ئۆتۆمبێل لە هەرێم ژمارەی ستانداردی تێپەڕاندووە

09:32 - 2022-03-15
ڕاپۆرت
661 جار خوێندراوەتەوە
ئۆتۆمبێل

هەولێر – رەوەست نەوزاد

 ئازاد حەسەن خاوەنی خێزانێکی پێنج کەسییە، سێ ئۆتۆمبێلی تایبەتیان هەیە خۆی و هاوسەر و یەکێك لە منداڵەکانی رۆژانە هەر سێ ئۆتۆمبێلەکە بۆ بەڕێکردنی کاروبارەکانی رۆژانەیان بەکاردەهێنن و دوو منداڵەکەی تریشی لە قوتابخانەن پاسی بۆ گرتوون رۆژانە دەیانگەیەنێتە دەوام و دەیانگەڕینێتەوە، وتی، پێشتر یەک ئۆتۆمبێلم هەبوو بەیانی زوو لە ماڵەوە دەچووینە دەرەوە خێزانم و کوڕە گەورەکەمم دەگەیاندە سەر کارەکانیان و خۆشم بۆ دەوام، بەڵام زۆربەی رۆژەکان گرفتم بۆ دروست دەبوو و درەنگ دەگەشتمە دەوام بۆیە کڕینی ئۆتۆمبێل-م بۆ ئەوان بە باش زانی، ئەگەر وەک وڵاتان هێڵێکی گشتی باش هەبوایە ناچار نەدەبووم سێ ئۆتۆمبێل بکڕم و جادەش قەرەباڵغ نەدەبوو و خەرجیەکی کەمیش دەکەوت لەسەرمان.

لە هەرێم ژمارەی ئۆتۆمبێل بەخێراییەكی زۆر و ترسناك بە بەردەوامی زیاد دەكات ئەمەش قەرەباڵغییەکی زۆری لەسەر شەقامەكان دروستكردووە و سەڕەرای دروستكردنی دەیان بەرزە پرد و ژێر پرد و چەندین شەقامی سەرەكی نوێ تیایاندا، تادێت قەرەباڵغی شەقامەكان زیاتر دەبێت و هۆكارێكە بۆ بێزاربوونی خەڵكی شارەكان و دواكەوتنیان لە كار و پیسبوونی ژینگە، پسپۆڕانی بواری هاتوچۆ دەڵێن، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە دەبێت چەند رێوشوێنێكی بەپەلە بگیرێتەبەر.

کەمتەرخەمی نووسینگەکانی شۆفێری
عەبدولقادر سدیق شارەزا لە بواری هاتوچۆ سەبارەت بە هۆكاری قەڕەباڵغی شەقامەكانی هەرێم بە كوردستانی نوێ وتی: یەكێك لە هۆكارەكانی قەرەباڵغی شەقامەكان پابەند نەبوونی هاووڵاتیانە بە یاساكانی هاتوچۆ، سەڕەرای هەبوونی بەرزەپردو ژێرپرد، كاتێك شۆفێران شارەزاییان لە یاساكانی هاتوچۆ نەبوو، ئەوا گرفتی گەورە بۆ هاتوچۆ لە شەقامەکان دروست دەبێت. یەكێك لە هۆكارەكان بۆ ناشارەزایی شۆفێران، نووسینگەكانی فێركردنی شوفێرییە، ئەوان دەبێت شوفێرێکی تەواو شارەزای یاساکان پێبگەیەنن لەکاتی دەرهێنانی مۆڵەتی لێخوڕین، دەبێت لەوێ یاساكانی هاتوچۆ بە چڕوپڕی تێبگەن بۆ ئەوەی كە هاتنە سەر شەقامەكان ئاڵۆزی دروست نەكەن و بەشێوەیەكی یاسایی شەقامەكان بەكاربێنن، بەڵام تائێستا ئەو كارە لەلایەن نووسینگەكانەوە نابینم.

وتیشی : ئەو كارانەی دەبنە هۆكاری قەرباڵغی لەسەر شەقامەكان بریتین لەوەی شوفێرەكان لەسەر شەقامەكان بە دوو ساید و سێ ساید دەوەستن و دەبێتە هۆكاری خنكانی هاتوچۆ كە مەترسیەكانی بریتیە لە رێگرتن لە ئۆتۆمبێلی ئەمبولانس كە لەوانەیە نەخۆشێكی پێبێت لە ئەنجامی رێگرتن لێی لەوانەیە نەخۆشەكە گیان لەدەستبدات و چەندین رووداوی تری نەخوازراو روو بدات.

ئەوەشی ئاشكراكرد یەكێك لەهۆكارەكانی قەرەباڵغی ئەوەیە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە هەرێمی كوردستان زۆرە كە رۆژانە نزیكەی یەك ملیۆن ئۆتۆمبێل تەنیا لەناو شاری هەولێر هاتوچۆ دەكەن، ئەگەر شەقامەكانی زۆر و فراوان نەكەین و بەشێوەیەكی بەرچاویش ئۆتۆمبێل هاوردە بكرێت، ئەوا قەرەباڵغیەكە بەردەوام دەبێت هەرچەندە پردیش زۆر دروستكراوە.

گرنگیدان بە هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی
لە زۆربەی وڵاتان بە چالاکردنی گواستنەوەی گشتی چارەسەری قەرەباڵغی شەقامەکان کراوە و پێویستە لەسەر حکومەت هۆكاری گواستنەوەی گشتی وەک هێڵی شەمەندەفەر و میترۆ دروستبكات و کاتی هاتن و رۆشتنیان رێکبخرێت و بەمەش هاووڵاتیان کە دڵنیابوونەوەی هێڵێكی گشتی باش و بێ کێشەیان هەیە و لەکاتی خۆیاندا دەتوانن بە هاتوچۆکردن بە هێڵە گشتییەکە بگەنە شوێنی مەبەست بەکاریدەهێنن و ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیان لە ماڵەوە دادەنێن ئەوەش هۆکارێكی باش دەبێت بۆ کەمبوونەوەی قەرەباڵغی شەقامەکان.

هەروەها جیاکردنەوە و کێشانی هێڵ بۆ هاتوچۆی پاسکیل وا دەکات هاووڵاتیان بەکاری بهێنن بۆ هاتوچۆکردن و لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت دوور بکەنەوە هەروەها دیارکردنی شوێنی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان و رێگە نەدانیان بە هاتنە ناوشار وادەکات قەرەباڵغی شەقامەکان کەم ببێتەوە.

زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەت
بەپێی ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان نزیکی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە سەر شەقامەکان هەن، بەپێی ستانداردی جیهانی دەبێت لە وڵاتێك بۆ هەر حەوت كەسێک یەك ئۆتۆمبێل هەبێت و لێی بخوڕێت، بەڵام لە هەرێم لە هەر سێ كەس یەک كەس ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی هەیە، بەو پێیە رێژەی ئۆتۆمبێل زۆر لە ستانداردی جیهانی زیاترە و جگە لەوەش لەسەر شەقامەكان زیاتر لە 90 هەزار ئۆتۆمبێلی تاكسی هەیە کە ژمارەیان زۆر لە پێویست زیاترە.

#ئۆتۆمبێل

بابەتە پەیوەندیدارەکان