گۆڕستانی دەروێش خدر لە کۆیە

09:35 - 2022-03-15
ڕاپۆرت
851 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: هاوژین عەبدلواحید

گۆڕستانی دەروێش خدر مێژوویەکی دێرین و رەهەندێکی تایبەت بەخۆی هەیە، کۆنترین و گەورەترین گۆڕستانی کۆیەیه کە تا ئێستا مابێت و شوێنەواری ون نەبووبێت، کە مێژووەکەی بۆ دوای فتوحاتی ئیسلامی دەگەڕێتەوە. لەڕووی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە کەوتۆتە بەشی خۆرهەڵات لە کۆیە، خوارووی دامێنی چیای هەیبەت سوڵتان و ئەودیوی گوندی کافرۆشیان، هاوسنوورە لەگەڵ شیوی رەزان و رووباری کۆیە.

بۆچی پێی دەوترێ دەروێش خدر، دەروێش خدر کێیە؟
دەروێش خدر کوڕی زانای گەورە ئاسەف شێخ حەسەن مەلا ئیسماعیل کوڕی عەللامە محەمەد شێخ ئیبراهیم شێخولئیسلام شێخ مەنسوری عەللامە شێخ سەعدەدین لە نەوەی پیرمیکائیلییە، ئەم بنەماڵەیە لە زەهاوەوە هاتوونەتە کۆیە و لەوێ نیشتەجێ بوون، دوای ئەوەی دەروێش خدر علومەکانی ئیسلامی دەخوێنێ و دواتر بۆ خوێندنی زیاتر روو دەکاتە میسرو حیجازو دواتر دەچێتە هیندستان لەوێ ماوەیەک دەمێنێتەوە و زانست و زانیاری وەردەگرێت و دەبێتە زانایەکی گەورە.

پاشان لە کۆیە مزگەوت و خانەقا دەکاتەوە و ئیرشادی تەریقەتی نەقشبەندی دەکات، لەو کاتەشدا برا بچووکەکەی مەلا ئەحمەد دەنێرێتە شارەزوور کە مەلا ئەحمەدیش زانا و دانایەکی گەورەی سەردەمی خۆی بووە، دەروێش خدر بۆ ماوەیەک دەچێتە ئەستەنبوڵ لەلای سوڵتانەکانی عوسمانی رێزی زۆری لێ دەگیرێت و ساڵانێک لە مزگەوتەکانی ئەستەنبوڵ دەرسی شەریعەتی ئیسلامی دەڵێتەوە.

ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات، کەسێکی زۆر لە خواترس و بە تەقوا بووە وەک دەگێڕنەوە ساڵێ سێ مانگ بەڕۆژوو بووە لە هەر شوێنێک بووە ساڵانە چلە و خەڵوەی کێشاوە، دەروێش خدر زۆر ناو و نازناوی پێ گوتراوە لەوانە ( حیجەتول ئیسلام، غەوسی سانی، شاهی خادم سوجادە ) بەڵام گوتویەتی من بەندەیەکی لاوازی خودام، ئاسەفی باوکی موڵکێکی زۆری لە کۆیە هەبووە هەر لە کۆیە مزگەوت و مەدرەسە و تەکیە و خانەقای دروستکردووە بە ناوی مزگەوتی (خادم السوجادە)وە ئەم مزگەوتەش چەندین جار لەلایەن کوڕو نەوەکانییەوە نۆژەن کراوەتەوە، تاکو جارێکیش ئەم مزگەوت و تەکیەیە لەسەر ئەرکی سوڵتان عەبدولحەمید لە سەردەمی مەلا مەحمودە فەندی نۆژەن کراوەتەوە، دواتر دەروێش خدر کە ماڵئاوایی دەکات لەناو خاکی باب و باپیرانی دەنێژرێ و لەو کاتەوە ئەم زەوییە لەلایەن مەلا سەعدی کوڕییەوە وەقف دەکرێت و ناوی دەنرێ گۆڕستانی دەروێش خدر، لە دوای ئەوەش لەلایەن سوڵتان عەبدولحەمیدەوە مەرقەدیان بۆ دەروێش خدر دروستکردووە، مجێوریشیان بۆی داناوە بۆ خزمەتی مەرقەدەکەی.

ئەو بنەماڵانەی مردووی خۆیان لەو گۆڕستانە ناشتووە کێن؟
دڵدار جەلیزادە بۆ کوردستانی نوێ دەڵێت: لە بنەماڵەی جەلیزادەکان هەر مردوویەکیان لێ بمرێ لەو گۆڕستانە دەینێژن لە سەردەمی مەلا عەبدولڕەحمانی کاکی جەلییەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەبدولڕەحمان پاشای بابان نزیکەی سێ سەدە دەبێ ئەو بنەماڵەیە هەر مردوویەکیان لێ بمرێ لەو گۆڕستانە دەینێژن.
دیارترین ئەو کەسایەتییانەی کە لەم گۆڕستانە نێژراون، لەوانەش گۆڕی (مەلا عەبدولڕەحمانی کاکی جەلی، مەلا ئەسعەدی جەلیزادە، مەلای گەورە مەلا محەمەدی جەلیزادە، زاناو دانای کورد مەسعود محەمەد، مەلا عەبدوڵڵای جەلیزادە، نەجیبە خانی جەلیزادە.)
کۆمەڵێ بنەماڵەی ناوداری تر کە بنەماڵەی ماڵی کەریم شارەزا وەک هەردوو نووسەر و ناودار کەریم شارەزا و ئەحمەد دڵزار لەو گۆڕستانە نێژراون، بەشێکیش لە بنەماڵەی جافەکانی کۆیە کە ئەو بنەماڵەیەی کۆیە (ئەسحابە کوژیان پێ دەڵێن لەو گۆڕستانە مردووی خۆیان دەنێژن.)

گۆڕستانی دەروێش خدر پێشتر چی بووە؟
پێش دەروێش خدریش هەر گۆڕستان بووە و ناوێکی تری هەبووە ئەوکات بەڵام رووبەرەکەی وەک ئێستا فراوان نەبووە و بەشێکی ئەو گۆڕستانە کێڵگە و زەوی بووە کە ئێستا لە شێوەی دوو تەپۆلکە گردی گەورە دەردەکەوێ و بە یەکێک لە گۆڕستانە گەورە و دێرینەکانی کۆیە هەژمار دەکرێت.

سەرچاوەکان:
*حاجی فەزیلە جەمیلە فەندی خادیم سوجادە دیداری تۆمارکراو.
*ئەرشیفی دڵداری جەلیزادە تۆمارکراوی 1958.

بابەتە پەیوەندیدارەکان