گەشتیارانی هەولێر لە نێوان دوو تێرمیناڵدا

10:13 - 2023-05-08
ڕاپۆرت
730 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

شاری هەولێر لە رابردوودا چەندین تێرمیناڵی بۆ گواستنەوەی نێوان شارەكە و شارو شارۆچكەکانی تر تێدابوو، بەڵام زۆربەیان مەرجی تێرمیناڵێكی سەردەمیانەیان تێدا نەبوو، بەڵكو تەنیا وەكو گۆڕەپانێك بوو چەند ئۆتۆمبێلێك لێی دەوەستان بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیان.
ئێستا هەولێر دوو تێرمیناڵی هەیە، یەكێكیان بە گەراجی بەغدا ناسراوە موڵكی حكومەتە و هاووڵاتیان دەگوازنەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق و چەند شار و شارۆچکەیەکی هەرێم، ئەوی تریان تێرمیناڵی نێودەوڵەتی گشتی هەولێرە نوێیە و لەلایەن كەرتی تایبەتەوە دروستكراوە، مەرجەکانی بوونی تێرمیناڵی تێدایە، هێڵی گواستنەوەی تێدایە بۆ چەند شار و شارۆچکەیەکی هەرێم و ئێران و تورکیا.

گەراجی بەغدا مەرجی تێرمیناڵی نییە
رەشید حسێن دانیشتوویەكی شاری هەولێرە لەكاتی گەشتكردنی لە هەولێر بۆ شار و شارۆچكەكانی تری هەرێم تووشی سەرلێشێوان دەبێت لەوەی ئۆتۆمبێلی كام شار لەتێرمیناڵە كۆنەكەیە و هی كام شارەی تر لەتێرمیناڵە تازەكەیە و وتی، دەبوایە لە هەولێر یەك تێرمیناڵی گەورەی مۆدێرن دروست بکرایە و هێڵی گواستنەوەی هەموو شارەكانی لەخۆ بگرتایە ، نەوەك وەك ئێستا دوو تێرمیناڵمان هەبێت و سەر لە خەڵكی بشێوێت.
هەر لە تێرمیناڵە كۆنەكە شۆفێرێکی هێڵی هەولێر – كەركوك وتی، تێرمیناڵەكەمان هیچ تایبەتمەندییەكی تێرمیناڵی تێدانیە كاتێك گەشتیارێك دێت بۆی هیچ شوێنێك یا كورسییەك نییە لێی دابنیشێت، جگە لەوان ئێمەی شۆفێریش رۆژانە تا نۆرەی دەرچوونمان دێت هیچ شوێنێكمان نییە پشووی لێبدەین وبە ناچاری بۆ پشوودان دەچینە مزگەوتەکانی نزیک تێرمیناڵ.
وتیشی، جگە لەوە شوێنی تێرمیناڵەکە بچووكە و زۆرجار روویداوە جێگای ئۆتۆمبێلی هێڵەكانی تێدا نەبۆتەوە، چەند ساڵێکە بڕیاری دروستكردنی تێرمیناڵێكیان لەسەر رێگای هەولێر - كەركوك داوە، لەگەڵ ئەوەی سەرەتا کاری تێدا کرا ئێستا کارکردن تیایدا وەستاوە و داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین بە زوویی تەواوی بکات.

نەبوونی خزمەتگوزاری
تێرمیناڵی گەراجی بەغدا موڵكی حكومەتە، بەڵام کەرتی تایبەت بەڕێوەی دەبات و هێڵەکانی بەغدا، موسڵ، كەركوك، سلێمانی، پردێ و چەندین شارۆچكەی تری لێیە. 
نووسەری یەكێك لەهێڵەكان لە گەراجی بەغدا دەڵێت، ئەم تێرمیناڵە هیچ بە کەڵک نەماوە هیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە لەگەڵ ئەوەی داهاتێکی زۆری هەیە و رۆژانە نزیکەی دوو هەزار ئۆتۆمبێل رووی تێدەکەن، بۆیە داوا دەکەین ئەو تێرمیناڵەی بڕیاری لێدراوە تەواو بکرێت بۆ ئەوەی بگوازینەوە ئەوێ.
وتیشی، شارەوانی هەولێر لەجیاتی چارەسەركردنی كێشەكانمان ماوەیەكە زیاتر لە دوو هەزار مەتر دوجای لە زەوی تێرمیناڵەكە دابڕیوە بۆ دروستكردنی پێشانگای ئۆتۆمبێل.

تێرمیناڵە نوێیەکە
هاوکات هەر لە هەولێر تێرمیناڵی نێودەوڵەتی گشتی هەیە و عەبدول وەهاب عیسا بەڕێوەبەری تێرمیناڵەکە دەڵێت، تێرمیناڵەكەمان هێڵی هەولێر بۆ شارەكانی پیرمام و شەقڵاوەو سۆران و موسڵ و زۆر شارۆچكەی تر لەخۆدەگرێت، جگە لەوەش پاسی گەشتكردنی هەردوو وڵاتی توركیا و ئێرانیش لەتێرمیناڵەكەمان دەردەچن، داواش دەكەین ئۆتۆمبێڵی هێڵی نێوان شاری هەولێر و شارەكانی تری هەرێم و عیراق و وڵاتی دراوسێش وەكو سعودیە و سوریا و ئوردنیش هەر لەتێرمیناڵەكەی ئێمە بێت، بەتایبەتی ئێستا هاووڵاتیانی شارەكە گەشت بۆ وڵاتانی سعودیە و ئوردن و سوریا دەكەن، بەڵام شوێنی فەرمی بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە نییەو كۆمپانیاكان هەر یەكێكیان لەشوێنێك گەشتیار سەردەخەن.
وتیشی، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی تێرمیناڵی تێدایە و داوامان لە حكومەت ئەوەیە كارەبای نیشتمانی 24 سەعاتی بۆ تێرمیناڵەكەمان دابین بكات.

هەموارکردنەوەی 
رێنماییەکانی گواستنەوە
سەبارەت بەو كێشانەی تێرمیناڵەكانی هەولێر رێباز محەمەد بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی زەمینی و هێڵی ئاسنی ترام وای لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەپێی یاسا وەزارەت سەرپەرشتیاری كۆی گواستنەوە لە هەرێم دەکات، بۆ تێرمیناڵەكانیش خەریكی هەمواركردنەوەی رێنماییەكانی وەزارەتی گواستنەوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوەین.
وتیشی، لەهەولێر دوو تێرمیناڵ هەیە و پلانمان هەیە لەئایندەدا بەپێی هەڵكەوتە و شوێنی جوگرافی تێرمیناڵەکان دابەش بکەین بۆ ئەوەی زۆرترین هاونیشتمانی سوودی لێوەربگرن، لە گفتوگۆداین تێرمیناڵی سەر رێگەی کەرکوک - هەولێر تەواو بکرێت، مەبەستمانە دۆخی گواستنەوە بەرەو باشتر بەرین.
لە بارەی گرفتەکانی تێرمیناڵە کۆنەکەی هەولێر باسی لەوەکرد، درک بە کێشەکان دەکەین و کاری لەسەر داواکارییەکانیان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین باشتریان بۆ بکەین. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان