شەهیدان عەلی هەژار و كاردۆ گەڵاڵی

دوو سەركردەی یەك رێباز و یەك چارەنووس

09:56 - 2023-04-09
ڕاپۆرت
204 جار خوێندراوەتەوە

هەردوو سەركردەی دیاری بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان و شۆڕشی نوێ، هەردوو تێكۆشەری شۆڕشی ئەیلول و پارێزەر و رۆشنبیری گەلەكەمان شەهیدان (عەلی هەژار و كاردۆ گەڵاڵی) لەڕۆژی 9/4/1979 لەلایەن ئەمن و جەللادەكانی بەعسەوە لەناو هۆڵی دادگای هەولێر رفێندران و تائێستاش بێ هەواڵ و بێسەروشوێنن.

عەلی هەژار
شەهید عەلی عەبدوڵڵا عەلی ناسراو بە عەلی هەژار، ساڵی 1943 لە پارێزگای هەولێر لەدایكبووە، ساڵی 1962 پەیمانگەی مامۆستایانی هەولێر و ساڵی 1976 كۆلێژی یاسای لە زانكۆی موستەنسریەی بەغدا تەواوكردووە، پاشان لە دادگای هەولێر پارێزەرایەتی كردووە.
ئەندامی (یەكێتیی نووسەران و رۆشنبیرانی كورد، سەندیكای پارێزەران و یەكێتیی مامۆستایان، كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی كورد و یەكێتیی رۆژنامەنووسان) بووە. لە هەڕەتی لاوێتیەوە پەیوەندی بە بزووتنەوەی كوردایەتییەوە كردووە، لەژیانی سیاسیدا بەلێوەشاوەیی خۆی چەندین پلە و لێپرسراوێتی پێسپێردراوە.
پاش نسكۆی شۆڕشی كورد ساڵی 1975، یەكێك بووە لەو كەسانەی باوەڕی بە بەردەوامیدان بە شۆڕش و خەباتی سیاسیی كورد هەبووە، لەگەڵ ژمارەیەك لە كادرو خەباتگێڕانی ئەوكات كەوتنە جموجوڵ و بڕیاریاندا بە درێژەدان بە شۆڕش و ئەركی بەرەنگاری بگرنەئەستۆ و درێژە بە خەبات بدەن، كە دلێرانە رووبەڕووی دوژمنانی بەعس دەبۆوە و لەنێو هەولێردا دەیان چالاكیی رێكخراوەیی كردووە.

كاردۆ گەڵاڵی
شەهید كاردۆ عەبدولقەهار مستەفا ناسراو بە كاردۆ گەڵاڵی، ساڵی 1951 لە پارێزگای هەولێر لەدایكبووە، قۆناغی سەرەتایی لەگوندەكەی خۆی و ناوەندی و ئامادەیشی لە هەولێر تەواوكردووە.
پاشان چۆتە كۆلیژی یاسا لە زانكۆی بەغدا، ساڵی 1974 كە وتووێژی نێوان سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلول و رژێمی بەعس بە بنبەست گەیشت، وازی لە خوێندن هێنا و روویكردە شاخ، لە نسكۆی شۆڕشیش ساڵی 1975 گەڕایەوە شار و چووە هەمان كۆلێژ و درێژەی بە خوێندندا و ساڵی 1978 سەركەوتوانە تەواوی كرد و وەك پارێزەرێك نووسینگەی لە هەولێر كردەوە.
لەگەڵ پۆلێك لە تێكۆشەرانی رێگای كوردایەتی لەنێو بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان خۆیان رێكخستەوەو جاڕی شۆڕشیان دایەوە، چالاكانە كەوتە گەڕ لەپێناوی هەڵسانەوەی دوای نسكۆ، بۆیە دلێرانە كەوتە جموجوڵی سیاسی و رێكخستن و رۆڵێكی دیاریشی بینی لە دامە‌زراندنی بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستاندا، هەروەها رۆڵی كاریگەرانەی هەبووە لەناو توێژی خوێندكاراندا.
هاوڕێی نزیك و هاوخەبات و هاوپیشە و دڵسۆز و متمانەپێكراوی یەكتری بوون لەگەڵ شەهید عەلی هەژاردا.
رۆژی 9/4/1979 لەناو هۆڵی دادگادا لەلایەن هێزێكی زۆری ئەمنییەوە لە هەولێر ڕفێندران.
لەبەرئەوەی شوێنبزر و چارەنووس نادیارن، رۆژی دەستگیركردنەكەیان بە رۆژی شەهیدبوونیان دیاریكراوە.

ئاوات كۆكەیی

بابەتە پەیوەندیدارەکان