نەرمین عوسمان، تەوارێکی پێشمەرگە و قەڵەمێکی بە بڕشت

10:30 - 2023-05-10
کەلتور
1287 جار خوێندراوەتەوە

ئەحمەد حسێن ئەحمەد

جیهانی یادەوەری تاکی کورد لە ماوەی ئەم نیوسەدەیەدا دوو جۆرە ئاوێنەی خستۆتە بەردیدەی خوێنەری کورد، یەکێکیان روون و بێگەرد و بێ رتووش، تاریکی و رووناکی چۆن دیوە دیزە بە دەرخۆنەی ناکات، بەڵکو وەک خۆیان دەیانگێڕێتەوە، ئەوی تریان بە پێچەوانە و خاترانە و خۆڵ کردنەچاوان و چڕنوک گرتنە لەویژدان و ئێش پێگەیاندنی راستییەکان، ئەو راستییانەی بە تارمایی قسەی رووت و هەڵبەستە ناشاردرێتەوە، بەمجۆرە ئاوێنانە دەڵێن: ئاوێنەی تەڵخ و لێڵ و رزیو، خوێنەر و ئەهلی ئەزموون روویان لێ وەردەگێڕن.
دەبوو ئەو لایەنەی فەرامۆش نەکردایە
لێرەدا پێشوازی لە کتێبێکی قەبارە گەورەی چاپی دووەمی ساڵی (2022) دەکەین و دەیگرین بە سنگەوە و بە کاوەخۆ دەڕوانینە لاپەڕە پرشنگدارەکانی و چاویان پیادەگێڕین، کتێبی یادەوەریی خاتوو نەرمین عوسمان، لەژێر ناونیشانی (لەبەر تریفەی مانگ خەونەکانی نیشتمانمان دەچنی)، ئەمە یەکێکە لە بەرهەمە شایستە و نایابەکانی، جگە لەوەش پڕە لە وێنەی بەرجەستە و دیکۆمێنت، بەس بەداخەوە وێنەکان نووسین و زانیارییان لەپاڵدا نەنووسراوە، دەبوو ئەو لایەنەی فەرامۆش نەکردایە. 
بێگومان ئەم کتێبە بە کوردییەکی رەوان و پارا و رازاوەتەوە، لە شوێنکەوتەی نووسینی گۆڤارەکانی گەلاوێژ و هیوا و رۆژی نوێ دەچێ، دوورە لە زاراوەی داتاشراو، بەمجۆرە زمانە دەوڵەمەندەکەمانی پتر لا خۆشەویست و سەنگین کردووین.
بە کورتی چێژی گێڕانەوەکان ئەوەندە لە جێی خۆیاندان لاتوایە خۆت لەگەڵ نووسەردایت لە بینین و وێنەگرتنی دیمەنە بەرجەستەکان، لە فرمێسک و خەندەدا لەگەڵیدا بەشداریت.
ئامانجی سەربەخۆیی کوردستانە
لەکاتی سەرقاڵی خوێندنەوەدا خوێنەر لە دڵی خۆیدا دەڵێت: دەستەکانت خۆشبن و نموونەت زۆربن بۆ چنینی ئەم هونەری پەلکە زێڕینەیە بۆ کتێبخانەی کوردی، شاکارەکە بریتییە لە گەوهەرێکی بایەخدار و ناوازەی شێرەژنێک، ئەو تەوارەی وەک هێمایەکی نیشتمانپەروەر و خاوەن بیروباوەڕی هەڵقوڵاوی ناودڵ و دەروونێکی گەرمی لێوانلێو لە هەناسەی خۆش و گەرمی کوردایەتی دەرکەوتووە و دەردەکەوێ، ئەوێک سەربازێکی گومناوی پێناوی رێبازی گەش لەهەڕەتی لاوێتیدا روویکردۆتە شاخ بۆ گوڵ پرژێنی مەبەستە یەکلایی کەرەوەکە، ئەویش ئازادی و پێکەوە ژیان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئامانجی سەربەخۆیی کوردستانە.
خۆی پێشمەرگە بووە
 ئەو وەک ژنێکی جەربەزە و تێگەیشتوو بێ خۆهەڵکێشان گۆڕەپانەکەی تاقیکردۆتەوە و تیایدا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، جاران پێشمەرگەی گیان لەسەر دەست چۆن بووە هەر بەو ئاڕاستەیە لێی دواوە، چونکە خۆی پێشمەرگە بووە و خۆڵ و بەردی ناو سەنگەری بە سۆمای چاوانی داناوە، هەمیشە زیندانیانی خۆڕاگری سیاسی و کردەوە و هەڵوێستی تێکۆشەرانی  بە هەند وەرگرتوە.
مافی مافداری فەرامۆش نەکردووە، هەردەم حەققانی دواوە، ئەو هەموو دەم وتویەتی: پێشمەرگەش مروڤە، هەموویان فریشتە نین، لەوانەیە تاکوتەرایەک هەڵتۆقیبێت پێیان خوار دانابێت، یان لە پرەنسیپ و رێبازەکە لایاندابێت، بە هەڵە لە پێواژۆکە گەیشتبێت، ئەم ئاکارە دزێوە تایبەتە پەیوەندی بە خودی کەسەکەوە هەیە نەک بە حیزب و بزوتنەوەکەوە، کورد واتەنی چەم بێ چەقەڵ نابێت، بێگومان ئەوەی بیەوێت وشە و کردەی پێشمەرگەی گیان لەسەردەستی کوردستان لەکەدار بکات، دیارە نەیاری گەل و ئاو و خاکی نیشتمانەکەیەتی، تەمەنی چەواشەکاری کورتە.
نازەنین و بەیان گەیشتنە لامان
ئەم بیرەوەرییانەی خاتوو نەرمین عوسمان نەک کەلێنێک بەڵکو چەندان کەلێن لەمێژووی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان پڕدەکاتەوە، لەوانە بەشداریکردنی ژنێکی خاوەن بڕوانامەی بەرز و زمانزان و بلیمەت بە نووسینەوەی بیرەوەری، بە چەمکێکی تا رادەیەک پشوودرێژانە، یان بیرخستنەوە و تۆمارکردنی دوو کچی هەرە چاونەترس و بلیمەت و رووناکبیر بۆ یەکەمجار لەشۆڕشی نوێ دا: لە 16/ی ئازاری 1980 نازەنین و بەیان گەیشتنە لامان... نازەنین و بەیان بوون بە یەکەم کچی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ، لەبەرتریفەی مانگ خەونەکانی نیشتمانمان دەچنی، لاپەڕە (85)... هەروەها چۆنێتی ژیانی سەخت و ماندوێتیی ژنان و کچانی پێشمەرگە و خۆڕاگرییان و هەستان بە جێبەجێکردنی ئەرکی سەرشانیان لەو سەردەمە ئاگرپڕژێن و پڕ لە سوێ و مەترسییەدا، ئەمانە و دەیان دیاردەی سەرنجڕاکێشی دی کە خوێنەر توشی هەڵوەستە دەکات و ئافەرین لەسەر ئافەرین دەنێرێت بۆ نووسەرە بیر تیژ و خەمخۆرەکەی.
چۆن ئاوا دەنگدانەوە و بەرهەمدار دەبوو؟
ئەم بەسەرهاتانە رەنگە لای هەندێ کەسی کاڵبیر بەدەم ئاسان بێت، بەڵام تۆ وەرە بە وردی بیری لێبکەرەوە ئەگەر ئەو شۆڕشە نوێیە، بە بیر و باوەڕی کوردایەتی و مرۆڤایەتی ئاوا پەروەردە و گۆشنەکرایە چۆن ئاوا دەنگدانەوە و بەرهەمدار دەبوو؟ هەندێ خەونی تیادا بەدیهات، لە دوای راپەڕین و پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەم دواییانەشدا لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و ئەزموونی حوکمڕانی کوردیدا گەلێک ستەم و ناڕەوایی و بێویژدانانەی دەرهەق کراوە.
دێتە سەنگەری رەهای نووسین و وەرگێڕان
خاتوو نەرمین عوسمان چ لە ژیانی پێشمەرگایەتی لە شاخ کە بە سادەیی و خۆنەویستی ناوبانگی دەرکردبوو، هەروەها کە رووی کردۆتە ئەوروپا یان هەندەران ئەوەی لە قازانجی جووڵانەوەی رەوای گەلەکەیدا بووبێت بە لێدوان و سیمینار و نووسینی پوخت تواناکانی خستۆتە کار و هەرگیز درێغی نەکردووە، لەدوای راپەڕینیش بەهەمان شێوە هەنگاوی دروستی بۆ راژەی گشتی داوە، لەهەر پلە و پایەیەکدا بووبێت لەخۆی نەگۆڕاوە، بەگیانی لێبوردەیی و دڵێکی گەورە و پێزانینەوە درێژەی بەخزمەتکردن داوە.



بابەتە پەیوەندیدارەکان