بە جینۆسایدناساندنی كارەساتی قەڵادزێ

09:39 - 2022-04-24
ڕاپۆرت
844 جار خوێندراوەتەوە

جێگر خدر

ئەمڕۆ یادی بۆردومانی قەڵادزێ لە 24/4/1974 و راپەڕینی 1982ی دانیشتوانی خۆڕاگری شارەكەیە. لەیەككاتدا ساڵڕۆژی كارەسات و راپەڕین و هەستانەوەی خەڵكە بەرامبەر جەور و ستەمی رژێمی بەعسی لەناوچوو.
سەعات 9:43 دەقیقەی سەرلەبەیانی رۆژی 24/4/1974 ژمارەیەك فڕۆكەی جەنگیی پێشكەوتوو لە جۆری سیخۆ، بە چەكی قەدەغەكراوی ناپاڵم، شاری قەڵادزێیان بۆردومانكرد، ئەوكات ئەم شارە بنكەیەكی سەرەكی شۆڕشی گەلی كورد بوو و زانكۆی سلێمانیشی بۆ گواسترابووەوە.
سەبارەت بەو كارەساتە، ئیبراهیم محێدین بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالكراوانی قەڵادزێ، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، دەڵێت «رژێمی لەناوچووی بەعس یەكەمین تاوانی كۆمەڵكوژی لە باشووری كوردستان دژی قەڵادزێ بوو، بە فڕۆكەی جەنگی و چەكی ناپاڵم بۆردومانی شارەكەی كرد و بەهۆیەوە تیایدا 163 هاووڵاتی لە تەمەنی جیاواز بە منداڵی ساواشەوە، لەگەڵ ژمارەیەك خوێندكاری زانكۆ شەهیدبوون و زیاتر لە 350 هاووڵاتی دیكەش برینداربوون».

 

 

«دوای هەشت ساڵ، بۆ رێزگرتن لە قوربانییانی كارەساتی 1974، خەڵكی تیكۆشەر و ئازادیخوازی قەڵادزێ، یادی ئەم كارەساتەیان كردەوە، رژێمی ئەوكات لە زەبروزەنگ بەردەوامە و دیسانەوە قەڵادزێ قوربانی دەدات»، لەوبارەیەوە، بەڕێوەبەری شەهیدانی قەڵادزێ وتی: خۆپیشاندانی 1982 رێكخراوبوو، لەلایەن خوێندكاران و رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە سەرپەرشتی دەكرا، ئەو رۆژە دایكە ئامینە و مامۆستا سنەوبەر بوونە سیمبولی راپەڕینەكە و گیانی خۆیان لە بەرگریی و بۆ رزگاریی نیشتمان بەخشی، لەپاڵ ئەم دوو شەهیدە، پێنج هاووڵاتی دیكە برینداربوون و 60 كەسی دیكەش لە خوێندكاران و توێژەكانی دیكە، راپێچی زیندان كران.
ئاماژەی بەوەشكرد كە دوای ئەوە رژێمی بەعس لە ساڵی 1989 دەستیكرد بە راگواستنی شاری قەڵادزێ و تەواوی ناوچەی پشدەر بۆ ئۆردوگاكانی خۆرئاوای هەولێر و خۆرئاوای سلێمانی، لەدوای چۆڵكردنی ناوچەكە لە هاووڵاتیان، سەرجەم خانوبەرە و قوتابخانە و مزگەوتەكانی شار و ناوچەكە تەقێنرانەوە و خاپوركران و ناوچەكەش بە «ناوچەی قەدەغەكراو» ناسێنرا و شارەكەش بەیەكجاری تەختی زەوی كرا، كە تا راپەڕینی 1991 شارەكە ئاوەدان نەبۆوە.
دوای ئەو چەند ساڵە و تائێستا وەك پێویست كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی كارەساتی شارەكە نەكراوە.
پاش راپەڕینیش لە قەڵادزێ قوربانیدان بەردەوام بوو، بەڵام ئەم جارەیان لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە چەند جارێك بۆردومان كرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان