مردنی مرۆڤەکان لای هەموو گەل و میللەتانی دونیا وەک یەک وایە، بەڵام لەجۆری ناشتن و بەڕێکردنی تەرمەکاندا جیاوازی زۆر هەیە، کلتورو ئایین و دابونەریت رۆڵی گەورە دەبینێت و میللەتان لەو ئاکارە لێک جیادەکرێنەوە، لەهەندێ وڵاتدا تەرم دەسوتێندرێت و بچووک دەکرێتەوە و دەکرێتە خەڵوز، لای هەندێکی تر فڕێ دەدرێتە ناو دەریا و دەکرێتە خۆراکی زیندەوەرە ئاوییەکان، مۆمیاکردنی تەرمیش لای هەندێ گەل و نەتەوە باوە و هەریەکە و بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
جگە لە موسڵمانان زۆر لە ئایین و میللەتانی تریش مردووەکانیان لەژێر خاک بە مەراسیمی شایستە و رێزەوە دەنێژن، ئەوەی زۆر باوە ناشتنی وەک ئەوەی لای خۆمانە، بەڵام لای زۆربەی رۆژئاوایی و ئەوروپییەکان کەسەکە ئەگەر وەسیەتی کردبێت یان ئەگەر کەسوکاری مردووەکە نەیانەوێت بینێژن رێگەی دووەمیان ئەوەیە لەلایەن حکومەتەوە لەناو کورەی تایبەتی دەسوتێندرێ و دەکرێتە چەند گرامێک لە خەڵوز، ئەوکاتە منداڵ یان کەسوکاری دەتوانن وەریگرنەوە و لەسەر رەفەی کتێبخانەکانیان دایبنێن و لای خۆیان بیپارێزن، ئەگەر نەشیانەوێت ئەوا دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەوەش لەناودەبەن.
بۆ ناو دەریا
لە زۆر گەڵ و وڵاتانی دونیادا لە نێوانیان باکوری ئەوروپا مردووەکانیان فڕی دەدەنە ناو دەریا و ئۆقیانووسەکان، ئەو پرۆسەیەش لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێدەکرێ و کەسوکار ئەگەر بیەوێت تێیدا ئامادەدەبن و خوداحافیزی لێدەکەن.
بۆ ئاسمان
ئەوانەی سەر بەئاینی بوزین بەو پێیەی باوەڕیان بەوە هەیە دەتوانن رۆحی خۆشەویستانیان بنێرنە بەهەشت بۆیە مردووەکانیان بەکفنەوە چەند جارێک بەرەو ئاسمان بەرزدەکەنەوە و تا دەگەنە ئەو باوەڕەی رۆحی مردووەکە گەیشتۆتە بەهەشت ئینجا دەچن لە شوێنێکی چۆڵ دایدەنێن و دەبێتە خۆراکی گیانداری کێوی و باڵندە گۆشتخۆرەکان، دەڵین ئەو بەهەشتییە دەبێتە خێر و بەرەکەت بۆگیانلەبەرانی تر.
سووتاندن
لەهەندێ ناوچە و هەرێمی هیندستان تەرمەکە بەناوشاردا دەگێڕن و شەریت و پۆدرەی رەنگاوڕەنگی بەسەردا بڵاودەکەنەوە و مەراسیمێکی بۆ سازدەکەن، کە تەواوبوون لەسەر دەریا یان رووبارێک دەیشۆن و دواتر بەبارەدارێک دەیسوتێنن تا دەبێتە خەڵوز و ئاسەواری نامێنێت.
نەخشونیگار
سوتاندنی تەرم لەزۆر شوێن باوە، بەڵام لای کۆریای باشور پاشماوەی خەڵوزو ئێسقانە سوتاوەکان هەڵدەگرنەوە و نەخشونیگاری لەسەر دروست دەکەن، لەسەر مێز یان لەناو گوڵدان لەماڵەوە دایدەنێن و یادی مردووەکەی پێ دەکەنەوە.
چەند جارێک ناشتن
لەوڵاتی نایجیریا دوو تیرە هەن بەناوەکانی « ئیگبۆو مەدغشقەر» واتێدەگەن مرۆڤ کە دەمرێ ئیتر ژیانی کۆتایی نایەت، بەڵکو دەچێتە دونیایەکی تر، بۆیە کە یەکێکیان لێ دەمرێت لە قۆناغی گواستنەوەدا رێوڕەسم و ئاهەنگی بۆ دەکەن و دەیخەنە ژێر زەوی، دوای ماوەیەک کەسوکار دەریدەهێننەوە و جلوبەرگی رازاوەی لەبەردەکەن و وێنەی لەگەڵ دەگرن، ساڵانە چەند جارێک ئەمە روودەدات تا تەرمەکە لەناو خاک شیدەبێتەوە ئینجا دەستبەرداری دەبن و ماڵئاوایی یەکجارەکی لێ دەکەن، هەشیانە مۆمیای دەکەن و ناوە ناوە لەناو گۆڕەکە دەیهێننە دەرەوە و شێوەی رووخسارەکەی پارێزراو دەبێ و دڵخۆشی لەبەرامبەر نیشان دەدەن و حیکایەتەکانی ئەو ماوەیەی بۆ دەگێڕنەوە.
سەرچاوەdelphipages.live