تاجمحەل، یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی جیهان

10:55 - 2023-04-25
دووتوێ
1149 جار خوێندراوەتەوە

دۆسێی ئەمجارەمان، تەرخانكراوە بۆ بینین و بەسەرکردنەوەی زانیاریی یەكێك لە گرنگترین و سەرنجڕاكێشترین شوێنە گەشتیارییەكانی جیهان لە زوومی کامێرا و بەدواداچوونی رۆژنامەنووسێكی كوردەوە، كە ئەویش شوێنەواری تاجمحەل-ە لە هیندستان و بە یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکانی جیهان هەژمار دەکرێت.
سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، كاتێك گەشت دەكات بۆ هەر ناوچەیەک لە جیهاندا، وەک گەشتیارێکی ئاسایی ناڕوانێتە شوێنەوار و شوێنەکان، بەڵکو وەک رۆژنامەنووسێکی دیکۆمێنتار سەرنجەکانی تۆمار دەکات. لەم گەشتەیدا بۆ هیندستانیش، وەكو رۆژنامەنووسێك سەردانی تاجمحەل-ی کردووە و راپۆرتێكی رۆژنامەنووسیی هەمەلایەنەی لەسەر ئامادە کردووە، سەرەڕای  چەند سەرنج و بۆچوونێكی تایبەتی خۆی كە لە گەشتەكەدا هەڵوێستەی لەسەرکردووە کە ئەو سەرنجانەش بوونەتە هەوێنی ئەم دۆسێیە.
ئەم دۆسێیەدا وێڕای بەسەرکردنەوەی ئەو باڵەخانه‌ جوان و سەرسوڕهێنەرانەی کە بەشێکن لە هێماو سیمبوله‌ سەرەکییەکانی هیندستان و دەکەوێتە شاری گەشتیاریی ئاگراوە. تاجمحەل باڵەخانەیەکی شایستە و سەرنجڕاکێشە کە وێنەیەکی تەلارسازیی ئیسلامی ناوازە و سەرسوڕهێنەر نیشان دەدات. 
تاجمحەل هەموو رۆژێک بەڕووی خەڵکدا کراوەیه‌، جگە لە رۆژانی هەینی، لە خۆرهەڵاتنەوە تا خۆرئاوابوون.  باشترین کات بۆ سەردانکردنی ئەم شوێنە لە کاتی خۆرهەڵاتن یان خۆرئاوابووندایە، کە تیشکی جوانی خۆر بەسەر بیناکەدا دەدرەوشێتەوە و دیمەنێکی جوان و ئه‌فسوناوی پێدەبەخشێت. سەرهەنگ پێی باشە ئەوانەی سەردانی دەکەن خۆرهەڵاتن هەڵبژێرن تا رووبەڕووی جه‌نجاڵی و قەرەباڵغی گەشتیار نەبنەوە ئەگەر ئارەزووی وێنه‌گرتنیان هەبێت، دەتوانن لەم کاتانەی رۆژدا وێنەی ناوازە بگرن.  لەوبارەتەشەوە دەڵێت: ״وێنەگرتن لەناو گۆڕی سەرەکیدا قەدەغەیە״ و چوونە ژوورەوەش بە بلیتە. 
هەروەها ئاماژە دەدات بەوەی کە به ‌چوارده‌وری مه‌زاره‌كه‌دا باخچه‌یه‌كی مه‌نگۆلی هه‌یه‌ كه‌ راسته‌وخۆ سه‌رنجت راده‌كێشێت، چونکە یەکێکە لە جوانترین و سەرنجڕاکێشترین بەشەکانی مه‌زاره‌کە و ئیلهامه‌كه‌ی لە نەخشی چوارباخی ئێرانییەوە وەرگیراوە و رووبەرەکەی نزیکەی 250 هەزار مەتر دووجایە.

دۆسێ

سه‌رهه‌نگ عه‌بدولڕه‌حمان

تاجمحەل یەکێکە لە جوانترین و بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەکانی هیندستان، کە دڵنیام چەندین جار ناوبانگیتان بیستووه‌ و وێنەکەی لەسەر بڕۆشەرەکانی ریکلامی گەشتەکانی هیندستان بینراوە.
لە راستیدا ئەم باڵەخانە جوان و سەرسوڕهێنەرە یەکێکە لە هێما و سیمبوله‌ سەرەکییەکانی هیندستان کە دەکەوێتە شاری گەشتیاری ئاگرا. تاجمحەل باڵەخانەیەکی شایستە و سەرنجڕاکێشە کە وێنەیەکی تەلارسازیی ئیسلامیی ناوازە و سەرسوڕهێنەر نیشاندەدات و من بۆ یەکەمجار وێنە و زانیاریم لەسەر ئەم شوێنە مێژووییە لەسەر یەکێک لە لاپەڕەکانی  ژماره‌ 34 ی گۆڤاری رەنگین ساڵی 1991 بینی و لەوساوە سەرسام بووم بە بینینی ئەم شوێنە و دواتریش كاریگه‌ریی شیعری موسافیری سوهراب سپهەری و ئینجا خوێندنی شێوازی ته‌لارسازی تاج محه‌ل له‌ وانه‌ی مێژووی هونەری پەیمانگای هونەرەجوانەکان ، هێنده‌ی تر سەرسامییان بۆ ئەم شوێنە زیاتر دەكردم، تا خۆشبه‌ختانه‌ بە گەشتێکی یەک مانگی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکمدا چوومە شاری نیودەلهی پایتەختی هیندستان و لەوێش یەکێک لە ئامانجەکانم سەردانی شاری ئاگرا و بەتایبەتی تاجمحەل بوو، هەربۆیە پێشنیازم بۆ هاوڕێکانم کرد کە با رۆژێک سەردانی تاجمحەل بکەین. ئەوەبوو محەمەد فه‌یسه‌ڵ کە هاوڕێیەکی هیندی موسڵمان و نزیکمان بوو، رۆژێک ئۆتۆمبێلێکی بە دەربەستی بۆ گرتین و من و دوو هاوڕێم بەیانییه‌ك زوو لە خەوهەستاین و من وه‌ك عاده‌تی خۆم، بەهۆی خۆشحاڵی سه‌ردانه‌كه‌وه‌ له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ بەخەبەرهاتم.
بینینی تاجمحەل پاڵنەرێکی سەرەکیم بوو بۆ گەشتەکەی هیندستانم، ئێستا هیچ شتێک نەمابوو بۆ بەدیهێنانی خەونەکەم.  نەمدەویست لە ژوورەکەمدا بمێنمەوە و سەعاتێک زووتر لە هاوڕێکانم بەخەبەرهاتم و چوومه‌ پرسگه‌ی هۆتێله‌كه‌ و چاوه‌ڕوانی هاوڕێكانم بووم کە هاتنه‌ خواره‌وه‌ تاکسی هۆتێلەکە کە ئێمەی دەبرد بو گەشت و گەڕان، له‌كاتی دیاریكراودا هات و ئێمەی بردە شوێنێکی ترو لەوێش سواری ئەو ئۆتۆمبێلە بووین كه‌ ده‌یبردین بۆ تاجمحەل. 
بەیانیه‌كی زوو بە شەقامەکاندا رۆیشتین كۆڵان و گه‌ڕه‌كه‌كانی ده‌لهی سروشتێکی جوان و سەوزیان پۆشیبوو. شتێك كه‌ لێره‌ پێی سه‌رسامم رێژه‌ی زۆری دارودره‌خت و سه‌وزاییه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئاستی به‌رزی رۆشنبیری و ژینگه‌دۆستییانه‌. هەموو ڤێللا و خانووه‌كانی سه‌ر رێگه‌ جوان و سه‌رنجڕاكێش بوون.

ئاگرا شارێكی بێ مۆزایك 
دوای سێ سەعات گه‌یشتینه‌ شاری ئاگرا، یان وەک خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن ئاگرە، شارێک کە لە شار نەدەچوو.  وه‌ك زۆربه‌ی شاره‌كانی هیندستان شەقامەکانی پیس و پڕ بوون لە ئاژەڵی بێ سەرپەرشت.  زۆربەی شه‌قام و شۆستەکان خۆڵ و بێ قیرتاو و بێ مۆزایک بوون.  پڕ بوون لە دەستفرۆش و دەستگێڕ. لە هەندێک ناوچەی شارەکەدا تەنانەت شێوەی دوکانەکانیش جیاواز دەرده‌کەوتن.  کۆشکی دار و ئاسن کە هەموو جۆرە كه‌لوپه‌لێكیان لێ ده‌فرۆشت.
ئاگرا یەکێکە لە شارە گەشتیارییەکانی هیندستان و دەکەوێتە نزیک شاری دەهلی پایتەختی ئەم وڵاتە و 200 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە.  یەکێک لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئاگرا بینایه‌كی مەڕمەڕی سپییە بە ناوی تاجمحەل کە جوانیی هونەری تەلارسازی ئیسلامی و ئێرانی و هیندی ده‌خاته‌ڕوو، ناوەکەی لە لیستی جیهانی یونسکۆدا تۆمار کراوە.  
لە دەروازەی تاجمحەل-دا چه‌ندین مەیموونی یاریزان و جوان به‌ره‌و پیرمان هاتن.  دوای پشکنین، بە دەروازه‌ ئەمنییەکاندا تێپەڕین و چووینە ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌وه‌.  ژمارەیەک دوکان و کۆشک لە حەوشەیەکی گەورەدا هەڵکەوتوون لەگەڵ چه‌ند فرۆشیارێكی ته‌قلیدی هاوشێوەی فرۆشیارەکانی لای خۆمان.  به‌ڵام ئه‌مان رەفتاریان زۆر جیاوازە و سواڵکەرن!  واتە هەریەکەیان بە گەشتیارێکەوە دەلکێن و زۆر لێی ده‌پاڕێنه‌وه‌ تا شتێکی پێ بفرۆشن.
 هەرزەکارێك و پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن وه‌ك له‌زگه‌ پێمانه‌وه‌‌ نووسان و وازیان نه‌ده‌هێنا، كۆمه‌ڵێك وێنه‌ و په‌یكه‌ری تاج مه‌حه‌ل-یان پێبوو، ده‌یانوت لێمان بكڕن، دەپاڕانەوە کە شتێکیان لێ بکڕین. به‌ڵام به‌و نرخه‌ رازی نه‌بوون كه‌ ئێمه‌ پێمان دان و هه‌ربۆیه‌ لێمان نه‌كڕین، چونكه‌ زۆر گرانجان بوون و له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌شتیار بووین، دووقات و سێ قاتیان لێ ده‌سه‌ندین.
تاجمحەل سێ دەروازەی چوونە ژوورەوەی هەیە.  بەزۆری گروپە گەشتیارییەکان لە دەروازەی خۆرهەڵات و خۆرئاواوە دەچنە ناوەوە و گەشتیارانی سەربەخۆش لە دەروازەی باشوورەوە دەچنە ژوورەوە.
دەروازەی چوونە ژوورەوە بۆ مه‌زاری تاجمحەل دەكرێت سەرەتای سەرسوڕمان و واقوڕمان بێت لە گەورەیی تەلارسازی و دیزاینی ئەم بینایەدا، کە  دواتر بە شێوەیەکی باڵاتر خۆی ده‌نوێنێت.  
دەروازەی مه‌زاره‌كه‌ بە «دەروازەی رۆزە» ناسراوە و بە نەخشی سەرسوڕهێنەر رازاوەتەوە.  ئەم دەرگایە نزیکەی 30 مەتر بەرزە، کە نیوەی بەرزیی بینای سەرەکییە و لەسەر لێوارە سەرنجڕاکێشەکەی، ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز لەسەر بەردی رەش هەڵکەندراون.
تاجمحەل هەموو رۆژێک بەڕووی خەڵکدا کراوەیه‌، جگە لە رۆژانی هەینی، لە خۆرهەڵاتنەوە تا خۆرئاوابوون.  باشترین کاتیش بۆ سەردانی ئەم شوێنە لە کاتی خۆرهەڵاتن یان خۆرئاوابووندایە، کە تیشکی جوانی خۆر بەسەر بیناکەدا دەدرەوشێتەوە و دیمەنێکی جوان و ئه‌فسوناوی پێدەبەخشێت.  واباشه‌ کە خۆرهەڵاتن هەڵبژێریت بۆ سەردانی مه‌زاره‌كه‌ بۆ ئەوەی رووبەڕووی جه‌نجاڵی و قەرەباڵغی گەشتیار نەبیتەوە.  ئەگەر ئارەزووی وێنه‌گرتنیشت هەیە، دەتوانیت لەم کاتانەی رۆژدا وێنەی ناوازە بگریت.  بێگومان وێنەگرتن لەناو گۆڕی سەرەکیدا قەدەغەیە.  بیرت بێت کە پێویستە بلیتێک بکڕیت بۆئەوەی سەردانی تاجمحەل بکەیت. 

  تاجمحه‌ل؛ وه‌ك قازێکی سپی
تاج مەحه‌ل؛ له‌ دووره‌وه‌ وه‌ك قازێکی سپی ده‌ركه‌وت له ‌كه‌نار رووباری یومنا. ئێمه‌ش په‌له‌مان بوو زوو بگه‌ینه‌ لای. بە چەند باخچە و حەوشەیەکدا تێپەڕین و دەروازەی سەرەکی چوونە ژوورەوەی تاجمحەل-مان دۆزییەوە.  چووینە ناوچەی سەرەکیی مه‌زاره‌كه‌ و  من بۆخۆم بە بینینی باڵەخانەیه‌كی سپیی جوان، سه‌راسیمه‌ بووم و لە شوێنی خۆم واقم وڕما.  گەورەیی و جوانی و كه‌مه‌ندكێشی بیناکە سەرسامی کردبووم.
 هێشتا به‌یانییه‌ و گەشتیارێکی زۆری لێیه‌، هەموو چاوەکان روویان له‌سه‌ر مه‌زاری تاج محه‌ل بوو، به‌رده‌وام وێنه‌یان ده‌گرت.  ئەوانەی سروشتێکی هێمن و ده‌روونێکی ئارامیان هەبوو، فرمێسکیان هه‌ڵدەڕشت و هەندێکیشیان په‌نایەکی بێدەنگیان هەڵبژاردبوو بۆ یۆگا و مێدیتەیشن.
ئەوەی تاجمحەل دەکاتە یەکێک لە شوێنە تایبەتەکانی جیهان، هۆکارە جوانەکەی پشت دروستکردنەکەیەتی.  ئەم پێکهاتە ناوازەیە، هێمای خۆشەویستی و سۆز و خۆشەویستییە لە جیهاندا و بۆ یادی خۆشەویستێکی ره‌وانشاد دروستکراوە. تاجمحەل بە گەوهەری هونەری ئیسلامی لە هیندستان ناوزەد کراوە و گەشتیارێکی زۆر تەنها بۆ بینینی ئه‌و، گەشت بۆ هیندستان دەکەن. لەم بابەتەدا هەوڵدەدەین ئەم شوێنەوارە رۆمانسییەتان پێبناسێنین و پێتان بڵێین بۆچی نابێت لە سەردانکردنی ئەم شوێنە ئەفسوناوییە بێبەش بن.
تاج محه‌ل له‌ كۆمه‌ڵێك بیناو هه‌یوانێك پێكهاتووه‌، كه‌ له‌ شێوه‌ی كه‌وانه‌یه‌كدایه‌ و ده‌بێته‌ ده‌روازه‌ی بیناكه‌ و ره‌گه‌زه‌ هونه‌رییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بیناكه‌ش بۆ بنه‌چه‌ی فارسی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. بینای تاجمحەل کە پانییەکەی 56 مەتر و بەرزییەکەی 58 مەترە، لەسەر سەکۆیەکی مەڕمەڕی گەورە دروستکراوە و گومەز  و پەنجەرە و تاجە گوڵینەی تێدایە.  منارە سپییەکان بە بەرزی 40 مەتر لە گۆڕەپانی ئەم سەکۆیە بەرزەپێ وەستاون.  هەروەها گومه‌زه‌ مەڕمەڕییەکەی ئەم بینایە نزیکەی 35 مەتر بەرزە.  شتێکی سەرنجڕاکێشی گومه‌زه‌كه‌ش ئەوەیە کە لە کاتە جیاوازەکانی رۆژدا رەنگی دەگۆڕێت.  ئەگەر بەیانیان بچیتە تاجمحەل، گومه‌زه‌كه‌ی بە رەنگی پەمەیی دەبینیت، ئێوارانیش به‌ سپی و شەوانیش ده‌بێته‌ ئاڵتونی.

باخچه‌كه‌ نازناوی باخی بەهەشتی پێدراوە
به‌چوارده‌وری مه‌زاره‌كه‌دا باخچه‌یه‌كی مه‌نگۆلی هه‌یه‌ كه‌ راسته‌وخۆ سه‌رنجت راده‌كێشێت كه‌ لە راستیدا یەکێک لە جوانترین و سەرنجڕاکێشترین بەشەکانی ئەم مه‌زاره‌یه‌ کە ئیلهامه‌كه‌ی لە نەخشی چوارباخی ئێرانییەوە وەرگیراوە و رووبەرەکەی نزیکەی 250 هەزارمەتر دووجایە. 
باخچەی تاجمحەل لە دەروازەی چوونە ژوورەوە دەست پێدەکات و تا مۆنۆمێنتەکە بەردەوام دەبێت. ئەم باخچە جوانە لە چوار بەش پێکهاتووە، کە بە رێڕەوی تەسک بەسەر چواربەشدا دابەشکراوە و لە هەر بەشێکدا 16 بەشی گوڵدار هەیە، کە لە هەر بەشێکدا 400 رووەکی جیاواز رووێنراوە.  هەموو ئەو گوڵ و درەخت و کەناڵ و نافورانەی ناو باخچەکە سیمتریشن و دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشیان پێبه‌خشیووە.  ئەوەندە جوانە، نازناوی باخی بەهەشتی پێدراوە.
باخچه‌ی تاج محه‌ل شێوه‌یه‌كی لاكێشه‌یی هه‌یه‌ و له‌ ناوه‌ڕاستیدا گۆڕستانه‌ كه‌  له‌ رووی ئیستاتیكا و ئه‌فراندنه‌وه‌ ره‌گه‌زی سه‌ره‌كی گۆڕستانه‌كه‌یه‌ كه‌ كه‌وتۆته‌ كۆتاییه‌كه‌وه‌. لە گۆشەکانی گومەزە سەرەکییەکەدا، چوار چەتری گومەزی بچووکتر هەیە و تاجە گوڵینەکانی سەر لێواری دیوارەکە وا دەکات بەرزیی گومەزەکە زۆر راسته‌قینه‌ دەربکەوێت.  منارەکانی تاج محه‌لیش لە مەڕمەڕ دروستکراون و هەریەکەیان 40 مەتر بەرزە.  لە هەر منارەیەکدا سێ نهۆم دیزاین کراوە و بۆ هەر نهۆمێک باڵکۆنێک دروستکراوە.
له‌ ناوه‌ڕاستی باخچه‌كه‌شدا حه‌وزێكی به‌رزی ئاو له‌نێوان گۆڕو ده‌روازه‌كه‌دا هه‌یە کە بە «حه‌وزی که‌وسەر» ناسراوە و نوێژخوێنان بۆ دەستنوێژ بەکاری دەهێنن.  یەکێک لە وێنە سەرنجڕاکێشەکان کە لە تاج محه‌لدا به‌رچاوده‌كه‌وێت، رەنگدانەوەی تاج محه‌لە لە ئاوی ئەم حه‌وزەدا.
له‌دوای دۆزینه‌وه‌ی باخچه‌ی مانگیش كه‌ ده‌كه‌وێته‌ لایه‌كی تری رووباری یومناوه‌، شوێنه‌وارناسانی هیندی پێیانوایه‌ كه‌وا پێویست بووه‌ رووباری یومنا به‌شێك بێت له‌ نه‌خشه‌ی باخچه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ میوانان روویان تێكرد، وه‌ك یه‌كێك له‌ رووباره‌كانی به‌هه‌شت ته‌ماشای بكەن. 
گێڕانه‌وه‌ كۆنه‌كانیش له‌ باره‌ی باخچه‌كه‌وه‌ وا ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ زۆرێك له‌ گوڵ و نێرگز و دره‌ختی میوه‌ی تێدابووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سی ئیمپراتۆریای مه‌نگۆلیدا بایه‌خدان به‌ باخچه‌كه‌ كه‌مبۆ‌ته‌وه‌، كاتێكیش به‌ریتانییه‌كان له‌ سه‌رده‌می ئیمپراتۆریای به‌ریتانیدا ده‌ستیان به‌سه‌ر تاج مه‌حه‌لدا گرتووه‌، شێوه‌ی باخچه‌كه‌یان گۆڕیوه‌ و وه‌ك باخچه‌كانی له‌نده‌نی لێهاتووه‌.
گڵكۆکە وەک بەشێکی سەرەکی كۆشكه‌كه‌ دەکەوێتە کۆتایی باخچەکە و شکۆمەندییە سەرنجڕاکێشەکەی تاج محه‌لی کردە تاجی مەڕمەڕی هیندستان.  هەروەها جوانترین دیمەنی ئەم بەشە بە گومەزێک دادەنرێت کە لەگەڵ تاجە گوڵینەیەکی جوان لەسەر گۆڕەکە دادەنرێت.  ئەم گومەزە جوانە بە بەرزی نزیکەی 35 مەتر دەکەوێتە سەر پێکهاتەیەکی حەوت مەتری و بەهۆی دیزاینە تایبەتەکەیەوە پێی دەوترێت گومەزی پیاز.  لە سەرووی گومەزە سەرەکییەکەدا دارێکی زێڕین هەبووه‌، کە لە توخمە دیکۆراتی هیندی و فارسی دروستکرابوو.  ئەم دارە زێڕینە دواتر (لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم)دا بە دارێکی برۆنزی و زێڕین گۆڕراوە.

بۆ موسڵمانانی ئاگرا گرنگی خۆی هەیە
مزگەوتەکەش یەکێکە لە بەشە گرنگەکانی تاج محه‌ل کە دەکەوێتە لای چەپی باڵەخانەکە و دیزاینەکەی بە رەنگی سوورە.  ناوەوەی ئەم بەشەش هاوشێوەی مزگەوتەکانی تری جیهانی ئیسلامی میحراب و مینبەری هەیە و لە رۆژانی تایبەتدا بەڕووی موسڵمانانی دانیشتووی ئاگرادا دەكرێته‌وه‌. جێگەی 570 نوێژخوێن ده‌بێته‌وه ‌و بۆ موسڵمانانی ئاگرا گرنگییەکی زۆری هەیە.  دەوترێت کاتێک تەرمی مومتاز مەحه‌ل گەیشتە ئاگرا بەشێوەیەکی کاتی لە تەنیشت دیواری خۆرئاوای مزگەوتەکەدا بەخاک سپێردرا، بۆئەوەی دوای دروستکردنی شوێنێکی گونجاو بگوازرێتەوە بۆ ئەوێ.
 
نابێت به‌پێڵاوه‌وه‌ بچیته ‌ژووره‌وه‌
بەشی ناوەوە و دەرەوەی مزگەوتەکە بە ئایەتی قورئان رازێنراوەتەوە و بەهۆی بوونی گڵكۆ لە بیناکەدا بینایەکی دیکە لە دیوەکەی تری مه‌زاره‌کە هاوشێوەی ئەو بینایە دروستکراوە.  هۆڵی سه‌ره‌كی بیناكه‌ هه‌ردوو گۆڕی رازاوه‌ی مومتاز محه‌ل و شا جیهانی له‌خۆگرتووه‌، كاتێك ویستمان بچینه‌ ژووره‌وه‌، گۆره‌وییه‌كی شێوه‌ ئیسفنجی نایلۆنیان به‌ پاره‌ پێداین تا بیكه‌ینه‌ پێڵاوه‌كانمان و ئینجا بچینه‌ ژووره‌وه‌، ئه‌وه‌ش هه‌م بۆ پاكڕاگرتنی مه‌زاره‌كه‌ و هه‌م  وه‌ك رێزێك بۆ گۆڕی هه‌ردوو ناوبراو. كاتێك چووینه‌ ژووره‌وه‌ تا راده‌یه‌ك تاریك و قه‌ره‌باڵغ بوو. 
ژووری ناوه‌وه‌ی مه‌زاری تاج محه‌ل به‌شێوه‌یه‌كی جوان رازاوه‌ته‌وه‌ و تیایدا نه‌خشی سه‌ر به‌ردی گرانبه‌هاو نیمچه‌ گرانبه‌ها هه‌یه‌.
به‌رزیی دیواره‌كانی ناوه‌وه‌ 25 مه‌تره ‌و بنمیچی سه‌ریشه‌وه‌ له‌ شێوه‌ی خۆردا نه‌خشێنراوه‌. هه‌ریه‌ك له‌ مومتاز محه‌ل و شا جیهان له‌ژێر ژووری ناوه‌وه‌دا له‌ گۆڕێكی ساده‌دا پاڵخراون و روویان له‌ قیبله‌ كراوه‌.
گۆڕی یادگاری مومتاز محه‌ل و شاجیهان له‌ ناوه‌ڕاستی ژووره‌كه‌دایه ‌و له‌سه‌ر سه‌كۆیه‌كی لاكێشه‌ییه‌،  له‌ محاجه‌ره‌یه‌كی هەشت لایی (روبعی) دا دانراون، كه‌ له‌ به‌ردی مه‌ڕمه‌ڕ دروستكراوه‌ و درێژییه‌كه‌ی دوو مه‌ترو نیوه‌و پانییه‌كه‌شی یه‌ك مه‌تر و نیوه‌. هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له‌ سه‌كۆ و گۆڕه‌كه‌ به‌ به‌ردی گرانبه‌ها رازێنراونه‌ته‌وه‌ و له‌لای راستی گۆڕه‌كه‌ به‌خه‌تی (نوسخی فارسی)ی  سه‌رده‌می سه‌فه‌وی نووسراوه‌: مه‌زاری منه‌وه‌ری رێزدار خاتوو بێگام ناسراو به‌ مومتاز محه‌ل له‌ ساڵی ئه‌وه‌نده‌ی كۆچی وه‌فاتی كردووه‌. بەڵام ئەم گۆڕانه‌ تەنها بۆ نمایشکردنن و گۆڕە راستەقینەکان کە تەرمی پاشا و هاوسەرەکەی لەخۆدەگرێت لە ژوورێکی ده‌رگا داخراودا لە نهۆمی خوارەوەی باخچەکەدان.  چونكه‌ لە ئیسلامدا دانانی تەرم لە تابووت و گۆڕی رازاوەدا حەرامە،  هه‌ربۆیه‌ گۆڕه‌كه‌یان له ژێر زه‌مینی هۆڵه‌کەدایه 
هه‌رچی گۆڕه‌كه‌ی شاجیهانه‌ له‌به‌شی خۆرئاوای گۆڕی مومتاز محه‌له ‌و له‌ پاڵ گۆڕه‌كه‌یدا نووسراوه: «مه‌زاری پیرۆزی حه‌زره‌تی فیرده‌وس ئاشیانی ساحێبقڕانی دووه‌م شا جیهان له‌ساڵی 1076 (قەمەری - هیجری) کۆچی دوایی كردووه‌.
ئه‌و گۆڕه‌ش ته‌نیا شته‌ كه‌ ناهارمۆنییه‌ له‌ ته‌واوی مه‌زاره‌كه‌دا و له‌ گۆڕی هاوسه‌ره‌كه‌ی گه‌وره‌تره‌ و له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی تابوته‌كه‌ش په‌یكه‌رێكی ته‌قلیدی قه‌ڵه‌مدان و پلێتێكی نووسین هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ له‌ نیشانه‌ كۆنه‌كانی مه‌نگۆلییه‌كانن بۆ مردووه‌كانیان و تابوتی پیاو و ژنه‌كانی پێده‌ڕازێننه‌وه‌.
هه‌روه‌ها ناوه‌كانی خوا له‌سه‌ر شێوه‌ی نه‌خش و به‌ نووسراوی عه‌ره‌بی به‌ملاو لای گۆڕه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی مومتاز و شا جیهانه‌وه‌یه‌.
شێوه‌ی گومه‌زی ئه‌و جێگه‌یه‌، شێوه‌یه‌كی پیازییه ‌و له‌ لوتكه‌كه‌شیدا نه‌خشه‌ی گوڵه‌ لۆتس هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش به‌رجه‌سته‌یەکی بڵندی پێبه‌خشیوه‌.

له‌سه‌ر رووباری یومنا
پاشان ئێمه‌ چووینه‌ به‌شی پشته‌وه‌ی مه‌زاره‌كه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌سه‌ر رووباری یومنا ئه‌وه‌ی تێبینمان كرد  تاج محه‌ل لە سێ لاوە بە دیواری خشتی سوور دەورە دراوە و ئەو لایەی تەنیشت رووبارەکە هیچ دیوارێکی نییە. راسته‌وخۆ ده‌چیته‌ سه‌ر رووباره‌كه‌ لێره‌دا خه‌یاڵم چووه‌ سه‌ر ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ شیعره‌ی موسافیری شاعیری ئێرانی سوهراب سپهەری كه‌ لەساڵی 1961 هاتۆته‌ ئاگرا.

شیعر بۆ ستایشی مومتاز محەل
له‌ ده‌ره‌وه‌ی مه‌زاره‌كه‌ش زۆرێك له‌ گۆڕی ژنه‌كانی شاجیهان هه‌یه‌و گۆڕێكی گه‌وره‌ش بۆ یه‌كێك له‌ كاره‌كه‌ره‌ هه‌ره‌ نزیكه‌كانی مومتاز ته‌رخانكراوه‌.
لە بەشە جیاجیاکانی بیناکەدا نووسراوی ئایەت و سوره‌تی قورئانی تێدایە، کە بە دەستنووسێکی باش نووسراون.  لە نووسراوەکانی دەوروبەری گۆڕەکەدا 99 ناوی خودا دەبینرێت.  لەسەر گڵکۆی مومتاز محه‌ل، شیعریش بۆ ستایشی مومتاز محه‌ل نووسراون.
هه‌روه‌ها میوانخانەكه‌ی دەکەوێتە لای راستی کۆمەڵگەی تاج محه‌ل كه‌ زۆر لە مزگەوت دەچێت. سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەم بەشەش هیچ زانیارییەکی ورد نییە، تەنها ئەوە نەبێت کە بە رواڵەت وەک میوانخانە بەکارهاتووە. وه‌ك ده‌وترێت دوای نزیکەی پێنج ساڵ لە تەواوبوونی بیناکە، دوو بینای بچووکتر لە هەردوو لای بینای سەرەکی زیادکرا.  لە خۆرئاوا مزگەوتێک و لە بەشی خۆرهەڵاتیش میوانخانەیه‌ك دروستكراوە.
ئەم بینایە بە بەردی سوور (خشتی قاوه‌یی و سوور) دروستکراوە و تەلارسازییەکەی بە سێ گومه‌زی جوان و پەنجەرەیەکی گەورە لە ناوەڕاست و دوو پەنجەرە لە لاته‌نیشتیه‌كانیه‌وه‌ دیزاین کراوە.  هەروەها چوار گومه‌زی بچووک لە سەرووی بەشەكانی کۆتایی میوانخانەکەوە دەبینرێت.
جگه‌ له‌وه‌ش  بینایەکی بچووک وەک مۆزەخانە بە ناوی «مۆزەخانەی تاج» لە بەشی خۆرئاوای باخچەی تاج محه‌ل هەڵکەوتووە، کە هەموو رۆژێک کراوەیە بۆ سەردانیکەران.  لەم بەشەدا کۆمەڵێک قاپ و سکە و زێڕ لەگەڵ تابلۆ تەلارسازییەکانی تاجمحەل هەڵگیراون.  هەروەها کۆمەڵێک تابلۆی بچووکی بەنرخی مەنگۆلی وەک وێنە عاجەکانی شاجیهان و مومتاز محه‌ل لەم بەشەی کۆشکەکەدا دەبینرێت.

یەکێکە لە حەوت سەرسوڕهێنەرەكه‌ی جیهان
تاج محه‌ل وەک گەوهەرێکی شوێنەوارە کۆنەکانی هیندستان و شکۆمەندیی تەلارسازی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 2007 وەک یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرە نوێیەکان و یەکێک لە کارە ناوازەکانی جیهان ناسێنرا.  ئەم هەڵبژاردنە لەسەر بنەمای راپرسی و دیاریکردنی بڵاوبوونەوە و جەماوەریی ئەم سەرسوڕهێنەرانە بووە و تاج محه‌لی هیندستان لە تەنیشت بەرهەمە کۆنەکانی «چیچن ئیتزا» لە مەکسیک، «پەیکەری مەسیح» لە بەرازیل، شانۆی «کۆلۆسیۆم»دایە لە ئیتالیا شاری «ماچو پیچو» لە پیرۆ، شاری کۆنی پێترا لە ئوردن و دیواری گەورەی چین وەک حەوت سەرسوڕهێنەری نوێ هەڵبژێردران.

باشترین نموونەکانی تەلارسازی هیندستانە
پێنجەمین پاشای شانشینی گورخا لە هیندستان ناوی شاجیهان بوو.  رەچەڵەکی پاشاکانی گۆرکانی دەگەڕێتەوە بۆ مەغۆلەکان.  شەهابەدین محەمەد کوڕی جیهانگیر شا کە بە شازادە خوڕەم ناسرابوو، لە دوای کۆچی دوایی باوكی، دەسەڵاتی گرته‌ده‌ست و ماوەی 31 ساڵ فەرمانڕەوای هیندستان بووە.
شاجیهان وەک باپیری ئەکبەر شا، هونەر و تەلارسازی و شیعر و ئەدەبیاتی فارسی خۆشدەویست و زۆر حەزی لە لێبوردەیی ئایینی بوو، دادپەروەریی بۆ خەڵک گەیاندە لووتکە و لە ماوەی فەرمانڕەواییەکەیدا، هیندستان بوو بە گەورەترین ئابووری لە جیهاندا. هیچ پاشایەک لە مێژووی هیندستاندا هێندەی شاجیهان بەرهەمی تەلارسازی و هونەری بەجێ نەهێشتووە. 
شاجیهان زیاتر بەناوبانگە بە دروستکردنی گۆڕی بەناوبانگی تاج محه‌ل « بینای مەڕمەڕیی خۆشەویستی»، کە بە یاد و وەسیەتنامەی مومتاز محه‌لی هاوسەری دروستیکردووە. 
لەم بینایەدا کە بە یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرە نوێکان ناسراوە، کاریگەریی تەلارسازیی ئیسلامی و بەتایبەتی تەلارسازیی ئێرانی بە روونی پێوه‌ دیارە و شێوازی هیندی کەمتر هەستی پێدەکرێت. هەرچەندە لە بنیاتنانی ئەم بینایەدا بەرهەمی هونەرمەندانی ئێرانی وەک ئامانەت خان شیرازی و محەمەد خانی شیرازی دەبینرێت و تەلارساز و هونەرمەندی جۆراوجۆری ئێرانی و هیندی و عوسمانییان بەکارهێناوە، بەڵام خودی شاجیهان رۆڵی هەبووە لە دیزاین و تەلارسازی ئەم بینایە. 
مزگەوتی گەورەی دەلهی کە یەکێک بوو لە گەورەترین مزگەوتەکان جیهانی ئیسلامی لە سەردەمی خۆیدا و بۆ ماوەیەکی زۆر، هەروەها بە فەرمانی شاجیهان دروستکراوە. هەروەها بیناکانی قەڵای سوور لە دەلهی، بەشێکی زۆری قەڵای ئاگرا، مزگەوتی وەزیرخان و باخچەی سالیمار و  بەشێک لە قەڵا لە لاهور، گۆڕستانی جیهانگیری باوکی، مزگەوتی شاجیهان لە تەهتێ پاکستان. لە سەردەمی ئەودا دروستکراون.
لە هەندێک لە سەرچاوە مێژووییەکانیشدا باس لەوە کراوە کە شا جیهان فەرمانی کردووە، دەبێت دروستکردنی تابووتەکە بەشێوەیەک بێت کە لەناو ئاوەکەی بەردەمیدا رەنگ بداتەوە. هەروەها ئەندازیارەکان تەکنیکی هەڵخەڵەتاندنی چاویان تێدا بەکارهێناوە. بەپێی رۆژەکان و ئاڕاستەی تیشکی خۆر ره‌نگەکەی دەگۆڕێت.
رابیندرانات تاگۆر، فەیلەسوف و نووسەر و شاعیری کۆچکردووی هیندی و براوەی خەڵاتی نۆبڵ، باسی ئەم شوێنە دەکات و دەڵێت: «تاجمحەل دڵۆپه‌ فرمێسکێکە لەسەر رووی مێژوو، تاجمحەل تێکەڵەیەکە لە سێ تەلارسازی ئیسلامی، ئێرانی و هیندی و بە یەکێک لە بینا جیاوازەکانی سەردەمی خۆی دادەنرێت».  
دیزاینی سەرەکیی بیناکە لەلایەن دوو تەلارسازی ئێرانییەوە بە ناوەکانی ئوستاد ئەحمەد و حەمید لاهورییەوە کراوە بە هاوکاری لەگەڵ هونەرمەندانی دیکەدا دروستیان کردووە.  لەسەر دەرگا و دیواری باڵەخانەکەش نووسراوی تێدایە کە بە شێوازێکی زۆر جوان نووسراون.  دەوترێت: ئەم نووسراوانە بەرهەمی خۆشنووسێکی ئێرانییە بە ناوی ئامانەت خان شیرازی و ئیمزای لەژێر نووسراوەکاندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت.
تاج محه‌لی ناوازە بە تەواوی لە مەڕمەڕی سپی دروستکراوە.  ئەو بەردانەی لەم بینایەدا بەکارهێنراون، باشترین جۆری مەڕمەڕ بوون کە لە ئەفغانستان و راجستان و تبت و چینەوە هێنرابوونە هیندستان.  جگە لەوەش لەم بینایەدا بەردی سوور بۆ دیوارەکانی دەوروبەری بیناکە بەکارهێنراوە.  
هەروەها لە نێوان بەردی مەڕمەڕی سپیدا 28 بەردی بەنرخ و نیمچە بەنرخ کاریان لەسەر کراوە، لەنێویاندا دەتوانین ئاماژە بە لاپیس لازولی بکەین.
بەپێی سەرچاوەکان، شا جیهان فەرمانی كردووه‌ لە دروستکردنی تاجمحەلدا باشترین و پاکترین جۆری مەڕمەڕی سپی و زیاتر لە 28 جۆر بەردی بەنرخ و نیمچە بەنرخ لە ویلایەتی راجستان، ئەفغانستان، تبت و چینەوە بهێنرێت.  جگە لەوەش وه‌ستاكانی دڵنیا کردۆته‌وه‌ کە کەمتەرخەمی لە کەرەستەدا ناکەن. 
دەوترێت هەزاران فیل و مانگا بۆ گواستنەوەی مەڕمەڕ و کەرەستەی دیکە لە هەموو ئاسیادا بەکارهێنراون.  بۆ ئەوەی بەردەکان بگوازنەوە بۆ شوێنی دڵخواز.
 دەبوو رووبەرێکی بەرزی 15 کم کە درێژییەکەی 15 کم بوو ببڕن.  بۆ ئەم مەبەستەش ئەم کەرەستە و بەردانە لەناو عەرەبانەکاندا دادەنران و کۆمەڵێک گا دەیانجووڵاند.
هەندێک پێیانوایە ئیمپراتۆریای گۆرکان کە وەک باوباپیرانی تری مەغۆلن، درێغییان نه‌كردووه‌ لە دڕندەیی و پارەیەکی زۆریان خەرجکردووە و بینای گرانبەها و گەوهەر پۆشی دروستکردووە، بەبێ گوێدانە سۆز، هەوڵیداوە ئەو شکۆمەندییە پیشان بدات لە سەردەمی حوکمڕانییەکەیدا تا رادەیەکیش سەرکەوتوو بوو. وه‌ك ده‌شڵێن  ئەوەندەی هێمای خۆشەویستییه، ئەوەندەش هێمای دەسەڵاته‌.  

چیرۆکی خۆشەویستی دروستکردنی تاجمحەل
چیرۆکی خۆشەویستی «شا جیهان» و «مومتاز محه‌ل» زۆر بەناوبانگە. شا جیهان لە تەمەنی 15 ساڵیدا بوو بە خۆشەویستی شازادەیەکی فارسی بە رەچەڵەک ئێرانی. کە ناوی ئەرجومەند بانۆ بێگم بوو، تەمەنی هه‌ر  14 ساڵ بوو. پێنج ساڵی خایاند تا شا جیهان توانی دڵی خانمە بەڕێزەکە نەرم بکات و بیکاتە هاوسەری خۆی، لە ساڵی 1612 زەماوەندیان کردووە و دوای زەماوەند، ناوی ئەرجومەند بانۆ گۆڕدرا بۆ مومتاز محەل.   شاجیهان و مومتاز محه‌ل 18 ساڵ پێکەوە ژیاون و بەرهەمی ئەم ژن و مێردایەتییەیان 14 منداڵ بووە کە تەنها حەوتیان لە ژیاندا مان و گەورە بوون. ئەوانی دیکە هه‌ر لە منداڵیدا گیانیان لەدەستداوە. 
 باس لەوە کراوە کە شا جیهان مومتاز محه‌لی هاوسەری زۆر خۆشویستووە و لە هەموو گەشتەکانیدا و تەنانەت چوونیشی بۆ بەرەکانی جەنگ لەگەڵ خۆیدا بردوێتی. 
 لە یەکێک لەو چوونەیدا بۆ بەرەکانی جەنگ کە سێ ساڵ دوای سەرکەوتنی بۆ سەر تەختی پاشایەتی و بۆ سەرکوتکردنی فەرمانڕەوای ئەفغانییەکان چووبوو، مومتاز مەحه‌لی لەگەڵ خۆیدا بردووە، هەرچەندە دووگیانیش بووە.  لە کاتی جەنگ لەگەڵ سوپای دوژمن، پاشا بیستبووی کە هاوسەرەکەی بەدەست ئازار و ماندوێتییەکی زۆرەوە دەناڵێنێت و هیچ هیوایەک بۆ مانەوەی نەماوە، بۆیە دەستبەجێ چووە لای و داوای لێكردووە هەموو ئەو شتانەی لە دڵیدا بوون پێی بڵێت. مومتاز محه‌ل داوای لە مێردەکەی کردووە لە دوای ئه‌و ژن نه‌هێنێته‌وه‌ و پاشان مه‌زارێكی بۆ دروستبکات تا بۆ هه‌میشه‌ به‌ نه‌مری بمێنێته‌وه‌.  شاجیهان بە دڵ و گیان هەردوو وەسێتەکەی قبووڵ و جێبەجێکرد. وەک دەگێڕنەوە خۆشەویستی شا جیهان بۆ مومتاز محه‌ل بە جۆرێک بووە کە لە ساڵی دووەمی کۆچی دوایی ژنەکەیدا  مووی سەری هه‌موو سپی بووه‌.  شا جیهان وەسێتەکەی مومتاز محه‌لی لە مێشکدا بوو، هەروەک نووسیویانە لە ماوەی ژیانیدا دوای کۆچی دوایی ژنەکەی کە نزیکەی 36 ساڵ بوو، ژنی نەهێنایەوە و لەو ماوەیەدا جیهان ئارای کچی، ئاگاداری بوو.
شا جیهان هەر لە هەمان ساڵی 1632 فەرمانی كرد گۆڕێکی شایستە بۆ هاوسه‌ره‌ كۆچكردووه‌كه‌ی  دروست بکرێت. تەلارساز و نەخشێنەر و خۆشنووس و نیگارکێش و پیشەوه‌رانی دیکەی وڵاتانی جیاوازی کۆکردەوە بۆ دیزاین و دروستکردنی مۆنۆمێنتی هاوسەرەکەی و هونەرەکەیان لە بەشە جیاوازەکانی بیناکەدا بەکارهێنا.  بۆیە بیناسازی گۆڕەکە لەسەر زەوییەکی فراوان لەلای رووباری یامونا (جومنە) دەستیپێکرد و دروستکردنی بۆ ماوەی 21 ساڵ بەردەوام بوو تا دواجار لە ساڵی 1653 دروستکردنی تاج محه‌ل تەواوبوو.  
دوای تەواوبوونیشی فەرمان دەکات کە تەرمی هاوسەرەکەی بکەنە ناو تابوتێکی زێڕەوە و لەوێ بینێژن. وەک هێمای خۆشەویستی و دڵسۆزی بەناوبانگە.
شا جیهان چوار کوڕی هەبوو لە ساڵی 1658 بە سەختی نەخۆش کەوت و پێشبڕکێیەکی خوێناوی لە نێوان منداڵەکانیدا بۆ وەرگرتنی تەختی پاشایەتی سەریهەڵدا. دارا شکۆ کوڕە گەورەی، بە سروشتی خۆی بە جێنشینی باوک دانرا. بەڵام ئاورەنگ زێبی کوڕی به‌مه‌ رازی نه‌بوو، دوای ململانێیه‌كی زۆر، به‌سه‌ر براكه‌یدا سه‌ركه‌وت و دەسەڵاتی گرتە دەست. دارا شکۆی برای، بە تۆمەتی لادەر کوشت و شا جیهانی باوكیشی كه‌ چاکببۆوە، بە تاوانی ئیسراف و دروستکردنی بینایەکی موشریک (گۆڕی تاج بۆ ژنەکەی) تۆمه‌تبار کرد و تا مردن لە قەڵای ئاگرا زیندانی کرد.
شا جیهان لە مانگی یەکی ساڵی 1666 دوای 8 ساڵ زیندانی و نەخۆشی لە ماڵەوە کۆچی دواییکرد، کە لەلایەن جیهان ئارای کچییەوە چاودێریی ده‌كرا؛  لە تەنیشت خانمە رێزدارەکەی و لە تاج محه‌ل بە خاکسپێردرا.

ئەفسانەكان لە بارەی تاج محه‌لەوە
 لە ساڵی 1857 و دوای ئاژاوەگێڕییەکانی ئاگرا، بەشێک لە تاج محه‌ل وێران کرا.  سەربازەکان بەشێک لەو بەردە بەنرخانانەیان بردووە کە لە بیناکەدا بەکارهێنراون و باخچەکەشیان لەناوبردووە.  لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا کەسێک بە ناوی لۆرد کورزۆن کە جێگری پاشای هیندستان بوو لە سەردەمی دەسەڵاتی بەریتانیادا، فەرمانی نۆژەنکردنەوەی بیناکەی دا کە تاساڵی 1908ی خایاند.
ئەفسانە لە بارەی تاج محه‌لەوە زۆرن.  بەگوێرەی یەکێک لەو ئەفسانانە، شا جهان بڕیاریدا بینایەکی رەشی دیکە لە دیوی رووبارەکە دروست بکات و ئەم دوو بینایە بە پردێک بەیەکەوە ببەستێتەوە، بەڵام هەرگیز نەیتوانی بیناکە دروست بکات، بەڵام هەندێکی تر ئەم گریمانەیەیان رەتکردۆتەوە.  چونکە پێش هەموو شتێک بە هۆی دروستکردنی تاجمحەلەوە، خەزێنەی وڵات تا رادەیەکی زۆر به‌تاڵ ببۆوە و ئەم بینایە تێچووی زۆری بۆ شا جیهان هەبوو و ئەگەریش هەبوو دروستکردنی تاج مەحەلێکی دیکە لەگەڵیدا مەڕمەڕی رەش کە دەگمەنتر و گرانترە لە مەڕمەڕی سپی پاشا و وڵاتەکە مایەپووچ بکات.  
بەگوێرەی ئەفسانەیەکی بەناوبانگ، شا جیهان بە توندی داوای کرد کە گۆڕستانەکە شاکارێکی نایاب و ناوازە بێت و نەهێڵرێت هیچ نموونەیەکی هاوشێوە دروست بکرێت و لاسایی بکرێتەوە.  بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت جوانییەکانی تاج محه‌ل دووبارە دروست بکاتەوە، بۆیە فەرمان دەکات دەستی پیشەوه‌ران و تەلارسازەکان ببڕدرێن و چاوی هەندێکیشان کوێر بکرێن!  سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ئەم چیرۆکە ترسناکە، مێژوونووسان هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزیوەتەوە کە ئەم چیرۆکە پشتڕاست بکاتەوە.

دوا قسەم لەسەر گەشتەکە
سەعاتێکم بە وێنەگرتن و سەردانەوە بەسەربرد و دڵخۆش بووم بە بینینی ئەم فەزا ئەفسوناوییە کە خەونی هەموو گەشتیارێکە بۆ بینینی یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرە نوێکەی جیهان! كه‌ ساڵانە نزیکەی سێ ملیۆن کەس سەردانی تاجمحەل دەکەن.
 لە دامێنی کۆشکەکەدا تەلەفۆنم بۆ هاوسه‌ره‌كه‌م کرد و هەستی خۆمم بۆ خۆشەویستی شوێنه‌كه‌ دەربڕی و ده‌ستبه‌جێ هه‌ندێ لەو وێنانەم بۆ نارد کە گرتبووم، بۆئەوەی دڵخۆشی و هەستەکانم  لەگەڵیدا به‌ش بکەم.
  گرنگترین پاڵنەری گەشتەکەم بۆ هیندستان، بینینی مه‌زاری تاجمحەل بوو.  ئێستا هیچ هۆکارێکم نەمابوو بۆ درێژەدان بەو گەشتە!  من هەر لە منداڵییەوە حەزم لە بینینی ئەم گەنجینە بەنرخە بووە، ئێستاش یەکێک لە خەونەکانی ژیانمم بەدیهێناوە.  بۆیە بە خۆشی و شانازییەوە رۆیشتم، خۆم بە دڵخۆشترین کەس دەبینی!

کاتی ماڵئاوایی هات و ناوچەکەمان بەجێهێشت.  له‌ حه‌ره‌می مه‌زاره‌كه‌ چووینه‌ ده‌ره‌وه‌ تا بڕۆینه‌وه‌ بۆ ده‌لهی. له ‌ده‌ره‌وه‌ چووینه‌ گۆڕه‌پانی نزیك مه‌زاره‌كه‌ كه‌ پڕبوو له‌ ده‌ستگێڕ، تا له‌وێوه‌ به‌ سواری وشتر بڕۆینه‌وه‌ سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كی بۆ لای ئۆتۆمبێله‌كه‌، چونكه‌ هیچ ئۆتۆمبێلێک مافی ئەوەی نییە لە تاج محه‌ل نزیک ببێتەوە. هه‌مان ئه‌و كوڕه‌ گه‌نجه‌ پێمانه‌وه‌ نوسا و لێمان نه‌ده‌بۆ‌وه‌ تا  سواری وشتر و عه‌ره‌بانه‌یه‌ك بووین بۆ سه‌ر شه‌قامی سه‌ره‌كی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه‌ سه‌یر بوو، ئه‌مانه‌ چۆن ئەو کەسە دەدۆزنەوە له‌نێو ئه‌و هه‌موو قه‌ره‌باڵغییه‌دا؟  ئاخر ئه‌و لە دوورەوە منی بینی و بە پەلە هاتە لام.  دەستی گرتم و من مەبەستم نەبوو لێرە ئه‌و مه‌دالیایه‌ بکڕم، چونکە دەمزانی نرخی ئه‌و شتانه‌ لە شوێنە گەشتیارییەکان زۆر زیاترە لە شار و ئەمه‌ش گیرفان بڕینی کڕیارانه‌، بەڵام وه‌ك هه‌ستێكی ویژدانی نەمتوانی بەرەنگاری خواستی ئه‌و گه‌نجه‌ ببمه‌وه‌، بۆیە، دوای مامه‌ڵه‌، نموونەیەکی بچووکی تاجمحەلم کڕی و رزگارم بوو.  ئەو نرخەی سەرەتا وتی 20 دۆلار بوو، بەڵام دوای داشکاندن بە 5 دۆلار لێمكڕی. 
 وەک سێر ئێدوین ئارنۆڵد شاعیر و رۆژنامەنووسی ئینگلیزی لە وەسفکردنی تاجمحەلی سەرسوڕهێنەر و تەلارسازی جوانەکەیدا دەڵێت: ئەم بینایە وەک بیناکانی تر تەنها کارێکی تەلارسازی نییە؛  بەڵکو خۆشەویستی و سەربەرزیی ئیمپراتۆرێکە کە لە بەردی زیندوودا دەردەکەوێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان