بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی ی. ن. ک بۆ یادی 124 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردی

08:13 - 2022-04-21
کوردستان
927 جار خوێندراوەتەوە

لە یادی سەدو بیست و چوارساڵەی رۆژنامەگەریی کوردییدا کە  ھاوکاتە لەگەڵ دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردیی   "كوردستان" کە لە قاهیرە لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانییەكانەوە  بڵاوکرایەوە، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی  خوشک و برایانی  رۆژنامەنووس و میدیاكارانی کوردستان دەكەین.   
 لەم بۆنەیەدا ئەوە وەبیر دێنینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە پاڵ خەباتی سیاسی و چەکداریدا ، باوەڕی بە ڕەخساندنی هەلو زەمینە هەبوە بۆ برەو پێدانی رۆژنامەگەری کوردی،  بۆیە لە پاش راپەڕین دەرگای بڵاوکردنەوە و دەرچواندنی زیاتری ڕۆژنامەی ئازاد و ئەهلی کرایەوە و سنوورەکانی دەسەڵاتی  (ی. ن. ک ) بوو بە پایتەختی ئەو ئازادییەی کە چەندین رۆژنامە و گۆڤار و کەناڵی بینراو  بیستراو  ئازاد و سەربەخۆ بەبێ هیچ  سانسۆرێک کاری  خۆیان بکەن.
زەمینەسازیی هەموو ئەوانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێچکەیەی کە سەرۆك مام جەلال لەگشت  وێستگەکاندا بەجۆرێک  تەئکیدی لە ئازادی بۆ رۆژنامەنووسان  دەکردەوە کە خۆی بە پارێزەریان دادەنا، ئەمەش  رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە  گەشەکردنی زیاتری ئەم کاروانەدا.
هەر لەم یادەدا جارێکی تر پشتیوانی خۆمان بۆ رۆژنامەگەریی  کوردیی  راستبێژ و  وردبین لە سەرچاوەی هەواڵ و هەقبێژ لە خستنەڕووی  راستییەکاندا  دووپات دەکەینەوە.  
سڵاو بۆ ڕۆحی مقیداد مەدحەت بەدرخانی سەرقافڵە وگشت ئەو رۆژنامەنوسانەی لەم بوارەدا خزمەتیان بە گەلەکەیان کردووە و  دەکەن. 

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان