جووڵەی سیاسی سعودیە و ئیمارات لە جیهاندا

10:14 - 2022-04-24
ڕاپۆرت
608 جار خوێندراوەتەوە
وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات و روسیا

ئالان گریش

لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

رەفتاری دوو هاوپەیمانە گرنگەکەی ئەمریکا و فەڕەنسا لەبەرامبەر هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، پارێزگارانەیە. سیاسەتی سەبر و چاوەڕوانی بەرەنجامی گەشەکردنی روسیا لە ناوچەکە لەم ساڵانە و بەگومان بوون لە «خۆرئاوا»، کە وەک ئەفغانستان واز لە هاوپەیمانەکانی دێنێ و پێدەچێت بە پێی بایەخی جوگرافی، بەهاکان بپارێزێت. 
لە 25ی شوباتی 2022، نووسەرێکی رۆژنامەی «عوکاز» دوای سێ رۆژ لە پەلاماری روسیا بۆ سەر ئۆکراین نووسی: «ناتۆ، کلیلی قەیرانی ئەم دواییەیە. روسیا بەهیچ جۆرێک پەلوپۆهاویشتنی ناتۆ بۆ سنوورەکانی قبوڵ ناکات». بۆ سبەینێ، نووسەرێکی دیکەی هەمان رۆژنامە نووسی: «دڵنیاین پەلاماردانی ئۆکراین لە لایەن پوتنەوە واقیعیەتی نوێی لە ناوچەکەدا هێناوەتەئارا، پوتن نەزمێکی جیهانی تەواو جیاواز لەوەی هێناوەتەکایەوە، کە «خۆرئاوا» بەسەر روسیادا سەپاندبووی». هەروەها رۆژنامەی «ریاز»ی سعودیە لە 3ی مارس جەخت دەکاتەوە کە: «نەزمی پێشووی جیهان دووجەمسەری بووەو دوای جەنگی دووەمی جیهان پێکهات، بەڵام پاش هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤێت بووە تاکجەمسەری و ئەمڕۆ گۆڕان بۆ نەزمێکی چەند جەمسەری» دەبینین و بەردانگ بە «خۆرئاواییەکان» بەردەوام دەبێت: «هەڵوێستی هەندێک وڵات دەربارەی ئەم جەنگە، نەک بەر مەبنای داکۆکیکردن لەبنەما ئازادی و دیموکراسییەکان، بەڵکو بە پێی بەرژەوەندییانە لە جیهانی ئێستادا».
هەمان بابەت لە میدیاکانی ئیمارات دەخرێتە روو: «ناجێگیری هەڵوێستەکانی ئەمریکا جێی سەرسامی و نوێ نییە و پێشتریش لە پانتایی و بابەتی جۆراوجۆردا هێزە ناوخۆییەکانیان خستۆەتە خزمەت ئامانجەکانیان و پاشان لە تەنگانەدا بەجێیان هێشتوون و بە گورگان خواردوویان داون».
تا رادەیەک بەخوێندنەوەی ئەم بۆچوونانە، بیرمان دەچێت سعودیە و ئیمارات هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریکان. لەگەڵ ئەوەشدا، بەکورتی تووتی ئاسا دوو بابەتی میدیاکانی ئەم وڵاتانە دەڵێنەوە، کە لەودیو ئیدانەکردنی کەم و زۆر هاتووە سەر زمانی داگیرکردنی ئۆکرانیایە.
ئەو دوو وڵاتە پێیانوایە، دەبێ لە فرە جەمسەری جیهاندا شوێنی نوێ بۆ روسیا و بە تایبەت چین (و لەئاستی فراوانتر روسیا) بکرێتەوە، کە هاوکاتی کشانەوەی ئەمریکا لە کەنداو دەبێت. 

ئیدانەکردنی هێرشی سەربازیی روسیا
گومانی تێدا نییە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئیدانەکردنی دەستێوەردانی سەربازی روسیا لە ئۆکرانیا لە 25ی شوباتی 2022، رووبەڕووی ڤیتۆی روسیا بۆوە، بەڵام سەیرە کە! جگە لە چین و هیندستان، ئیماراتیش دەنگی بەو بڕیارە نەدا. دوای چەند رۆژێک، بە گوشاری ئەمریکا، ئیسڕائیل و فەڕەنسا، لە 10ی ئازار بڕیارنامەیەکیان لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان دەرکرد، بەڵام هەڵوێستی خۆپارێزانەی ئیمارات نەگۆڕا.
هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ مۆسکۆش بەهێز بووە. بە تایبەت دەربارەی پرسی سوریا کە ئەبوزەبی خوازیاری گەڕانەوەی سوریایە بۆ کۆمکاری عەرەبی و لە 18ی ئازار بەشار ئەسەد بە رەسمی سەردانی ئیماراتی کرد. 
لەوکاتەدا، گلەیی و گازندەکانی ئەبوزەبی دژی واشنتۆنیش چەند هێندە بووە. کاردانەوەی درەنگ وەختی واشنتۆن دژی پەلاماری حوسییەکان لە 17ی حوزەیران، دوودڵی ئەمریکای لە پشتگیریکردن لە جەنگی یەمەن و ئەژمارنەکردنی بەرژەوەندییەکانیان لە گفتوگۆکانی پەیوەست بە پرسی ئەتۆمی ئێران لەو گلەیی و گازندانایە. گرژییەکی دیکەی کۆتایی2021، ئەبوزەبی چاوپۆشی لە کڕینی 50 فڕۆکەی 35-F بە بەهای 23 ملیار دۆلار کرد. ئەم هەنگاوە وەڵامدانەوەی ئەو بارودۆخە بوو واشنتۆن بۆ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا دیاری کردبوو. ئیمارات لە مانگی شوباتی 2022، 12 فڕۆکەی چینی «15-L Hongdu» کڕی، کە ئیرادەی ئیمارات بۆ فرەیی سەرچاوەی کڕینەکانی لە بواری سەربازی دەردەخات.  
لە کاتێکدا جەنگی ئۆکراین نرخی وزەی بەرزکردەوە، ئیمارات کە یەکێکە لە هەناردەکارانی سەرەکی نەوتە توانای دابینکردنی خواستەکانی هەیە، بەڵام نایەوێت دابینی بکات. ئەوەش بۆ بیرهێنانەوەی توانای ئیماراتە لەکاریگەربوون بەسەر بازاڕی نەوتدا.. 
لەگەڵ ئەوەدا پێناچێ سعودیە بە داوای واشنتۆن رازی بێت، چونکە «دڕدۆنگییەکی» زۆر لە نێوان واشنتۆن و ریاز و ئەبوزەبیدا هەیە. تەنانەت پێش چوونی بایدن بۆ کۆشکی سپی، سعودیە لە کاردانەوەی لاوازی ئەمریکا لە هەڵکوتانە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی و بە تایبەت، کە ترەمپ جەختی کردەوە هەرگیز بەڵێنی نەداوە داکۆکی لە سعودیە بکات، زۆر نیگەران بوو. کشانەوەی بە پەلەی ئەمریکاش لە ئەفغانستان و وازهێنان لە هاوپەیمانە ناوخۆییەکانی، سعودیە و سەرۆکی وڵاتانی دیکەی کەنداوی بەوقەناعەتە گەیاند، ئەمریکا هەمیشە ئامادەیە پشت لە هاوپەیمانەکانی بکا. 

محەمەد بن سەلمان
هەڵبژاردنی بایدن کەشەکەی ئالوزکرد. چونکە سەرەتا بەڵێنیدابوو دوای کوشتنی جەمال خاشقچی، سعودیە دەربکات. دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، محەمەد بن سەلمانی شازادەی سعودیەی بە بەرپرسیاری ئەم کوشتنە دەزانی و بایدن رەخنەی لە جەنگی لە یەمەن گرت. بایدن خۆی لە هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ محەمەد بن سەلمان بەدوورگرت.
ئایا ئۆکرانیا بارودۆخەکە دەگۆڕێت؟ بەدەر لەهەموو شتێک، چما واشنتۆن پەیوەندی بە ڤەنزوێللای نیکۆلاس مادۆر و نەکرد، کە تاوەکو ئێستا بەتووندترین شێوە رەخنەی لێدەگرێ و داوای زیادکردنی نەوتەکەی کرد؟ ئەم گۆڕانە زۆرەی هەڵوێستەکان لە ناوچەکە شتێکی نوێ نییە. پێشتر کە عێراق لە 1990 کوێتی داگیرکرد، جۆرج بۆشی باوک لەگەڵ حافز ئەسەد ئاشتبۆوە تا بتوانێ سوریاش لەو وڵاتانە دەربهێنێ، کە هاوپەیمانێتی لەگەڵ کردبوون. 
محەمەد بن سەلمان لە چاوپێکەوتنی گۆڤاری ئەمریکی ئەتڵەنتیک لە 7ی ئازار، بۆ وڵامدانەوەی پرسیاری ئایا بایدن تێی ناگات، بەنیگەرانییەوە دەڵێ، بەلامەوە گرنگ نییە و دەبێ بایدن بیر لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی بکاتەوە. 
بە گشتی سعودیە، ئەمریکا بەوە تۆمەتبار دەکات لە جەنگی یەمەن پشتگیری زۆری نەکردوە، هەروەها بەدەستهێنانی وزەی ناوکی لە لایەن سعودیەوە دوودڵ بووە. لەکاتێکدا مۆسکۆ لەڕێی کۆمپانیای حکومەتی رووس ئەتۆم، بەشداری بنیادنانی چەندین ناوەندی ئەتۆمی کردوە..

بێلایەنیی بەردەوام
بۆچی دەبێت روسیا سزا بدرێ؟ لە کاتێکدا پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەم وڵاتە لە دوو ساڵی رابردوودا فراوان بووە و بە تایبەت لە بواری دروستکردنی ئۆپێک+ لە 2020، روسیا بوەتە هاوبەش لە گفتوگۆکانی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت. بەرەنجامی ئەم بەشداریکردنە دروستبوونی هاوئاهەنگی باڵای نێوان روسیا و سعودیەیە، کە هەنوکە مۆسکۆ وەک بەشداریکردنی ستراتیجی لێی دەڕوانێت. پێ ناچێت سعودیە و ئیمارات ئامادەبن سزای روسیا بدەن.
بارودۆخەکە ناسەقامگیرە و بە ئەستەم دەتوانین دەرئەنجامەکانی جەنگی ئۆکراین لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بخەمڵێنین.

سەرچاوە: لوموند دیپلماتیک، مارس 2022.            

بابەتە پەیوەندیدارەکان