دانیماركییەكان لە راپرسییەكدا بڕیار دەدەن

09:40 - 2022-03-15
ڕاپۆرت
753 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەكردنی: دیاری سابیر 

مێتی فرێدیرێكسن سەرۆك وەزیرانی دانیمارك رایگەیاند: لە راپرسییەكدا كە لە سەرەتای حوزەیرانی ئەمساڵدا دەكرێت، وڵاتەكەی بڕیار دەدات لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندیی وڵاتەكەی لەگەڵ سیاسەتی ئەمنی ‌و بەرگریی هاوبەشی یەكێتیی ئەوروپا.

میتی فریدریكسۆن كە هاوكات سەركردەی پارتی سۆسیالیستی دیموكراتی دانیماركیشە، نیازی خۆی دەربڕی لە سەربەخۆبوونی دانیمارك لە غازی سروشتیی روسیا، بەڵام وادەیەكی دیاریكراوی ئاشكرانەكرد، وتیشی: ساتە مێژووییەكان پێویستیان بە بڕیاری مێژوویی هەیە ‌و حكومەتی كۆپنهاگن داوا لە دانیماركییەكان دەكات، سیاسەتی دووركەوتنەوە لە سیاسەتی ئەمنی ‌و بەرگریی هاوبەشی یەكێتیی ئەوروپا رەت بكەنەوە.
روونیشیكردۆتەوە: حكومەت لەگەڵ لایەنەکانی ناو حكومەتدا رێكەوتووە، بۆ هەڵوێستێكی نیشتمانیی نوێ دەربارەی سیاسەتی ئەمنیی دانیمارك ‌و بەهێزكردنی توانای هێزە چەكدارەكان.

سەرۆك وەزیرانی دانیمارك روونیشیكردۆتەوە: ئێستا پێویستە لەسەر هەر كەسێكی جیهانی خۆرئاوا بڕیاری خۆی بدات، چونكە تەنگژەی ئۆكرانیا جیاوازیی دروستكرد، لەبەرئەوەی وڵاتێكی ئازاد ‌و دیموكراسییە ‌و لەلایەن روسیاوە هێرشی كراوەتەسەر. وتیشی: پارتە سیاسییە بەشدارەكانی حكومەت لەگەڵ راپرسیدان ‌و ئێمە لەگەڵ یەكگرتوویی ئەوروپاداین ‌و ئەوەی لە ئۆكرانیا دەگوزەرێت، تاقیكردنەوەی بەهاكانی دیموكراسی ‌و مافی مرۆڤ ‌و سەقامگیری ‌و ئاشتی ‌و هەموو ئەو پرەنسیپانەیە كە بڕوامان پێیەتی.

لە كاتی پەیوەستبوونی دانیمارك بە سیاسەتی ئەمنی ‌و بەرگریی هاوبەشی یەكێتیی ئەوروپاوە، ئەوا دەتوانێت بەشداریی لە پڕۆسە سەربازییە هاوبەشەكانی یەكێتییەكەدا بكات ‌و هاوكاربێت لە پێشخستن ‌و دەستخستنی توانای سەربازی لە چوارچێوەی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپادا.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان