جلوبەرگی فۆلکلۆریی چینییەکان

10:53 - 2023-04-02
دووتوێ
539 جار خوێندراوەتەوە

جلوبەرگی کەلتوریی چینیەکان پێی دەڵین «هان فو» دوو جۆری هەیە یەکەمیان  جلی فەرمییە لە بۆنە و جەژن و یادەکان لەبەریدەکەن، ئەوی تریش ئاسایی و رۆژانە لەماڵەوە یان بازاڕ و شوێنە گشتیەکان لەبەری دەکەن، پەڕۆیەکەی نەرموشل و تەنکە و پشتێنی هەیە، رەنگی جۆراوجۆری هەیە کە هێڵکاری و نیگاری لەسەر دەنەخشێنن، هەزار ساڵ لەمەوبەر چینییەکان ئەو جلوبەرگانەیان لەبەرکردووە و لەسەدەی 17 ەشەوە  بۆتە باو و ژنان و پیاوان بەدیزاینی جیا دەیپۆشن.
لەساڵانی رابردوودا ئەو جلوبەرگە فۆلکلۆریانە زۆر کەمبوونەوە، بەڵام دوو سێ ساڵە حکومەت خەڵک هان دەدات بیانژێنەوە و لەبەریان بکەن، چونکە نایانەوێت کەلتور و مادە و بەها فۆلکلۆرییەکانیان لەناوبچێ دەیانەوێت تاهەتایە لەگەڵیان بژین، بۆیە هەمیشە پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن و هەوڵی دابەزاندنی نرخەکانیان دەدەن و لە خوێندنگە و قۆناغەکانی خوێندن بە ستایشەوە باس لەجلە کۆنەکانیان دەکەن، حکومەت دەرماڵەی تایبەتی دەداتە ئەو کۆمپانیا و دوکانانەی ئەو جلوبەرگانە دەفرۆشن تا بایەخی زیاتری پێ بدەن و ئەگەر زەرەریشیان کرد بەو یارمەتییە قەرەبوویان بکەنەوە، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش هۆکاری پەیدابوونی رەواجن لەسەر ئەو جلانەو چینییەکان هەر لەسەر دیزاین و شێوازە کۆنەکان بەجۆرەها قوماشی بەهادار و بەجوانترین شێواز دەیدورن و داهێنانی تێدا دەکەن، کەرتی بازرگانی دوورین و فرۆشتنی ئەو جلانە پێشکەوتنی بەخۆوە بینیووە و تەنها ساڵی پار قازانجەکەی گەیشتە دوو ملیار دۆلار، نرخی هەر پارچەیەک لەو جلانە لەنێوان 50 تا 700 دۆلارە کە بەپێی جۆری پەڕۆکە و چۆنیەتی دوورین و نەخشەکانی سەریان دیاری دەکرێت، لە وڵاتی چین 3000 کۆمپانیای تایبەت بە جلی فۆلکلۆری هەیە و ئامادە و دابەشی دەکەن، پۆشینی سەرتاسەری ئەو جلانە رۆژێکی تایبەتی بۆ دانراوە کە 3 ی مانگی ئازاری هەموو ساڵێکە، لەو رۆژەدا چینیەکان جلی ئاڵاو واڵا دەپۆشن و فێستیڤاڵ و جەژنی تایبەتی بۆ ساز دەکەن، لە کەرنەڤاڵی ئەمساڵدا کچان و ژنان بەدەم سەما و هەڵپەڕکێوە خۆیان نمایشکرد و پیاوانیش بەجلی فۆلکلۆرییەوە گۆرانیان بۆ دەوتن و بەیەکەوە دیمەنێکی رەنگاوڕەنگ و پڕ خۆشەویستیان نیشانی یەکدی وخەڵکی دا، ئێستا پۆشینی جلوبەرگی» هان فۆ» لەسەرتاسەری چین بۆتە باو و ئەو کەلتورە لەنێوان گەنجەکاندا ژیاوەتەوە و شانازی بە مێژووی دێرینی خۆیانەوە دەکەن، خۆ ئەوەی سووکایەتی بەو جلوبەرگەیان بکات سەرکۆنەی دەکەن و رووبەڕووی یاسای دەکەنەوە، چونکە پێیان وایە ئەمە بەشێکە لە شارستانیەت و سەروەری و شکۆی میللەتەکەیان.

سەرچاوە: The Times

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان