رەوەز ئیسماعیل
بەم دواییە هاوبیر عەبدوڵڵای پاڵەوانی كوردستان و جیهان لە مۆندیالی كیك بۆكسینگدا كەلە نەمسا رێكخرا، میدالی زیو و پلەی دووەمی لەكێشی خۆیدا بەدەستهێنا.
بۆ بەسەر كردنەوەی ئەم پاڵەوانە كوردە ستادیۆم ئەم دیدارەی لەگەڵدا كرد تا ئەم خۆی بە خوێنەرانی ستادیۆم بناسێنێت و باسی ئەو پاڵەوانێتییە و ژیانی وەرزشیی خۆی و دەستكەوتە وەرزشییەكانی بكات.
*هاوبیر كێیە؟
-ناوی تەواوم هاوبیر عەبدوڵڵا سەلامە، ساڵی 1980 لەكەركوك لەدایكبووم.
*كاری ئێستات چییە؟
-پلەی دكتۆرا و یاریدەدەری پرۆفیسۆرم هەیە و مامۆستام لە كۆڵێجی پەروەردەی وەرزش لە زانكۆ سلێمانی.
*چۆن دەستت دایە وەرزشكردن؟
-من لە ساڵی 1988 –ەوە و لەتەمەنی منداڵیمەوە وەرزش دەكەم، سەرەتا بە یاریی جومناستیك دەستم پێكردووە، دواتر یاریی كۆنگ فوم هەڵبژارد كە ئەم وەرزشە زۆر نزیكە لەم وەرزشەی ئێستامەوە كەدەیكەم و كیك بۆكسینگە، ماوەیەكی زۆر هەردوو یارییەكەم دەكرد و بەشداریی پاڵەوانێتییەكانی هەردوو وەرزشەكەم دەكرد، بەڵام دواتر بە تەواوی كیك بۆكسینگم هەڵبژارد.
*بۆ وەرزش كردن و هەڵبژاردنی بواری وەرزش بە گشتی كاریگەریی كێت لەسەر بووە؟
-خێزانەكەم بە پلەی یەكەم زۆرترین كاریگەرییان لەسەرم هەبووە تا بچمە بواری وەرزشەوە، ئەوان زۆر هاندەر و هاریكارم بوون، ئەمە وێڕای ئەوەی حەز و ئارەزوی خۆیشم بۆ وەرزش هیچی كەمتر نەبووە لەو كاریگەییانە و هەرلە منداڵییەوە حەزم لە وەرزش بووە.
*ئەی ئەو كەسانەی لەوەرزشەكاندا هاندەرت بوون و تۆ خۆت بە قەرزداریان دەزانی كێن؟
-كەسانێكی زۆر هەن لەو رووەوە من خۆم بە قەرزداریان دەزانم لەوانە خوالێخۆشبووان مامۆستا كەریم حەمە خەلیفە و مامۆستا خالید رەئوف ، هەروەها كاپتن سامر عەبدولعەزیز و مات سمیس و دایمی ئاكین لەو كەسانان كە هەرگیز رۆڵ و هاندان و وانەكانیان بۆ گەیشتنم بەم ئاستە لەیاد ناكەم.
*ئێستا راهێنەری تۆ كێیەو كێ راهێنانت پێدەكات؟
-لەم كاتەدا راهێنەرم نییەو خۆم راهێنانەكام بەبەردەوامی و بەبێ دابڕان دەكەم.
*بەمدواییە مۆندیالی كیك بۆكسینگ لە نەمسا رێكخراو تۆ بەشدارییت كرد، ئەمە چۆن بووە و ئەنجامەكەت چۆن بوو؟
-لەم مۆندیالەدا كە سەرەتای ئەم مانگە لە نەمسا رێكخرا، 32 وڵاتی جیهان لە سەرجەم كیشوەرەكانەوە بەشدارییان كرد، من لە كێشی 94+ كیلۆگرامدا بەشدارییم كرد، لەم كێشەدا چەندین یارییم كرد تا گەیشتمە یاریی كۆتایی و لەم یارییەدا پلەی دووەمیم گرت و میدالی زیوم لەملكرا.
*چۆن توانیت بەشداریی ئەم مۆندیالە بكەیت؟
-من لەبەر ئەوەی پاڵەوانێكی موعتەرەفم، پەیوەندیم بە یەكێتیی جیهانیی كیك بۆكسینگەوە كرد تا بەشداری ئەو مۆندیالە بكەم، پاش رەزامەندیی یەكێتیی كیك بۆكسینگی عیراق، من وەك تەنیا پاڵەوانی عیراق توانیم بەشداریی ئەو مۆندیالە بكەم.
*بۆ ئەم بەشدارییكردنەت كێ یارمەتیدەرت بووە؟
-هیچ كەس و لایەنێك هاریكارییان نەكردووم و لەسەر ئەركی خۆم بەشدارییم كردووە و بەو ئەنجامەوە گەڕامەوە بۆ سلێمانی.
*گرنگترین ئەو پاڵەوانێتییانەی بەشدارییت تیادا كردوون كامانەن.
من لە نێوان ساڵانی 2003 تا 2014 یاریزانی هەڵبژاردەی عیراق بووم و لەو ماوەیەدا بەشداریی چەندان پاڵەوانێتیی گرنگی عیراق و وڵاتانی عەرەبی و جیهانیم كردووە، لەوانە 2003 لە تونس یەكەم بووم، 2004 لە لە جەزائیر سێیەم بووم، 2006 لە توركیا دووەم بووم، 2007 لە سربیا لە پاڵەوانێتیی جیهانیدا پێنجەم بووم، 2012 لە سەر ئاستی بەریتانیا یەكەم بووم، 2013 لە پاڵەوانێتیی رینگ ماستەرز لە فەرەنسا یەكەم بووم، ئەمانەو چەندان پاڵەوانێتیی تر كە دواترینیان ئەمەی نەمسا بووە.
*بەرنامەی داهاتوت چییە؟
-وەكو راهێنەری هەڵبژاردەی عیراق بەشداریی پاڵەوانێتییەكی جیهانی دەكەم لە پورتوگال.
*ئێمە وەك ستادیۆم هیوای بەردەوامی و ئەنجامی باشترت بۆ دەخوازین و سوپاس بۆ ئەم دیدارەت لەگەڵ ستادیۆم.
-منیش سوپاستان دەكەم بۆ ئەم بەسەر كردنەوەیە.