چالاکییەکانی سەنتەری گەنجانی سلێمانی بەردەوامە

10:56 - 2023-04-13
ڕاپۆرت
339 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

کاوە کارزان گەنجێکی شاری سلێمانییە، لە رێگەی بەشداریکردن لە خولەکانی تایبەت بە سەرتاشین لە سەنتەری گەنجانی سلێمانی فێری پیشەی سەرتاشی بووە و ئێستا خاوەنی کاری خۆیەتی کاوە وتی، زۆر حەزم لە فێربوونی پیشەی سەرتاشین بوو لە رێگەی هاوڕێیەکمەوە بە سەنتەری گەنجان ئاشنا بووم و بەشداری خولی فێربوونم کرد، سەرەتا تەنها سەری منداڵانی گەڕەک و خێزانەکەی خۆمم چاک دەکرد ئێستا وەستام و خاوەنی دوکانی خۆمم.
وتیشی، بەشداریکردنم لەو خولەدا هاوکارێکی باش بوو و ئێستا لەو رێگەیەوە بژێوی خۆم و خێزانەکەم دابین دەکەم.
سەنتەری گەنجانی سلێمانی لە  27/7/1998 دامەزراوە، سەر بە رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانە و دامەزرێنەرەکەی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە.
رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان چەندین پرۆگرامی جیاوازی هەیەو کاریان لەسەر دەکات، سەنتەری گەنجانی سلێمانی سەر بە پرۆگرامی گەنجانە لەناو رێکخراوەکەدا، ئامانج لە دامەزراندنی سەنتەرەکە گرنگیدان و چالاککردنی گەنجانە لە بوارە جیاوازەکاندا.
بێجگە لە سلێمانی لە شارەکانی کەلار، کۆیە، خانەقین، چەمچەماڵ و دەربەندیخانیش سەنتەرەکانی چالاکی گەنجان هەیە و کار بۆ گەنجان دەکەن.
خولەکانی سەنتەری گەنجان
نیگا فەرەج بەڕێوەبەری سەنتەری گەنجانی سلێمانی رایگەیاند، کۆنترینیان سەنتەری گەنجانی سلێمانییە لەو سەردەمەدا وا بیرکراوەتەوە شوێنێک نەبووە گەنجانی شارەکە کاتە بەتاڵەکانی خۆیانی تێدا بەسەربەرن و ئامانج ئەوە بووە گەنجان ئەکتریڤتربن.
 بینای سەنتەری گەنجانی سلێمانی لە سەردەم رژێمی بەعسدا گرتوخانە بووە و هاووڵاتیانی شارەکەی تێدا زیندانیکراوە، بۆیە دوای راپەڕین وەک تەحەدایەک بڕیاردراوە بکرێتە شوێنێک بۆ پەرەدان بە تواناکانی گەنجانی شارەکە.
کاروچالاکییەکانی سەنتەری گەنجان لە ساڵانی رابردوودا زیاتر سەرنجی لەسەر هونەر بووە و بە بەردەوامی خولەکانی، شێوەکاری، میوزیک و شانۆ، هەورەها خولە وەرزشییەکانی کۆنفۆ، تۆپی پێ و سکێت بۆردیە هەبووە، بەشێک لە سەنتەرەکەش هۆڵی لەش جوانی تێدایە و جگە لە گەنجان هەموو کەس دەتوانێت رووی تێ بکات، لەگەڵ خولەکانی دروومان، سەرتاشین، زمانەوانی، کۆمپیوتەر، ئارایشتگا، هەورەها خولی بواری راگەیاندن، جگە لەوەی کتێبخانەی تایبەتی هەیە و گەنجان بە بەردەوامی توانیویانە بۆ کتێب خوێندنەوە رووی تێ بکەن.
بەڕێوەبەری سەنتەری گەنجانی سلێمانی  دەڵێت، دوای خولەکان بەردەوام پیشەنگا کراوەتەوە بۆ ئەو گەنجانەی لە سەنتەرەکە فێری شێوەکاری بوون، کۆنسێرت هەبووە بۆ خوێندکارانی بەشی میوزیک و نمایشی شانۆیی بۆ خوێندکارانی بەشی شانۆ، هەموو ئەمانە بە ئامانجی دەرخستنی توانای گەنجان بووە  بۆئەوەی هەلێک بێت بۆیان دەرکەون و بناسرێن.
گۆڕانکاری لە خولەکاندا
یەکێکی تر لە چالاکییەکانی سەنتەری گەنجانی سلێمانی راگەیاندنی هەڵمەتی هۆشیارییە لەسەر بابەتە گەرمەکانی رۆژ و کاریان کردووە لەسەر بابەتەکانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، کۆچی نایاسایی گەنجان و زیانەکانی مادەی هۆشبەر، هەروەها گروپێکی خۆبەخشییان هەیە بۆ کاروچالاکییەکانی سەنتەر و بەهاوکاری لەگەڵ شوێنەکانی دیکەش کاری خۆبەخشی دەکەن و چەندین چالاکییان هەبووە لە کەمپی ئاوارەکانی عەربەت و بەشداریکردن لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی رابردووی باکوور و خۆرئاوای کوردستان، جگە لە هەڵمەتەکانی ژینگە، خێرخوازی و سیمیناری ئامادەکاری بۆ خوێندکارانی پۆلی 12.
سەنتەری گەنجانی سلێمانی تەنها بەوانەوە نەوەستاوە، بەپێی گۆڕانکاری رۆژ و خواستی هەلیکار بۆ گەنجان پلانی کارکردن و کردنەوەی خولەکانی گۆڕیوە و نیگا فەرەج وتی، بۆ ئەوەی گەنجان زیاتر سوودمەندبن ساڵی رابردوو بڕیارماندا بەپێی بازاڕی کار جۆری خولەکانمان بگۆڕین بۆ ژمێریاری، مارکێتین و فرۆشتن، چاککردنەوەی مۆبایل، سۆشیاڵ میدیا و بەڕێوەبردنی بزنسی بچووک، فێربوونی زمانی ئینگلیزی و نێتۆرک، جگە لەوانەش خولەکانی شێوەکاری و کۆمپیوتەر بە بەردەوامی هەیە لە سەنتەرەکەماندا.
وتیشی، بۆ ئەمساڵ خولی فێربوونی زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی، کۆمپیوتەر و نێتۆرک، میوزیک، شێوەکاری، دانانی نینۆک، فرۆشتن و مارکێتینگ لەگەڵ خولەکانی پەرەپێدانی خود وەک رێکخستنی کات و بەڕێوبردنی پڕۆژە و بەرەوپێشبردنی توانای کەسیمان هەیە.
سەنتەری گەنجانی سلێمانی کارەکانی تەنها لەناو شاری سلێمانی نییە، بەڵکو بە ئامانجی زیاتر خزمەتکردنی گەنجان کۆمەڵێک لە خولەکانیان بردووەتە شارۆچکەکان، لە سەیدسادق خولی چاککردنەوەی مۆبایلیان هەیە، لە پیرەمەگرون خولی زمانی ئینگلیزی، لە دوکان خولی گەشتیاری و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گەشتیار دەڵێنەوە.

خولەکانی سەنتەری گەنجانی سلێمانی لەلایەن مامۆستا و راهێنەری پسپۆڕ و شارەزای بوارەکەوە دەوترێنەوە

 

خولەکان بێ بەرامبەرن
نیگا فەرەج بەڕێوەبەری سەنتەری گەنجانی سلێمانی باسی لەوەکرد، گەنجان لە هەردوو رەگەز دەتوانن بەشداری خولەکانیان بکەن، بەڵام ئەوەی تێبینییان کردووە زیاتر کچان لە خولەکاندا بەشداری دەکەن.
وتیشی، لەڕووی راگەیاندنەوە لاوازین و تەنها ئەکاونتێکمان لە فەیسبووک هەیە کارو چالاکی و جۆری خولەکانمانی تێدا بڵاودەکەینەوە ئەوە بە تەنها بەس نییە و هەوڵ دەدەین زیاتری بکەین، جگە لەوە ساڵی رابردوو لە رێگەی تابلۆی ریکلامی ناو زانکۆ و پەیمانگەکانیش جۆری خولەکانمان بڵاوکردووەتەوە.
خولەکانی سەنتەری گەنجان بێ بەرامبەرە و هەموو پێداویستییەکانیش دابینکراون، گەنجان لە تەمەنی 14 بۆ 30 ساڵ دەتوانن بەشداربن لەو خولانەی خواستیانە و دەیانەوێت پەرە بە تواناکانیان بدەن تیایدا و بڕوانامە لەو بوارەدا وەربگرن کە خواستیانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەنتەری گەنجانی سلێمانی بۆ خولە بەردەوامەکانی مامۆستای تایبەتیان هەیە، بۆ خولەکانی دیکەش بەپێی کۆرسەکان راهێنەری پسپۆڕ و شارەزای بوارەکە هەڵدەبژێرن وانەکان بە فێرخوازان بڵێنەوە، بێجگە لەوە هەڵدراوە بەپێی توانا هەلی کار بۆ ئەو گەنجانە بدۆزنەوە لە سەنتەرەکە خولیان بینیوە و بیانخەنە سەرکار.
پێگەیاندنی کەسانی شارەزا
سەرەڕای کردنەوەی خول و خزمەتە بەردەوامەکانی سەنتەری گەنجانی سلێمانی، بەشداری گەنجان لە خولەکاندا بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمی کردووە نیگا فەرەج بەڕێوەبەری سەنتەری گەنجانی سلێمانی وتی، کۆمەڵێک رێکخراوی ئینتەرناشناڵ هاتوونەتە بوارەکەوە و خول دەکەنەوە بۆ گەنجان کە پارەی هاتوچۆ و نانخواردنیشیان بۆ دابین دەکەن و لە دواجاردا گەنج بیر لەوە دەکاتەوە ئەو بڕوانامەیەی لەوان وەریدەگرێت ئینتەرناشناڵە و بۆیە زیاتر روو لەو رێکخراوانە دەکەن، ئەوەش کاتێک زیانەکەی دەردەکەوێت کە ئەو رێکخراوانە لێرە نامێنن، هاوکات زۆربوونی خولە ئۆنڵاینەکان وایکردووە گەنجان کەمتر بێنە دەرەوە بۆ خول بینین و لە ماڵەکانی خۆیاندا بەشداری لەو خولانەدا بکەن کە دەیانەوێت.
سەنتەری گەنجانی سلێمانی نزیکەی 25 ساڵە لەکار و چالاکییەکانی بەردەوامە و چەندین گەنجی پێگەیاندووە و کردویەتییە کەسی شارەزا لەبواری تایبەت بە خۆیان، هاوکات لە خزمەتکردن و پێگەیاندنی گەنجان بەردەوامن و ئەو کەسانەی خوازیارن بەشداری لە خولەکانی سەنتەری گەنجاندا بکەن دەتوانن لە رێگەی ئەم ژمارە تەلەفۆنەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن 07729575955.

بابەتە پەیوەندیدارەکان