بەڕێوەچوونی جەژنی قیامە پێکەوەژیان قووڵتر دەکاتەوە

09:50 - 2023-04-11
ڕاپۆرت
306 جار خوێندراوەتەوە
مەراسیمی جەژنی قیامە لە گوندی هەرمۆتە

راپۆرتی/ هاوژین عەبدولواحید


رۆژی 9 نیسان، کریستیانەکانی گوندی هەرمۆتە بە چەندین رێوڕەسمی ئاینی و نەریتی کۆمەڵایەتی جەژنیان بەڕێکرد، قیامە بە گرنگترین جەژن لە ئایینی مەسیحیدا دادەنرێت لە دوای 50 رۆژ بەڕۆژو بوون، کریستیانەکانی هەرمۆتە بە گەرموگوڕی لەگەڵ یەکتر دڵخۆشی خۆیان دەربڕی و بەڵێنی تەبایی و خۆشەویستی و پێکەوەژیانیان دووپاتکردەوە.
قیامە واتا زیندووبوونەوەی عیسای مەسیح دوای ئەوەی لە خاچ دەدرێت، دووبارە هەڵدەستێتەوە و بەو بۆنەیەوە لە جیهان و هەرێمی کوردستان چالاکی‌ جۆراوجۆر دەکرێت، لەو رۆژەدا کریستیانەکانی گوندی هەرمۆتە لەناو کەنیسەی شارۆچکەکە مەراسیمە ئاینییەکان بەڕێدەکەن و دواتر خۆشی و شادی دەگێڕن.

دوو جەژنی سەرەکی مەسیحییەکان
د.هاوژین سلێوە نووسەر و مامۆستای زانکۆ وتی، لە ئاینی مەسیحدا دوو جەژنی سەرەکی هەیە یەکێکیان لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیحە کە دەکەوێتە 25/12 ئەوەی تریان جەژنی رابوون (قیامە)یە کە دەکەوێتە مانگی نیسانەوە لەنێوان ئەو دوو جەژنەشدا کۆمەڵێ جەژنی ئامادەسازیمان هەیە پێش هاتنی جەژنەکان بۆ نموونە رۆژانی پێنج شەممە، هەینی و شەممە کریستیانەکان کۆمەڵێک ئەرکی ئاینییان هەیە و جێبەجێی دەکەن، کە بریتین لە سروودە ئاینییەکان، شۆردنی قاچی 12 منداڵ قەشە ئەم کارە دەکات ئەوەش رەمزێکە بۆ ئەوەی حەزرەتی مەسیح 12 هاوکاری هەبوو کاتێک ئاینی مەسیحیان لە جیهاندا بڵاوکردۆتەوە هەروەها ئەوە نیشان دەدات شۆردنی قاچ کاتی خۆی حەزرەتی مەسیح قاچی خوێندکارەکانی خۆی شتووە و مانای سادەیی ئەو نیشان دەدات.

شێوازی بەڕۆژوو بوون
جەژنی قیامە دوای  50 رۆژ بەڕۆژو بوون دێت، لە سەعات 12 هەموو شەوێكەوە هیچ شتێك ناخۆن تا سەعات 12 نیوەڕۆ دوای ئەوەش هەر شتێك لە بەرهەمی ئاژەڵی دروست بکرێت نایخۆن و تەنها بەرهەمەکانی‌ سەوزە و رووەك دەخۆن.
هاوکات گرنگرین تایبەتمەندی ئەم جەژنە ئەوەیە تێیدا هێلکە رەنگ دەکرێت و دادەنرێت ئەوەش بەو مانایەی هێلکە رەمزی جوانی و بەردەوامی و خۆشەویستییە وەک ئەوەی ئەو هێلکەیە سەرەتا بێگیانە، بەڵام دوای 21 رۆژ دەبێتە شتێکی زیندوو جوجکی لێ دروست دەبێت  بەو مانایەی حەزرەتی مەسیح هەمیشە زیندووە و مانای زیندووێتی دەبەخشێت، هەروەها ئێزیدییەکانیش ئەم هێلکە رەنگاوڕەنگەیان هەیە و وەک نەریتێک لەلای ئەوانیش ماوەتەوە.

 بە گۆرانی جەژنەکە رازاوەتر دەکەن
پشتیوان کاکل هونەرمەندێکی موسڵمانە و لە جەژنی قیامەدا بەشدار بوو وتی،  پیرۆزبایی جەژن لەبرا مەسیحییەکانم دەکەم هیوادارم هەمیشە لەخۆشیدابن، بەردەوام لە خۆشی و ناخۆشییەکان لەگەڵیاندا بووم، لەم جەژنەشیاندا دەفم بۆ ژەندن بەهیوام کەمێک دڵخۆشم کردبن و لەباب و باپیرانمانەوە پێکەوە ژیانمان سەلماندووە و هەرواش دەبین.
لە جەژنی قیامەدا کریستیانەکانی هەرمۆتە خۆیان بە جلی رازاوە دەگۆڕن و بە نوقڵ و شیرینی پێشوازی لە میوانەکانیان دەکەن.
مامۆستا ریاز ئەنجومەنی گوندی هەرمۆتە دەڵێت، لە جەژنی قیامەدا دانیشتوانی شارۆچکەکە بە گوڕوتینێکی زۆرەوە جموجوڵ دەکەن و وەک لایەنێکی رۆحی هەست بەخۆشی دەکەن.

پێكەوە ژیانی مەسیحییەكان و موسڵمانەكان
هاوکات زەیا قەشەی کەنیسەی کۆیە وتی، پیرۆزبایی لە تەواوی کریستیانەکانی جیهان دەکەم بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، ئێمەش لە شاری کۆیە لەگوندی هەرمۆتەی زێدی باب و باپیرانمان ئەم جەژنە پیرۆز دەکەین.
وتیشی، ئەوەی شاری کۆیەی تایبەتتر کردووە کۆمەڵێک تایبەتمەندییە یەکێک لەوانە پێکەوەژیانی نێوان ئێمە و برا موسڵمانەکانە لەڕووی زمان و کەلتور و دابونەریت و هاوکاری و هەماهەنگی و هاوسۆزیمانە  لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکدا پێکەوەبووین.
قەشە زیا باسی لەوەکرد، برا موسڵمانەکان بە کۆمەڵ و دەستە دەستە هاتوون بۆ پیرۆزبایی جەژنی قیامە لێمان، خاڵێکی تر بەڕۆژو بوونی ئێمە هاوکات بوو لەگەڵ بەڕۆژو بوونی ئەوان بەڵام بە دوو رێگا و ئاینی جیاواز، هەریەکەیان بەڕێگە و ئاینی خۆیان بە ئامانجی رازیکردنی خودا.
پێكەوە ژیانی مەسیحییەكان و موسڵمانەكان لە كۆیە سیمایەكی جوانی بە شارۆچکەکە بەخشیوە، دیواری مزگەوت و كەنیسە چەند مەترێك دوورن لە یەکەوە، بەشێکی‌ زۆری‌ کریستیانەكانی كۆیە لەناو سەنتەری شارۆچکەکە نیشتەجێن و بەشێكی زۆریان لە گوندی هەرمۆتەن، ژمارەیان دەگاتە نزیكەی هەزار كەس.



بابەتە پەیوەندیدارەکان