بڕیارە سبەی ئەنجومەنی
نوێنەرانی عیراق كۆببێتەوە و خوێندنەوە بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە
بكات و بە پەسەندكردنیشی، عیراق دەبێتە 19 پارێزگا.
پێشتریش پەرلەمانتارێكی
فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئیمزای نوێنەرانی بۆ پشتیوانی و "تەرخانكردنی
بودجە و قەرەبووكردنەوەی قوربانیان" كۆكردەوە و یەكێکیش یەكێك لە خاڵەكانی نێو
كارنامەكەی سودانی ئەوەبووە كە هەڵەبجە بكرێتە پارێزگا.
سودانی لە سلێمانی
مژدەكەی دا
محەمەد شیاع
سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق رۆژی 15ی 3ی 2023 لە دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمریكی
رایگەیاند، "ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی پەسەندكردووە
و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی دەكەن، كە ئەوەش بچووكترین وەفادارییە لە ئاست
قوربانیدانی ئەو شارە كە لەسەر دەستی رژێمی دیكتاتۆری كیمیاباران كراوە".
دووەمین بڕگەی
كارنامەی كۆبوونەوەی سبەی 2/4/2023، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خوێندنەوەی
یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە دەكرێت، كە رۆژی 13-3-2023 لە لایەن ئەنجومەنی
وەزیرانی عیراقەوە بۆی نێردراوە.
لۆبی بۆ هەڵەبجە
دەكرێت
ئامانج رەحیم،
سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك
دەڵێت، "رۆژی یەكشەممە 2/4/2023 ئامادە دەبین لە بەغدا لە كۆبوونەوەی ژمارە
17 ی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ دڵسۆزانی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان لە خزمەتی فراكسیۆن
و كوتلە جیاوازەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، كە بڕیارە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاساكە
بكرێت".
وتیشی، "كاردەكەین
لە پێناوی لۆبیكردن بۆ زوو تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە لە
كۆماری عیراق و پێدانی سیفەتی (استعجال) بە پڕۆژەیاساكە و بە زمانی عەرەبیش راپۆرتێكمان
ئامادە و چاپكردوە و دابەشی دەكەین بەسەر سەرۆكی كوتلە و ئەندام پەرلەمانەكاندا كە
تیایدا چوارچێوەی دەستووریی و یاسایی و ئیداریی و قۆناغەكانی بابەتەكەمان خستۆتەڕوو.
ئەویش بە خستنەڕووی ئەو ماددە دەستووریانەی پشتیوانی پڕۆژەكە دەكەن و هەموو ئەو بڕیار
و دۆكیۆمێنتانەی كە پێشتر بۆ ئەم بابەتە دەرچوون لەسەر ئاستی عیراق و هەرێم، لەگەڵ
خستنەڕووی ژێرخانی ئیداریی پارێزگاكە و كورتەیەك لە مێژووی هەڵەبجە و قوربانییەكانی
و پڕۆژە و پێداویستیەكانی لە رووی ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانەوە و وەبەرهێنان و رەخساندنی
هەلی كار بۆ رۆڵەكانی ئەو شارە تا لە پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2023 جێگەیان
بكەینەوە.
هەڵەبجە پێش یاسای
بودجە بكەوێت
ئەگەر پەسندكردنی
پڕۆژەیاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە، پێش تێپەڕبوونی یاسای بودجەی فیدراڵ بێت ئەوا،
پارێزگا نوێیەكەی عیراق كە هەڵەبجەیە، سوودمەند دەبێت لە بودجە وەك ئەوەی لە مادەی
112ی دەستووردا هاتووە كە هەڵەبجە شایستەی بودجەیەكی ئیزافییە بۆ قەرەبووكردنەوەی
هەموو ئەو زیانانەی لەسەردەستی رژێمی لە ناوچوو لە كیمیاباران و جینۆساید بەرامبەری
كراوە.
بە پەسەندكردنی
پڕۆژەیاساكە، هەڵەبجە دەبێتە 19یەمین پارێزگای عیراق و هاوكاتیش دەبێتە زیادكردنی
پارێزگایەكی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان "بەڕەسمی"، لە رووی ئیدارییەوە ئێستا
هەڵەبجە لە قەزای ناوەندی شارەكە و چوار
ناحیە پێكهاتووە كە (خورماڵ، بیارە، بەمۆ، سیروان) دەگرێتەوە.
PUKMEDIA