خاتوو منەوەر سەدان ژنی پێگەیاندووە

10:50 - 2023-04-16
دووتوێ
418 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: هاوژین عەبدولواحید

زۆرن ژنانی بەهرەمەندو بەتوانا کە گرنگی تایبەت بە بوارەکەی خۆیان دەدەن و هەوڵی سەرکەوتن و گەیشتن بەئامانج دەدەن، بەشێکیان بوێرانە  رووبەڕووی تەگەرە و بەربەستەکان دەبنەوه بەشێکی تریشیان له ترسی شکست ناتوانن هه‌نگاوی گه‌وره‌ به‌ره‌و ئامانجه‌كانیان بنێن و هه‌میشه‌ دوادەکەون، بۆ ئەو مەبەستە خاتوونێکی بەتوانا و بەهرەمەندمان بەسەرکردەوە کە بە ئازایەتی و کۆڵنەندان توانیویەتی تا ئەمڕۆ لە کارەکەی بەردەوام بێت. 
ئەو خاتوونە دەڵێت: ناوم منەوەر میکائیله لە شاری کۆیە لە دایک بووم هەر لێرەش دەژیم، ماوەی 45 ساڵە بەرگدرووم، خەونی لە مێژینەی من بووە، لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە هەر لە منداڵییەوە هەوڵم بۆ داوە ئەو کاتە مامۆژنێکم قوماشی بۆم دەبڕی و منیش دەمدووری دواتر وردە وردە زیاتر هەوڵم بۆدا تا بەباشترین شێوە خۆمم پێگەیاند، ئێستاش ئاوێتەی کارەکەمم ئەگەر یەک رۆژ له کارەکەم داببڕێم هەست بە دڵتەنگی دەکەم.
* تاچەند گرنگە بەدڵ ئەو کارە هەڵبژێریت کە دەتەوێت بیکەیت؟
 ئەو کارەی من هەڵمژاردووە تەنها وەک کارێک نایبینم، چونکە عەشقی کارەکەمم و زۆرم خۆشدەوێت هەر ئەوەش وایکردووە هەرگیز لێی بێزار نەبم، ئەگەر هەرکارێک بەدڵ نەکرا ئەوا ئەو کارە هەرەس دەهێنێت و لە کورتترین ماوەدا لەناودەچێت، بۆیە حەز و خولیا لەسەرووی هەموو شتێکەوەیه هەر مرۆڤێک ئەگەر توانی بەهرەی خۆی بدۆزێتەوە، بزانێت لە چ بوارێکدا بەهرەمەندە و تواناکانی خۆی بناسێت، ئەوا بێگومان کە بەرەو داهێنان و سەرکەوتن دەچێت.
* تاچەند گرنگه ژنان پشت بەخۆیان ببەستن؟
پێویستە هەموو ژنێک بەدەر لەکاری ماڵەوە کارێکی تر بکات لە چوارچێوەی حەز و بەهرەکانی خۆی جا مەرج نییە ئەم کارە تەنها بەرگدروویی بێت من زۆر لە هاوڕێ و دۆستانم دێنەلام پێیان دەڵێم و رێنماییان دەکەم  کار لەسەر خەونەکانی خۆیان بکەن و پەرە بەخۆیان بدەن، ئازایانە هەنگاو بنێن بۆ هەر کارێ حەزی لێدەکەن، هەڵبەتە پاڵپشتی خێزانیش گرنگترین شتە بۆ ژن، من خۆشبەختانە هەمیشە هاوکارم زۆربووە، خێزانەکەم هەمیشە پشتیان گرتووم لە هەموو کات و ساتێکدا بەتایبەتیش هاوسەرەکەم، ساڵانی زوو  یەکەم کەس بووم کە بتوانم دوکان دابنێم و کار بکەم لەدەرەوە، سەرەڕای ئەوەی تووشی زۆر تانە و تەشەر بووم، چونکە پێشتر شتێکی نەنگی بوو ژن لە ماڵ بچێتە دەرەوە، بەڵام زاڵ بووم بەسەر تەواوی ناخۆشییەکان و ئێستاکەش لە دوکانەکەم سێ ژن کاردەکەن لەگەڵمدا، خۆم زیاتر سەرپەرشتییان دەکەم و هاوکاریانم و زۆر حەزیشدەکەم کارەکەم فراونتر بکەم و کارگەیەکی دوورینی جلوبەرگ دابمەزرێنم بۆ برەودانی زیاتر بەکارەکانم و رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ ژمارەیەک  کچ و ژنی تر بۆ ئەوەی زۆرترین کەس تێیدا سوودمەندبێت.
*  تائیستا چەند کەس لەسەر دەستی تۆ فێری کاری بەرگدروویی بووە؟
دەیان خولی فێرخوازیم کردۆتەوە و بەسەدان ژنم فێری ئەم کارە کردووە خۆشبەختانە ئێستا بەشێکیان خاوەنی کاری خۆیانن جێگەی دڵخۆشییە بۆ من بەشێکی زۆریان لە من شارەزاترن کاریان لەمن جوانترە و بەهرەمەندترن، ئەوەش بۆ من جێگەی شانازییە و سەربڵندم بە توانای فێرخوازەکانم هەوڵی باشیان داوە بۆ برەودان بە تواناو کارەکانیان هەمیشە ئەوەی بەلای منەوە زۆر گرنگ بووە لە خولەکانمدا تەنها فێربوونی فێرخوازەکانم بووە بەباشترین شێوە و جوانترین تەکنیک.
* تائێستا ژنان لای تۆ هەوڵیانداوە مۆدێلی جلی کوردی بشێوێنن ؟ وەڵامی تۆ چی بووە؟
شێواندنی مۆدێلی جلی کوردی شتێکی تازە نییە هەموو ساڵێک کەم تا زۆر هەر هەبووه، بەڵام شتەکە زیاتر لەلایەن گەنجەکان و هەرزەکارەکانەوەیە بەتەمەنەکان حەز بەم گۆڕانکارییە ناکەن ئەمساڵیش مۆدێڵێک هەبوو کە کراسەکەیان بێ قۆڵ دەکرد و فەقیانەکەیان لە قۆڵی کەواکە دەدا، ئەمەش بەڕاستی شتێکی زۆر ناشیرینە لە دابونەریت و کەلتور لادراوە، جلوبەرگ ناسنامە و رەمزی هەر وڵاتێکە، بۆیه شێواندن و تێکدانی لادانە لە رێچکەی باب و باپیرانمان.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان