بۆنەکان بازاڕی بەرگدرووەکانیان گەرمکردووە

10:48 - 2023-04-12
ڕاپۆرت
302 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ جێگر خدر

ئاوێتەبوونی یادەکانی بەهار و نەورۆز و رۆژی جلی کوردی و بەگشتی بۆنە نەتەوەییەکان و نزیکبوونەوەی جەژنی رەمەزان خواستیان لەسەر بازاڕی جلی کوردی زیاتر کردووە.
زۆرێک لە بۆنە نەتەوەییەکانی کورد دەکەونە مانگی ئازارەوە، لە سەرووی هەموویانەوە نەورۆزی کوردان، هەمیشە وا باو بووە کوڕان و کچان، ژنان و پیاوان بە بەرگی رەسەنی کورییەوە رۆژانی ئەو جەژنە بەڕێ دەکەن، هاوکات بەرەبەری ئەو جەژنە، هەرێمی کوردستان رۆژێکی تایبەتی بۆ جلی کوردی تەرخان کردووە و لە خوێندنگە و زانکۆ و فەرمانگەکانی حکومەت خەڵکی بە جلی رەنگینی کوردییەوە دەوام دەکەن. جگە لەمانەش ئەمساڵ راستەوخۆ دوای نەورۆز مانگی پیرۆزی رەمەزان هات و بۆ جەژنی رەمەزانیش بێگومان خەڵکانێکی زۆر حەز دەکەن بە جلی کوردییەوە بەڕێی بکەن.
کات نەماوە بۆ قاتی جەژن
هۆگر لەناو بازاڕی بەرگدرووانی رانیە دوکانی هەیە و جلی پیاوان دەدورێت، ئەو رۆژانە و لە 10ی رەمەزانەوە بە ناچاری موشتەرییەکانی ئیزن دەدات داوای لێبوردنیان لێدەکات و پێیان دەڵێت کاتی نەماوە و هێندە قاتی کوردی لەلایە بۆ دوورین ناتوانێت هیچی دیکە وەربگرێت و پێی تەواو ناکرێت، هۆگر وتی، نزیکبوونی دوو بۆنەی وەک نەورۆز و جەژنی رەمەزان بازاڕی باش گەرم کردووین، هێندە باشە، دوچاری شەرمەزاری لای زۆرێک لە موشتەرییەکانمان بووین، ناتوانین قوماشەکانیان لێوەرگرین و بۆیان بدوورین.
هۆگری بەرگدروو، بەدەم کارکردنەوە و بە دەنگێک کە لەگەڵ دەنگی کارکردنی مەکینەکەی تێکەڵ دەبوو وتیشی، زۆرینەی هەرە زۆری موشتەرییەکان داوای قاتی کوردی دەکەن، قاتی قوماش و بەشێکیش شاڵ، شاڵی کانی توو و شاڵی زاخۆیی، قوماشەکانیشیان بەچەند شێوازێک دەدوورین، سادە و کراس و ئێخەدار و زنجیردار و مورادخانی و ستارخانی، لە رانیە خواست لەسەر سادە زیاترە، یان چۆغەیشی پێدەوترێت، ئەو جۆرە بۆ هەموو تەمەنەکان دەبێت و هەموو کاتێکیش خەڵک حەزی لێیەتی لەبەرئەوەی چوار وەرزەیە.

بەرگدروویەک: بۆنەکان بازاڕی گەرم کردووین، بەڕادەیەک ناتوانین قوماش لە بەشێک لە موشتەرییەکانی خۆشمان وەرگرین و کاتمان نەماوە بۆ تەواوکردنیان

شاڵەکان جۆراوجۆرن
لەناو شاڵ فرۆشەکانی رانیە، بەزۆری دوو جۆر شاڵ هەیە، زاخۆیی و کانی توو، شاڵی زاخۆیی خەڵک زیاتر حەزی لێیەتی، سفت و رێک و جوانە، بەبریقەدارییەکەی قاتەکە لەدوورەوە دەناسرێتەوە، بەڵام نرخی قاتی زاخۆیی زۆرە و ئەمە بازاڕی سست کردووە، مام سەید کاری شاڵ فرۆشتنە، قاتی زاخۆیی لەلایە نرخی لە هەزار و سەد دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو هەزار و شەش سەد دۆلار، دەشڵێت» رەنگی زەرد و شین، پاشان شینی ئاسمانی و دواتریش مێوژیی ریزبەندی داواکاری خەڵکە و خواستی زۆریان لەسەرە.
بەڵام مام سەید پێیوایە، شاڵی کانی توویی بەری مەرگە، کە لە هەندێک شوێن بە شاڵی مەرگە و شاڵی رانیە ناودەبرێن، هیچی وای لە شاڵی زاخۆ و هەوارامان کەمتر نییە لە رووی باشی و جوانییەوە، نرخەکەشی زۆر گونجاوە، لە 300 دۆلارەوە دەستپێدەکات تا نزیکەی 600 دۆلار، لە دوکانەکەی مام سەید شاڵی کانی توو هەیە نرخەکەی دەگاتە تەنها 200 دۆلار، ئەو گونجاوییە لە نرخدا وایکردووە هاووڵاتییەکی زۆر لەسەرتاپای باشووری کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستانیش داوای شاڵی کانی توو بکەن. گوندەکە دەکەوێتە ناحیەی بنگردی قەزای دوکان، پێشووتر شاڵ یان بوزوو هۆی سەرەکی بژێوی زۆرینەی دانیشتوانەکەی بووە، ژنان بە شوشتنی مەرەز و بەداوکردن و چنینیەوە سەرقاڵ بوون و پیاوانیش پێچان و ئامادەکردن و خستەنە بازاڕی.
ئێستا وەک جاران نییە و چەند ماڵێک کە ژمارەیان ناگاتە 15 خێزان سەرقاڵی ئەو کارەن، وێڕای ئەو خواستە زۆرە، سەرکەوت هەمیشە بۆ بۆنەکان شاڵ دەپۆشێت، ئەو ئاماژە بە گرنگی مانەوەی ئەو پیشەیە دەکات لەوسنوورە، بەتایبەت بۆ دانیشتوانی کانی توو و خەڵکەکەی لە نێو شارەکاندا، چونکە جگە لە رانیە و دەوروبەری لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و رۆژهەڵاتی کوردستانیش خواست لەسەر ئەو قاتە هەیە، ئەو دەڵێت، زۆر ئاسوودەم بە پۆشینی شاڵی کوردی، جوان و بە ویقارە، بۆ گەرما شیاوە و فێنکە.
ژنان لەپیاوان زیاتر جلی کوردی دەکەن 
سەلامیش قوماشی پشتێن دەفرۆشێت لەنێو بازاڕی رانیە، باس لەوەدەکات چۆن پشتێنی جۆراوجۆر و ئاڵاو واڵا هۆکارن بۆ زیاتر حەزپێکردنی خەڵک لە جلی کوردی، ئەو وتی، پشتێنی جوان هۆکاری سەرەکییە بۆ رازاندنەوەی پۆشاکە کوردییەکە، ئێستا پشتێنی جۆراوجۆر هاتۆتە بازاڕەوە، رەنگ و روویەکی دیکە دەداتە جلەکوردییەکان، خەڵکی بە گشتی و گەنجان بە تایبەت حەزیان پێیەتی وتیشی، ئەو ماوەیە بۆنەکانی نەورۆز و جەژنی رەمەزان جمەیان خستۆتە بازاڕی پۆشاکی کوردییەوە، ئەگەرچی هەموو کاتێک لە ئیدارەی راپەڕین خواست بۆ جلی کوردی هەیە و بە تەنها وابەستەی بۆنەکان نیین، بەڵکو بۆ رۆژانی ئاساییش هاووڵاتییەکی زۆر جلی کوردی لەبەر دەکەن.
هاوشێوەی پۆشاکی پیاوان، ژنانیش پۆشاکی رەنگینی کوردی خۆیان کڕیوە، نەورۆزیان بەڕێکرد، بەڵام هێشتا جەژنی رەمەزان ماوە و بەهاریش وەبەریەوە ماوە، لەنێو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە پیاوان، ژنان دەستە جلە کوردییەکانیان دەکڕن، قوماشی رەنگاورەنگ ئەو بازاڕانەی بە شەو و رۆژ رازاندۆتەوە، ژنانی بەرگدروویش ژمارەیەکی زۆرن و بەشێکی زۆری خانمان بژێوی ژیانیان لەسەرپیشەی بەرگدوورییە، لەنێو بەرگی ژنانەی کوردی نرخی زۆر جیاواز هەیە، قات لە دوو دۆلارەوە هەیە تا هەزار دۆلار و زیاتریش.
جگە لە بازاڕەکان، ئێستا بازاڕی ئۆنڵاینیش بۆ کڕینی پۆشاکی کوردی لای خانمان جمەی دێت، بەشێکی زۆری هاووڵاتیان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە جلەکانی خۆیان دەستنیشان دەکەن و بۆ ئەو رۆژە یان بۆ سبەی لە هەر شارێکی هەرێمی کوردستانەوە بێت بەدەستییان دەگات، زۆرجار کرێی گواستنەوەکە دووهێندەی کاڵاکەیە و زیاتریشە، بەشێکیش باوەڕیان بەو بازاڕە ئۆنڵاینانە نییە و دەڵێن، قوماشی جلی کوردی تەنها چاو حوکمی ناکات، پێویستە دەستت بەری بکەوێت و دڵنیابیت لە باشی و کوالێتی قوماشەکەی ئینجا بیکڕیت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان