وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: لە پەرۆشیمان بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بە توندی ئیدانەی هێرشە مووشەكییەكەی شەوی 12/13/3/2022 دەكەین، كە جارێكی تر كرایەوە سەر چەند ناوچەیەكی شاری هەولێری پایتەخت.
لەلایەكی دیكەوە، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: هێرشە دووبارەكان بۆ سەر هەولێری پایتەخت و تێكدانی ئەمن و ئاسایشی شارەكە، مایەی نیگەرانی هەموومانە و پاراستنی ئەمنیەتی خەڵكی شاری هەولێر بە ئەركی سەرشانی خۆمان دەزانین. ئەم هێرشە و هێرشەكانی تریش پێمان دەڵێ كورد لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە یەكگرتوویی هەیە.
ئەمین بابەشێخ وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا راشیگەیاندووە: ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەر جۆرە پەلامارێك بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بە هەوڵی تێكدانی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی دادەنێین. بۆیە ئەركی هەموو لایەكە پێكەوە هەوڵەكانمان بۆ ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و پاراستنی سەروەریی خاكی عیراق یەكبخەین.
هەروەها قوباد تاڵەبانی لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەداوە «هێرشە مووشەكییەكانی دژ بە شاری هەولێری خۆشەویست، تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە و دەستدرێژییە بۆ سەر هەموو تاكێكی كورد لە سەرانسەری دنیادا»، راشیگەیاندووە: هەولێر و هەموو هەرێمی كوردستان وەك چاومان دەپارێزین.