندییەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و چارەسەركردنی كێشە ئەمنییەكان، رێوشوێنی ئەمنیی تاكلایەنەش بۆ چارەسەركردنی كێشە ئەمنییە هەڵپەسیردراوەكان، كارێكی رەتكراوەیە و پێویستە رێز لە سەروەریی عیراق بگیرێت.
بەیاننامەكە ئاماژە بەوەش دەكات كە بڕیاری رەسمیی دەوڵەتی عیراق و سیاسەتی دەرەوە، بەو شێوەیەیە كە نابێت خاكی عیراق بكرێتە گۆڕەپانی ململانێ و یەكلاكردنەوەی كێشەكانی لایەنەكانی دیكە، كە ئەوە دەستدرێژیكردنەسەر سەروەریی عیراق و هەڕەشەكردنە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی، هەروەك رەتیدەكاتەوە ببێتە سەكۆیەك بۆ هەڕەشەكردن لە دژی دراوسێكانی.
راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوە
هەروەها، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق، لە راگەیەنراوێكدا، بەتوندی ئیدانەی لەشكركێشیی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكات.
راگەیەنراوەكە، تەئكیددەكاتەوە كە «عیراق؛ لەشكركێشیی سوپای توركیا، بە پێشێلكردنی سەروەریی و پیرۆزیی عیراق دەداتە قەڵەم. هەروەك پێچەوانەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندیی نێوان وڵاتانە». جەختیشدەكاتەوە كە «رێگانادەن خاكی عیراق ببێتە شوێنی زیانگەیاندن بە دراوسێكانی و رەتیشیدەكاتەوە ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی لایەنە دەرەكییەكان».

#سەرۆكایەتیی كۆمار

بابەتە پەیوەندیدارەکان