شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، لە بیرەوەری 35 ساڵەی شاڵاوەکانی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستی قەرەبووکردنەوە و خزمەتکردن و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانە بۆ کەسوکاری سەربەرزی قوربانیانی ئەنفال دووپات دەکەینەوە.
دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد:
لەبیرەوەری 35 ساڵەی دەستپێکردنی شاڵاوەکانی ئەنفالدا کە بەرۆکی رۆڵەکانی گەلەکەمانی گرتەوە، دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەو مەرگەساتە دەنێرم.
جینۆسایدی ئەنفال و تاوانی دژەمرۆیی و تاوانەکانی جەنگ لە بەرامبەر هاووڵاتیانی کوردی بێ دیفاع لە هەشت قۆناغدا و بەدڕندانەترین شێوە جێبەجێکرا و سەدان چیرۆکی ناخهەژێنی جێهێشت، کە ئەمەش هەتا هەتایە وەک پەڵەیەکی رەش دەمێنێتەوە و رژێمی لەناوچووی بەعس و دەسەڵاتە داپڵۆسێنەرەکانی پێ دەناسرێتەوە.
لەم ساڵڕۆژەدا سەری رێز بۆ شەھید و قوربانیانی ئەنفال دائەنەوێنم و پێویستی قەرەبووکردنەوە و خزمەتکردن و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانە بۆ کەسوکارە سەربەرزەکەیان دووپات دەکەینەوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد