لە یادی شەش ساڵەی كۆچی دوایی دایكە میهرەبانەكەی شەهیداندا

09:11 - 2022-04-26
ڕاپۆرت
703 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات كۆكەیی

ئێستا شەش ساڵ بەسەر مەرگی خاتوو وەسفیە بەنی وەیس-ی ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەكتەبی شەهیدانی ی.ن.ك-دا تێدەپەڕێ، ئەو وەسفیەی كە بە هەق نازناوی دایكی شەهیدانی پێبەخشرا.
خاتوو وەسفیە، هێشتا كچۆڵەیەكی گەنج و خوێندكار بوو كە چووە ریزی كاروانی تێكۆشانەوە، لەمیانی تێكۆشانی نهێنی لە ریزەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستاندا كاری وەهای راپەڕاندووە پێشتر نەكراوە.
دوای تەواوكردنی خوێندنی زانكۆش بە مامۆستا دامەزراوە و لە تەك خەباتی پەروەردەییدا برەوی زیاتری بە خەباتی نهێنی سیاسی داوە، دوای ئەوەش كە دەچێتە شاخ تەنیا وەك هاوسەنگەرێك نامێنێتەوە، بەڵكو دەبێتە هاوسەری یەكێك لە ئازاترین فەرماندەكانیش، بەڵێ وەسفیە دەبێتە بووكی رازاوەی شاخ و لەگەڵ فەرماندەی دیاری سەرەتای شۆڕش، هەڤاڵ عەلی شامار زەماوەند دەكەن.
لە هەموو وێستگەكانی خەباتیدا لە شار و لە شاخ، بە هێمنی و خۆڕاگرییەوە، بە وریایی و دڵسۆزییەوە هەنگاوی گەورەی ناوە، كە لە ئاسۆوە سەیری مێژووی ژیانی دەكرێت،   دەبینین كەلێنێكی گەورەی پڕكردۆتەوە، لە تێكۆشان بۆ بەئامانجگەیشتنی نەتەوەكەی و بۆ گەیشتنی مێینەی كورد بە مافەكانی، بەڵێ لە هەموو ئەوانەدا مامۆستایەك و رابەرێك بوو بۆ خۆی و وەك تێكۆشەرێكی ئەو بوارانەش ناسرابوو، بەڵام سەرباقی هەموو ئەوانە، نازناوی دایكی شەهیدان یەك لە دەستكەوتە گەورەكانە، كە لەلایەن وارسی سەربەرزی شەهیدانەوە پێیبەخشراوە، ئەوەش بەرهەمی تەوازوع و خەمخۆری و دڵسۆزیی مامۆستا خۆیەتی، ئەوە خەڵاتی خەڵك و وەفای نەوەی شەهیدانە بەو ژنە تێكۆشەرە و بەو دایكە نموونەییە.  

بەشێك لە ژیاننامەكەی
سەركردە وەسفیە بەنی وەیس عەلی ناسراو بە مامۆستا وەسفیە یان دایكی شەهیدان، لە دایكبووی ساڵی 1951ی گوندی (بانمیل)ی خانەقینە، ساڵی 1959 لە خانەقین چۆتە خوێندنگە و تا قۆناغی ئامادەیی لەوێ خوێندوویەتی.
ساڵی 1975 خوێندنی زانكۆی تەواوكرد، كاتێك خوێندكاری زانكۆ بووە پەیوەندیكردووە بە رێكخستنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە.
ساڵی 1976 بە مامۆستا دامەزراوە، ساڵی 1977 دوای دامەزراندنی رێكخراوی لەیلا قاسم سەرپەرشتی بەشێكی رێكخراوەكەی پێسپێردراوەو هەر ئەو ساڵەش چالاكییەكانی خۆی بۆ بەغدا گواستەوە و پەیوەندیی بە شەهید مولازم جوامێر سایەمیرەوە كرد.
لە رێكخراوی (هەڵۆی سور)یشدا رۆڵێكی دیاری لە جێبەجێكردنی ئەركە لۆجستیكییەكانی وەك گواستنەوەی چەك و نامە لە سلێمانییەوە بۆ بەغدا گێڕاوە.
ساڵی 1978 دوو نامەی مام جەلال-ی گەیاندە دەست ئایەتوڵڵا خوئیی مەرجەعی شیعە لە كەربەلا و ئیمام خومەینی لە نەجەف.
ساڵی 1982 یەكەم ژن بوو لە رێكخستنی شارەكانەوە بەشداری لە یەكەمین كۆنفرانسی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە گوندی بالیسان بكات.
ساڵی 1986 فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو و بوو بە پێشمەرگە، ساڵی 1989 كە یەكێتیی ژنانی كوردستان لە سەقز دامەزرا،  لەو رێكخراوە دەستی بەكار كرد. ساڵی 1991 بووە ئەندام-ی مەڵبەندی دووی كەركوك.
لەماوەی نێوان ساڵانی 1993 - 2003دا لێپرسراوێتیی لقی كەركوكی یەكێتیی ژنانی كوردستانی گرتە ئەستۆو ماوەیەكیش كارگێڕی مەڵبەندی گەرمیان بوو. ساڵی 2003 بە جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین هەڵبژێردرا.
ساڵی 2006 لە هەڵبژاردنی مەڵبەندەكانی ی.ن.ك-دا زۆرینەی دەنگی مەڵبەندی خانەقینی بەدەستهێنا و بە جێگری یەكەمی لێپرسراوی ئەو مەڵبەندە دەستنیشانكرا، 
ساڵی 2010 لەسێیەمین كۆنگرەی یەكێتیدا بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردراو كرایە لێپرسراوی مەكتەبی شەهیدان.
بەداخەوە شەوی 25\26/4/2016 لەسەر رێگای سلێمانی-دەربەندیخان بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان