فیفا و یوفا و دیکتاتۆریی دارایی

11:46 - 2023-04-10
وەرزش
296 جار خوێندراوەتەوە

نەورٶز شێخ عوسمان

واز لەوە بهێنە سیاسەت لە چەندلاوە و بە چەند شێوە تێکەڵ بە وەرزش بووە، وازیش لەوە بهێنە کە جیهانگیریی سەردەمی نوێ بووەتە چەکێکی قێزەونتر لە یارییە ناشرینەکانی سیاسەت، ئەو چەکەش هەر ڕۆژە و بە ئاراستەیەک بۆردومان دەکات.
توتۆ سپۆرت لێدوانێکی ئەلیکساندەر چیڤرینی سەرۆکی (یوفا) ی بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت: ئەو سێ یانەیەی سوپەر لیگیان بنیاتناوە و خۆیان بە فریادڕەسی تۆپی پێ دەزانن، یەکێکیان بەهۆی گەندەڵیی داراییەوە سزادراوە، یەکێکی دیکەشیان تێوەگلاوە لە دۆسیەی بەرتیلدان بە ناوبژیوانان، با بزانین سێیەمیشیان چی کردووە.
لێرەدا زۆر شت ڕوون دەبێتەوە، یوفا و سەرۆکەکەی بە ئاشکرا چێژ لە کەوتنی ڕێکخەرانی سوپەر وەردەگرن، هەڕەشەش لە مەدرید دەکەن بەوەی چاوەڕوانی کەلێنێکی بچووکن لێی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی بیکەن بە شەبەقێکی گەورە، دەڵێن: لەدوای یوڤی و بارسا سەرەی تۆیە، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئەم دژایەتییکردنەی ئەو یانانە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟.
بێگومان (فیفا و یوفا) هەرچییەک قبوڵ بکەن، ئەوە قبوڵ ناکەن لەدەرەوەی دەسەڵاتی دارایی ئەواندا لایەنی دیکە سوودمەند بێت، ئەوان پێیان وایە تێکچوونی سیستمەکە واتای لاوازبوونی دارایی و کەوتنی فیدراسیۆنەکانیان دەگەیەنێت.
ئەم ئاراستەیە خۆی لە خۆیدا دژی ئەو دیموکراسییەیە کە سەدان ساڵە بانگەشەی بۆ دەکەن، نەخێر، لە بوارە داراییەکاندا ڕێگە پێنەدراوە.
بەبێ ئەوەی چاودێرییەکی چڕ بەسەر کار و بڕیار و جم وجوڵەکانی خۆیانەوە هەبێت، بە راست و چەپدا بڕیار دەردەکەن، خۆیان لەدەرەوەی چێوەکە دەرخستووە و پولەکانیش هەر خۆیان دەیجوڵێنن، یوڤی و بارسا و ڕیاڵیش لە من باشتر ئەو ڕاستییە دەزانن، بە دڵنیاییەوە ڕیاڵ مەدرید  ژێر بەژێر خۆی ئامادەکردووە.
لە ڕابردوودا کەمێک بە گومانەوە لەو بابەتەم دەڕوانی، بەڵام ئێستا بە موتڵەقی نا، بەڵام تاڕادەیەک دڵنیام لەو یارییە قێزەونەی دوو فیدراسیۆنەکە دەیکەن و دەستبەرداریشی ناب، ئەوان ئەرکیان فریاگوزاری و هاوسەنگیی بوارەکەیە، کەچی ئاراستە و ئاماژەکانیان شتێکی تر دەڵێت.
بابەتەکە هێندە چڕ و ئاڵۆزە، ڕەنگە شرۆڤەکردنەکەی چەندین ئەڵقەی پێویست بێت، هەر لەبەرئەوەشە من بڕوای تەواو، واتا لەسەدا سەدم بە تۆپی پێی سەردەم نەماوە، تیشکی تێکستەکانمی ساردکردۆتەوە، هەر جارێک بیر لەوە دەکەمەوە بنووسم، ئەو بابەتە وەک سەهۆڵاوی دەروون کەللـەم دەتەزێنێت و ڕامدەگرێت.
ئەمە بۆچوونی تایبەتیی خۆمە بەپێی ئەزموونی خۆم، ڕەنگە کەسانێکی دیکە بەو جۆرە نا، بەڵکو بە پێچەوانەکەشییەوە بیربکەنەوە، هەمووان ئازادن بەپێی خوێندنەوەی خۆیان ئاماژە بۆ ئەم بابەتە بکەن.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان