پەیامی مەکتەبی سیاسی بۆ یادی 47 ساڵەی کۆمەڵەی خوێندکاران

11:02 - 2023-04-25
کوردستان
411 جار خوێندراوەتەوە

47 ساڵ لەمەوبەر، هەر ساڵێک دواى دامەزراندنی  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە تەعریبی و بەعسییەکانی   رژێمی شۆڤێنی بەغدا لە کایەی پەروەردە و خوێندندا لە 26ی نیسانی 1976 دا یەکێتیی خوێندکارانی شۆڕشگێڕی کوردستان دامەزرا کە دواتر ناوەکەی بوو بە( کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان)، هەرچەندە ئەو سەردەمە دامەزراندنی هەر رێکخراوێکی  پیشەیی لە دەرەوەی سیستمی بەعس سزای لە سێدارەدان و زیندانیکردن  چارەنووسی بوو، بەڵام رێکخراوی  خوێندکاران توانی ئومێدێک بداتەوە   بە توێژی شۆڕشگێڕی خوێندکارانی کوردستان و لەوبارە ناهەموارەی کە ئاشبەتاڵ باڵی نائومێدی بەسەر کوردستاندا کێشابوو، سیاسەتی بەسەربازگەکردنی ژیانی مەدەنی و کۆنترۆڵکردنی بەعسییانەی ژیانی لاوان و خوێندکاران، لە پانتایی دامەزراوەکانی خوێندن و زانست لە سەرتاسەری کوردستان و عیراقدا بە تایبەتیش لە ناوەندێکی بە جووڵەی تاکە زانکۆی کوردستانی ئەو کات، زانکۆی  سلێمانی، کە مەڵبەندی  پێگەیاندنی سەدان کادری وشیاری  رێکخستنەکانی  یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.
دامەزراندنی  کۆمەڵەی خوێندکاران ورەی  بە بەرگیانی خوێندکاراندا کردەوە کە لێبڕاوانە رووبەڕووی  سەرانی رژێم و بەرنامە  شۆڤێنییەکەیان ببنەوە و لەو ساڵانەوە ناڕەزایی لەناوەندەکانی خوێندن چەکەرەی کرد و تاکو لە سەرەتای هەشتاکاندا پەلی بۆ خۆپیشاندانەکانی  شارەکانی کوردستان هاویشت، جووڵانەوەی شۆڕشگێری  خوێندکاران بووە دیمەنێکی سەربەرزی خەباتی دیموکراتی و پیشەیی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، رەوتی تێکۆشانی کۆمەڵەی خوێندکاران جگەلە ئەرکی خەباتی پیشەیی لە خەباتی  سیاسیشدا  داینەمۆی  پێگەیاندنی کادری  پێشکەوتووبوون بۆ رێکخستنەکانی  یەکێتی و زۆربەی سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگەکانی  سەرەتای شۆڕشی نوێ لە ئەندام و کادرەکانی  کۆمەڵەی  خوێندکاران  بوون.
 ئەمڕۆ و لە ساڵیادی دامەزراندنی ئەو رێکخراوەدا سەری رێز بۆ شەهیدانی  کاروانی تێکۆشانی کۆمەڵەی  خوێندکاران دادەنەوێنین و سڵاو بۆ تێکۆشەرە ماندوونەناسەکانی ئەو رێکخراوەکە لە جۆش وخرۆش پێبەخشینی   شۆڕش و بەرگریدا لەو رۆژە  سەختانەدا رۆڵی  پێشەنگیان هەبووە.
بۆ پێشەوە بەرەو بوژاندنەوەی چۆنایەتی خەباتی خوێندکاری و پیشەیی  خوێندکارانی کوردستان بە فۆرمێکی نوێ و بۆ سەردەمێکی نوێ.

مەکتەبی سیاسیی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

# ئیتالیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان