هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا بە خراپی باس دەكرێت و لەسەر پێشێلی مافەكانی مرۆڤ و تەسككردنەوەی ئازادییەكان و ئازادیی رۆژنامەنووسی، سەركۆنە دەكرێتەوە، ئەم راپۆرتەش لە سەردەمی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدایە، كە مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆكایەتی دەكات. پێشتریش هیومان رایتس وۆچ هۆشداریی پێدا لەسەر پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ. جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی-ش رایدەگەیەنێت: «لە 32 ساڵی حوكمڕانیی هەرێمدا، ئەم كابینەیە كە بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی-یە، بەهەموو پێوەرەكان خراپترین كابینەی حكومەتی هەرێمە».
لەبری ئەوەی حكومەتی هەرێم بیر لە وەڵامدانەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و دۆستەكانمان بكاتەوە، باشتروایە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە
باشتروایە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە
لوقمان وەردی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA، دەڵێت: «لەبری ئەوەی حكومەتی هەرێم بیر لە وەڵامدانەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و دۆستەكانمان بكاتەوە، باشتروایە بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە». وتیشی: «لەماوەی 32 ساڵی رابردووی حوكمڕانیی هەرێمدا، كابینەی نۆ بە هەموو پێوەرەكان خراپترین كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە، هەر ئەوەشە وایكردووە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و كونسوڵی وڵاتان هۆشداریی بدەنە حكومەتی هەرێم».
نوێترین راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا
نوێترین راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر مافەكانی مرۆڤ بۆ ساڵی 2022 لەسەر ئاستی جیهان بڵاوكرایەوە، بەشی (هەرێمی كوردستان و عیراق) لە خراپیدا لە هەڵكشاندایە و راپۆرتەكەش لە سەردەمی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدایە، كە مافەكانی مرۆڤ و رەوشی رۆژنامەنووسان لەوپەڕی خراپیدایە و دەسەڵاتی دادوەرییش لەژێر پرسیاردایە و بەكاردەهێنرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا باس لە خراپیی مامەڵەی ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ دەكات لە كەیسەكانی خۆپیشاندان و زیندانیان و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ بەتایبەتی و خراپیی دۆخی بەندكراوان، كە لە شەش چاكسازیدان، كە سێ چاكسازییان بۆ ژنان و نەوجەوانانن.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا «ئەو كەسانەی هێشتا دادگایینەكراون، لە بەشی ژنان و نەوجەوانان لەوێ دەستبەسەردەكرێن، كە رێژەی %157 گرتووخانەكان لەسەرووی توانای دیاریكراوەوەیە و رێژەكە زۆر زۆرترە و زۆرجاریش بەرپرسانی هەرێم نەوجەوان و كەسانی پێگەیشتوویان لەو گرتووخانانەدا هێشتۆتەوە».
بەرپرسە باڵاكانی حكومەت دەستوەردان لە كەیسی سیاسیی هەستیاردا دەكەن
بەپشتبەستن بە كۆمسیۆنی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا باس لە خراپیی گرتووخانەكانی هەرێم دەكات و رایدەگەیەنێت: «گرتووخانەكان كێشەی چارەسەرنەكراوی قەرەباڵغی، كەمئاوی و پاكوخاوێنی هەیە، هاوكات ئەشكەنجەدان و توندوتیژی لەكاتی دەستبەسەركردنی سەرەتاییدا لەگەڵ دەستبەسەركراوەكاندا دەكرێت و لەڕووی تەندروستیشەوە باش نین. هەروەها، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، رەخنە لە دەستوەردان لە دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان دەگرێت و دەڵێت: «بەرپرسە باڵاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستوەردانیان لە كەیسی سیاسیی هەستیاردا كردووە».
زۆرترین هەراسانكردنی رۆژنامەنووس لە هەولێر و دهۆكن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جارێكی دیكە رەخنەی توند لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێت لەبارەی دۆخی رۆژنامەنووسی و ئازادیی رادەربڕین و ئەوەی خستۆتەڕوو كە « هێزەكانی ئاسایش لە هەولێر و سلێمانی خۆپیشاندەر و رۆژنامەوانیان دەستبەسەركردووە». ئاشكراشی دەكات كە «لە ماوەی نێوان ئایاری 2021 تا ئایاری 2022، 280 كەیسی هەراسانكردن لە سەرانسەری عیراق تۆماركراوە، كە زۆربەیان لە هەولێر و دهۆكن». هەروەك ئاماژە بەوەش دەكات كە جیاكاریی هەیە لە بەدەستگەیشتنی زانیاریی بۆ رۆژنامەنووسان و ئەو كەناڵانەی لە دەسەڵاتدارانی حكومەت و حزبەوە نزیكن، كە زانیارییان پێدەدرێت و ئەوانی دیكە بێبەش دەكرێن.
«پاكانە دادی حكومەت نادات»
نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان لە وەڵامی راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا، دەڵێت: «لە هەرێمی كوردستان ئەوپەڕی ئازادی هەیە».
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا زۆرترین رەخنە و گازندەكانی لەسەر پێشێلی مافی مرۆڤ و ئازادییەكان و بەرتەسككردنەوەی ئازادیی رۆژنامەنووسی، رووبەڕووی دامەزراوە ئەمنییەكانی هەرێمە. نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستانیش ئەو راستییە پشتڕاستدەكاتەوە كە «دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكان لە هەرێمی كوردستان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە سەرپەرشتی دەكرێن، كە دامەزراوەیەكی حكومەتی هەرێمە و بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم».
بەشدار حەسەن پارێزەر و داكۆكیكار لە مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، لە بارەی راگەیاندنەكەی نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIA، باسی لەوە كردووە كە «لەبری ئەوەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان پاكانە بۆ دەسەڵات بكات، وا باشترە پەنجە لەسەر برینەكان دابنێت و چارەسەر بكرێن. «پاكانەكردنیش بۆ كارەكانی حكومەت عاقیبەتی خێر نابێت».
ئەوەشی خستەڕوو كە «بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە ناوەڕۆكی راپۆرتەكە دەكەین كە %100 باس لە واقیعی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەكات، لەبەرئەوەی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بەداخەوە لەوپەڕی خراپیدایە و رۆژ بەڕۆژیش پێشێلكارییەكان زیاتر دەبن».
PUKMEDIA